رەنگە بۆ یەكەمین جار ئیسلامییەكان لەدەرەوەی حكومەت بمێننەوە

مێژووی بەشداری كردنی ئیسلامییەكان لە كابینەكانی حكومەت

رەنگە بۆ یەكەمین جار ئیسلامییەكان لەدەرەوەی حكومەت بمێننەوە

340 خوێندراوەتەوە

حزبە ئیسلامییەكان لەهەرێمی كوردستان كە خاوەنی زیاتر لە 200 هەزار دەنگی دەنگدەرانن، پێ ناچێت لە كابینەی ئەمجارەی حكومەتدا هیچكمیان بەشداری بكەن، بۆ یەكەمین جاریشە لەمێژووی حوكمرانی هەرێمی كوردستان ئیسلامییەكان دەكەونە دەرەوەی حكومەتەوە.

 

ساڵی 1992 یەكەمین هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا، كۆتا هەڵبژاردنیش ئەیلولی ئەمساڵ بوو كە پێنجەمین خولی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو.

 

یەكەمین هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان

،،

ئیسلامییەكان هەرچەندە لە یەكەمین هەڵبژاردن سەركەوتوو نەبوون بۆ پەرلەمان بەڵام دواتر بەرێكەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی و پارتی توانیویانە بەشداری یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و سێبەری خۆیان لە سیستەمی حوكمرانیدا ببینن.

 
یەكەم هەڵبژاردنی هەرێم و كابینەی حكومەت


دوای راپەرین ساڵی 1992 هێزو پارتە سیاسییەكان لە هەرێم بریاریاندا لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە قورسایی خۆیان بزانن تاكو یەكەمین كابینەی حكومەتێكی كوردی دابمەزرێنن.
ئیسلامییەكان، هەرچەندە پێكەوە بەیەك لیست بەناوی (لیستی ئیسلامی) بەشداریان لە هەڵبژاردنەكەدا كرد، بەڵام نەیانتوانی ئەو رێژەیەی دانرابوو بۆ هەر پارتێك كە لە (%7) بوو تێیپەرێنن.
تەنها لە (%5) رێژەكەیان بەدەست هێنا و نەیانتوانی بچنە نێو پەرلەمانی كوردستان (ئەنجومەنی نیشتمانی) بەمەش بەشداریان پێ نەكرا لەسەرەتای یەكەمین كابینەی حكومەتی كوردی.
یەكێتی و پارتی پێكەوە حكومەتیان پێك هێناو بۆ یەكەمین جار (فواد مەعصوم) كرایە سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دوای ساڵێك دەست بەرداری پۆستەكە بوو بۆ كۆسرەت رەسول.
بەڵام بەهۆی شەری ناوخۆوە لە ساڵی 1994 بەدواوە كابینە تازەكەی حكومەت كێشەی تێكەوت و سیستەمی دوو ئیدارەیی هاتە ئاراوە.
لە ئیدارەی هەولێری سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان كە ساڵی 1996 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتەكە بوو، ئیسلامییەكان (كە تەنها بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی هەبوون) بەرێكەوتن لەگەڵ پارتی بوون بەخاوەنی سێ وەزیرو چەند پۆستێكی دیكە.
هەریەك لە وەزیرەكانیش بریتی بوون لە (هادی عەلی، وەزیری هەرێم لە یەكگرتوو دواتر كرا بە وەزیری داد، محمد بازیانی وەزیری كشتوكاڵ و عەبدولغەنی تەها كە وتاربێژێكی دیار بوو كرایە وەزیری هەرێم لە بزووتنەوە).

 

 

،،

بەڵام پارتی لێرە بەدوا وەزیرەكانی بزووتنەوەی لە ئیدارەی هەولێر دەركرد بەبیانووی ئەوەی بزووتنەوە لە ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ یەكێتی رێك كەوتووە.

 

هەروەها دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێتی نیشتمانی، وە ئاشتبوونەوەیان لە ساڵی 1998 بزووتنەوە بە رێكەوتن لەگەڵ یەكێتی لە ئیدارەی سلێمانی بەشداری كرد بە چەند وەزیرو وەكیل وەزیرێك بەناوەكانی (عەبدولرحمن نەورەسی وەزیری داد و محمد مەلا عومەر وەزیری ئەوقاف جەمال ئەشرەف قارەمانی وەكیل وەزیری وەزارەتی ناوخۆ).
بەڵام پارتی لێرە بەدوا وەزیرەكانی بزووتنەوەی لە ئیدارەی هەولێر دەركرد بەبیانووی ئەوەی بزووتنەوە لە ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ یەكێتی رێك كەوتووە.

كەواتە ئیسلامییەكان هەرچەندە لە یەكەمین هەڵبژاردن سەركەوتوو نەبوون بۆ پەرلەمان بەڵام دواتر بەرێكەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی و پارتی توانیویانە بەشداری یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و سێبەری خۆیان لە سیستەمی حوكمرانیدا ببینن.

 

سەرکردەکانی حزبە ئیسلامیەکان

 

 

دووەمین هەڵبژاردن و بەشداری تەواوی ئیسلامییەكان

 
دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و لە ساڵی 2005 هەرێمی كوردستان دووەمین ئەزموونی هەڵبژاردنی تاقی كردەوە و هاوڵاتیان چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان.ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئیسلامییەكان جیاواز بوو چونكە:


یەكەم: پێكەوە لیستیان درووست نەكردبوو بەڵكو لەهاوپەیمانەتییەكدا لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا بەشدار بوون.
دووەم: حزبێكی تازەی وەك كۆمەڵی ئیسلامی لەهەناوی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە درووست بووبوو.
ئەمەش جگە لە هەڵشكان و گەورەبوونی حزبێكی وەك یەكگرتوو لەبەرامبەردا بچوكبوونەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی.

ئیسلامییەكان (یەكگرتوو و كۆمەڵ) توانیان ببنە خاوەنی (15) كورسی پەرلەمانی و دواتر بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەن كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی بوو، و توانیان ببنە خاوەنی چەند وەزیرو وەكیل وەزیرێك.وەزیرەكانیش ئەمانەی خوارەوە بوون:
یەكەم: وەزیرەكانی كۆمەڵی ئیسلامی
_ دارا محمد ئەمین، وەزیری ژینگە
دووەم: وەزیرەكانی یەكگرتووی ئیسلامی
_ ئەبوبەكر عەلی، وەزیری هەرێم
_ موحەمەد رەوف، وەزیری بازرگانی

 

 

 

هەڵبژاردنی سێیەم و ئۆپۆزیسیۆن بوونی كۆمەڵ و یەكگرتوو


ساڵی 2009 سێیەمین هەڵبژاردن لە هەرێمی كورستان ئەنجام درا، ئیسلامیەكان توانیان ببنە خاوەنی (12) كورسی پەرلەمانی. (كۆمەڵ 4 ، یەكگرتوو 6 ، بزووتنەوە 2)
بەڵام ئەمجارە هەرچی كۆمەڵ و یەكگرتوو بوون بەشداریان لە كابینەی نوێی حكومەت نەكردوو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیان راگەیاند. لەبەرامبەردا بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداری حكومەتی كردو لە غیابی دوو حیزبەكەی دیكەیدا پۆستی وەزیری ئەوقافی وەرگرت و پۆستەكە درایە (كامیل حاجی عەلی).

بەم هۆیەشەوە كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2009 پێك هێنراوە بێ بەش نەبووە لە بونی ئیسلامییەكان و بزووتنەوەی ئیسلامی بەتەنها بەشداری تێدا كردووە.

هەڵبژاردنی چوارەم بەشداری یەكگرتوو كۆمەڵ


چوارەمین هەڵبژاردن ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان ئەنجام درا و ئیسلامییەكان توانیان ببن بەخاوەنی (17) كورسی پەرلەمانی.( یەكگرتوو 10 كورسی، كۆمەڵ 6 كورسی، بزووتنەوە 1 كورسی).
بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانەی كابینەی پێشوو كە بەتەنها بزووتنەوە ئیسلامی بەشداری كرد، بەڵكو یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی تازەیان كردوو لەبەرامبەردا بزووتنەوەی ئیسلامی هیچ پۆستێكی بەرنەكەوت و ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی لەدەرەوەی حكومەت و لەناو پەرلەمان راگەیاند.

 

 

 

،،

 

،،

لەئێستا ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامیش بەشداری پێ نەكرێت لەكابینەی نوێی حكومەت، ئەوا بۆ یەكەمین جار دەبێت لەمێژووی حوكمرانی كوردیدا ئیسلامییەكان دەكەونە دەرەوەی دەسەڵات و سیستەمی حوكمرانی.

 

 

 

هەڵبژاردنی پێنجەم و ساڵی نەهاتی ئیسلامییەكان

 
پێ دەچێت ساڵی 2018 كە پێنجەمین هەڵبژاردن بۆ پێنجەم خولی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا بۆ ئیسلامییەكان بەگشتی ساڵێكی نەهات بێت بەتایبەت لەرووی بەشداریكردنیان لە سیستمی حوكمرانی.
هەرچەندە كۆمەڵی ئیسلامی كورسییەك چوویە سەر شەش كورسییەكەی پێشووی بەڵام بزووتنەوەی ئیسلامی كورسییەكەی لەدەستدا و یەكگرتووش دە كورسییەكەی بوونەوە بە پێنج كورسی. و لەسەر ئاستی دەنگ كە زیاد لە 200 هەزار دەنگیان بەدەست هێنا دەنگەكانیان بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو كەمی كرد.
لەئێستا ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامیش بەشداری پێ نەكرێت لەكابینەی نوێی حكومەت، ئەوا بۆ یەكەمین جار دەبێت لەمێژووی حوكمرانی كوردیدا ئیسلامییەكان دەكەونە دەرەوەی دەسەڵات و سیستەمی حوكمرانی.

 

،،

پێ دەچێت لێرە بەدوا قۆناغێكی دیكە بۆ ئیسلامییەكان بێتە كایەوە كە دەبێت بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، گەرنا ئەو لێكەوتانەی كە دەرەنجامی ئەم قۆناغە دەكەنەوە بە دڵی ئەوان نابێت.

 

بەشدارینەكردنی ئیسلامیەكان لە حكومەت و كەوتنەدەرەوەی دەسەڵات ئەگەری كراوەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


پرسیاری سەرەكیش ئەوەیە،ئایا كەوتنەدەرەوەی ئیسلامیەكان لە بازنەی حكومەتدا بەهێزیان دەكات یان لاواز؟
یەكگرتووی ئیسلامی هەر لەسەرەتاوە ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی راگەیاندو بریاریداوە بەهیچ شێوەیەك بەشداری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا نەكات و هەرچی بزووتنەوەی ئیسلامیشە خاوەنی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی نییە تاكو بتوانێ پۆست وەر بگرێت.
هەرچەندە كۆمەڵی ئیسلامیش ئەمجارە بەپێی خوێندنەوەكان مەیلی بەشداری كردنی حكومەتی هەبوو بەڵام بەهۆی لەدەرگا نەدانی پارتی بۆ حزبی ناوبرا پێ ناچێت ئەو حزبە ئیسلامییەش بەشداری حكومەت بكات.

 

 

 

ئیسلامییەكان لەكوێی یارییەكەدان؟

 
هەرچەندە لەزاری هەندێ لە بەرپرسە ئیسلامییەكانەوە ئەوە وتراوە كە دەسەڵات (یەكێتی و پارتی) ئەوانیان هەمیشە بۆ جوانكاری حكومەت ویستووە گەرنا پۆست و پلەی تەواویان پێ نادەن، بەڵام ئەمجارە بۆ چی ئیسلامیەكان ئەو دەوری جوانكارییەشیان نەبینی؟
پێ دەچێت لێرە بەدوا قۆناغێكی دیكە بۆ ئیسلامییەكان بێتە كایەوە كە دەبێت بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، گەرنا ئەو لێكەوتانەی كە دەرەنجامی ئەم قۆناغە دەكەنەوە بە دڵی ئەوان نابێت.

 
قۆناغەكە بۆ ئیسلامیەكان بەسەر دوو ئەگەردا كراوەیە:

 
ئەگەری یەكەمیان بریتییە لە گرتنە دەستی جڵەوی نارەزایەتی و ئۆپۆزسیۆن بون لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەشداری حكومەت دەكەن.
ئەگەری دوەمیشیان بریتییە لە بچوكردنەوە و گەمارۆدانیان و تەنگپێهەڵچنینیان لەڕوی ئەمنی و سیاسیەوە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان