گرێ كوێرەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێ چین؟

"گۆڕان سارد دەبێتەوە، پارتی و یەكێتیش رێك ناكەون"

گرێ كوێرەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێ چین؟

643 خوێندراوەتەوە

 پێ دەچێت ئەمجارەش، هەندێ گرێ كوێرە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بكات بە حەكایەتێكی دوورو درێژی زستان كە بە هاتنی بەهار كۆتاى پێ بێت.

 

لەسەرەتادا وا پێشبینی دەكرا كە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم، ماوەیەكی زۆری نەوێت و لایەنەكان خێرا رێك بكەون و حكومەتێكی ئەمنی خۆشگوزەران پێك بهێنن.


بەڵام كاندیدە ئەمنییەكەی پارتی بۆ سەرۆكی حكومەت و مەرجە قورسەكانی بۆ لایەنەكانی دیكە و سارد بوونەوەی گۆران و بەشداری پێ نەكردنی كۆمەڵ لە حكومەت و كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بونەتە رێگر لەبەردەم لەدایك بوونی كابینەی نوێ.

 

،،

مەرجەكانی پارتی وەك براوەی یەكەم بۆ لایەنەكان پرۆسەكە دوا دەخات، چونكە دەیەوێت نیوەی پۆستەكان بۆ خۆی بێت و نیوەكەی دیكە دابەش بكات بەسەر یەكێتی و گۆران و لایەنەكانی دیكەدا.

 

مەرجەكانی پارتی، گرێ گەورەكە؟

پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێـت لەرێگەی ئەو نمرە بەرزانەوە كە بەدەستی هێناون باشترین بەش و پۆستەكان بۆ خۆی دیاری بكات و لەرێگەی مەرجەكانیەوە بۆ لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت هەژموونی خۆی لە سلێمانیش مسۆگەر بكات.


بەڵام مەرجەكانی پارتی وەك براوەی یەكەم بۆ لایەنەكان پرۆسەكە دوا دەخات، چونكە دەیەوێت نیوەی پۆستەكان بۆ خۆی بێت و نیوەكەی دیكە دابەش بكات بەسەر یەكێتی و گۆران و لایەنەكانی دیكەدا.

 

 

لەبەرامبەردا یەكێتیش نایەوێت حسابی كورسی بۆ بكرێت و دەیەوێت وەك گەردەلوولە سەوزەكەی جاران مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت كە شان بەشانی پارتی كورسی هەبوو.


پارتی دەیەوێت پێكهێنانی حكومەت ببەسێتەوە بە رێكەوتنەكانی لەگەل َ بەغداد كە باس لە پارەو لایەنی داراییە.

 
ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێك بكەوێت و پۆستی باڵاو سیادی وەر بگرێت پێ دەچێت لە كوردستان دەست شل بكات، بەپێچەوانەشەوە راستە.


هەربۆیە لە ئێستادا پارتی نایەوێـت پۆستی وەزیری داد بۆ یەكێتی بێت كە كاریگەری لەسەر كۆبوونەوەو رێكەوتنەكانی هەرێمی نێوان یەكێتی و پارتی دەبێـت.

 

،،

ئەم دوو باڵەش كێشەیانە لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت و دابەشكردنیان بەسەر كاندیدەكاندا.

 

 

ئەو گرێ كوێرانەی كە یەكێتی هۆكارە؟
یەكێتی نیشتمانی دوو جۆر كۆسپی بۆ پرۆسەكە درووست كردووە هەم لەناو خودی حزبەكە هەم لەدەرەوەی حیزبەكە كە كردنەوەیان ئاسان نییە، هەربۆیە رێگرییەكی سەرەكی دەبن لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت.

یەكێتی نیشتمانی لە ئێستادا دوو باڵی سەرەكییە، لەلایەك ماڵی تاڵەبانی و نزیكەكانیان، لەلایەكی دیكە كۆسرەت رەسول كە بە كەنار كەوتنی لایەنی سیاسی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەهێزتر بووە.

ئەم دوو باڵەش كێشەیانە لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت و دابەشكردنیان بەسەر كاندیدەكاندا.

 

،،

لەبەر ئەوەی پارتی لە بەغداد كاندیدی هەبوو لەبەرامبەر یەكێـتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆیە چیدی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبەرامبەر سەرۆك كۆماردا نییە.

 

 
بۆ نموونە ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێـت بەیەكێتی، ماڵی مام جەلال دەیانەوێت بدرێت بە بێگەرد تاڵەبانی، لەبەرامبەریشدا باڵی كۆسرەت رەسول دەیانەوێت ئەو پۆستە بۆ تاڵەبانییەكان نەبێت و بدرێت بە رێواس فائیق.

 

ئەم كێشەیە درێژ دەبێتەوە بۆ پۆستەكانی دیكەش، كە نێو ماڵی یەكێتی رۆژ بەرۆژ گرژتر دەكات، بەتایبەت لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت یان جێگری سەرۆكی هەرێم كە ئایا دەدرێت بە دەرباز كۆسرەت رەسول؟

 

هەروەها یەكێتی هۆكارە لە درووستكردنی گرێیەكی دیكە لەدەرەوەی خۆیدا، چونكە پێی وایە لەبەر ئەوەی پارتی لە بەغداد كاندیدی هەبوو لەبەرامبەر یەكێـتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆیە چیدی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبەرامبەر سەرۆك كۆماردا نییە.

 

 

هەربۆیە رۆژانە سەركردەكانی یەكێتی دەڵێن: با سەرۆكی هەرێمیش بەدەنگدان بێت و لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، نەك پارتی قۆرغی بكات بۆ خۆی.

،،

هەرچەندە گۆران شەفاعەتی بۆ كۆمەڵی ئیسلامی كرد كە پارتی بەشداری پێ بكات لە حكومەت، بەڵام سوربونی پارتی و خودی بارزانی لەسەر ڤیتۆكەیان بەرامبەر كۆمەڵ گۆرانی بێهیوای كرد.

 

 


گۆران بۆچی سارد بۆتەوە لە بەژداریكردن؟

پێشهاتەكان وا دەبینرێن كە گۆران لە ئێستادا بەجۆرێك لەجۆرەكان پاشەكشەی كردووە لە بەشداریكردن لە پێكهێنانی حكومەت و سارد بووەتەوە.


پێ دەچێت پەیوەندی بەدوو هۆكاری سەرەكییەوە هەبێت كە دواتر دەبنە گرێ كوێرەیەكی دیكەی كابینەی نوێی حكومەت، ئەوانیش ئەمانەن:


یەكەم: پارتی بە مەرجەكانی گۆران رازی نابێت
گۆران ئەگەر لەبەر ترسی شەقامیش بێت دەیەوێت چەند برگەیەكی خۆی لە كارنامەی كابینەی نوێدا رێ بكاتەوە بۆ ئەوەی بە هەوادارو دەنگدەرانی بڵێـت كە لەبەر چی بەشداری حكومەتی كردووە،بەتایبەت لە لابردنی پاشەكەوتی موچە و باشكردنی ژیانی خەڵك و موچەی فەرمانبەران.


بەڵام پارتی نایەوێت، گۆران سبەی ئەم دەست كەوتەی پێ بفرۆشێتەوە، بەڵكو دەیەوێت مۆری پارتی پێوە بێت و لەداهاتوودا بەناوی خۆیەوە چاكسازیی بكات.

 

 

دووەم: بەشداری نەكردنی كۆمەڵ
هەرچەندە گۆران شەفاعەتی بۆ كۆمەڵی ئیسلامی كرد كە پارتی بەشداری پێ بكات لە حكومەت، بەڵام سوربونی پارتی و خودی بارزانی لەسەر ڤیتۆكەیان بەرامبەر كۆمەڵ گۆرانی بێهیوای كرد.


هەربۆیە گۆران لە ئەگەری قبوڵنەكردنی مەرجەكانی لەلایەن پارتییەوە، روو دەكاتەوە كۆمەڵی ئیسلامی و دۆستە كۆنەكەی بەجێبی ناهێڵێت.

 
سێ مانگ تێپەردەبێت بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێمی كوردستان بەڵام تا ئەمرۆ ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت بەشداری حكومەت بكەن لەسەر هیچ شتێك رێك نەكەوتوون و هاوڵاتیانیش چاویان لە ماراسۆن و بەردەرگای حزبە سیاسییەكانە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان