کێ بۆشایی ئەمەریکییەکان لە ڕۆژئاوا  پڕدەکاتەوە ؟

کێ بۆشایی ئەمەریکییەکان لە ڕۆژئاوا پڕدەکاتەوە ؟

664 خوێندراوەتەوە

وریا حەمە تاهیر

نزیکەی هەفتەیەک دەبوو، مارک پامپیۆ وەزیری دەرەوە، جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری و جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی، هۆشدارییان دەدا بە سەرۆک لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیاوە، پێیان وتبوو مل بۆ فشارەکانی ئەردۆگان نەدات. بە کەمێک دەستکەوت، لەوانە: مانەوەی تورکیا لە هەندێ ناوچەی سنووری ڕازیبکات.

لەبری ئەوەی پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت، کەچی ترامپ لایەنگیری ئەردۆگانی کرد، ئەردۆگان فشاری زۆری لە ترامپ کردووەو پێێ وتووە: داعش ٩٩٪ تێکشکاون، ئێمە دەتوانین ئەو پاشماوانەی داعش لەناوبەرین و ئەو ئەرکە بگرینە ئەستۆ. دواتر پرسیویەتی:

ـ بۆچی دوو هەزار سەربازتان هەر لێرە ماون و ناکشێنەوە؟

ـ ئەزانی چی؟ ئەوە هی تۆییە" ترامپ ئاوای بە ئەردۆگان وت "ئێمە دەکشێینەوە". بەپێی گێڕانەوەکائەوە هی تۆییەنی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکی بۆ واشینتۆن پۆست و ئەسیۆشەیتد پرێس.

 

 

 بۆچی ترامپ ملی بۆ کشانەوە دا؟

سیاسەتی ناوخۆیی و ململانێ لەگەڵ دیموکراتەکان، بناغەی کار و بڕیاری دۆناڵد ترامپن، "ئەمەریکا لەپێش هەر شتێک" ئەو دەستەواژەیەی کە ئەو وەک سەرەکیتیرین بەڵێنی هەڵبژاردن دای، دەبێت جێبەجێبکرێت.

"ئەمریکا پۆلیسی جیهان نییە" ئاماژەیەک بوو بۆ ئامادەگی و باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچە پڕ کێشمەکێشەکانی دنیا. دۆناڵد ترامپ بەخۆشحاڵییەوە سەربازەکان لە سوریا و ئەفغانستان وە دەگوازێتەوە بۆ سنورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ مەکسیک، ئەرکی پۆلیسیان پێدەسپێرێت بۆ ڕێگرتن لەلێشاوی کۆچبەرانی وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست.

ئەم کردەوانەش سەرباری ڕەخنەی توندی دیموکراتەکان، بەشێک لە کۆمارییەکان و تەنانەت نزیکترین کەسەکانی لە ئیدارەکەی. بەڵام لایەنگران و دەنگدەرەکانی پێشوازییەکی گەرمی لێدەکەن. ترامپ هەمیشە دەڵێت دۆلارەکان بۆ خەڵکی ئەمریکا بێت. نەک وڵاتانی دیکە. هەر بۆیەش هەڵبژاردنەکانی بردەوە.

 لە دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشوقجی، ترامپ بەئاشکرا وتی گەر ئەوان سزای محەمەد بن سەلمان بدەن، ئەوا دۆلارەکان دەچن بۆ ڕووسیا و چین. بڕیاری كشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا، جێبەجێکردنی بەڵێنێکی هەڵبژاردنەکان، ئەو وتی کەی سەرکەوتن بەسەر داعش بەدەست هات ئەوا دەکشێینەوە. سەرباری ئەوەش ئەردۆگان بەڵێنی کڕێنی چەکی بە ترامپ داوە.

بەڵام کێشەکە لەوەدایە جگە لە عەبادی و ترامپ، هیچ کەس لە دنیادا پێیوانییە سەرکەوتن بەسەر داعشدا بەدەستهاتووە.

"کەس پێداگری لەسەر ئەوە ناکات کە ئەرکی سەرکەوتن بەسەر داعشدا کۆتایی هاتووە" چەند رۆژێک لەمەوبەر نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی دژی تیرۆ، جەیمس جیفری وایوت.

"لە سوریا ناکشێینەوە، هەتا سەربازانی ئێرانی لەوڵاتە هەبن". جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ترامپ بەر لەچەند رۆژێک لە بڕیارەکەی ترامپ.

کێ بۆشایی ئەمریکا پڕ دەکاتەوە؟

 سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سێ خاڵی سەرەکی بووە، ڕێگریکردن لەسەرهەڵدانی هێزو گروپی نەیاری ئەمریکا، هێشتنەوەی دەروازەکانی دەستڕاگەیشتن بە نەوتی ناوچەکە، پاراستنی ئیسرائیل.

بەڵام ئەوە یەکەمجارە سەرۆکێک بەبێ ڕاوێژ یان راستتر بەپێچەوانەی ڕاوێژکاران و هاوکارەکانییەوە، بڕیاردەدات، کە کەسیان سەریان لێی دەرناچێت. لەکاتێكدا ترامپ ئەمریکا بەشەقاوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودەنات، کەچی بە کشانەوی لە سوریا دەرفەتی بەهێزبوون دەدات بە ئێران و بەشآر ئەسەد.

چەندین ئەکتەری سەرەکی یارییەکە ئامادەن بۆ پرکردنەوە ئەو بۆشاییەی ئەمریکا لەدوای کشانەوەی دروستی دەکات، لەوانە: تورکیا، ئێران، ڕووسیا و حکومەتی دیمەشق بە سەرکردایەتی دیکتاتۆری خوێنڕێژ ئەسەد.

تورکیا دەیەوێت کورد بنبڕبکات، هەر ئێستا لە عەفرین دەستیکردووە بە راوەدوونان و وەدەرنانی کورد، لەوناوچانەی کە داگیریکردوون، دەمودەزگای دەوەڵەتی و قوتابخانەی تورکی کردووەتەوە.

بۆیە تورکیا دەیەوێت بەدرێژایی سنورەکەی هەموو کورد کۆکوژ بکات، سەرۆکی ئەرکانی سوپاکەی ئەردۆگان ئەوەی بەئاشکرا وت.

بەڵام ئەردۆگان رایگەیاند پەلامارەکەیان بۆ سەر رۆژئاوا دوادەخەن تا ئەمریکا بەتەواوەتی دەکشێتەوە.

 

ڕووسیا، دەیەوێت پێگەی خۆی قایم بکات و بۆ هەمیشە لە ناوچەکە بمێنێتەوە، سوریا تاکە شوێنە کە بنکەی سەربازی ڕووسیا لێیە، جگە لە ناوچەکانی یەکێتی سۆڤیەت. بەدرێژایی سێ ساڵی ڕابوردوو کە بەشدارە لە شيڕی سوریا، بەهیوای ناکۆکی دروستکردنی لەنێوان وڵاتانی ناتۆ؛ بەیەکدادانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا. لێدوانەکانی ئەم دواییانەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی ئەوەی ئەمریکا خەریکی دەوڵەت دروستکردنە بۆ کوردەکان، زیاتر بۆ هاندانی و ووروژاندنی تورکیا بوو.

دەمێک ساڵە رۆژئاوا و ئەمریکا تورکیایان وەک قەڵغان لەبەرامبەر فراوانخوازییەکانی یەکێتی سۆڤیەت و ڕووسیا دانابوو، ئەوە بۆیەکەمجارە ڕووسیا هەلی ئەوەی درز بخاتە ئەو پەیوەندییەوە و خۆشی بنکەی سەربازی لە پشتەوەی تورکیا جێگیر بکات.

ئێرانیش هەلی لەمە باشتری بۆ هەڵناکەوێت تا پێگەی ئەسەد پتەو تر بکات، لەو ڕێگەیەشەوە حزبوڵڵای هاوپەیمانی لە لوبنان پڕ چەکبکات.

ئەسەدیش جەختی لەوەکردووەتەوە کە تابستێک خاكی سوریا مابێت شەڕ دەکات بۆ وەرگرتنەوەی.

 

دیمەنەکە ئاڵۆز و لێڵە. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە پەیەدە هەر لەسەرەتاوە پشتی بەخۆی بەستووە، لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا هاوسەنگی پاراست، تا ئەوکاتەی پوتین کوردەکانی فرۆشت بە ئەردۆگان.

هەرچی پەیەدەشە، لەم نێوەندەدا بە تەنیا دەمێنێتەوە، لەلایەکەوە داعش، لەلایەکی ترەوە تورکیا، هەر دوو کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بێ ئاکام بوون لە بارەی ئایندەی رۆژئاواوە. ئێستاش پارتی وا پێشمەرگەی رۆژی بۆ قوتکردوونەتەوە.