هەرێمی کوردستان بەردەوام هەڵە ڕەشەکانی خۆی بە هەڵەکانی بەغدا سپی دەکاتەوە

هەرێمی کوردستان بەردەوام هەڵە ڕەشەکانی خۆی بە هەڵەکانی بەغدا سپی دەکاتەوە

244 خوێندراوەتەوە

تۆ بڵێی سیاسیەکانی کوردی باشوور لە ئیستە و ڕابووردودا، بەیەک ستراتیژی سیاسی بیر بکەنەوە بۆیە وا هەمان دیاردە (تێکچوونی پەیوەندی هەرێم و ناوەند) لە ئێستە و لە ڕابوردودا خۆی دووبارە دەکاتەوە؟ بۆچی لەسەرەتای هەفتاکانی سەدەی ڕابووردوودا بۆ چەن ساڵێ نێوان کوردی باشوور و حکومەتی ناوەندی ڕێککەوتن دروستکرا، کەچی لە دواجاردا تێکچوونەوە؟ ئەی بۆ لە ساڵەکانی بیستی سەدەی ڕابوردوودا سەرکردایەتی کوردی باشوور، دیسانەوە لە تەك حکومەتی ناوەندی تێکچوویەوە، کە لەوەوبەر ڕێك و تەبا بوون. بەهۆی ئینگلیزەوە بەشێکی کوردستان کەوتە ژێر دەستی حکومەتی شێخی حەفیدەوە، کەچی دواجار دەبێتەوە بە دوژمنداری نێوان کورد و ناوەند و جەنگ و هەرا دژ بە ئیگلیز؟.




 تۆ بڵیی ئەمەی ئێستەش هەمان سیناریۆ نیە دووبارە دەبێتەوە؟ تۆ بڵێی هەمان ستراتیژی کوردی نەبێت کە وا لە فۆرمێکی تردا، لە بەرامبەر کەس و بەرەیەکی تردا، خۆی دووبارە کردبێتەوە؟ کێ ناڵیَ هەمان ستراتیژی کوردی باشوور نیە کە بە هەمان بن بەستمان دەگەیێنێت؟ دووبارەی دەکەمەوە کە مەبەستی ئێمە لێرەدا بە هەڵە بردنی کەسێکی تایبەت نیە، هێندەی مەبەستمانە کە ئەو ستراتیژەی مێژووی خۆمان، پەروەردەی خۆمان و دروشمی خۆمان، ئەقڵیەتی سیاسی کوردی بە ئاقارێکدا دەبات، کە بەم ئەنجامەمان بگەیێنێت، کەچی لەبری ئەوەی ئەو سترایژە بگۆڕین، یان ئەوەتا بەشان و باڵیدا دەڵێین و سەرکردەکان لە خشتە دەبەین، یان ئەوەتا سەرکردەکان بە خۆیان نازانن کە بوونەتە کۆیلەی ئەو ستراتیژەی وەك پیرۆزییەك دەبێت بیپارێزن. [وەک بینیمان هەرێمی کوردستان بەردەوام هەڵە ڕەشەکانی خۆی بە هەلەکانی بەغدا سپی دەکاتەوە و بۆ جارێکیش قەڵەم بەدەستەکانی ئەو حیزبانە ڕێگە نادەن ڕابەرەکانیان بە خۆیاندا بچنەوە. لە ژێر کاریگەری ئەم دۆخەدا ناچاربووم بەم جۆرە نووسەرانە بڵێم قەڵەم بەدەستی دابەستە، ویژدان بێ و بوەستە].

،،

سەرکردە سیاسیەکانی کوردستانی باشوور و نوسەرانی بواری سیاسی لە کوردستانی باشوور، دەشێت لەو ڕاستیە بگەن، کە سەرکەوتن و ئامانج بەدەستهێنان و گەیشتن بە مەبەست، لە گلەیی و گازندەی بەرامبەرەکەیدا دەستناکەوێت

 

ئێمە لە پێشەوە ئەوەمان ڕوون کردەوە، چۆن مێژوو و ڕابووردو، پەروەردە و کەلتوور، چ جۆرە ئەزموونێکی ناوەکی و دەرەکی لە مرۆڤدا دەخوڵقێنێت و چ جۆرە ستراتیژیەتێکی پێدەبەخشێت، کە لادان لەو ستراتیژە کارێکی ئاسان نەبێت. سیاسەتکردن یەکێکە لەو کایانەی کە مرۆڤ ستراتیژیەتی خۆی تیایدا پیادە دەکات، هەندێ جار ستراتیژیەتی تاکێك یان کۆمەڵیك وا باڵ بەسەر نەتەوەیەکدا دەکێشێت، پیرۆزیەکی بێئەندازی ئەوتۆ وەردەگرێت، بیرکردنەوە لە جۆرێکی دی جیا لەو ستراتیژە، تابۆ و حەرام دەبێت. سەرکردەو و خەلكی بەگشتی وا لێی ڕادێن، دەبێت هەرچۆن بووە گوێڕایەڵی بکەن، ئەگین خۆیان بە لادەر دەزانن. نەتەوەی کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە ستراتیژیەتێکی تایبەت وا گیریداون، ئەگەر بەو چەشنە سیاسەت نەکەن، وا تێدەگەن کوردایەتی ناکەن، کەچی ئەوەیشی کە ناڕازییە لەو بارودۆخە، دەبینی ڕکابەری لە بەدیهێنانی ئەو ستراتیژەدا دەکات، نەک بیر لە گٶڕینی ستراتیژەکە بکاتەوە، بۆیە هەرچی بێتە دەسەڵات دەبینی هەمان ستراتیژ دووبارە دەکاتەوە، هەر ئەم دیدە بوو ناچاری کردم لە وتارێکمدا بە ناوی (کورد خودی خۆی ئاشکرا دەکات) دەڵێم:

بزافی گۆڕان و دەسەڵات ئەگەر چی لە ململانێدان، وەلێ بە هەمان شێواز بیر دەکەنەوە، واتە بەرهەمی یەک ئاراستەی مێژوویین کە ئەم جۆرە ئەقڵیەتە سیاسییەی ئیمڕۆکەی بەرهەمهێناوە... [ بینیمان چۆن گۆڕان خۆی خستە ناو گێژاوی دەسەڵاتەوە و خۆی لە بار برد. هەر ئەوکاتە هاوارمان کرد نەکەی گۆڕان، چونکە بە بەشداری لە حکومەتدا، جاڕی مەرگی خۆت دەدەی. خەسەڵەتی بنەڕەتی گۆڕان ئۆپۆزیسیۆن بوو، نەک دەسەڵات. ئیتر شەرعییەتی بوونی خۆی لەدەستدا (ئەم بۆچوونە گوزارشتێکی زانستییە و وشەی سەرپێی نییە، لە ناو زانستی ڕێکخراوناسیدا قسەی لەسەر کراوە].

 

ئێمە لەم دیدەوە گەرەکمانە بە خۆمانەوە خەریک بین، بە نەخشەکانی خۆماندا بچینەوە، لە پلانەکانمان وردبینەوە، بە خۆماندا شۆڕبینەوە، لە نیازەکانمان ئاگادار بینەوە، تەنانەت ناو مێشکی خۆشمان بخوێنینەوە، لە وشە و دەستەواژە و ڕستەو پەرەگراف و کتێبەکانمان بە بارێکیتردا، دەربڕینەکانمان بنووسینەوە، بە دیوێکی تردا نوسراوی ئەوانیتر داڕێژینەوە و بخوێنینەوە، تا بتوانین ستراتیژیەتی هەنووکەیی خۆمان بە ستراتیژیەتێکی تر بگۆڕینەوە، تا چارەنووسی خۆمان، بۆ خۆمان، بەدەستی خۆمان دیاری بکەینەوە.

سەرکردە سیاسیەکانی کوردستانی باشوور و نوسەرانی بواری سیاسی لە کوردستانی باشوور، دەشێت لەو ڕاستیە بگەن، کە سەرکەوتن و ئامانج بەدەستهێنان و گەیشتن بە مەبەست، لە گلەیی و گازندەی بەرامبەرەکەیدا دەستناکەوێت، بەڵکو بە گۆڕینی ستراتیژ و پلان و نەخشەی خۆمان وەك نەتەوەی کورد، دەکرێت. کاتێ ئەو پرسیارەی پێشەوە دووبارە بکەینەوە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند، بۆ دەبێت لە مێژووی کوردی باشوور ئەوە دووبارە بێتەوە کە هەرکاتێ حکومەتی ناوەند لە بەغدا، دەسەڵاتی پتەو دەبێت، دەسەڵاتی کوردی باشوور دەخاتە ناو مەترسیەوە و بۆی دەبێتە هەڕەشە؟ ئایا ئێمە ئەم گلەییە لە خۆمان بکەین، یان لە حکومەتی ناوەندی لە بەغدا بکەین؟ ئایا کێشەکەمان ئەوەیە کە مالیکی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە؟ ئەگەر عەلاویش دەسەڵاتی بگرتایەتە دەست، هەمان کێشەی ئیستەمان نە دەبوو؟ من دەڵیم: با. [ بینیمان هەرێم لەگەڵ عەبادیش کیشەی بگرە لەوانیتر زیاتر بوو، ئەبێ گەلی کورد لەو ڕاستییە بگات کە ئەقڵی سییاسی کورد لە ناو زەبری گۆڕانکاری کەلتووریدا (کەلچەرشۆک) دەژی و پڕە لە دڵە ڕاوکێ و ترس و هەرزەیی. لە پۆستێکدا ئەوەم نووسی کە کەلچەرشۆکی ئەقڵی سییاسی کورد، کورد بە رەو وێرانتر دەبات. لە کتێبی سایکۆپۆلیتک ساڵی ٢٠٠٦ نووسیومە کە کورد هەرزەیەکی قەلقەو ناکامڵە. بڕوانن، لە بری ئەوەی پاش ٢٧ ساڵ ئەم ناکامڵە کامڵ بێت، کەچی مناڵ بۆتەوە. خۆتان بینیتان لەم دواییە بۆ پۆست و پلە پایە چۆن منالانە دەرکەوتن].

،،

کورد و سەرکردەکانی کورد دەبێت، دەسبەرداری ململانێی سیاسی ببن لەتەك ئەو نەتەوە سەردەستانە، دەبێت ململانێیەکی ماریفی دامەزرێنن، ململانێیەك کە پەیوەندی بە زەوی و خاك و سنورەوە نەبێت

ئێمە لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، هەم عەرەب و هەمیش کورد (ئەگەر بشێت لەبری وشەی بەغدا و هەرێم، وشەی عەرەب و کورد بەکاربهێنم)، بەیەک ستراتیژ بیر دەکەنەوە. ئەم وەکو یەك بیرکردنەوەیە، بەردەوام کوردی بە قەیرانا بردووە و لەکۆتاییدا شکستی پێهێناوە و کۆڵی پێداوە، کەچی کە کورد دەست پێدەکاتەوە، هەمان ستراتیژ، لە فۆرمێکی تردا دووبارە دەکاتەوە، دووبارە و سێ بارەکردنەوەی هەمان ئاڕاستەی مێژوویی، هەمان چارەنووس بەرهەم دەهێنێتەوە.

من نازانم لە پشتی پەردەوە لە نێوان کورد و عەرەب و تورک فارس، چی ئەگوزەرێ، چی ئەگوترێ، چی ئەکرێ، چ پلانێک دائەڕێژرێ، وەلێ ئەوەی لەسەر شانۆ دەبینرێ، ئەو دەرەنجامانەی لێی وەرئەگیرێ، ئەوەمان پێدەلێن کە کورد و ئەو نەتەوانەی تر مامەڵەی ئاغا و کۆیلایەتی لەتەک یەکترا جێبەجێ دەکەن. واتە ئاغا و کۆیلە لە ململانێدان، بەڵام ئەم کۆیلەیە هەمان گەمەی ئاغا بە هەمان یاسا و رێسا دەکاتەوە. ئایا ئەو کۆیلەیە لە کۆتاییدا نادۆڕێت؟ بەڵێ دەدۆڕێت، چونکی ئاغا دەسەڵاتدار و سەردارە، توانای هەیە مومارەسەی دەسەڵات بکات، چونکی گشت ئیمکاناتەکانی لەبەردەستایە، بەڵام کۆیلە ڕەنگە لە هەلومەرجی لاوازی ئاغاکەیدا بواری بۆ بڕەخسیت تا کاریگەری بەسەر ئاغاوە هەبێت، وەلێ هێندە نابات ئاغا کۆیلەکەی هەڵدەلوشێت. [ بینیمان چۆن لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، پاش شکستی ڕاپرسییەکە، کورد خۆی پێنەگیرا لەبەرامبەر زەبری بەغدا) کەواتە کۆیلە دەبێت ستراتیژی خۆی بگۆڕێت، یاسای سروشتی خۆی بگرێتە بەر، تا پێش وەخت ڕۆحی کۆیلایەتی لە خۆی بتەکێنێت، واتە هوشیاربێتەوە لەوەی کە کۆیلەیە.

ئەوجا کۆیلە بە کارکردن وەك جوتیار و کرێکار لەناو سروشتا، هێزێکی سروشتی وەدەسئەخات، کە ئاغا لە دەرەنجامی خاوبونەوەی و مڕ بوونی، هێزی لەبەر بڕاوە، کەچی بە خۆی نەزانیوە. ئەگەر کۆیلە بەردەوام ڕکابەرێی ئاغاکەی بکات، واتە بەردەوام کۆیلە بەلاوازی دەمێنێتەوە و ئاغاش بە ئاگا دەبێت تا کۆیلە یاخی بووەکەی دەسبەسەر بکات [ئەگەر کورد و ئەقڵە سییاسییەکەی وەک کۆیلە سەیرکەین، ئەوا کۆیلەیەکی یاخییە هەندێجار و کۆیلەیەکی بێ ئەرزشە هەندێجاریتر.

هیچ کام لەم کاراکتەرانە لەکۆیلەیی رزگارت ناکات ئەگەر ستراتیژەکەت نەگۆڕیت]. سەرکردەی کورد لە لایەکەوە وەک ئاغایەك دەدوێت و گفت دەکات، کەچی بەڕەفتار، وەك کۆیلەیەکی ناهوشیار ڕەوت دەکات، کۆیلایەتی لە نەستیدا، لەوێوە پەخش دەکات. ئەم ئاماژەیەم لێرەدا بۆ دەرخستنی ناخی کورد، بۆ تانە لێدان نیە، هێندەی بۆ ناساندنی خودی خۆمانە، چونکی هەموومان وەکو کورد، درێژکراوەی مێژوویەکین، هەر یەکەمان بە ئایدیۆلۆژیایەکەوە گرفتارین، هەر یەکەو بە هۆی ناوێکەوە دەردەدارین.

ئەم بۆچوونەی پێشەوە، نابێت ئەوە بگەیێنێت کە سەرکردەکان و بەرپرسەکانی کوردستانی باشوور، هیچ بەرپرسیارەتیەك نەکەوێتە ئەستۆیان، نا نەخێر، چونكی ئەوان هەوڵیان نەداوە لە ئەزموونەکانی مێژوو، پەندێك وەرگرن و گۆڕانێك بەسەر ستراتیژیەتی خۆیاندا بهێنن. ئەوان نەکۆشاون ڕۆحی کۆیلایەتی لە نەستی خۆیاندا دەربهێنن، کۆششیان نەکردووە، سیستەمێکی مەعنەوی کە دواجار لە سیستەمێکی مادیدا خۆی پەخش ئەکات، دامەزرێنن.

ئەگەر ئەم نەتەوەی کوردە، هەروا سیاسەت بکات، ستراتیژیەتی خۆی نەگۆڕێت، مەینەتی و ئاوارەیی، بەردەوام بەشمان دەبێت. ئەوەی کە بەندە بۆی دەچێت و بیری لێدەکاتەوە، کورد و سەرکردەکانی کورد دەبێت، دەسبەرداری ململانێی سیاسی ببن لەتەك ئەو نەتەوە سەردەستانە، دەبێت ململانێیەکی ماریفی دامەزرێنن، ململانێیەك کە پەیوەندی بە زەوی و خاك و سنورەوە نەبێت، ململانێیەك کە ئایدیۆلۆژیایەك بخوڵقێنێت، کورد کۆکاتەوە و داوای ئازادی بیروباوەڕی تێدا بێت، کە ئەو نەتەوانەی تر، نەتوانن بە چەك و تەقەمەنی هێرشمان بکەنەسەر، بەڵکو دیالۆگ و فکر و زانست و فەلسەفە لەو ململانێیەدا چەك و تفاقمان بێت. ستراتیژیەتی کورد دەبێت بەو بارەدا بگۆڕدرێت، ئەگین تا ماوین هەروا داماو دەبین.