بەڵگەنامەیەك دەریدەخات لەمانگی چواردا موچەی مانگی یەك دراوە

حكومەتی شێخ مەحمود هاوشێوەی حكومەتی ئێستای هەرێم، موچەی سێ مانگی بۆ نەدراوە

بەڵگەنامەیەك دەریدەخات لەمانگی چواردا موچەی مانگی یەك دراوە

1479 خوێندراوەتەوە

بەپێی بەڵگەنامەیەكی گرنگ، حكومەتی شێخ مەحمودی حەفید لەشاری سلێمانی، نەیتوانیوە موچەی كاربەدەست و فەرمانبەرو چەكدارانی سوپاكەی بدات و هاوشێوەی حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان بەسێ مانگ جارێك مووچەی دابەش كردووە.

 بەڵگەنامەیەكی گرنگی مێژویی دەریدەخات، كە حكومەتی شێخ مەحمود لەساڵی 1924 روبەڕوی قەیرانی دارایی بووەتەوەو نەیتوانیوە وەك پێویست موچەی سەربازو كاربەدەستدانی سوپاو حكومەتەكەی بدات، هەربۆیە لەرێی سەندنی باج و سەرانە موچەی پێویستی كۆكردووەتەوە، بەڵام ئەوەش دادی نەداوەو وەك پێویست كێشەكان چارەسەنەكراون.

 لەم بەڵگەنامەیەدا كە لە كتێبی (مێژووی شۆڕشەكانی شێخ مەحمود لە بەڵگەنامە نهێنییەكاندا) وەرگیراوە، كاربەدەستێكی حكومەتی شێخ مەحمود روونكردنەوە لەبارەی دۆخی سوپای كوردستان بۆ مەلیك دەنێرێت و ئاگاداری دەكاتەوە كە وەك پێویست نەیتوانیوە موچەی پێویست بۆ سەربازان كۆبكاتەوە.

 

 لەبەڵگەنامەكەدا هاتووە (لەپاش عەرزی بەندەگی تەحسیلات شلێرو دەشت قزڵجە بەبێ بەقایا تەحسیل و لەتەرەف مەئمور خۆیەوە بەمەعلومات قوماندان قووای تەئدیبیەی پێنجوێن بە ئەفراد سوارەو پیادە عەساكیر نەسرەت مەئاسیردا هەرلەئەسنای تەحسیلاتدا ئەوەی لەم مەنتیقانەوە وەرگیراوە تەوزیع كراوە كە هێشتا مەعاش مانگ كانون سانیان پێ ئیكمال نەكراوەو بەندەو مەئموور مال و قازیش موداخەلەی پارەی ئەم تەحسیلات ئەغنامەمان نەكردووەو واریدات و سەرفیات لەنیهایەتدا دەفتەری دێتە حوزوور ملوكانە ئیمڕۆ لە یەكی نیسان تەمام مەفرەزەی مەركەزو مەفرەزەی پێنجوێن بۆ تەحسیلات ئەغنام دۆڵەسورو چەوتان حەرەكەتیان كرد، خودا مۆفەقیان بكات لەسایەی زات شەوكەوت پەناهیمەوە) نوسەری كتێبەكە (كەمال نوری مەعروف) لەبارەی ئەو بەڵگەنامەیەوە دەڵێت: "وا دیارە ئەو كەسە یەكێك بووە لەهەڵسوڕێنەری كارەكانی لەشكری كوردستان لەسەركردایەتی شێخی گەورەدا، كە لەهەوڵی كۆكردنەوەی حاسیلاتدا بووە لەو شوێنانەی كە لەنامەكەدا دیاریكراون و لەخەڵكەكەی وەرگیراون. تاكو موچەی چەكدارانی لەشكرەكەی لێبدەن.

 نامەكە بۆ یەكەم رۆژی مانگی نیسان (مانگی چوارەمی ساڵی 1924) دەگەڕێتەوە. كە حاسیلاتی ناوچەی شلێرو دەشتی قزڵجە لەناوچەی پێنجوێن گرتووەتەوەو وەرگیراوە، ئەوەی لەو رووەوە نێرەری نامە دەڵێت هێشتا موچەی مانگی یەكەمی ساڵی 1924ی پێ تەواو نەكراوە."

 بەپێی بەڵگەنامەكەو شیكاری نوسەری كتێبەكە بێت، حكومەتەكەی شێخ مەحمود نەیتوانیوە لەكاتی خۆیدا مووچە بدات و هاوشێوەی حكومەتی ئێستای هەرێم كێشەی دارایی هەبووە. بەو پێیەش بێت مووچەی سی َمانگی چەكداران و كاربەدەستدان فەوتاوە. لەبەشێكی تری بەڵگەنامەكەدا، هەڵسوڕێنەری كارەكانی لەشكری كوردستان باس لەوە دەكات كە بۆ تەواوكردنی موچەی مانگی یەكەمی ساڵی 1924، پارەی لە چەند عەسكەرێكی سوپای كوردستان وەرگرتووە، هەروەك ئەوەی هاتووە (بەهەر سورەتێك بوو دوو سەد روپیەم لەچەند عەسكەرێك بۆ مەحمود خان هێنایە دەرەوە، مەعاشی مانگی یەكەمیم بۆ تەئدییە كرا، بەقییەكەی زەحمەتە لێرە تەئدییەی قابل نییە.)

حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتی شێخ مەحمودی حەفید لەساڵی 1922 لەناوچەی سلێمانی و دەوروبەری دامەزرا، بەڵام بەهۆی پیلانگێڕی دەسەڵاتی ئینگلیزو رژێمی پاشایەتی، لەساڵی 1926 حكومەتەكە روخێنراو مەلیكی ناوبراویش بۆ ماوەیەك وازی لەكاروباری سیاسی و سەربازی هێناو لە گوندی پیران دانیشت.

 

author photo

ڕۆژنامەنووس