"میوانێكی ترسناك"، له‌ به‌رده‌م ده‌رگای وڵاتانی جیهاندا

نۆزده‌ ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵا ئۆجالانى رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستاندا تێپەڕی

"میوانێكی ترسناك"، له‌ به‌رده‌م ده‌رگای وڵاتانی جیهاندا

4787 خوێندراوەتەوە

 

ساڵی ١٩٩٨ پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا تەواو بەرەو ئاڵۆزی دەچوو، تورکیا سوپای لەسەر سنوری سوریا کۆکردەوە لە ناوچەی ئەسکەندەرونەوە، هەڕەشەی لە دیمەشق کرد ئەگەر دەستبەرداری داڵدەدانی عەبدوڵا ئۆجالانی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نەبێت ئەوا چاوەڕێێ کاردانەوەی توند بکات، سلێمان دیمیرێل (١٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ مردووە) سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی بۆردومانکردنی دیمەشقی کرد و ڕایگەیاند سیاسەتی سوریا بەرامبەر وڵاتەکەی دوژمنکارانەیە وەک ئاماژەیەک بۆ داڵدەدانی ئۆجالان و بوونی سەربازگەکانی پەکەکە لە خاکی سوریا بۆ ڕاهێنان و مەشقی بە گەریلاکان.

"نێوانگیرییەکەی" حوسنی موبارەک

کاتێک حافز ئەسەد (١٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٠ مردووە)، هەستی بە جدیەتی هەڕەشەکانی تورکیا کرد، بەدەم ئەو دەستپێشخەرییەوە چوو کە حوسنی موبارەکی سەرۆکی ئەوکاتەی میسر بۆ نێوانگیریی لە نێوان سوریا و تورکیا دەستیپێکردبوو، جگە لەوەش ئێرانییەکان لەسەر خەت بوون بۆ کۆتایهێنان بەو ئاڵۆزییەی لە نێوان سوریای هاوپەیمانیان و تورکیای دراوسێیان سەریهەڵدابوو.

،،

 کاتێک حافز ئەسەد، هەستی بە جدیەتی هەڕەشەکانی تورکیا کرد، بەدەم ئەو دەستپێشخەرییەوە چوو کە حوسنی موبارەک بۆ نێوانگیریی لە نێوان سوریا و تورکیا دەستیپێکردبوو، جگە لەوەش ئێرانییەکان لەسەر خەت بوون بۆ کۆتایهێنان بە ئاڵۆزیی  نێوان سوریای هاوپەیمانیان و تورکیای دراوسێیان سەریهەڵدابوو.

حوسنی موبارەک، ٤ی تشرینی یەکەمی  ١٩٩٨ سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ سلێمان دیمیرێل سەرۆکی تورکیا کۆبوویەوە، موبارەک پەیامی سورییەکانی گەیاندە تورکیا بەوەی ملکەچن بۆ هەموو داواکارییەکانی تورکیا.

HAFZ
سەردانی وەفدی باڵای میسر بە سەرۆکایەتی حوسنی موبارەک بۆ تورکیا ـ ١٩٩٨

ڕێکەوتننامەی ئەدەنە

وەفدی سوریا و تورکیا لە شاری ئەدەنە  ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ کۆبوونەوە و ڕێکەوتنێکیان ئیمزا کرد، کە بە ڕێکەوتننامەی ئەدەنە ناسراوە، لە کۆنووسی کۆبونەکەدا هاتووە، لەژێر ڕۆشنایی ئەو پەیامانەی لە لایەن سوریاوە لە ڕێی سەرۆکی میسر و هەروەها لە ڕێی کەمال خەرازیی وەزیری دەرەوەی ئێران وەک نوێنەری محەمەد خاتەمی سەرۆکی ئێران، نوێنەرانی سوریا و تورکیا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر.

سێ لە داواکارییەکانی تورکیا ئەوە بوو، یەکەم ئۆجالان لە ئێستاوە نابێت لە سوریا بێت و ڕێگەی پێنەدرێت بچێتەوە خاکی سوریا، دووەم ڕێگە بە ئەندامانی پەکەکە نەدرێت بچنە سوریا، سێیەم سەربازگەکانی پەکەکە لە سوریا نەمێنن و نابێت چالاکیان هەبێت، وەفدی سوریا ئەو سێ خاڵە و چەند داواکرییەکی دیکەی وەفدی تورکیایان پەسەند کرد، سوریا ١٠ ڕۆژ پێشتر و لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ ئۆجەلانی ناچار کرد بوو سوریا جێبهێڵێت.

 ئۆپراسیۆنی ڕەش

 بەپێی ئەو زانیارییانەی ناوەندی (firil)  بۆ مەلەفەکانی هەواڵگریی ئەمریکی لە کتێبەکەی گۆردۆن تۆماسەوە بە ناوی (The Secret History of the Mossad) بڵاویکردۆتەوە، دوای دەرچوونی ئۆجالان لە سوریا، بوڵەنت ئەجەویت (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٦ مردووە) سەرۆک وەزیرانی تورکیا، پەیوەندی کردووە بە ئیفرایم هالێڤی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیل، داوای لێکردووە یارمەتیان بدەن بۆ شوێنکەوتن و دۆزینەوەی ئۆجالان، دوای ئەوەی هەواڵگریی تورکیا لە دۆزینەوەی شوێنی ئۆجالاندا شکستی هێنا.

،،

گۆردۆن تۆماس ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆجالان بە سەرکەوتووی توانیوویەتی خۆی لە چاوی سیخوڕ و هەواڵگریی تورکیا بشارێتەوە، تا ئەوکاتەی ئۆپراسیۆنەکەی دەزگای مۆساد بە ناوی "ڕەش" دەستیپێکرد بۆ شوێنکەوتنی ئۆجالان، دەشڵێت بەهۆی کەسایەتییە سیحراوییەکەی، ئۆجالان ئەو ماوەیە سەرکەوتوو بوو لەوەی خۆی لە چاوی پیاوانی هەواڵگریی تورکیا بپارێزێت.

KTEB
بەرگی کتێبەکەی گۆردۆن تۆماس

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەودەمەی ئیسرائیل ( لە ئێستاشدا هەمان پۆستی هەیە)، لە پەیوەندی بەردەوام بووە لەگەڵ ئیفرایم هالێڤی سەرۆکی مۆساد، بە تایبەت دوای ئەوەشی بوڵەنت ئەجەویت داوای لە نەتەنیاهۆ کرد بوو مۆساد یارمەتیان بدات لە دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالاندا.

کتێبەکەی گۆردۆن تۆماس، لە ١٧ بەش و ٤١٥ پەڕە پێکدێت، لە هەر بەشێکدا چەندین نهێنی تێدایە دەربارەی دۆسیەکانی دەزگای هەواڵگریی مۆساد، بە ووردیی ڕۆڵی مۆسادی باسکردووە لە دەستگیرکردنی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٨ لە وڵاتی کینیا و فڕاندنی بۆ تورکیا.

گۆردۆن تۆماس ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆجالان بە سەرکەوتووی توانیوویەتی خۆی لە چاوی سیخوڕ و هەواڵگریی تورکیا بشارێتەوە، تا ئەوکاتەی ئۆپراسیۆنەکەی دەزگای مۆساد بە ناوی "ڕەش" دەستیپێکرد بۆ شوێنکەوتنی ئۆجالان، دەشڵێت بەهۆی کەسایەتییە سیحراوییەکەی، ئۆجالان ئەو ماوەیە سەرکەوتوو بوو لەوەی خۆی لە چاوی پیاوانی هەواڵگریی تورکیا بپارێزێت.

"ميوانێکی ترسناک"

تۆماس لە کتێبەکەیدا دەڵێت، زانیارییە دروستەکانی لەسەر گرتنی ئۆجالان لە کەسانی زۆر نزیک لە ناوەندی بڕیار لە ئیسرائیل و ڕاهێنەرانی مۆساد وەرگرتووە، باس لەوە دەکات، لە مانگی نۆڤەمبەری ١٩٩٨ ئۆجالان لە مۆسکۆ بووە و توانی خۆی لە بەرچاوان بشارێتەوە، دواتر لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەرکەوتەوە، حکومەتی ئیتاڵیا ئامادە نەبوو ئۆجالان ڕادەستی تورکیا بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئۆجالانی وەک پەنابەرێکی سیاسی لەسەر خاکەکەی قبوڵ نەکرد، پێش ئەوەش ئەڵمانیا تۆمەتی هەڵگرتنی پاسپۆرتی ساختەی دایە پاڵ ئۆجالان و بۆ ماوەیەک دەستگیری کرد، بەڵام لە ترسی ئەوەی کە ڕەوەندی گەورەی کوردی لە وڵاتەکەیدا ڕەنگە پشێویی و ناڕەزایی بنێنەوە دژی حکومەتی ئەڵمانیا ئازادی کرد.

،،

ماسیمو داليما، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا: ئۆجالان ببووە مینێکی تەوقیت کراو و  میوانێکی ترسناک لە سەر خاکی ئیتاڵیا و هەموو هەواڵگریی دونیا هاتبوونە ڕۆما.

ماسیمو داليما، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئیتاڵیا، چەند ساڵ دواتر لە چاوپێکەوتنێکدا زانیاریی نەبیستراو لە بارەی ئۆجالانەوە دەدرکێنێت و باسی ئەوە دەکات، ئۆجالان ٦٦ ڕۆژ لە ئیتاڵیا نەماوەتەوە، بەڵکو زووتر بەڕێیان کردووە، لە پێناو ئەوەشی میدیاکان و مۆساد هەڵبخەڵەتێنن، هەواڵگریی وڵاتەکەی کەسێکی دۆزیوەتەوە کە ڕووخساری هاوشێوەی ئۆجالان بووە، دواتر ڕایانگەیاندووە ئەوە ئۆجالانە ئیتاڵیا جێدەهێڵێت، دالیما دەڵێت، ئۆجالان ببووە مینێکی تەوقیت کراو و  میوانێکی ترسناک لە سەر خاکی ئیتاڵیا و هەموو هەواڵگریی دونیا هاتبوونە ڕۆما.

دەشڵێت، تورکیا بەردەوام فشاری دەکرد و داوای ڕادەستکردنی ئۆجالانی دەکرد، لەوسەروبەندەشدا بیل کلینتۆنی سەرۆکی ئەمریکا تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی ئۆجالان ڕادەستی تورکیا بکەن، بەڵام داواکرییەکەیم ڕەتکردەوە.

،،

 گروپە هەواڵگرییەکەی مۆساد، شوێن پێی ئۆجالان دەکەون و بە دوایدا دەگەڕێن لە هەموو وڵاتانی حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست لەوانەش ئیسپانیا، پورتوگال، تونس، مەغریب، لە ڕاستیدا ئۆجالان چوو بووە هەموو ئەو وڵاتانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مافی پەنابەری پێنەدرابوو ناچار بوو جێیان بهێڵێێت.

هاتنەناوەوەی مۆساد

بەپێی زانیارییەکانی گۆردۆن تۆماس، لەم سەروبەندەدا دەبێت، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان بوڵەنت ئەجەویت و بنیامین نەتەنیاهۆ ئەنجام دەدرێت، ئەجەویت داوا دەکات ئیسرائیل بێتە ناوەوە و یارمەتیان بدەن بۆ گرتنی عەبدوڵا ئۆجالان.

دەربارەی ئەو هۆکارانەی وایکرد ئیسرائیل بەدەم داواکەی تورکیاوە بچێت، بە بڕوای گۆردۆن تۆماس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئیسرائیل زۆر پێویستی بەوە بوو پەیوەندیییەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێز و بەرەوپێش ببات، لە پێناو گەشەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە ناوچەکەدا، بۆیە نەتەنیاهۆ بەڵێنی پێدەدات داواکەی جێبەجێ بکات، هەرزوو ئیفرایم هالێڤی سەرۆکی مۆساد ڕادەسپێرێت کە بە هەر نرخێک بووە ئۆجالان بدۆزنەوە، مۆسادیش گەڕان بە دوای ئۆجالانی ناونا (ئۆپراسیۆنی ڕەش)، بەو مانایەی ووردەکاریی ئەم پرۆسەیە  دەبێت لە تاریکی و زۆر بە نهێنی بمێنێتەوە، تەنانەت لە کاتی سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنەکە و گرتنی ئۆجالانیشدا، دەبێت تەنها بکرێتە دەسکەوتێک بۆ دەزگای هەواڵگریی تورکیا نەک مۆسادی ئیسرائیلی.

OCH
عەبدوڵا ئۆجالان لە کاتی مانەوەی لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا ـ ١٩٩٩

شوێنکەوتنی ئۆجالان لە ڕۆماوە بۆ نایرۆبی

وەک گۆردۆن تۆماس لە کتێبەکەیدا باسی کردووە، ئۆپراسیۆنەکە دەستیپێکرد، دەزگای مۆساد، شەش کەس لە ئەندامەکانی دەنێرێت بۆ ڕۆما لە نێویاندا ژنێک  و چەند پسپۆرێکی تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان هەیە، لە باڵەخانەیەکی سەر بە مۆساد لە ڕۆما جێگیربوون، لەوێوە کارەکانیان جێبەجێ دەکرد، باڵەخانەکە دەیڕوانی بەسەر ئەو باڵەخانەیەی کە ئۆجالانی تێدا بوو کە دوور نەبوو لە فاتیکانەوە، ئەرکی سەرەکی ژنەکە ئەوە بوو هەوڵ بدات پەیوەندی بە ئۆجالانەوە بکات ئیدی لە ژێر هەر پەردەیەک و هەرچۆنێک بێت، کارمەندە ژنەکەی مۆساد پێشتر ڕاهێنانی پێکرابوو لە لایەن ئەو کارمەندە ژنانەی دەزگای مۆسادەوە کە پەیوەندیان گرتبوو لەگەڵ زانای ئەتۆمیی ئیسرائیل (مۆردەخای ڤانونو) کە بیست ساڵ پێشتر لە ڕۆماوە فڕێندرا، بەڵام  ئەم پلانە لەگەڵ ئۆجالاندا سەرنەکەوت، چونکە هەرزوو ڕۆمای جێهێشتبوو.

دواتر، گروپە هەواڵگرییەکەی مۆساد، شوێن پێی ئۆجالان دەکەون و بە دوایدا دەگەڕێن لە هەموو وڵاتانی حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست لەوانەش ئیسپانیا، پورتوگال، تونس، مەغریب، لە ڕاستیدا ئۆجالان چوو بووە هەموو ئەو وڵاتانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مافی پەنابەری پێنەدرابوو ناچار بوو جێیان بهێڵێێت، لە ٢ی شوباتی ١٩٩٩، ئۆجالانی ڕێبەری کورد جارێکی تر لە هۆڵەنداوە دەرکەوت، بەڵام حکومەتی هۆڵەندی مانەوەی ئۆجالانی لە وڵاتەکەی قبوڵ نەکرد، ئەفسەرێکی ئاسایشی هۆڵەندی لە فڕۆکەخانەی ئەمستردام نوسینگەی مۆساد لە هۆڵەندا ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە ئۆجالان بە فڕۆکەیەکی هێڵی (KLM)ی هۆڵەندی بەرەو نایبرۆبی پایتەختی کینیا چووە، بەوشێوەیە تیمەکەی مۆساد بەنهێنی شوێن ئۆجالان کەوتن کە لە ٥ی شوباتی ١٩٩٩ بەرەو نایبرۆبی ڕۆیشتبوو.

،،

ئەفسەرێکی ئاسایشی هۆڵەندی لە فڕۆکەخانەی ئەمستردام نوسینگەی مۆساد لە هۆڵەندا ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە ئۆجالان بە فڕۆکەیەکی هێڵی (KLM)ی هۆڵەندی بەرەو نایبرۆبی پایتەختی کینیا چووە، بەوشێوەیە تیمەکەی مۆساد بەنهێنی شوێن ئۆجالان کەوتن کە لە ٥ی شوباتی ١٩٩٩ بەرەو نایبرۆبی ڕۆیشتبوو.

تیمەکەی مۆساد، بە خێراییەکی پێوانەیی شوێنی ئۆجالان دەدۆزنەوە لە نایرۆبی، کە لە ناو خانویەکی سەر بە باڵوێزخانەی یۆناندایە، تیمەکە تێبینی دەکەن کە هەندێکجار چەند کوردێک (تیمەکەی مۆساد پێێانوایە پاسەوانی تایبەتی ئۆجالانن) دێنە دەرەوە و دەچنەوە ناو خانووەکەوە، سەرۆکی تیمەکەی مۆساد هەموو شەوێک بەرپرسەکانی خۆی لە تەل ئەبیب لە ووردەکاریی کارەکانیان ئاگادار دەکاتەوە، پاشان لە تەل ئەبیبەوە فەرمانێک دێت ئەوەیش ( پێویستە لەسەرتان ئۆجالان لە خانووەکە بهێننە دەرەوە بە هەر شێوەیەک بووە و بیڕفێنن بۆ تورکیا)، فەرمانەکەش لە خودی هالێڤیەوە هاتبوو.

کوردێک ئۆجالان دەخاتە ناو تەڵەکەوە

گۆردۆن بەردەوامە و دەنوسێت، چانس یاوەری تیمەکەی ئیسرائیل بوو، کاتێک یەکێک لە یاوەرە کوردەکانی ئۆجلان لە خانووەکە دێتە دەرەوە بەرە باڕێک، یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەی مۆساد لێی نزیک دەبێتەوە و بە زمانێکی کوردیی ڕەوان خۆی پێ دەناسێنێت کە گوایە ئەو لە کوردانەیە لە نایرۆبی کار دەکەن و نیشتەجێن، دوای چەند جارێک قسەکردن، دواتر یاوەرەکەی ئۆجالان لێێ دڵنیا دەبێت، پێی دەڵێت، ئۆجالان لە دۆخێکی سەختدایە و دوایین داوای بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری سیاسیی لە ئەفریقای باشور ڕەتکراوەتەوە، (تیمە هەواڵگرییەکەی مۆساد ئامێری گوێڕادێریی بەکاردەهێنن لەسەر هەموو پەیوەندییەکانی ئۆجالان لە ناو باڵوێزخانەی یۆناندا و ئاگاداری تەواوی هەموو قسەکانی پەیوەندیە تەلەفۆنییەکان بوون، بۆیە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە پلانێکێ تۆکمەیان دانا)، ئەوەش لای تیمەکەی مۆساد ڕوون بوو کە یۆنانیش داوایەکی ئۆجالانی ڕەتکرد بووەوە، بۆ ڕۆیشتن بەرەو یۆنان.

GRT
گواستنەوەی ئۆجالان لە کینیاوە بۆ تورکیا بە  فڕۆکەیەکی جۆری فالکۆن ٩٠٠ ـــ  ١٥ی شوباتی ١٩٩٩

کارمەندە کوردەکەی تیمەکەی مۆساد، تەلەفۆن بۆ یاوەرەکەی ئۆجالان دەکات کە ببووە هاوڕێێ و پێش چەند ڕۆژێک لە باڕەکە بینی بووی، لە تەلەفۆنەکەدا داوای لێکرد بێت بۆ هەمان شوێن بۆ باسکردنی مەسەلەیەکی گرنگ، کوردەکەی مۆساد پێڕاگەیاند ژیانی ئۆجالان لە مەترسیدایە ئەگەر بەردەوام بێت لە مانەوەی لە خانوەکەی باڵوێزخانەی یۆنان، تاکە ئومێد بۆی ئەوەیە بچێتە لای گەریلاکانی لە شاخەکانی باکوری عێراق، لەو شاخ و ناوچا فراوانە دەتوانێت خۆی بپارێزێت و شوێنێکی سەلامەت بدۆزێتەوە، ئەم بیرۆکەیە دەدات لە مێشکێ ئۆجالان، چەند پەیوەندییەک ئەنجام دەدات لەو بارەیەوە، مۆساد سوودی بینی لە گوێگرتن لە پەیوەندییەکانی بۆ خوێندنەوەی مێشکی ئۆجالان و ئاشکراکردنی پلانەکەی، دیسان ئەندامە کوردەکەی مۆساد داوا لە یاوەرەکەی ئۆجالان دەکات بگەڕێتەوە و ئۆجالان ڕازیی بکات لە باڵوێزخانەکە بێتە دەرەوە و چاوی پێی بکەویێت، بۆ ئەوەی چۆنیەتی گەیشتنی بە شاخەکانی کوردستان ڕێکبخەن، بەو شێوەیەیە زۆر بە ووردیی و ئاسانیی نێچیرەکە کەوتە تەڵەکەوە، ئێستا ئەوان لە چاوەڕوانی ئەوەن کەی و چۆن ڕاوچییەکە نێچیرەکەی ڕاو دەکات، لە کۆتایشدا کاتێک ئۆجالان لە باڵوێزخانەی یۆنان دێتە دەرەوە لە ڕێگەدا دەیڕفێنن و بەوشێوەیە پلانەکەیان جێبەجێ دەبێت.

،،

کارمەندە کوردەکەی تیمەکەی مۆساد، تەلەفۆن بۆ یاوەرەکەی ئۆجالان دەکات کە ببووە هاوڕێێ و  داوای لێکرد بێت  بۆ باسکردنی مەسەلەیەکی گرنگ، کوردەکەی مۆساد پێيڕاگەیاند ژیانی ئۆجالان لە مەترسیدایە ئەگەر بەردەوام بێت لە مانەوەی لەباڵوێزخانەی یۆنان، تاکە ئومێد بۆی ئەوەیە بچێتە لای گەریلاکانی لە شاخەکانی باکوری عێراق.

بەیانی ڕۆژی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، فڕۆکەیەکی جۆری فالکۆن ٩٠٠ لە فرۆکەخانەی نیڵسۆن لە نایرۆبی نیشتەوە، کاپتنی فرۆکەکە بە بە بەرپرسانی فرۆکەخانەکە دەڵێت هاتووە کۆمەڵێک بازرگان ببات بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەکی ئابوریی لە ئەسینا، بەڵام فڕۆکەکە عەبدوڵا ئۆجالانی پێ گوازرایەوە بۆ تورکیا.

سەرچاوە بەکارهێنراوەکان:

ـ نص"اتفاقية أضنة" بين سوريا و تركيا مع ملاحقة السرية، syrianjasmine ، 12 تشرين الاول 2012.

ـ صفوت جلال الجباریی: کیف اعتقل عبدالله اوجلان، الحوار المتمدن، العدد ٢٥٤٧، ٤ شباط 2009.

ـ اتفاقية أضنة و لواء اسكندرون، مركز فيريل للدراسات ـ برلين، المانيا.

 

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی