پاكتاوكردنى هاوڕێكان له‌نێوان ئه‌تاتورك‌و ئه‌ردۆگاندا

چیرۆکی ئەردۆگان و ئەردۆگانیزم لە تورکیا

پاكتاوكردنى هاوڕێكان له‌نێوان ئه‌تاتورك‌و ئه‌ردۆگاندا

808 خوێندراوەتەوە

 د. جەبار قادر

یەکێک لە سیماو خەسڵەتە زەقەکانیتری ئەردۆگانیزم پاکتاوکردنی یاوەران و هاوڕێیانە کە لە چرکەیەک لە چرکەکاندا لە گەل سەرکردەی تاقانەدا هاودەنگ و هاوبیر نابن، با باسی ڕەخنەگران و نەیاران لەولاوە بوەستێت.

 ئەم خووە بەدەی ئەردۆگان ڕەفتاری مستەفا کەمالمان لە گەڵ هاوڕێکانیا وەبیر دێنێتەوە. لە یەکەمین ساڵی تەمەنی کۆمارداو لە یەکێک لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی مەزنی تورکیادا (پاڕلەمان)، کە بۆ پرسی هەڵوەشانەوەی خیلافەت تەرخان کرابوو، مستەفا کەمال دوای ئەوەی گوێی لە بۆچوونی هەندێ لە ئەندامانی لایەنگری مانەوەی خیلافەت بوو، کە دیانویست تەنها وەک هێمایەکی یەکێتی موسوڵمانان بهێڵرێتەوە، ڕووی دەمی تێکردن و ڕایگەیاند: بەڕێزان خیلافەت لە هەموو بارێکدا هەڵدەوەشێتەوە، ڕەنگبێ تەنها جیاوازی لەوەدا دەبێت کە لەم بارەدا کۆمەڵێ کەلەی لە سەر بپەڕێنرێت.

 

،،

هاوپەیمانێتی ئەمڕۆی ئەردۆگان و دەوڵەت باخچەلی بۆ دەربازکردنی گۆڕانکارییە دەستورییەکان و دامەزراندنی سیستەمی سەرۆکایەتی سوڵتانی لە مەودای کورتدا هەندێ دەسکەوتی بۆ هەردوولا ئەبێت

 ئەندامانی داماو لە فیکەی خۆیان تێگەیشتن و یەکسەر ڕایانگەیاند: ئەفەندم ئێستا تێگەیشتین کە گفتوگۆکان لە بارەی ئەم پرسەوە دەبێت بەچی ئاڕاستەیەکدا بن.

 ئەگەر ئەوڕۆ سەیرێکی دەور وبەری ئەردۆگان بکەین دەبینین چەندێ لە کەسە دیارەکانی پارتی دادو گەشەپیدان وەک عەبدوڵلا گویل، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، بولەنت ئارینج و دەیان کەسایەتیتر لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتە پەراوێز خراون و بێدەنگ کراون.

 چیرۆکی هاوپەیمانێتی دوێنێی ئەردۆگان و فەتحوڵا گیولەن و دوژمنایەتی سەرسەختانەی ئەوڕۆیان باسێکە دونیای لێ بەئاگایە. هەروەها دوژمنایەتی دوێنێی باخچەلی و دۆستایەتی ئەوڕۆی لە گەڵ ئەردۆگاندا ئەوە دەرئەخەن، کە ڕەجەب تەیب لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانی سڵ لە گرتنەبەری هیچ ڕێگە و ئامرازێک ناکاتەوە.

 

 

 

هاوپەیمانێتی ئەمڕۆی ئەردۆگان و دەوڵەت باخچەلی بۆ دەربازکردنی گۆڕانکارییە دەستورییەکان و دامەزراندنی سیستەمی سەرۆکایەتی سوڵتانی لە مەودای کورتدا هەندێ دەسکەوتی بۆ هەردوولا ئەبێت. ئەگەری ئەوە زۆرە ئەم هاوپەیمانییە ئەردۆگان بگەیەنێتە مراز، هەرچەندە کێشەی زۆر لەم بارەیەوە لە نێو پارتەکەی باخچەلیدا هاتوونەتە کایەوە.

 پارتی بزووتنەوەی نەتەوەییش لە ڕێگەی بەشداریکردنى لە دەسەڵات ئەتوانێت ژمارەی لایەنگرانی زیاد بکات، بەڵام لە مەودای دووردا ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئەم پارتە ئاڵۆزتر دەبن و تەنانەت هۆی مانەوەی خودی پارتەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، کاتێ پارتی دادوگەشەپێدان لە هەڵپەی دامەزراندنی سیستەمێکی تۆتالیتاریدا خەريکە لە بواری ڕەگەزپەرستیدا قۆناغێک پێش پارتەکەی باخچەلی بکەوێت.

 

تورک سەدەی بیستەمی لە گەڵ ئەفسانەی (تەک ئەدام – تەنیا پیاو)دا بەڕێکرد، کە یەکێك لە نازناوە زۆرەکانی مستەفا کەمال بوو لە تەک غازی و باوکی تورکان...تاد، ئێستاش ئەردۆگان دەیەوێت تورکەکان سەدەی بیست و یەکەمین لە گەڵ ئەفسانەکانی سوڵتان ڕەجەب تەیبی یەکەمدا بەسەر بەرن. پةرلەمان، حکومەت و دادگا لە سێبەری دەسەڵاتی ڕەهای ئەتاتورکدا دیکۆرێکی ناحەز و دەزگا گەلێکی بێ هێز و توانا و ناوڕۆک بوون و هیچ کاریگەرییەکیان لە سەر ڕووداوەکان نەبوو. ئەردۆگان لە سەردەمێکی نوێ و جیاوازدا ئەوێت ئەم چیرۆکە دووبارە بکاتەوە، لە کاتێکدا پاڕلەمان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دادگا گەشتێکی مێژوویی سەختیان بڕیوە بۆ ئەوەی تورکیا بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا و خەڵک بتوانێت باس لە دیموکراسی لەو وڵاتە بکات. ئەردۆگان نایەوێت وەک ئەفسەرە کودەتاچی و سەرکردە دکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵات ئەم دەزگا و ناوەندانە لە نێو ببات. ئەو دەیەوێت بیانهێڵێتەوە، بەڵام لە هەموو کاریگەرییەکی جددی بەتاڵیان بکاتەوە.

بە لێکدانەوەی زۆر لە نووسەرانی لیبیراڵ و چەپی تورک ئەردۆگانیزم هەڵگری هەندێ سیما و خەسڵەتی توندی فاشیزمە. ئەردۆگانیزم خەڵتەیەکە زۆر شتی جیاواز کە لە خۆیدا کۆی کردوونەتەوە وەک ئیسلامیزمی خەست، ناسیۆنالیزمی پەڕگیر و تێزی توندی ئاسایشی دەوڵەت و حکومەت.

ئیسلامچێتی ئەردۆگانیزم دۆگمایی و دەقگرتوو نیە، بەڵکو زۆر پراگماتی و لاستیکییە و پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات کەڵکی هەبێت بۆ سەرکەوتنی کارەکەی. گوتارەکانی ئەوڕۆی ئەردۆگانیزم لە گەڵ ئەوانەی سالانی دەسپێکی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا تەنها خوایان یەکە.

 

چیرۆکی ئەردۆگان و ئەردۆگانیزم لە ساڵی ٢٠٠٢ دەستیپێکرد، کاتێک پارتی عەدالەت و کاڵکینمە (پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکەپە) هەڵبژاردنەکانی تورکیای بردەوە و ٣٤،٣ ٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا. بەو شیوەیە بوو بە پارتی زۆرینەی پاڕلەمان و مافی پێکهێنانی حکومەتی بەتەنیا بەدەستهێنا. لەو ڕۆژەوە و لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا ئەو پارتە بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و پێگەیەکی گرنگی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی تورکیا داگیرکردووە. دانیشتوانی تورکیا لە دەسەڵاتی پارتە سیاسییە کۆنەکانی تورکیا بێزر ببوون. سەرکردەکانی ئەو پارتانە لە کردەوەی گەندەڵی تێوەگلابوون و دەستیان لە گەڵ مافیا و گروپەکانی تاوانکاریی ڕێکخراودا تێکەڵ کردبوو، چیرۆک و کردەوە ئابڕووبەرەکانیان ببوونە مانشێتی ڕۆژانەی ڕۆژنامە سەرەکییەکانی وڵات. لە بەرامبەردا سەرکردەکانی داد و گەشەپێدان، هیچ نەبێت لە ساڵانی دەسپێکی دەسەڵاتیاندا، بە دەستپاکی، ڕاپەڕاندنی کاری هاوڵاتیان و بەجێهێنانی ئەرکەکانیان ناویان دەرکردبوو.

 

سەقامگیری ئابوری یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی ئەردۆگان و ئاکەپە بوو. لێرەی تورکی ببووە مایەی گاڵتەجاڕی. گەشتیاران بە گاڵتە بەیەکیان دەوت ئەگەر ئەتەوێ ببیت بە ملیاردێر بچۆ بۆ تورکیا، چونکە یەک دۆلار لە ساڵی ٢٠٠١ یەک ملیۆن و شەس سەد و پەنجا هەزار لیرە بوو، واتا بە شەش سەد دۆلار دەبوویتە ملیاردێر. ساڵی ٢٠٠٥ ئەردۆگان و حکومەتەکەی شەش سفریان لە سەر لیرە لابرد.

 

دەسکەوتێکی دیکەی گرنگی دەسەڵاتی ئەردۆگان گێڕانەوەی سوپا بوو بۆ سەربازگەکان. سوپا لە تورکیا هەمیشە پێگەیەکی زۆر تایبەتی و بە هێزی هەبووە. ئەگەر باسی لە سەردەمی عوسمانی و چەند دەیەیەکی دەسپێکی تەمەنی کۆمار نەکەین، ئەوا لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ١٩٩٧ چوار جار کودەتای کردووە و حکومەتی لە دەسەڵات دوورخستوەتەوە. لەو کاتەوە ئاکەپە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست سوپا تەنها یەک هەوڵی سەرنەکەتووی کودەتای داوە، مەبەستمان ئەوەی ١٥ تەمموزی ٢٠١٦، کە تا ئێستاش تەم و مژ و قسە وباسی زۆری لەبارەوە دەکرێت. لاوازکردنی پێگەی بەهێزی سوپا لە تورکیا بە بێ یارمەتی بزووتنەوەی خزمەتی گیولەن بۆ ئەردۆگان مەیسەر نەدەبوو، بۆیە لەو سەردەمەدا ئەردۆگانیزم و گیولەنیزم موویان بە بەینا نەدەچوو.

 

لە تەک ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن، کۆمەڵێ پرۆژەی گەورەی وەک پردەکانی سەر بسفۆر، فڕۆکەخانە نوێکان، هێڵەکانی شەمەنەفەر و تونێڵی ژێر دەریا لە نێوان ئاسیاو ئەوروپا پارتی داد و گەشەپێدان و ئەردۆگانیان لە لای بەشێکی فراوانی کۆمەڵگەی تورکی کردە سەرکردەیەکی دیار.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد