لە ستراتیژە نوێیەكەی ترەمپدا دەرفەتێكی گرنگ بۆ كورد ڕەخساوە

ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بنكه‌یه‌كى گه‌وره‌ى سه‌ربازى له‌ هه‌ولێر دا بمه‌زرێنێت كورد چى ده‌ست ده‌كه‌وێت؟

لە ستراتیژە نوێیەكەی ترەمپدا دەرفەتێكی گرنگ بۆ كورد ڕەخساوە

1205 خوێندراوەتەوە

بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریاو ڕادەستكردنی دۆسیەی سوریا بە توركیا، بووە هۆی دروستبوونی شۆكێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو نیگەرانی‌و بێ متمانەی لای بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی‌و ئەوروپی دروست كردووەو بەجۆرێك بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا بە سەرۆكایەتی فەرەنسا لە هەوڵی دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكدان بۆ جێگرتنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا.

 

،،

كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت (سوریا ) بۆ ڕازیكردنی دەنگدەرانی ناوخۆی ئەمەریكایە كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا به‌ ڵێنی پێ دابوو.

 

 

ئەم بڕیارەی ترەمپ ئەگەر چی بەشێوەیەكی لە ناكاو ڕاگەیەنرا، بەڵام پلانێكی پێشوەختی دۆناڵد ترەمپ بوو، ستراتیژێكی كاتی كورتخایەنە بۆ كۆتایهێنان بە چەند دۆسیەیەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تێوەگلانی هەندێك لەوڵاتانی ناوچەكە بە كێشەو گرفتە ناوخۆییەكانی سوریا، لە پێش هەموویانەوە سەرقاڵكردنی توركیایە بە كێشەی سوریاوە بۆ ڕێگری دروستنەكردن لە بەرامبەر ستراتیژی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئێران‌و پێدانی ڕۆڵی زیاترە بە هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەتی سعودیەو میسرو قەتەر لە جێگرتنەوەی ڕۆڵی ئەمەریكا لە ناوچەكەداو سنووردانان بۆ هێزو فراوانخوازی ئێران لە لایەن ئەو وڵاتانەوە، چونكە ترەمپ دەیەوێت ستراتیژی جەنگی بەوەكالەت وەك پێشینەی پلانی ڕووبەڕووبونەوەی ئێران بەكار بهێنێت.

 بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، تەنها ڕەهەندی نێودەوڵەتی نییە، بەڵكو ڕەهەنێكی ناوخۆی پەیوەست بە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ساڵی ٢٠٢٠ ی ئەمەریكاو ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ناوحیزبی كۆمارییەوە هەیە، دۆناڵد ترەمپ لەبەر سێ هۆكاری گرنگی ناوخۆی بڕیارەكەی دەركردووە:

 یه‌ك: هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمەریكا

هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی داهاتووی ئەمەریكا بۆ ترەمپ لە خولی یەكەمی گرنگترە چونكە لە خولی ئێستای سەرۆكایەتییەكەیدا تەنها بەشی سەرەتای پلانەكانی جێبەجێكردووە كە لە مێژووی ئەمەریكادا كەم وێنە بووەو بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت (سوریا ) بۆ ڕازیكردنی دەنگدەرانی ناوخۆی ئەمەریكایە كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا به‌ ڵێنی پێ دابوو.

دوو: كەمكردنەوەی خەرجییەكان و ڕێكخستنەوەی ئابوری:

ئەمەریكا لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە زیاتر لە ٧ ترلیۆن دۆلاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرجكردووەو ترەمپ وەك بازرگانێكی سیاسی باوەڕیوایە پێوویستە ئابوری و بەرژەوەندیە دەرەكیەكانی ئەمەریكا هاوتەریب لە گەڵ بەرژەوەندییە ناوخۆییەكانی هاوڵاتیانی ئەمەریكا بێت، هیچ خزمەتێك بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە كرێت بە بێ دەستكەوت‌و داهاتی ئابوری، چونكە ئابوری ئەمەریكا لە ئێستادا لە بەردەم مەترسیدایە بەهۆی ئەوەی داهاتی ناوخۆیی نزیكەی ٢٠ ترلیۆن دۆلارە، لە بەرامبەردا قەرزەكانی ئەمەریكا لە ساڵی ٢٠١٨ دا گەشتە ٢١ ترلیۆن دۆلار، بۆیە ئەگەر ئابوری ئەمەریكا بەم شێوەیە بەردەوام بێت تا ساڵی ٢٠٢٥ توشی داتەپینێكی گەورە دەبێت‌و دۆلار لەسەدا%٢٥ لە دەست دەدات، بۆیە ترەمپ دەیەوێت خەرجی ساڵانەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلارە بۆ ٥٠٠ ملیار دۆلار كەم بكاتەوە.

،،

ئەمریکا بنكەیەكی ناوەندی سەربازی لە پارێزگای هەولێر دا دەمەزرێنێت كە گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمەریكا دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو لەو بنكەیەوە ئیدارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریاو عێراق دەكرێت‌

 

 سێ: پاراستنی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەگەری ڕووبەڕووبونەوەی ئێران بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ:

دۆناڵد ترەمپ وەك قۆناغی یەكەمی ستراتیژی ئەمەریكا لە بەرامبەر ئێراندا جەنگی ئابوری‌و سیاسی لە دژی ئێران دەستپێكردووە، بەڵام ئەگەر ئێران ملی نەدا بۆ داواكارییەكانی ئەمەریكا، ئەوا قۆناغی دووەم ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران و ئەمەریكایە لە ناوچەكەدا، وەك ئامادەكارییەك بۆ قۆناغی دووەم ئەمەریكا دەیەوێت هێزی خۆی لە ناوچەكەدا پارێزراوتر بكات بۆ كەمكردنەوەی زیانە ماددیەكانی لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیرانداو دروستكردنی مەترسی بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، لەم چوارچێوەیەشدا بەهۆی ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا هیچ پارێزبەندیەكی یاسایی‌و ئەمنیان نییە كە خۆیان لە مەترسیەكانی ئیران‌و گرووپە چەكداریە هاوپەیمانیەكانی بپارێزن، بە پێچەوانەی عێراقەوە لە ڕووی جیۆپۆله‌تیكی سیاسی‌و ئەمنییەوە ئەمەریكا سیادەیەكی تەواوی بەسەر عێراقدا هەیەو بە ئاسانی دەتوانێت هێزەكانی لە مەترسی ئێران بپارێزێت.

 

هەرچی پەیوەستە بە كوردستان‌و عێراقەوە، ئەمەریكا لە ڕووی سیاسیەوە لە بەرامبەر ئیراندا تێكشاو دەسەڵاتی لە بە غداد نەماوە، سەردانەكەی ٢٦ مانگ ڕابردووی ترەمپ بۆ عێراق‌و سەردانینەكردنی بەغداو كۆنەبونەوەی لەگەڵ بەرپرسە عێراقیەكاندا، دەرخەری ئەو ڕاستیەن كە ئەمەریكا لە ڕووی سیاسیەوە دەسەڵاتی لە بەغداد نەماوە، بۆیە دەیەوێت لە ڕێی سەربازییەوە خۆی بە هێزبكات‌و لە چوارچێوەی ستراتیژە نویەكەی دۆناڵد ترەمپ دا دوو بنكەی سەربازی لە پارێزگای ئەنبار و لە هەردوو شارۆچكەی روتبەو ڕومانەی ڕۆژئاوای عێراق دادەمەزرێنێت‌و بنكەیەكی ناوەندی سەربازی لە پارێزگای هەولێر دا دەمەزرێنێت كە گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمەریكا دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو لەو بنكەیەوە ئیدارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریاو عێراق دەكرێت‌و بەشێك لە هێزی چەكداری لایەنە كوردیەكان (كوردستانی ڕۆژهەڵات و كوردستانی باشوور ) مەشقی سەربازیان پێدەكرێت‌و دەبن بە هێزێكی هاوپەیمانی ڕاستەوخۆی ئەمەریكا و لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی ئەمەریكادا دەبن..

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی