کوبا؛ هیوا و خەونی نوێ لە دووڕیانی ڕیفۆرم و مانەوەدا

لەیادی ٦٠ ساڵەی شۆڕشدا

کوبا؛ هیوا و خەونی نوێ لە دووڕیانی ڕیفۆرم و مانەوەدا

644 خوێندراوەتەوە

وریا حەمە تاهیر - سوید

دوێنێ کوبا یادی ٦٠ ساڵەی شۆڕشی گێڕا، لەگەرمەی قەیرانی ئابووری‌و ریفۆرمی سیاسیدا، بۆ یەکەمجار بەبێ یەکێک لە فیگورەکانی شۆڕش لەسەر لوتکەی دەسەڵات.

 

 گۆڕانکارییە پێشنیارکراوەکانی دەستوور دەرفەت و مەترسی نوێ دێنێتە ئاراوە، هیواکان بۆ ژیانێکی شایستەتر، لەنێوان ترسی دەسەڵاتداران و تەماحی وەبەر‌هێنەراندا لە گیانەڵادایە.

میگول دیاز کانێل ٥٨ ساڵ، سەرۆکی کوبا نیسانی ئەمساڵ بەشێوەیەکی قۆناغبەندی دەسەڵاتی لە راول کاسترۆوە بۆ گواسترایەوە، ئەو هێشتا لە دایک نەبوو بوو کاتێک ڤیدڵ کاسترۆ لە باڵەکۆنی بینایەکی شاری سانتیاگۆ دێ کوبادا لە یەکەم رۆژی ساڵی ١٩٥٩دا سەرکەوتنی شۆڕشی ڕاگەیاند:"سەرەنجام گەیشتینە سانتیاگۆ، ڕێگاکە دوور و سەخت بوو، بەڵام ئێمە گەیشتین و لێرەین".

 سەرلەبەیانی هەمان رۆژ، فولخێنسیۆ باتیستای دیکتاتۆر کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکرد هەڵهات، کاتێک زانی ئیتر کارلەکارترازاوە.

دیاز کانێل سەرۆکی کوبا لە تویتێکدا لەمرۆژانەدا نووسی: شۆڕشی کوبا لەبن نەهاتووە، گەشەدەکات و دەمێنێتەوە.

بەڵام هەمووان کۆکن نین لەگەڵیدا. چالاکوان و ڕەخنەگری دەسەڵاتی حیزبی کۆمۆنیست، ڤلادیمیرۆ رۆخا کە باوکی یەکێک بووە لە کەسە هەرە نزیکەکانی ڤیدڵ کاسترۆ، دەڵێت "شۆڕش دەمێکە مردووە".

 

 

 دەسەڵاتی کوبا، هەر زوو کەوتە بەر نەفرەتی ئەمریکا، دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتەی خۆماڵی کرد لەساڵی ١٩٦٠، ساڵی دواتر ئەمریکا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ کوبا پچراند، پاش ساڵێکی تر گەمارۆی ئابووری خستەسەر دوورگەکەی دەریای کاریبی.

 سەرانی شۆڕش هەر زوو ناکام بوون لە ئیدارەدان و تەرجەمەکردنی سۆسیالیزم، دەوڵەت کە مۆنۆپۆڵی ئابوری کرد و تاکەکەس نەیتوانی ببێتە خاوەنی هیچ، گەشەی ئابووری پەکخست و وڵاتی نقومی هەژاری کرد.

ساڵی ١٩٧٠ کوبا لەڕووی ئابوورییەوە وابەستەی یەکێتی سۆڤییەت بوو، کۆمەکی بەردەوامی سۆڤییەت وایکرد کوبا بەرگەی ٤٠ ساڵ گەمارۆی ئەمریکا بگرێت، بەڵام خەڵکەکەی دەستوپەنجەیان لەگەڵ هەژاری نەرمکرد.

دژبەرانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر کە ڕۆژانێک ئازادیخواز و شۆڕشگێڕبوون، بوون بە ستەمکار و دژە ئازادی. ساڵی ١٩٨٠ بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری و ستەمکارییەوە، ١٢٥ هەزار کوبایی کۆچیانکرد بۆ ئەمریکا.

 

سەردەمی نوێ

 

ڤیدڵ کاسترۆ لەسەر دەسەڵات مایەوە بۆ نزیکەی ٥ دەیە، ساڵی ٢٠٠٦ و لەتەمەنی ٨٠ ساڵیدا دەسەڵاتی گواستەوە بۆ ڕاولی برای، دەساڵ دواتر کۆچی دواییکرد، راولیش بە نۆرەی خۆی نزیکەی ١٣ ساڵ سەرۆکی وڵات بوو، ئەمساڵ دەسەڵاتی بە شێوەیەکی کاوەخۆ دایە دەست میگول دیاز کانێل، بەڵام هێشتا کاریگەری بەسەر بڕیاری سیاسییەوە ماوە

ساڵی ٢٠١٥ راول لەهاڤانا پێشوازی لە باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، بەستەڵی پەیوەندییەکان توانەوە، بەڵام بەهاتنە سەرکاری ترامپ لە ٢٠١٧ دۆخەکە پێچەوانە بوەوە.

راول کاسترۆ هەر زوو تێگەیشت ناتوانێت بەردەوامبێت لەسەر سیاسەتی شکستخواردووی قۆرخکردنی بازاڕ، سیستمێک کە وەڵامی بۆ گۆڕانکارییەکانی دنیا و خواستەکانی نەوەی نوێ پێنەبوو، بۆیە ساڵی ٢٠١٠ کۆمەڵێک ریفۆرمی ئابووری ڕاگەیاند، سیستمی بانکی نوێکردەوە و خەڵک توانیان کە حسابی بانکی تایبەتیان هەبێت لەبری دەوڵەت.

 ڕادەستکردنی دەسەڵات بە دیاز کانێل بەشێکە لە هەوڵ و خواستی گونجاندنی سۆسیالیزم لە سەردەمی نوێدا، ئەو نەوەی دوای شۆڕشە ئەوە وەک ئاماژە بۆ ئەوەی بازنەی یەکەمی دەسەڵاتداران و "شۆڕشگێڕان" لە کەلی شەیتان هاتوونەتە خوارەوە مل بۆ ڕیفۆرم دەدەن.

ڕەشنووسی دەستووری تازە کە ئابوری قۆرخکراوی دەوڵەتی کەمدەکاتەوەو بەشێوەیەکی رێژەیی ڕێگە بە ئابوری بازاڕ و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەدات وەبەرهێنان بکەن. لەمانگی شوباتدا دەخرێتە ڕاپرسییەوە.

 

 

 

 گۆڕانکارییەکان بە ژانێکی سەختدا تێپەڕێن تا هاتوونە بەرهەم، لەلایەک دەبێت سەرانی شۆڕش رازی بکات، کە سیستم نەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری و دەسەڵات و پێگەی حیزبی کۆمۆنیست لەق نەکات. لەلایەکی تریشەوە دەبێت متمانەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بەدەستبهێنێت و گەرانتی دۆخی ئابورییان بداتێ.

لە ڕەشنووسەکەدا کۆمۆنیزم وەک ئامانجی کۆمەڵایەتی جەختیلێکراوەتەوەو جێگیرکراوە، هەروەها هاتووە، وڵات هەرگیز ناگەڕێتەوە سەر سیستمی سەرمایەداری. حیزبی کۆمۆنیستیش وەک بێهاوتا و وەک بەرزترین دەسەڵاتی کۆمەڵگاو دەوڵەت پێناسەکراوە.

ڕەشنووسەکە ڕێگە دەدات بە کۆمەڵێک ڕیفۆرمی ئابوری، لەوانە یاریزانانی باسکەی کوبایی دەتوانن بۆند و دەستەوارەی یانەکانی ئەمریکا قبوڵبکەن و گرێبەستی ملیۆن دۆلاری واژوو بکەن.

 " بەدڵنیاییەوە دەرگایەکی نوێ کراوەتەوە، کرانەوە و گۆڕانکاری بەردەوام دەبن"، ئارتور لۆپێز لێڤی ئەکادیمی لە کۆلێژی گوستاڤۆس ئەدۆلفوس لە مینۆسەوتای ئەمریکا وایوت، بەڵام خۆرخی دۆنی بەڕێوەبەری پەیمانگای توێژینەوەی کوبا لە فلۆریدا هاوڕا نییە، پێیوایە گۆڕانکارییەکان چاوبەست و تاکتیکین. دەڵێت ئەمە "وەک کاسترۆیزمە بەبێ کاسترۆ".

بەڵام چالاکوان و ڕەخنەگری سیستمە، ڤلادیمیر ڕۆخا کە۲٠٠۷ تا ۲٠۱۲ لەسەر بیروڕای جیا لە زینداندا بوو، پێیوایە شۆڕش سەری خۆی دەخوات، بەهۆی جیاوازییە قوڵەکان لە داخوازی نەوەی نوێ و وەڵامی دەسەڵاتداران لەلایەک، نەبوونی پشتیوانی دەرەکی بۆ سیستمەکە لەلاکەی دییەوە.

ڕووسیا و چین وەفادار ماونەتەوە بە شۆڕش و سیستمی کوبا، بەڵام خواستیان پیشاننەداوە بۆ کۆمەک و دەستگیرۆیی وڵاتەکە، هاوشێوەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران کە ٣٠ ساڵی رەبەق پاڵپشتی دارایی کوبای دەکرد.

 دیاز کانێل چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە، "گرنگترین شت، ململانێی ئابوورییە"، بەبێ ئەوەی هیچ گەشەیەکی ئابووری و باشبوونی گوزەرانی ١١ ملیۆن هاوڵاتیانی وڵاتەکەی.

خۆخێ دۆنی کە دووڕدۆنگە لەم هەنگاوانەی دەسەڵێتی کوبا دەڵێت: بۆ زۆربەی کوباییەکان هیوایان بۆ ژیانێکی شایستەتر، بەستراوەتەوە بەوەی؛ قۆرخکاری دەوڵەت کۆتایی پێبێت و بتوانن ببنە خاوەن ماڵو موڵکی خۆیان، یانیش کۆچبکەن و وڵات جێبهێڵن.

ئەم گۆڕانکارییانە دەرگا بەڕووی ئەوەدا دەکەنەوە کە خەڵکانێک بتوانن دەوڵەمەند ببن، بناغەی سیستمی سۆسیالیستی بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەرییە.

ئارتور لۆپێز لێڤی دەڵێت " بڕوا بکە ئەمە خەونێکی لەبارچوو نییە، وڵاتێک لە ١٩٦٢ بەرگەی گەمارۆی ئەمریکای گرتبێت، پیشانیداوە کە توانای خۆگونجاندنی هەیە، دەتوانێت ڕووبەڕووی تەحەدییە نوێیەکان ببێتەوە".

 

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی. گلۆبالیس، پەیمانگەی سیاسەتی دەرەکی لە سوید.

.