کەی پەکەکە دەتوانێ بۆمبەکەی بتەقێنێتەوە؟

کەی پەکەکە دەتوانێ بۆمبەکەی بتەقێنێتەوە؟

960 خوێندراوەتەوە

نە تورکیای کەمالی کە مێتۆد و ئایدیۆلژیایەکەی لەسەر یەک دەوڵەت و یەک زمان و یەک نەتەوە داڕێژراوە کە ئیلهامی لە شۆڕشی فەڕەنسی وەرگرتبوو، دان بە رەگەزی کورد وەک پێکهاتەیەکی جودا لە ناو سنووری تورکیادا دەنێت، نە عوسمانییە نوێیەکان بوار دەدەن کە کورد بیر لە قەوارەیەک بکاتەوە کە لە دەرەوەی بەها مێژووییەکانی خۆی بێت و درز بخاتە نێو ئوممەی تورکییەوە کە دواجار نەک تەنها بە بەشێک لە ئوممەی ئیسلامی دەبینێ، بەڵکو وەک رێبەری ئوممە چەند سەدەیەک رەشمەی دەسەڵاتی بە دەستەوە بوو و تەنانەت لە ئامادەکارییدایە بۆ ئەوەی ئەو جڵەوە بگرێتەوە دەست. ئەگەر نەشیەتە دی، پێگەی خۆی پێ بەهێز دەکا.

 رۆژئاوا بە ئاسانی دەستبەرداری تورکیا نابێ، جا بە ئەردۆگانەوە، یا بە بێ ئەردوگان لە بەر هۆکاری مێژوویی، ئابووری، جیوپۆلیتیکی هتد و بگرەوبەردەی نێوان دەسەڵاتی تورک و حیزبی ناوبراو پێ دەنێتە ناو چوار دەیە. لەم چوار دەیەیەدا، کەوانێک کرایەوە و دانوساندێکی کاتی، تەکتیکی هاتەکایەوە و دواجار بە یەکجارەکی لە لایەن تورکیاوە لە گۆڕ نرا و زۆر زەحمەت و ئەستەمە کە ئەردوگان بیر لە لاپەڕەیەکی نوێی دانوساندن بکاتەوە بە بێ بوونی داتا و دەرهاوێشتەی نوێ کە هیچ ئاماژەیەکیش لە گۆڕێ دانییە، بە تایبەت دوای شکستی رێفێڕاندۆمەکەی باشوور و کپ بوون و سستبوونی رایەڵە دیپلۆماسییەکانی دەسەڵاتی باشوور.

 نە تورکیاش وەکو جاران هەڵپەیەتی بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپا تاکو پێوەرەکانی کۆپنهاگنی بەسەردا بسەپێنرێ، نە ئەوروپا خاوەن هێز و سیاسەتێکی وایە کە بتوانێ کاریگەریی خۆی بەسەر تورکیادا هەبێ، بۆیە دیمەنەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێ تا ماوەیەکی زۆری دیکە.

 لەم نێوەندە، ئەوەی بە نیسبەت جیهانی ئازادەوە جێی بایەخە، چ لە ئاستی دەوڵەت، چ لە ئاستی میللی دا کە هەموو نەتەوە و رەگەزێکی جودا بۆی هەیە گەشە بە زمانی دایک و کەلتوور و بەهاکانی خۆی بدات.

 

 ئەگەر بێت و پ.ک.ک بە وزە و توانایەکی نوێیە بانگەشە بۆ وەدستهێنانی مافە کەلتووی و زمانەوانییەکان لە چوارچێوەی تورکیایەکی یەگرتوو بکا، رەنگە ببێتە هەنگاوێکی یەکجار گرنگ هەم بە نیسبەت کوردانی باکوورەوە، هەم بە نسیبەت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کە چ وەک تاک چ وەک سیاسەتی باڵا دەبێتە جێی بایەخی ئەوان، ئەمەش لە پێناو کردنەوە لاپەڕەیەکی نوێ. چونکە لە دوا پێناسەدا، پرۆسەی گەشانەوەی زمان و کەلتوور و بەها لۆکالییەکان نیو سەدەی زیاتری دەوێ تاکو نەوەیەکی دی بتوانن لە دەرهاویشتە نوێیەکانی ئایندەدا، هەلی دیکە بقۆزنەوە. ئیشکردن و جەختکردن لەسەر خوێندن بە زمانی دایک وەک نموونەیەکی گرنگ ئاوڕی لێ بدرێتەوە. ئەم بانگەواز و بانگەشەیە بە سەرەتای توانەوەی سەهۆڵ دەشێ ئەژمار بکرێ و جارێکی دیکە مەسەلەی کورد لە تورکیا بێتەوە سەر خوان.