شیكردنەوەی پشتی سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق

چی لە عێراق ڕوودەدات؟

شیكردنەوەی پشتی سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق

2092 خوێندراوەتەوە

د. موزەفەر قاسم حوسەین
وەرگێرانی: عەلی ڕەشید

شیعەكان ڕەخنەی توند دەگرن‌و ترەمپ‌و ئیدارەی ئەمەریكاش بەبیانووی پاراستنی سەرۆك‌و ئاسایشی ئەمەریكا پاساو بۆ سەردانە نهێنییەكەی دۆناڵد ترامپ دەهێننەوە.

 
بۆ عێراقی‌و ئەمەریكی‌و چەندان دەوڵەتیتر سەردانەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا جێگەی تێرامان‌و شۆك بوو، تائێستەش ئەو نادیارییە، وە پاڵنەرەكانی ئەو سەردانە بەو شێوەیە پەیامێكی شاراوەیە.
ئەم ڕاپۆرتە شیكردنەوەو بەئاگاییە لەبارەی سەردانەكەی سەرۆكی ئەمەریكاوە بۆ عێراق.


حكومەتی عێراقی زانیاری لەبارەی سەردانی دۆناڵد ترامپەوە بۆ عێراق باسكردبوو، ئەمەش خواستی سەرۆكی ئەمەریكا نەبوو، هەربۆیە بەخێرایی بڕیاری سەردانەكە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام بڕیاری سەردانەكەی ئەمدواییە ویستی ترامپ خۆی بووە كە بەو شێوەیە بێت، چونكە حكومەتی عێراقی نەیتوانی بوو بەنهێنی سەردانەكەی یەكەمی ترامپ بپارێزێت، بەبڕوای كۆشكی سپی پاراستنی ئاسایشی سەرۆك پاراستنی ئاسایشی ئەمەریكایە، هەربۆیە هەموو ڕێگەیەك بۆ پارێزراوی سەرۆك دەگرنەبەر.

 

 
گرنگترین پەیامەكانی سەردانەكە بریتین لە:
پەیامی یەكەم: سەرۆكی ئەمەریكا مافی ئەوەی هەیە بەبێ‌ وەرگرتنی مۆڵەت‌و دیدار، سەردانی هەر وڵاتێك بكات كە سەربازانی وڵاتەكەی تێدایە.
پەیامی دووەم: ئەنجامنەدانی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەرپرسە عێراقییەكان بەروبوومی سیاسەتی ئیدارەی ئۆبامان، دیداری ترامپ شەرعیەت دانە بەسیاسەتی ئیدارەی پێشوو.
پەیامی سێیەم: سەرۆكی ئەمەریكا زانیاری پێشوەختەی هەبووە كە عادل عەبدولمەهدی ناچێتە سەربازگەی عەین ئەسەد، هەربۆیە بڕیاری ترامپ ئەوەبوو بەتەنها دیدار لەگەڵ سەربازەكانیدا ئەنجامبدات بۆ ئەوەی زانیاری نهێنیان بداتێ‌.


شیكردنەوەی پەیامەكان:
لەو پەیامانەی ڕابردودا ڕوونبوویەوە كە ترامپ خۆی بڕیاری كۆتایی بدات لەبارەی عێراقەوە، ئەویش بەگوێرەی داخوازی وەزارەتی دەرەوە، نەك بەگوێرەی ئەو دۆخەی لەعێراق بەهۆی سیاسەتی پێشووی ئەمەریكاوە هاتووەتە ئاراوە، لەبەر ئەمەش ئێمە لەبەردەم سیاسەتێكی نوێی دەرەوەی ئەمەریكاین كەسیاسەتی ترامپەو بەوە ناسراوە كە سیاسەتەكانی چاوەڕوانكراونین.


هەربۆیە عێراق‌و جیهان لەبەردەم ئەم ئەگەرانەدان.
یەكەم: لابردنی بەربەستە كۆنكرێتییەكانی ناوچەی سەوز پێچەوانە نییە لەگەڵ سیاسەتی واشنتۆن، بەڵكو پێشوتر لەلایەن ئیدارەی نوێی كۆشكی سپییەوە خوێندنەوەی بۆ كراوەو بگرە داواكاری ئەمەریكاش بووە، هۆشداری سەفارەتی ئەمەریكاش لەكردنەوەی دەروازەكانی ناوچەی سەوزی بەغداش تەواو پێچەوانەی ئەو كردارانەی كابینەكەی عەبدولمەهدی بوو، بۆیە ئەتوانین بڵێین كردنەوەی ناوچەی سەوز بەڕووی هاوڵاتیاندا، بڕیارێكی تەواو ئەمەریكی بوو.


دووەم: دۆناڵد ترەمپ لەبارەی عێراقەوە چوار ڕاستی دەزانێ‌.

 - زۆربەی گەلی عێراق توڕەن لەحكومەتە یەك لەدوای یەكەكان بەهۆی ئەوەی خزمەتگوزاری و ژیانێكی شایستەیان بۆ فەراهەم نەكردون.
- زۆربەی گەلی عێراق توڕەن لە پارتە سیاسییەكان بەهۆی ئەوەی شەڕی پشك پشكێنە دەكەن.
- زۆربەی گەلی عێراق توڕەن لە گەندەڵەكان‌و چاوەڕێی دەرفەتێك دەكەن بۆ ئەوەی وەدەریان بنێن.
- گیانی تۆڵە كردنەوەو پەروەردەكردنی تاك لای هەموو پارتەكان وەك یەكەو هەموان چاوەڕێن لەدەرفەتێكدا پارتەكەی بەرامبەریان وەدەربنێن‌و پەراوێزیان بخەن لەكایەی سیاسی.

 
سێیەم: كردنەوەی دەروازەكانی ناوچەی سەوز واتە كردنەوەی دەرگای تۆڵەو زوو گەشتن بەدەسەڵاتداران لەلایەن گەلی توڕەوە، بۆ ئەوەی لێرەوە بەئاسانی سیاسەتەكانی واشنتۆن سەرلەنوێ‌ دابڕێژێتەوە، وەك ئەو نەخشەیەی وەزارەتی دەرەوە كێشاویەتی.


چوارەم: ئەنجامنەدانی دیداری ترامپ لەگەڵ بەرپرسە عێراقیەكان پەیامێكی ڕۆشنە كە ئێوە بەسەر چوون و هیچ پێگەیەكی سیاسیتان لای ئێمە نییە.


پێجەم: لە دیدارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی لەعێراق پەیامێكی نهێنی دراوە بە سوپای ئەمەریكی كە لەحاڵەتی تەقینەوەی بوركانی توڕەیی خەڵك‌و هێرشكردنە سەر ناوچەی سەوز بۆ ماوەی 48 كاتژمێر مۆڵەت بدەن بە خەڵك بۆ ئەوەی دزی‌و تاڵانی بكەن‌و جیهان ئەو دیمەنانە ببینێ‌، پاشان هەموو دەروازەكان لەلایەن سوپاوە كۆنترۆڵ بكرێت و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی سەوز، بەمەش خەڵكی هاوسۆزی بۆ ئەمەریكا زۆر دەبێت.


شەشەم: ترەمپ ئامۆژگاری سەربازەكانی كردووە كە بەهیچ شێوەیەك بەشداری نەكەن لەو ململانێیەی لەنێوان پارتە عێراقیەكاندا دێتە ئاراوە، لەكوشتن‌و ڕفاندن‌و دزی‌و تاڵانی و هەرچیەكیتر كەبەیەكتری دەكەن، چونكە واشنتۆن عێراقێكی وای مەبەستە، بۆ ئەوەی هیچ كەسیتر دەستی لەعێراق نەبێت، تەنها واشنتۆن نەبێت.
وە ئامۆژگاری كردون پارێزگاری لەو دژە فڕینە بكەن كە لەناوچەی سەوز هەیەو نەهێڵن كەس نزیكی ببێتەوە.


حەوتەم: هەرێمی كوردستان سوود لەو ئاژاوە وەردەگرێت‌و كەركوكیش بەخێرایی ئەگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێم و بڕیاری داخستنی سنور لەگەڵ عێراق بەتەواوی دەدات‌و ئەمەش دەرفەتێكی زێڕینە بۆ جیابوونەوە لەڕوی سیاسییەوە لە عێراق وەك قۆناغی یەكەم، دواتر هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكیەكان وەك ناوچەیەكی ئارام‌و دابڕاو لەعێراق بنكەی سەربازی ئەمەریكی تێدا جێگیر دەكرێت، دوای ئەمە واشنتۆن هەوڵی بڵاوبوونەوەی ئارامی دەدات بۆ هەموو عێراق.


هەشتەم: دوای ئەوەی لەعێراق پارتەكان كوشتارو تاڵانی یەكتر دەكەن‌و ئاژاوە باڵ بەسەر عێراقدا دەكێشێت، ئەو كاتە ئەمەریكا بڕیاری گەڕاندنەوەی حاكمی مەدەنی دەدات‌و بانگەوازی داماڵینی چەكیش یەكێكە لە هەڵبژاردەكانی واشنتۆن بۆ نەمانی هێزەكانی حەشدو میلیشیاكانیتر.


نۆیەم: ئەم قۆناغە بۆ ئەمەریكیەكان بریتییە لە جەنگی هەرپارت و میلیشیایەك كە ئامادەنەبێ‌ چەك دابنێت ئەگەر عێراقیش بەتەواوی هەڵبووەشێت و ئابورییەكەی توشی داڕمانیش ببێت.
ئەمەش بۆ عێراق یەكەم ئەزموون نییە، بەڵكو ئەزمونێكی چەند جارەیەو دوبارە بووەتەوە، ئەوەش پێشبینی كراوە لای ئیدارەی ترەمپ كەچەند هێزو میلیشیا دژ بەئەمەریكا یەكدەگرن‌و دەجەنگن، بەڵام واشنتۆن دیراسەی ئەم بابەتەی كردووەو بۆ كەمكردنەوەی نفوزی ئێران پێوویستی بەوەیە لەعێراقەوە سەرلەنوێ‌ دەستپێبكاتەوەو عێراق لەمیلیشیاكانی ئێران بەتەواوی پاك بكاتەوەو دواتر هەنگاو بۆ سوریاش دەنێت.


دەیەم: بۆ ئەوەی ئەمەریكا بتوانێ‌ بەئاسانی دەستی بەهەموو ناوچەكانی عێراق بگات بەبیانووی گەڕاندنەوەی ئارامی بڕیاری دابەشكردنی ئیداری چەند ناوچەیەك لەعێراق دەردەكات.


یازدەیەم: ئەوەی كە بەلای ئەمەریكاوە كاری هەرە گرنگە، كێشەی مەرجەعیەتە لەعێراقدا بۆیە ئەمەریكا ئەیەوێ‌ بەخولقاندنی دۆخێك لەعێراقدا مەرجەعیەت ناچاربكات فەتوا لەدژی سوپای ئەمەریكا دەرنەكات، بۆ ئەوەی خوێنڕشتن لەعێراقدا كەم ڕووبدات وەك ئەو ئەزمونە تاڵەی واشنتۆن لە 2003 بەدەست فەتوای مەرجەعیەتەوە چەشتی.


دوازدەیەم: ئەمەریكا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق دەدات‌و سوپایەكی تر دادەمەزرێنێت لە ژێر چاودێری واشنتۆندا.


سیازدەیەم: هەموو ئەو پارتە سیاسیانەی لەعێراق لە ساڵی 2003 دامەزراون لەلایەن حاكمەكەی واشنتۆنەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە دواتر بانگەوازی دروستكردنی پارتی نوێ‌ دەدرێت و بەمەش هەموو حوكمڕانەكانی پێشووی عێراق دوردەخرێنەوە لەكایەی سیاسی.


چواردەیەم: ڕاوێژ بەپسپۆڕە تایبەتمەندەكانی یاسا دەكات بۆ دانانی دەستورێكی نوێ‌ لەبری ئەم دەستورەی ئێستا كەگەلانی عێراقی لەسایەیدا چەوسێنراونەتەوە.


پانزەیەم: لەلایەن ئەمەریكاوە داوای هەڵبژاردنێك دەكرێت لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكاندا بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیش وانەزانن ترەمپ ئەوانی پشتگوێ‌ خستوە دوای ئەوەی لەساتی بەرپابونی ئاژاوەكەدا نەتەوەیەكگرتوەكان گڵۆپی سەوز بۆ ئیدارەی واشنتۆن هەڵدەكات بۆ گێڕانەوەی ئارامی بۆ عێراق.
ئەم پێشهاتانە وەك بەرنامەی بۆ دانراوە، نزیكەی دوو ساڵ دەخایەنێت هەتا عێراق دوای ئاژاوە ئارامی بۆ بگەڕێتەوەو بۆ ئەوەی ترامپیش هەڵبژاردنی بۆ جاری دووەمی سەرۆكایەتی ئەمەریكا مسۆگەر بكات.



سەرنج: ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی "قریش" كە لە لەندەن دەردەچێت بڵاو بووەتەوە.

 

author photo

ماستەر لە زمانی عەرەبی