جێگرەوەكەی مەكگۆرك كێیە؟

شارەزای كاروباری ئێران‌و ئەندازیاری دانووستانە لەگەڵ گروپە میلیشیاكاندا

جێگرەوەكەی مەكگۆرك كێیە؟

481 خوێندراوەتەوە

دەستلەكار كێشانەوەكان لەئیداری ترەمپدا لەحاڵەتەوە بۆ دیاردە دەچن، هەر ڕۆژەو دەموچاوێك دەڕوات‌و یەكێكیتر لەشوێنی دادەنرێت، دۆناڵد ترەمپ فریای ڕوونكردنەوە دەكەوێت.

 


جەیمس جێفری، لەبری برێت مەكگۆرگ دەست بەكاربووە، سیاسیەكی وریایەو دەزانێ‌ لەبەرامبەر ئێراندا چۆن هەڵسوكەوت بكات، شارەزای سیاسەتی توركیاو سوریاو عێراقەو ئەندازیاری دانووستانە لەگەڵ میلیشیاو گرووپە نافەرمییەكاندا.


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕایگەیاند جەیمس جێفری وەك نوێنەری وڵاتەكەی لەسوریا دەستنیشانكراوە، ئەمەش دوای دەستلەكاركێشانەوەی برێت مەكگۆركی نوێنەری تایبەتی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا دێت كە لە 22/12/2018 وەك ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسوریا هات و دوو ڕۆژ پێشی ئەویش جەیمس ماتیسی وەزیری بەرگری بۆ هەمان مەبەست دەستی لەكاركێشایەوە.


ئەسۆشەیتدپرێس باسی لەوەكردووە هەرچەند مەكگۆرك پێشتر ویستی بۆ وازهێنان لەشوباتی 2019 ڕاگەیاندبوو، بەڵام وەك هەڵووێستێك دژ بە بڕیارە شۆك هێنەرەكەی ترەمپ وازهێنانەكەی پێشخست.
ئەنادۆڵی توركیش لەزاری ترەمپەوە نوسیویەتی نایناسم و وازهێنانیشی پێش وادەی خۆی بۆ ڕاكێشانی ڕایگشتی بووە بەلای خۆیداو هیچ لەسیاسەتی ئێمە ناگۆڕێت.

 

 


جەیمس جێفری كێیە؟


پەیمانگای واشنتۆن بەم شێوەیە باسی جەیمس جێفری دەكات.
" جەیمس فرانكلین جێفری دیبلۆماسێكی بەتوانای ئەمەریكییەو شارەزایی تەواوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەتایبەتی توركیاو ئێران و عێراق، جێفری تەمەن 73 ساڵ چەندین بەرپرسیاریەتی باڵای لەناو واشنتۆن پێسپێراوە هاوكات سەفیری ئەمەریكا بوە لەهەریەك لە عێراق و توركیا.


لەئیدارەی جورج بوشدا ڕاوێژكاری سەرۆك و هاوكات جێگری ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بووەو بەوریاییەوە لەسەر ئێران كاری كردووە، جێفری پلەی سەربازی هەبووە لەهێزی پیادە، لەنێوانی ساڵەكانی 1969-1976 خزمەتی سەربازی لە وڵاتی ئەڵمانیاو ڤێتنام كردووە.

ڕوبێرت بالادینۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەش كردووە جێفری نوێنەری ئەمەریكایە لەسوریاو هاوكات جێگەی مەكگورك دەگرێتەوە وەك نوێنەری سەرۆك لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش.


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وتی جێفری بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لەئامانجەكان دەكۆڵنەوە بۆ سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر تیرۆریستانی داعش لەعێراق و سوریاو هەروەها میكانیزمێك بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لەسوریا دیاری دەكات.

 

author photo

ماستەر لە زمانی عەرەبی