سه‌ددام چۆن كوده‌تاى به‌سه‌رعه‌بدولڕه‌حمان عارفدا كرد؟

سەددام پێش كونەكە لەكوێ گیراوە؟

سه‌ددام چۆن كوده‌تاى به‌سه‌رعه‌بدولڕه‌حمان عارفدا كرد؟

909 خوێندراوەتەوە

 ئاراس عوسمان

 

،،

 بە هاوپەیمانیَتی لەگەڵ هێزی نەسرە توانیان عەبدلكەریم قام بكوژن و كۆتایی بە دەسەڵاتی بهێنن و عەبدلسەلام عارف بكەنە سەرۆك كۆمار

 پاش ئەوەی سەددام تەمەنی دەگاتە 21 ساڵ و هەولَی تێرۆركردنی سەرۆككۆمار دەدات و دواى هەڵهاتن بۆ سووریاو میسر و پاش تەواوكردنی كۆلێژی یاسا، لە ساڵی ١٩٦٣ سەدام گەڕایەوە عێراق ئەمجارەیان بە هاوپەیمانیَتی لەگەڵ هێزی نەسرە توانیان عەبدلكەریم قام بكوژن و كۆتایی بە دەسەڵاتی بهێنن و عەبدلسەلام عارف بكەنە سەرۆك كۆمار، بەڵام عەبدولسەلام لە لایەن برایەكەی عەبدولرەحمان كوده‌تای لەسەركرا لە رێگای كەوتنە خوارەوەی هەلیكۆپتەر هەروەها لە بەعسیەكان هەڵگەرایەوەو زۆربەیانی دەستگیر كرد لەمانیش سەدام بوو هەر بۆیە حیزبی بەعس حەماسەتیان زیاتر بوو بۆ سەدام، ئەمەش وایكردكاتێك لەزیندابوو سەددام هەڵبژێردرێت بە( أمین سر القیادە القگریە للحزب).

 

دەرفەتێك بۆ سەددام دێتە پێشەوە كە دیار نییە توانای خۆی بووە یان هاوكاریكراوە ئەویش هەڵهاتنی بوو لەزیندانەكان‌و دەستبەجێ‌ دەزگایەكی هەڵگری سەربازی دادەمەزرێنێت بەناوی (جهاز حنین)كە ئەوكات تەمەنی تەنها 31 ساڵ دەبێت و شەو ئامادەكاری دەكات لە زرێپۆش و تانكی سەربازی و لەبەرەبەیانێكی زوودا كە رۆشنای رۆژ تازە بەدیار دەكەوێت بەهێزەكەیەوە جێگیر دەبێت لەپێش كۆشكی (عەبدولرەحمان عارف) هێشتا لەقوڵای خەودا بوون، توانی شۆڕشی بەسەردا بكات و كۆتایی بە دەسەڵاتی بهێنێ‌و بۆ ئه‌وه‌ى عارفیش لە مەسەلەكە بشارنەوە بەرێگەی فرۆكەیەك بەرەو وڵاتی بەریتانیا رەوانەكراوە، گوایە باری تەندروستی خێزانەكەی جێگیر نەبووەو لەكاتی هاتنی هێزەكەی سەددام ئەو لەوێ نەبووە. بۆیە چانسی (ئەحمەد حەسەن بەكر) كرایەوە بۆ سەرتەختی پاشایەتی و كرا بە سەروككۆمار و سەدامیش كرا بە جێگری و هەروەها هەڵبژێردرا بە جێگری(رئیس مەجلس قیادە پورە)كە گەورەترین دەسەڵاتی ته‌شریعی بوو لە عێراق.

 

 

،،

كاتێك تەمەنی 42 ساڵ دەبێت لة 17ی تەموزی ساڵی 1979، هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی كۆدەتایەی لەسەرخۆ و حەسەن بەكر لەكاردەخات

پێنج پۆستى سەددام

 

دوای هەموو ئەمانە سەددام چاوی لەدەركردنی حەسەن بەكر دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش كاتێك تەمەنی 42 ساڵ دەبێت لة 17ی تەموزی ساڵی 1979، هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی كۆدەتایەی لەسەرخۆ و حەسەن بەكر لەكاردەخات و بۆخۆی رێگا بێركابەرەكەی پۆستی سەرۆككۆماری دەگرتەبەر و خۆی گەیاندە سەر كورسی عەرشی رەهای دەسەڵاتەكانی عێراق و واژوی پێنج پۆست و بەرپرسیارێتی خستە گیرفانەكانیەوە كە ئەوانیش، سەرۆكی كۆماری عێراق و سەرۆكی (رئاسە مجلس قیادە الپورە) و سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئەمینداری گشتی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی و سەرۆكی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بوو.

 ئێستا قۆناغی سەرخواردنی خودی سەددام دەستپێدەكات و لە 2ی ئابی ساڵی 1990 ، سەدام حوسێن هێرشی كردە سەر وڵاتی كوێت و داگیركرد و كردی بە پارێزگای نۆزدەیەمینی عێراق، بەڵام شەری ئەمجارەی كوەیت دەرگای بەرەو رووخانى لەسەر كردەوەو ئەمه‌ریكا هاتە سەرخەت و بەفرۆكە سەربازانی لەناو كوەیت دابەزاند و شەرێكی گەورە دروست بوو كە بەسەدان هەزار سەربازی عێراقی لەم جەنگە كوژران و دەرفەت بۆ كورد لەباكوور و شیعەكان لەباشوور هاتە ئاراوەو راپەرین لەعێراق دەستیپێكردو چەندین پارێزگای لەبندەسەڵاتەكەی سەددا ئازادكرا.

 بەڵام مادام ئەمریكا ئیشی دیكەی بە سەددام مابوو خێرا توانی نيوەی سەرجەم ناوچە و پارێزگا ئازادكراوەكان بسەنێتەوە لەشیعەكان و بەشێكیش لە كوردستان كۆنترۆڵ بكاتەوە، بەڵام جەماوەر و پێشمەرگە رێگەیەنەدا شارەكان بكەوێتەوە بندەستی بەعسیەكان و ئەمریكاش بێدەنگ بوو لەمكارەی كوردەكان و، دواتر بەبریاری نەتەوە یەكگرتووەكان ودانانی هێلی 36 كۆنتڕۆلكردنەوەی سێ‌ پارێزگا هاتە بوون واتا هەولێر و سلێمانی و دهۆك جگە لە كەركوك.

 

 

سەددام كەی لەژێر زەمینەكەی تكریت دەستگیركرا

 

هەموو پەلاماردانەكانی سەددام بەرئەنجامەكەی كەوتنەوەی دۆخێكی خراپی ئابوری 13 ساڵەی كردە ملی تەواوی عێراقیەكانەوە كە ئابڵوقەكە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان جێبەجێكرا. ئەمەش وایكرد قۆناغی پوكانەوەی بەعسیەكان و دەسەڵاتەكانی سەددام  دةستثيَبكرێت لەلایەن ئەمریكیەكانەوەو بوونی (چەكی كوشندە) كرایە بیانوی لێدان لەرژێمەكەی و لە 20 ی ئازاری ساڵی 2003، وڵاَتی ئەمەریكا و بەریتانیا پێكەوە بەفەرمی شەریان دژی عێراق راگەیاند و بە گومان و حوجەی ئەوەی خاوەنی چەكی كوشندەیە(الاسلحە الدمار الشامل).

 

 مانگی نیسان هەم بۆ لەدایكبوونی سەددام و هەمان كات بۆ كۆتایهاتنی دەسەڵاتەكانی مانگێكی شوم بووەو بۆیە لە 9ی نیسانی ساڵی 2003 و دوای 25 ساڵ حكومرانی بەعسیەكان لەعێراق، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستیان بەسەر پایتەختی عێراق (بەغداد) داگرت و رژێمی سەدام حوسێن كۆتای هات و ناوبراو ماوەیەكی زۆر لەیەكێك لەباخەكانی تكریت خۆی حەشاردەدات، بەڵام سەرئەنجام لە 13 ی كانونی یەكەمی 2003 هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا توانیان ئەو جێگەیە ئاشكرابكەنء دەستگیرى بكەن.

 بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی گومانە سەرۆكی دەستەی بەرگری لە سەددام (دكتۆر خەلیل دلێمی) لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی كە بە ڤیدیۆ تؤمار كراوة دەڵێت" ئەمةریكیەكان راست ناكەن كاتێك رۆژی دەستگیركردنی سەددامیان راگەیاندوە گوایە لە 13 كانونی یەكەمی 2003 بووە، بەڵكو پێشترسەرۆك سەددام حسێن لە 12/12/200دەستگیركراوە لەژێر زەمینێك و ئەوەی پیشاندرا كە لەچاڵێك بووە ئەسڵی نەبوو، زۆربەی ئەو قسانەشی لەنێو دادگاكان دەگوازرانەوە لەرێگەی شاشەوە ئەمریكیەكان زۆریان لێ دەبری و نەیاندەهێشن پەخش بكرێت".

 

،،

 بەهۆی ئەوەی كە (سەبحە)ی دایكی هاوسەرگیركردووەتەوە زرباوكەكەی كارێك دەكاتە سەدام بیر لەماڵی خەیروڵای خاڵی بكاتەوە بۆ ژیان 

كاتێك لەبواری سەربازی وەرناگیرێت

 

سەددام سەرەتای لەدایكبونەكەی لە ژینگەی خێزانێكی هەژار و جوتیار هاتە دونیاوەو، بەڵام وەك دایكی دڵی خەبەر بدات، هەڵگرتنی ئەم بارە قورسە لەسكیدا دوا رۆژێكی باش نابێت بۆی و، لەوماوەی دووگیانیەدا هەوڵی داوە حملەكەی نێوسكی كە (سەدام) بووە پێش گەیشتن بەدونیا كۆتای بەژیانی بهێنێت، بەڵام رێگایەكی قورس و لەبیركراو دەبێتە بەدیلی كوشتنی سەددام، بەڵام مانەوەی باوكی سەددام دوای لەدایكبون تەنها سێ مانگ دەبێت و دواتر لەلای دایكی دەمێنێتەوە لە ژوورێك كە بە دار و حەسیر روپۆشكرا بوو دەژین.

 

سەدام كاتێك تەمەنی دەگاتە 10 ساڵ ئەوكاتەش بەهۆی ئەوةى كة (سەبحە)ی دايكی هاوسەرگیركردووةتەوة زرباوكەكەی كارێك دەكاتە سەدام بیر لەماڵی خەیروڵای خاڵی بكاتەوە بۆ ژیان و ئەوانیش دۆخی ئابوری و خراپی بژێوی ژیان بەشێكی دەخەنە ئەستۆی سەددام و دەینرێنە دەرەوە بۆ كار و جێگیربوونی كارەكەشی فرۆشتنی شووتی دەبێت لە وێسگەی (قگار تكریت).

 

 بەڵام لەومكاتانەدا خاڵی سەددام بەهۆی ئەوەی خاوەنی بیری شوعییەت بووەو دەستگیردەكرێت و ئەمیش ناچار جارێكی دیكە بگەرێتەوە ماڵی دایكی و (ئیبراهیم حەسەن)ی زرباوك كە ئەویش دەرگەوانی قوتابخانەیەك بووە و دەكاتە باوكی بارزان تكریتی. پاشان ئازادكردنی خاڵی دەبێتە كردنەوەی حەز و خولیای سەرباز بەتایبەت كاتێك لەحیزبی بەعس دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش سەددام تینوێتی سەربازی تینی بۆ دەهێنێتی بۆ گەشتن بە پلە سەربازیەكان و دواتر پەیوەندی بە ئەكادمییای بەغدا دەكات، لەبەر نزمی پلەكەی خەونەكانی لەگۆردەنرێت و وەرناگیرێت.

ئەم داخ و حەسرەتە وایكردبوو لەكاتی هاتنە پێشەوەی بۆ سەر كورسی دەسەڵات بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو رۆژانە، گەورەترین پلە باڵاكانی سەربازی بۆ خۆی دانا بوو كە بە (موهیب روكن) ناودەبرا واتا دواین پلەی سەربازیە لە سوپای عێراق.

 

 

 

پۆستی سەرۆككۆماری لە سەددام تاكو مەعسوم

 

14ی تەموزی 2018 ماوەی 60 ساڵی رەبەق تێپەردەبێت بەسەر شۆرشی عێراقدا، بەڵام ئەم وڵاتە بەردەوام بەرتەوازە و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە جیاواز لە ئاوارەبون و لەناوبردنی سەدان هەزار كەس بەشێوەی جیاجیا لەناوبراون و تائێستای خۆپیشاندانەكانی بەسرەی لەگەڵ بێت هەر حكومەت و حزبێك هەوڵیداوە داهات و سامان و دەسەڵاتە سەربازی و یاساییەكان بۆخۆی قۆرخبكات، بەڵام لێرەدا كوردیش بەشدار بووە بەدرێژای 15 ساڵی پاش رووخاندنی سەددام، لێ‌ هەندێك ئەوەندەی خەریكی خۆدەوڵەمەندكردن بوون بەناوی نوێنەرایەتی كوردەكانەوە نیو هێندە لەسەر قەزیە و بنەماكانی مافی كورد نەوەستاون و ، ئەمە لەكاتێكدایە كورد پشكی تارادەیەك باشی هەبووە لەنێو دەسەڵاتەكانی عێراق تا پۆستی سەرۆككۆمار. شۆرشەكەی 14-7-1958 بەم جۆرە بوو لەسەرەتادا ژمارەیەك ئەفسەری سەربازی كۆدەتایان بەسەر دەسەڵاتی پاشایەتی ئەنجامدا و هەمان كات سیستمی كۆمارییان راگەیاند، دواتر دەوڵەتی عێراق لەسەر سیستم و دەسەڵاتداری پاشایەتی دامەزرا بۆ ماوەی 37 ساڵ حوكمی پاشایەتی درێژەی هەبوو، شا فەیسەڵی یەكەم، لە ساڵی (1922-1933) حوكمرانی كردووە، شا غازی لەساڵی (1933 - 1939) و ، شا فەیسەڵی دووەم، لە (1939 - 1958) بەردەوام بوون تاكو دواتر سیستمی كۆماری – عێراق هاتە كایەوە هەندێك سەرۆككۆماری بەخۆوە بینیوە كە ئەوانیش محمد نەجیب ڕوبەیعی لە (1958 - 1963) و، عبدولسلام عارف لە (1963 - 1966) و، عبدولرحمان بەزاز لە 13ی نیسانی 1966 و ،عبدوارحمان عارف لە (1966 - 1968) و، ئەحمەد حەسەن بەكر لە (1968 – 1979) و، سەدام حسێن لە (1979 - 2003) و، جای گارنەر (21ی ئازاری 2003 ) و، پۆڵ بریمەر لە(2003 - 2004) حاكمی مەدنی بووەو، غازی یاوەر لە (2004 – 2005 ) جەلال تاڵەبانی لە (2006- 2017 ) و، فواد مەعسوم لە (2014) تائێستا ئەمانە سەرۆكایەتی كۆماری عێراقیان كردووە لەماوەی ئەو 60 ساڵەدا. پرسیارەكە ئەوەیە دەستكەوتەكانی 14ی تەموزی كامانە بوون ئەمانە هەندێك لەو دەستكەوتانەیە (بریاردرا بەهەڵوەشاندنەوەی پەیماننامە سەپێنراوە بیانیەكان – كۆتای پێهێنانی بریارە بیانیەكان و هەژمونی دەرەبەگایەتی لەعێراق – رزگاركردنی دیناری عێراقی لەكۆدی پاوەنی بەریتانی ئەمش پاش راگەیاندنی سەروەری تەواو ئەنجامدرا – خەڵكی خۆشحاڵیان راگەیاند بەبریارەكان و هەربۆیە تەواوی زەویەكان لە كۆمپانیا بیانیەكان وەرگیرانەوەو دابەشكران بەسەر جووتیاراندا- دەركردنی یاسایە تایبەت بەباری كەسێتی نوێ‌ و نیشتەجێبونی هەژاران.هتد).

 

 

 

حاكمێكی كورد دادگاكە بەجێدەهێڵێت

 

ئێستا مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2004 یە و دادگگای كردنی سەددام و هاورێكانی دەستپێدەكات بەسەرپەرشتی و كۆنترۆڵی ئەمریكایەكان، هەربۆیە لەو كاتەیا بوو ئەمریكاییەكان ڕایگەیاند كە سەدام حسێن بەندكراوی جەنگە (اسیر حرب).دوای ئەمە ئەمریكیەكان سەددامیان رادەستی حكومەتە ئینتیقالیە كاتیەكەی عێراق كرد لەرۆژی یەكەمی تەموز دادگایكردنی كرا بەپراكتیك و ئەو دادوەرانەی ئامادەكرابوون بۆ پرۆسەی داگایكردنەكە پێكهاتبوون لەهەریەك لە(دادوەرێكی كورد) لە دادگایەكی تایبەتی عێراق دادگای كرا، هەروەها سەرۆكی ئەوكاتی عێراقیش كوردیك بوو ئەویش بەرێز مام جەلال بوو. دادوەرەكانی سەدام بریتیبوون لە قازی رزگار محمد ئەمین (كورد) و قازی عواد البندر (عەرەب) و القازی رەئوف رەشید (كورد) لە 5ی تشرینی دووەم 2006 ، دادگای جینایەی عێراقی باڵا(المحكمە الجنائیە العراقیە العلیا)هەر لە لایەن دادوەرە رەوف بریاری لە سێدارەدانی بۆ دەركرا بە تۆمەتی تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەتاوان و روداوی گوندی دجیل. سەرلە بەیانی رۆژی 30 ی كانوونی یەكەمی 2006 دەستكرا بە جێ بەجێ كردنی حكومی لەسێدارەدان بۆ (سەدام حوسێن) و (بارزان تكریت)ی كە برای بوو لە دایكی و لەگەڵ (عەواد حەمەد بەندەر)ی سەرۆكی دادگای شۆرشی بوو. بەڵام یەكێك لەدادوەرە كوردەكان ئەویش حاكم رزگار حەمە ئەمین بوو لەچاوپێكەوتنێكی كە بەئەرشیف پارێزراوە لەلام رایگەیاند" من بۆخۆم لەگەڵ بریاری لەسێدارەدان نیم بۆ هیچ كەسێك و هەركاتێكیش بریاری لەسێدارەدان بۆ هەر تۆمەتیارێك دەربكرێت پێویستە پاش 30 رۆژ ئەو بریارە بەعەمەلی جێبەجێ‌ بكرێت". بەڵام سەددام دوای چەند رۆژێكی كەم بریارەكەی بەسەردا جێبەجێكرا و بەپێی قسە یاساییەكانی ئەو حاكمە كوردە بێت لەسێدارەدانەكەی سەددام نایاسای بووە بەوەی كە پەلەكراوە لە پرۆسەی لەداردانەكەی.

 

بەریتانیە پەشیمانە لەهێرشكردنەكە

 

تۆنی بلێر، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، لەدیدارێكی لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی ئاماژەی بەوەكردووە كە "هێرشكردنە سەر وڵاتی عێراق هەڵە بووەو داوای لێبوردن لەعێراقیەكان دەكەم"هۆكاری هەڵەكە دەگەرێنێتەوە بۆ نادروستی ئەو زانیاریانەی خراوەتە بەردەست حكومەتەكەی سەردەمی ئەوانە، بۆیە هێرشكردن بۆ سەر عێراق "لەسەر بنەمای ئەو زانیاریە هەڵانە بوون". بلێر جەختیشی لەوەكردۆتەوە كە "بیر لەعێراقی دوای سەددام نەكرابویەوە لەو پلانە دارێژراوانەی ئێمە هەمان بوو بۆ پرۆسەی هێرشكردنەكە و بۆیە لەمەشیاندا هەڵەبووین". لەبەشێكی دیدارەكەی دەشڵێت، بەڵێ‌ سەددام چەكی كیمیایی بەكارهێناوە بەرامبەر گەلەكەی، بەڵام ساڵی 2003 وە ئێمە هیچ جۆرە چەكێكی كیمیایمان نەدۆزییەوە لەعێراقدا، بۆیە بلێر پەشیمان نین لەوەی كە لەعێراقدا "دیكتاتۆرێكی وەك سەددامیان لەناوبردوە" بەڵام داوای لێبوردن لەعێراقیەكان دەكات بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكەیان.

 

 

ئەمریكییە علوجەكان درۆ دەكەن، بەغداد هەرگیز ناكەوێت

 

هەر لەسەروبەندی پرۆسەی هێرشكردنە سەربەغدای پایتەختدا یەكێك لە وەزیرەكانی حكومەتەكەی سەددام بەناوی سەعید سەحاف كە ئەوكات وەزیری راگەیاندن بوو دەستەواژەی "ئەمریكییە علوجەكان درۆ دەكەن، بەغداد هەرگیز ناكەوێت"ی بەكارهێنا، بەڵام هەمان كات بوو تانكە سەربازیەكانی ئەمریكا لەنێو شەقامەكانی بەغداد دەسورانەوە وەك هێمایەك بۆ كۆتایهاتنی رژێمەكەی (سەددام حسێن)ی 25 ساڵ حكومرانی عێراق بوو لەبەردەم بەرگریكردنی هێرشەكانی ئەمریكا و بەریتانی بۆ مانەوەی تەنیا سێ‌ هەفتەی خایاند، هەر لەوكاتەدا بوو كە جۆرج بوش ی سەرۆكی ئەمریكا لەسەر كەشتیە فرۆكە هەڵگرەكانی (ئەبراهام لینكۆڵن) كۆتاییهاتنی جەنگی عێراقی ڕاگەیاند و ڕۆژی ٩ی نیسانی ٢٠٠٣، هێزە ئەمریكییەكان بەبەغداوە نەوەستان تاكو رۆیشتنە نێو "شاری سەدام"، كە گەڕەكێكی شیعەمەزهەبن لە باكوری خۆرهەڵاتی بەغدادی پایتەخت و ، هێزە عێراقییەكانیش شوێنەكانی خۆیان جێهێشت، تانكەكانی ئەمریكا و زرێپۆش و سەربازەكانیان گەیشتنە (گۆرەپانی فیردەوس) لەبەردەم هۆتێل فەلەستین كە شوێنی مانەوەی ڕۆژنامەنووس و تیمە میدیاییەكان بوو، دواتر دەستكرا بە هێنانە خوارەوەی پەیكەرە برۆنزیە گەورەكەی سەددام حسێن و سەری پەیكەرەكەیان ئاڵاند لەسیمێك و پاشراكێشانی بەیەكێك لەزرێپۆشەكان ئەو هێما و سمبولەیان هێنایە خوارەوە بەیەكجاری.

 

لە نێوان یەكەم بۆردومانی ئەمریكییەكان لە ٢٠ی ئازار تاوەكو كەوتنی بەغداد لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣. رۆژی 19-3- 2003 هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا پێكەوە هێرشیانكردە سەر وڵاتی عێراق بەمەستی "رووخاندنی دیكتاتۆرێتی سەددام حسێنی سەرۆككۆماری عێراق" و پاش رووخاندنی حكومەتەكەی عێراق، بەڵام تائێستای لەگەڵ بێت ململانێ‌ سیاسی و مەزهەبیەكان بەردەوامە و نێوەندەشدا بەسەدان هەزار هاوڵاتی بوونەتە قوربانی ئەو سیراعانەدا. ئەمە لەكاتێكدا بوو كە دوو ڕۆژ دواتر، كوردەكان هەلی گرتنی هەریەك لەشارەكانی كەركوك و موسڵیان بەبێ‌ بەرگری ئازادكرد ، بەڵام شاری تكریت كە بەدووری (١٨٠ كم لەباكوری بەغدادەوە دوورە) كە شوێن و نیشتمانی سەددامی باوك بوو لەعێراق ئەوێش رۆژی 14ی نیسانی 2003 پاككرایەوە لەدەسەڵات و حكومرانی رژێمەكەی بەعسیەكان بەسەرۆكایەتی سەددام حسێن.

 

 

سەددام گەورەترین هێزی ناوچەكە بوو

 

١5 ساڵ دوای كەوتنی بەغداد، ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) لە ڕاپۆرتێكدا عێراق دوای سەددامی لەپێنج رووئیاوە خستوەتە روو بەمجۆرە:

یەكەم: دوای گیرۆدەبوونی عێراق بە گەمارۆ ئابورییە نێودەوڵەتییەكانەوە لە ماوەی حوكمی سەدام حسێن، جارێكی تر عێراق گەڕایەوە بۆ گۆرەپانی بازرگانیی جیهانیی، دەستیكرد بە سوود وەرگرتن لە یەدەگە نەوتییەكانی، لەوكاتەوە تا ئێستا نزیكەی ٨٠٠ ملیار دۆلاری لە داهاتی نەوت دەستكەوتووە، بەڵام گەندەڵی خەزێنەی دەوڵەتی لە نزیكەی ٣١٢ ملیار دۆلار بێبەش كردووە، ئەوەش بەپێی زانیارییەكانی فرانس پرێس.

دووەم: دەركەوتنی ئەو شێوازە حوكمڕانییەی بە "نوێنەرایەتی ڕێژەیی" ناودەبرێت لە هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە، بەجۆرێك پۆستە باڵا حكومییەكان لە لایەن پێكهاتە جیاوازەكانی عێراقەوە نوێنەرایەتی دەكرێن، لە نێوان سوننە و كورد و شیعەكان.بەپێی لێكدانەوەی ئاژانسەكە بێت، ئەو شێوازە حوكمڕانییەی نێوان پێكهاتەكان لەدوای سەددامەوە بووە هۆی سەرهەڵدانی ململانێی ناوچەیی لە نێوان هەر یەك لە سعودیە و ئێران،دەرئەنجام هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عێراق و دەركەوتنی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعشی لێ بەرهەم هاتووە.

سێهەم: ئاژانسە كە دێتەسەرباسی گەورەی هێزی عێراقی كاتی سەددام و خاوەن یەكێك لە بەهێزترین سوپاكانی ناچەكە بوو، تاكو ساڵی 1991، بەڵام دوای كۆتایهێنانی سەددام و حكومەتەكەی زۆر بەخێرای چەندین گروپی چەكداریی جیاواز لەناوچە جیاجیاكانی عێراق بەدەركەوتوون تا دروستبوونی هێزێكی گەورەی وەك حەشدی شەعبیە كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێكهێنرا دوای ئەوەی گروپە تیرۆریستیەكە دەستی بەسەر موسڵدا گرت لە حوزەیرانی ٢٠١٤.

چوارەم: فرانس پرێس لێكدانەوە بۆ تموحی كوردەكان دەكات بۆ بەرەو سەربەخۆی وخۆبەڕێوەبەریی، بەتایبەت رووبەرووبونەوەی شەری داعش هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی پاڵبە كوردەكانەوە بنێت بۆ دەستگەیشتنیان بە سەربەخۆیی تەواو و جیابوونەوە لە عێراق، سەرباری شكستی ئەو هەوڵانە، بەڵام بەپێی فرانس پرێس كە بە "مەترسیدار" ناویبردووە هێشتا نەزعەی جیابوونەوە لە ئارادایە.

پێنجەم: هەرچەندە لەسەردەمی سەددام هاتن و رۆشیتنی شوێن و مەزارە پیرۆزەكانی عێراق قەدەغەبوو، بەڵام لەئێستای دوای 9ی نیسانی 2003 عێراقییە شیعە مەزهەبەكان دەرفەت و ئازادی بەجێهێنانی هاتن و چوون و بۆنە ئایینیەكانیان لەسەر كراوەتەوە كە بەئاپۆرای جەماوەری رێگای شوێنە پیرۆزەكانی كەربەلا و نەجەف و سامەڕا دەگرنەبەر ساڵانە و زۆربەی كاتەكان ، نەك تەنها بۆ عێراقییەكان بەڵكو بۆ شیعەكانی هەموو جیهان.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس