ئابورى هەرێم لە کابینەى مەسرور بارزانیدا

ئایا مه‌سعود بارزانى ده‌توانێت كوڕه‌كه‌ى بكاته‌ فریاد ڕه‌س؟

ئابورى هەرێم لە کابینەى مەسرور بارزانیدا

969 خوێندراوەتەوە

چوار ساڵى ڕابردوى حکومەتى هەرێم، تەمەنێکى پڕ قەیران‌و ناکۆکى‌و کێشمەکێشمى سیاسى‌و ئابورى بوو، لەم مێژووەدا کە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکایەتى ئەو کابینەى دەکرد دونیاى سیاسى و ئابورى بە پێچەوانەى ئاڕاستەى کابینەکەیەوە دەسوڕایەوە.

 لەو کابینەدا حکومەتى عێراقى بەشە بودجەى هەرێمى بڕى، نرخى نەوت تا نزمترین ئاست دابەزى، ناشەفافى کەیسى نەوت‌و داهاتى نەوت، جەنگ داعش، دەرکردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەت و داهێنانى سیستەمى نیوموچەو پاشەکەوتى زۆرەملێى موچە...هتد، ئەو شتانەى کە ڕوویدا دەرەنجامى سیاسەتى نادروست‌و نا لۆژیکى سەرکردایەتى سیاسى کوردى بوو.

 لەو چوار ساڵەدا سەرۆکى حکومەتى هەرێم نەیتوانى چاکسازییەکى ڕیشەى بکات، یان قەیرانى دارایی چارەسەر بکات، ئەو تەنها تەماشاکارێکى ڕوداوەکان بوو. لەلایەکى دیکەوە نێچیرڤان بەرزانى تەمەنێکى لە پۆستى سەرۆکى حکومەتى هەرێمدا بەڕێکردبوو، پارتى دەیەوێت هەم نێچیرڤان بارزانى لە پۆستێکى گرنگى وەک سەرۆکى حکومەت دروبخاتەوەو هەم دەیەوێت هەر بەرەوپێش چونێک لە بارودۆخى ئابورى‌و سیاسى هەرێمدا ڕوبدات ببێت بە دەستکەوتى مەسرور بارزانى.

 

،،

پارتى و خودى مەسعود بارزانیش بەوە ڕازی نابن کە [مەسرور بارزانى] حکومەتێکى هاوشێوەى نێچرڤان بارزانى بەڕێوەببات، بۆیە بارزانی باوک لە پشتى کوڕەکەیەوە دەوەستێت

 ئێستا ئاماژەکان بە چەشنێکن کە پۆستى سەرۆکى حکومەتى هەرێم [کە پشکى پارتییە] دەدرێت بە مەسرور بارزانى‌و نێچیرڤان بارزانیش بەرەو پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەڕێدەکەوێت. ئەم گۆڕانانەو هێنانە پێشەوەى کوڕەکەى مەسعود بارزانى بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیارێکى لە ناکاو نییە، بەڵکو پارتى خوێندنەوەى بۆ ئەو بارودۆخە کردوە کە کوڕێکى بارزانى پۆستى سەرۆکى حکومەت وەرگرێت، لانى کەم پارتى دەیەوێت کوڕەکەى بارزانى ببێت بە خاوەنى ئەو دەستکەوتانەى کە لەداهاتودا ڕووبدا، بەتەنها پاشەکەوتى موچە لاببات و موچە لە کاتى خۆیدا دابەشبکرێت ئەوە دەبێت بە دەستکەوت بۆ کوڕەکەى بارزانى. گەرچى دواى ڕیفراندۆم پەیوەندى هەرێم-بەغداد تا خراپترین ئاست ڕۆشت، بەڵام سەردانى ئەم دواییەى بارزانى بۆ بەغداد، بەمەبەستى چاککردنەوەى پەیوەندى نێوان هەرێم-بەغداد بو. لەم سەردانەدا مەسرور بارزانى بەبێ هیچ پۆستێکى ڕەسمى حکومەت لەتەنیشت مەسعود بارزانییەوە دەرکەوت.

  ئەم دەرکەوتنەى مەسرور بارزانى پەیوەندى بە کاندیدکردنیەوە هەبو بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەت، ڕەنگە بارزانى باوک لەو سەردانەیدا کارى بۆ دروستکردنى پەیوەندى ڕاستەوخۆى نێوان مەسرور بارزانى‌و سیاسى‌و کاربەدەستانى حکومەتى عێراقى بێت، هەروەها چاککردنەوەى پەیوەندییە ئابورى و سیاسیەکان بێت وەک دەستکەوتێک بۆ کوڕەکەى.

 دواى چوار ساڵ لە خراپترین ئاستى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى، ئێستا پارتى لە ڕێگەى مەسرور بارزانییەوە دەیەوێت هەندێک گۆڕانکارى لەسەر ئاستى سیاسى‌و ئابوریدا بکات، وەک لابردنى سیستەمى پاشەکەوت‌و باشترکردنى بارودۆخى ئابورى هەرێم‌و پەیوەندییە سیاسیەکانى نێوان هەرێم و بەغداد، پارتى دەیەوێت مەسرور بارزانى وەک فریادڕەسى گۆڕانکارى و چاکسازى دەربخات، هەڵبەت گەر ئەو گۆڕانکاریانە بکات ئەوا هەموى دەبێت بە موڵکى بارزانى کوڕ و وەک سەرۆکێکى سەرکەوتوویش دەردەکەوێت.

 لەڕاستیدا، پارتى و خودى مەسعود بارزانیش بەوە ڕازی نابن کە [مەسرور بارزانى] حکومەتێکى هاوشێوەى نێچرڤان بارزانى بەڕێوەببات، بۆیە بارزانی باوک لە پشتى کوڕەکەیەوە دەوەستێت بۆ ئەوەى سەرکەوتوبێت، پاشانیش ڕێکەوتنەوە لەگەڵ حکومەتى ناوەندى و ناردنى بودجەى هەرێم ڕەنگە لە کابینەى داهاتودا بکەوێتە بارى جێبەجێکردنەوە.

،،

سەرۆکى حکومەتى داهاتو پاکێچەکانى بۆ کابینەکەى لەداهاتودا ڕەنگە هەر بە چواردەورى لابردنى پاشەکەوت و دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران بێت لەکاتى خۆییدا، ئەمانە هیچ هەنگاوێکى ڕیشەى نین، بەڵکو چەقى پڕۆسەکە دەستبردنە بۆ کەیسى گەندەڵى و نەوت و بەسیتەماتیککردنى پڕۆسەکانى ئابورى هەرێمە ڕەنگە تواناى بارزانى کوڕ بۆ ئەم پرۆسانە دیاریکراوبێت و بە ساناى نەتوانێت بەسەریاندا زاڵ ببێت

  ئەمانە دەبن بە کۆمەڵێک کار کە دەبێت لەسەر دەستى بارزانى کوڕ دەربکەوێت. هەرچى دەربارەى دۆسیەى نەوت و گازە، بەشاراوەى دەمێنێتەوە چونکە دەمێکە یەکێتى و پارتى لەسەر ئەو دۆسیەیە ڕێکەوتون و لەبەرژەوەندى هیچ لایەکیان نییە کەیسى نەوت و گەندەڵى‌و دابەشکردنى داهاتەکەى ئاشکراببێت. هەرچى مەسرور بارزانیشە ناتوانێت پەردە لەسەر شاراوەیى کەیسى نەوت هەیە لاببات، ئەم بابەتە سەرئێشەى زیاتر بۆ سەرۆک وەزیرانى داهاتوو دروستدەکات.

 گەر کەمێک لە پڕۆژە چاکسازییەکانى بارزانى باوک ڕابمێنێن لەوە تێدەگەین کە بارزانى باوکیش لە پڕۆسەى چاکسازیدا سەرنەکەوت، لەڕاستدا پڕۆسەکە هێندە ئاڵۆزە بە بارزانى کوڕیش چارەسەر نابێت، بۆیە سەرۆکى حکومەتى داهاتو پاکێچەکانى بۆ کابینەکەى لەداهاتودا ڕەنگە هەر بە چواردەورى لابردنى پاشەکەوت و دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران بێت لەکاتى خۆییدا، ئەمانە هیچ هەنگاوێکى ڕیشەى نین، بەڵکو چەقى پڕۆسەکە دەستبردنە بۆ کەیسى گەندەڵى و نەوت و بەسیتەماتیککردنى پڕۆسەکانى ئابورى هەرێمە ڕەنگە تواناى بارزانى کوڕ بۆ ئەم پرۆسانە دیاریکراوبێت و بە ساناى نەتوانێت بەسەریاندا زاڵ ببێت.

 

author photo

ئابوریناس