چارەنوسی یەك ملیۆن دۆلار لە نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم

دەستەی دەستپاكی: بەمزوانە دۆسیەكە یەكلایی دەكەینەوە

چارەنوسی یەك ملیۆن دۆلار لە نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم

6312 خوێندراوەتەوە
جارێكی تر دۆسیەی تەرخانكردنی ملیۆنێك دۆلار لەلایەن وەزارەتی سامانەسروشتیەكانەوە بۆ نوسینگەكەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم هەڵدەدرێتەوە و داوادەكرێت ئەو پارەیە بۆ بودجەی گشتی بگەڕێنرێتەوە، دەستەی دەستپاكیش دەڵێت، بەم زوانە دۆسیەكە لە دەستەكەیان یەكلادەبێتەوە.
،،

ئومێد حەمە عەلی:

تەرخانكردنی هەر بڕە پارەیەك لەدەرەوەی بودجەی گشتی نایاساییە و تەرخانكردنی ئەم پارەیە بەجیا و بە نوسراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ نوسینگەی جێگر جێگای سەرسامییە و ناڕەوایە.

سێ‌ ساڵ لەمەوبەر بە فەرمانی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتیەكانی حكومەتی هەرێم كوردستان، بڕی یەك ملیۆن دۆلار بۆ كاری راوێژكاری بۆ نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم تەرخانكراوە، لەو كاتەوە تائێستا ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و بەتایبەت لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و دەستەی دەستپاكی هەرێم بەدواداچونیان بۆ ئەم دۆسیەیە كردوە و تائێستاش دۆسیەكە بەكراوەیی ماوەتەوە و بە ئەنجام نەگەیشتوە.
ئومێد حەمە عەلی، ئەندامی لیژنەی دەسپاكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆران بە "دیپلۆماتیك مەگەزین" ی وت، تەرخانكردنی هەر بڕە پارەیەك لەدەرەوەی بوجەی گشتی نایاساییە و ئەنجومەنی وەزیران وەك دامەزراوە پێویستە بودجەی دیاریكراوی خۆی هەبێت، تەرخانكردنی ئەم پارەیە بەجیا و بە نوسراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ نوسینگەی جێگر جێگای سەرسامییە و ناڕەوایە.
،،

سەمیر هەورامی، بەرپرسی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی:

ئەو پارەیە بە رێكاری یاسایی وەرگیراوە و خەرجكراوە و دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە پێشكەش بە پەرلەمان كردوە.

وتیشی، بەپێی راپۆرتی  دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان لادانی یاسایی كراوە لە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەدا. 
جیا لەوەش بۆ راویژكار تەرخانكراوە كە نەدەبوو بكرێت و هەموو شت دەبێ لەچوارچیوەی بودجەی گشتی بێت.
لای خۆیەوە سەمیر هەورامی، بەرپرسی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە "دیپلۆماتیك مەگەزین" ی وت، ئەو پارەیە بە رێكاری یاسایی وەرگیراوە و خەرجكراوە و دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە پێشكەش بە پەرلەمان كردوە.
لای خۆشیەوە د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، بە "دیپلۆماتیك مەگەزین" ی وت، دۆسیەی تەرخانكردنی ملیۆنێك دۆلار بۆ نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، لە لێكۆڵینەوەدایە و لە چەند هەفتەی داهاتودا یەكلا دەبێتەوە، تا ئەو كاتەش هیچ زانیارییەك لەو بارەیەوە ئاشكرا ناكەین.
،،

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان:

دۆسیەی تەرخانكردنی ملیۆنێك دۆلار بۆ نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، لە لێكۆڵینەوەدایە و لە چەند هەفتەی داهاتودا یەكلا دەبێتەوە.

تەرخانكردنی ملیۆنێك دۆلار بۆ نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران تەنها بڕە پارە نیە كە بە فەرمانی وەزیری وەزارەتی سامانەسروشتیەكان سەرفكراوە، ئەم وەزارەتە زۆرجار لەیەك كاتدا رۆڵی وەزارەتی دارایشی بینیوە،  سەدان ملیۆن دۆلار بەفەرمانی وەزیر بۆ وەزارەتە جیاوازەكان سەرفكراوە.
- تەرخانكردنی 182 ملیۆن دۆلار بۆ زانكۆی ئەمریكی لە هەولێر و سلێمانی، كە هەردوو زانكۆكە ئەهلین بەڵام لە بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان ئەو بودجەیەیان بۆ تەرخانكراوە و وەزارەتی خوێندنی باڵاش ئاگاداری خەرجكردنی ئەو پارەیە نیە.
- تەرخانكردنی 62 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ كڕینی كۆپتەر، بزوێنەری ئاگر كوژێنەرەوە، بۆ كاری راوێژكاری كە بەشێك لەم پارەیەش نەگەیشتۆتە دەست وەزارەتی ناوخۆ.
- تەرخانكردنی 60 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی پەروەردە كە نیوەی ئەم پارەیە نەگەیشتۆتە وەزارەتەكە.
لای خۆشیەوە ئومێد حەمەعەلی، ئەندامی لیژنەی دەسپاكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد لە دەستەی دەستپاكی هەرێم سكاڵایان لەسەر سەرجەم ئەو دۆسیانە تۆماركردوە كە وەزارەتی سامانەسروشتیەكان پارەی بۆ ئەو وەزارەتانە تەرخانكردوە و پارەكان نەگەیشتونەتە وەزارەتەكان و دیار نین.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو