كورد لە نێوان بەرداشی تورکیاو ئەمه‌ریکادا

ئه‌مه‌ریكا له‌به‌رانبه‌ر هێرشى توركیا بۆ ڕۆژئاواى كوردستان چیده‌كات؟

كورد لە نێوان بەرداشی تورکیاو ئەمه‌ریکادا

675 خوێندراوەتەوە

کەمال محەمەد

لەم رەوشە ھەنوکەییە ئاڵۆزەدا، ھەوڵێکی ناوچەیی ھەیە، بۆ ئەوەی کوردان كاریگەرییەكی بەهێزی وەهایان نەبێت كە وەك حەقیقەتێك گوزارشت لە خۆیان بكەن و لە بواری سیاسیشدا ئازاد بن‌و رۆڵێكی مەزن لە پەرەسەندنی مانادارترین بونەكانی ئەم گەردونە ببینن وەك نەتەوەیەك لەمیانەی كاروانی ئازادی و دیموكراسی و سۆسیالیزمەوە خۆیان جێگیر بكەن‌و رێگای ژیانی راستەقینە ئاواڵا بكەن .

 

كاتێك سەیری ئەو گۆڕانكاری‌و روداوانە بكەین كە هاتونەتە ئاراوە، نەتەوەی كورد گرێدراوی حیسابە ستراتیژی و هەژمونگەراییەكانی دەرهەق بە ناوچەكە كراوە لە پێناوی ئاسایشی سیستەم و پێداویستی پەتڕۆڵی ئەو هێزانەدا، لای توركیا وا وێنا ئەكرێت كە ئەو هێزانە دەستبەرداری ناوكی دەوڵەتی نەتەوەی كورد نابن‌و هەرچییەك لەپێناو بەهێزكردنیدا پێوویست بێت ئەنجامی ئەدەن‌و بەو هۆیەشەوە كوردستان و كوردان وەك واقیعێكی دینامیكی بەهێز جێگای خۆیان ئەگرن .

وابەستەیی و درێژەدانی دەسەڵاتی ئاكەپە لەم ساڵانەی دواییدا لەسەر دو بنەما ئەنجامدراوە كە یەكێكیان بڕینی دەستی سوپایە لەدەسەڵاتی سیاسی كە ئەمەش جگە لە ئیدیعایەك زیاتر هیچی دیكە نییە ئەوەی دیكەشیان بەكارهێنانی ناوی كوردانە كە خۆی لە چارەسەری بە حەقیقەتی كوردەكانەوە وەرناگرێت‌و ئەو جۆرە بانگەشەیەی دەسەڵاتیان بە بەراورد بە دۆخی ئێستا جگە لە ساختەكاری هیچ مانایەكی دیكەی نییە چانسی ژیان پێشكەش ناكات.

 

لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاواو عەفرین بەتایبەت و بێ دەنگی ئەمه‌ریكاو هاوپەیمانان كارەسات‌و نەھامەتی بە دوای خۆیدا هێناو كردەوەگەلێكی ناپەسندی وەک سنورنەناسی داگیركاری و تاڵانی بە دوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەوەی بە شێوەیەكی سەرەكی جێبەجێكرا هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بوو لەلایەن ڕووسیاوە بەهۆی ئەو باڵادەستییەی كە هەیبوو لە ناوچەكەدا لەچاو وڵاتێكی وەك ئەمه‌ریكا بەهۆی هەندێ ناكۆكی نێوانیانەوە، بۆیە لەم قۆناغەی دواییدا كە هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ داگیركردنی خۆرئاوا و مەنبەج بۆتە شرۆڤەی ڕۆژ بەهۆی باڵادەستی ئەمه‌ریكاو بوونی سەربازەكانیان لەو ناوچانە كارێكی ئاسان نابێت بە بێ رەزامەندی و قبوڵكردنی ئەمه‌ریكا.

 

 لێرەدا دو گریمانە هەیە:

یەكەمیان ئەوەیە ئایا ئەمه‌ریكاو هاوپەیمانان ئەو بەرژەوەندیانەی پێشتر لەسەر بنەمای نكوڵیكردن لە كوردان بەدەستیان هێنابوو ئەبێتە هۆكاری پارێزگاریكردن لێیان، یاخود كوردەكان لە پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەكان هەرگیز جێگای باس نابن.

 دوەمیشیان ڕەنگە شرۆڤە كردنی ئەم هەڕەشەو روداوانە خۆی لە سەركەوتنی ئاكەپە لە هەڵبژاردنەكان‌و لێزانی ئەردۆغان و پارتەكەی بێت لە یارییەكی پروپاگەندەییدا.

لە كۆتاییشدا تاوتوێكردنی ئەو هەژمونگەراو هێرشە نوێیانەی توركیا سەبارەت بە رۆژئاواو سەركوتكارییەكانی ناخۆی باكوری كوردستان و تەنانەت هێرشە ناوبەناوەكانی كوردستانی باشوریش لە روانگەی توركیاوە بەواتای ئەوەی كە كوردەكان خاوەنی هیچ پێگەیەكی یاسایی و دەستوری و جوگرافی تایبەت بە خۆیان نین، بۆیە نەبونی هەڵوێست هاودەنگی لایەنی هەرە مەترسیداری مەسەلەكەش لەوەدایە كەیان بە هیچ شێوەیەك كوردی رێكخراو و هوشیار لەئارادا نین، یاخود بونیادنانی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی و كۆمەڵگابوونی كوردان لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بە دۆخی گریمانەیی گەیەنراوە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك