بزووتنەوەی ئیسلامی تەقەی تێ دەكەوێتەوە

"رابەری گشتی دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەشی سەركردایەتی كردووە"

بزووتنەوەی ئیسلامی تەقەی تێ دەكەوێتەوە

429 خوێندراوەتەوە

ئا: وشیار محمد

 

 25 كانونی یەكەم شەش ئەندامی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی، كە سیانیان لەمەكتەبی سیاسی و سێ كەسی دیكەشیان سەركردایەتی ئەو حیزبە بوون دەستیان لەكار كێشایەوە، سەركردەیەكی دیكەی حزبەكەش دەڵێت: "بەم نزیكانە كۆنگرە دەبەستین و كێشەكانمان چارەسەر دەكەین".

 

لەڕاگەیەندراوێكدا ئەو ئەندامانەی بزووتنەوە كە دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، بەتوندی هێرشیان كردە سەر سەركردایەتی حیزبەكەیان و گروپێكی نێو سەركردایەتی بزوتنەوەشیان تۆمەتبار كرد كە بڕیارەكانی حیزبیان قۆرەخ كردووەو، سەرچاوەی داهات وخەرجی حیزبە تەمەن 31ساڵەكەیان ڕون نییە و داواكارن سەرجەم داهاتەكان بسپێردرێت بەمەكتەبی دارای.

 

 

 

 

،،

لەئێستاشدا ئەو ئەندامانەی كەدەستیان لەئەندامێتی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حیزب كێشاوەتەوە لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ زیاتر لێك نزیكبوونەوەو گەیشتن بەخاڵی هاوبەش چونكە ئەوان براو كەسی ئەوانن.

 

 

دیپلۆماتیك مەگەزین پەیوەندی كرد بە وتەبێژی حزبەكەوە تاكو لەمبارەوە راو سەرنجیان بزانێت.
عبداللە وەرتی وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند: لەچەند مانگی ئایندەدا كۆنفرانسی حیزب دەبەستین و سەرجەم كێشە ناوخۆییەكانمان لەكۆنفرانسەوە چارەسەر دەكەین.

 

دەشڵێت: "لەئێستاشدا ئەو ئەندامانەی كەدەستیان لەئەندامێتی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حیزب كێشاوەتەوە لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ زیاتر لێك نزیكبوونەوەو گەیشتن بەخاڵی هاوبەش چونكە ئەوان براو كەسی ئەوانن".

  


وتەبێژەكەی بزوتنەوە زانیاری زیاتری بۆ دیبلۆماتیكك لەسەر كێشەی دارای بزوتنەوەو ناوەندی بڕیار لەحیزبەكەیاندا لەوە زیاتر ئاشكرا نەكرد بە بیانووی حەساسی بارو دۆخەكەیان، ئەمە لەكاتێكدا بەشێك لەهۆكاری دەس لەكار كێشانەوەی ئەو سەركردە ناڕازیانە لەپۆستەكانیان بۆ ئەو دوو بابەتە دەگەڕێتەوە.

 

،،

لەئێستادا بەدیلی ڕابەر هەر ڕابەری ئێستایەو شەرعیەتیشی لەكۆنگرەوە وەرگرتووە,زۆربەی كۆنگرەكان زیاتر لەكاندیدێك هەبووە ئەمەش خۆی سەلمێنەری ئازادی و ڕای جیاوازە لەحیزبەكەماندا.

 

 

 
دیبلۆماتیك بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەو دوو پرسیارە كە لە وتەبێژی بزوتنەوەوە دەستی نەكەوت پەیوەندی بەئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبەوە كرد.
سەلام كەریم، كە ئەندامی لاوی باڵای بزووتنەوەیە، ڕایگەیاند: ڕابەری ئێستایان دەست لەكار كێشانەوەی پێشكەشی سەركردایەتی حیزب كردووە و بەڵام سەركردایەتی و بەشێك لەو ئەندامانەی لەئێستادا ناڕازین داوایی دەسلەكار كێشانەوەی ڕابەریان ڕەت كردۆتەوە".

 

وتیش: لەئێستادا بەدیلی ڕابەر هەر ڕابەری ئێستایەو شەرعیەتیشی لەكۆنگرەوە وەرگرتووە,زۆربەی كۆنگرەكان زیاتر لەكاندیدێك هەبووە ئەمەش خۆی سەلمێنەری ئازادی و ڕای جیاوازە لەحیزبەكەماندا.

 

دەربارەی سەرچاوەی داهاتی بزوتنەوەو هۆكاری ناڕازی ئەو سەركردە ناڕازیانە,ئەندامە لاوەكەی سەركردایەتی ڕایگەیاند:"سەرچاوەی داهاتی بزوتنەوە سفرە".
"ئەوەی كە هەیە تەنها كۆكردنەوەی داهاتە لەڕێگەی مەڵبەندەكانەوە,بۆ رایكردنی كارو بارەكانی ڕۆژانەیان و هەندێ جاری ئەو داهاتە بەرز دەكرێتەوە بۆ ئەندامانی سەرەوەو تەنها بەشی سوتەمەنی ئۆتۆمبێلەكانیان دەكات". سەلام كەریم وایگووت.

،،

پێشتر لەهەوڵی بەردەوامدابوون بۆ ئەوەی لەڕێگەی كۆبوونەوە و پێشكەش كردنی پڕۆژەوە كێشەكان چارەسەر بكەن و لە هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگ و كورسییەكانی بزوتنەوە بپرسن.

 

 


سەلام كەریم ڕاشیگەیاند: ئەوان سودمەند نین لە یارمەتی و داهاتی هیچ لایەنێكی ناوخۆی یاخود وڵاتێكی هەرێمی بۆیە باردوودۆخی داراییان بەوە شێوەیە خراپە.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە پێشتر لەهەوڵی بەردەوامدابوون بۆ ئەوەی لەڕێگەی كۆبوونەوە و پێشكەش كردنی پڕۆژەوە كێشەكان چارەسەر بكەن و لە هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگ و كورسییەكانی بزوتنەوە بپرسن.

 

 


بەڵام بە گوتەی شەش ئەندامە ناڕازییەكە گوێیان لێنەگیراو ئەوانیش لای خۆیانەوە دەست لەكار كێشانەوەی خۆیان لەئەندامێتی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حیزبەكەیان ڕاگەیاند و لەئێستادا ئەندامێكی ئاسای ئەو حیزبەن.

 

بزوتنەوە,كەبەحیزبی دایك ناسراوەو یەكەم هێزی جیهادی بوو لەساڵی 1987خۆی ڕاگەیاندووە و دژی ڕژێمی بەعس چەكی هەڵگرتووە و لەهەڵبژاردنی دوای پڕۆسەی ئازادی و لەساڵی 1992بەهۆی بەربەستی لەسەدا پێنج نەیتوانی بەشداری پەرلەمان و جكومەت بكات و چەندن گروپ و حیزبی دیكەی لێ جیابۆتەوە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك