یاسادانەرانی عێراقی دەڵێن سەرۆکی ئەمریکا سەروەری عێراقی پێشێلکردووە

ترامپ پێشنیاریکردووە لەسەربازگە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی کۆببێتەوە

یاسادانەرانی عێراقی دەڵێن سەرۆکی ئەمریکا سەروەری عێراقی پێشێلکردووە

233 خوێندراوەتەوە

رۆیتەرز لە بەغداد

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە  : وریا حەمە تاهیر

سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق، سەردانە چاوەڕواننەکراوەکەی ترامپ بۆ بەسەرکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی لەم وڵاتە، ئیدانە دەکەن و دەڵێن سەروەری عێراقی بەزاندووە. کۆبوونەوەی عەبدولمەهدی لەگەڵ ترامپیشی هەڵوەشاندووەتەوە بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر شوێنی کۆبوونەوەکە.

 رۆژی چوارشەممە ٢٦ی کانوونی یەکەم، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ میلانیای هاوسەری بەسەردانێکی چاوەڕواننەکراو، بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان لەسەربازگەی ئەلئەسەدی، گەیشتنە عێراق.

سەباح ئەلساعدی سەرکردە لە بەرەی ئیسلاح لە پەرلەمانی عێراق، داوای دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمانی کرد بۆ " گفتوگۆکردن لەو بەئاشکرا پێشێلکردنەی سەروەی عێراق و وەستاندنی ڕەفتارە شەڕەنگێزانەکانی ترامپ، ئەو پێوویستە سنوری خۆی بزانێت. داگیرکاری ئەمریکا لەعێراق بەسەرچووە".

هاوپەیمانی بینای هادی عامری ڕکابەری ئیسلاح لەپەرلەمان، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. ناڕازین لە سەردانەکەی ترامپ.

"سەردانەکەی ترامپ بەزاندنی ڕوون و ئاشکرای نۆرمە دیپلۆماسییەکانە، بێڕێزی و هەستی نەیارانەی ئەو بەرامبەر حکومەتی عێراق پیشاندەدات." وتەبێژێک بەناوی هاوپەیمانێتی بیناوە وایوت.

نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت ئیدارەی ئەمریکا لەکاتی خۆیدا سەرکردەکانی عێراقی لەسەردانەکە ئاگادار کردوو بووەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا بەتەلەفۆن قسەیانکرد، "بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە".

یاساناسێکی عێراق بە رۆیتەرزی وتووە کە، ترامپ و عەبدولمەهدی ڕێکنەکەوتوون کە کۆبوونەوە پلان بۆ دانراوەکەیان لە کوێ بکرێت.

"ترامپ پێشنیاری کردووە کە لە سەربازگەی عەین ئەلئەسەد بێت، بەڵام عەبدولمەهدی ڕەتیکردووەتەوە".

 

سەردانەکەی ترامپ لەگەرمەی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تارانە، واشنتۆن دەیەوێت باڵادەستی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەستێنێت. پێکهێنانی حکومەتی عێراقیش لە گەرمەی ناکۆکی قوڵی هەردوو بەرەی ئیسڵاح و بینادا چەقیبەستووە.

فالح خەزعەلی سەرکردەی سەربازی پێشوو، کە گەڕاوەتەوە سەرکاری سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانێتی بینا، ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی کە دەیەوێت پێگەو ئاماداگی خۆی زیاد بکات لەعێراق. "سەرکردایەتی ئەمەریکا لەعێراق شکستی خوارد، ئێستا دەیانەوێت بەبیانوی جیاجیا بگەڕێنەوە، ئەوەش هەرگیز ڕێگەی پێنادەین".

 هاوپەیمانێتی بینا دەڵێن سەردانەکەی ترامپ کۆمەڵێک نیشانەی پرسیار لەسەر ئامادەگی سەربازی ئەمەریکا لەعێراق و ئامانجەکانی ڕاستەقینەکانی دادەنێت. "ئەم ئامانجانەش چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەمنییەتی عێراق دەبێت؟"

هەرچەندە توندوتیژی زۆر لە عێراق ڕووینەداوە، پاش ئەوەی ساڵی ڕابوردوو داعش ڕووبەڕووی تێکشان و پاشەکشەپێکردن بوویەوە. بەڵام نزیکەی ٥٢٠٠ سەربازی ئەمەریکی خەریکی راهێنان و راوێژکاریکردنن بە هێزە سەربازییەکانی عێراق و هەڵمەت دژی داعش بەڕێوەدەبەن.

 ئیسلاح لەلایەن سەرکردەی پۆپۆلیستی "عەوامگەرا" موقتەدا ئەلسەدرەوە بەڕێوەدەبرێت، سەدر دژبەرێکی سەرسەختی ئامادەگی ئەمریکایە لە عێراق، هەر لەسەرەتای داگیرکاری عێراق و ڕووخاندنی سەدام حسەینەوە لە ٢٠٠٣. ئەو ڕابەرایەتی دوو ڕاپەڕینی دژی ئەمریکییەکان کرد لەعێراق. هەروەها یەکێکە لەو سەرکردە دەگمەنانەی شیعە کە خۆی لە هەیمەنەی ئێران بەدوور دەگرێت.

میلشیاکانی شیعە کە بە حەشد ناسراون، زۆربەیان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. دژی بوونی هێزی سەربازی ئەمریکییەکانن لە عێراق. ئەم میلیشیایانە ئەمساڵ بەفەرمی کران بە هێزی ئاسایشی وڵات، دوای ئەوەی ساڵی پار هاوکاربوون بۆ تێکشکاندنی داعش.

قەیس خەزعەلی، سەرکردەی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق کە ئێران پشتیوانی لێدەکات، لە تویتێکدا دەڵێت " عێراقییەکان کاردانەوەیان لەڕێگەی بڕیارێکی پەرلەمانەوە دەبێت بۆ دەکردنی هێزە سەربازییەکانی تۆ (ئەمریکا). ئەگەر نەڕۆن، ئەوا ئێمە هەم ئەزموونمان هەیە هەم توانا بۆ دەرکردنتان بەشێوەیەکی تر کە هێزەکانتان پێی ئاشنان".

 هەندێک لەعێراقییەکان هەرچۆنێک بێت، کەمتر نیگەرانن لەسەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا.

"ئێمە هیچ شتێکمان لە ئەمەریکا دەستناکەوێت" محەمەد عەبدوڵڵا دانیشتووی بەغداد وا دەڵێت "ئەوان ١٦ ساڵە لەعێراقن، هیچیان بەم وڵاتە نەبەخشیووە، جگە لە تێکدان و وێرانکاری نەبێت".

پەیامنێران، ئەحمەد ڕەشید و رەیا جەلەبی ئەم راپۆرتەیان نووسیوە، ماهیر نازیح بەشداربووە. کریس ریس تەحریری کردووە.