ئەوانەی دژی دووبارە كاندیدكردنەوەی ئەم كەسانەن، پێیانوایە ئەوە نیشانەی ئیفلاسی سیاسییەو حیزبەكان كادیری بەتواناو لێوەشاوەو جەماوەرییان نییەو لەناچاریدا پەنایان بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتارەكانیان بردووە.
كاندیدكردنەوەی دووبارەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەم خولەو خولی پێشووی هەردوو پەرلەمانی كوردستانو ئەنجوومەنی نوێەرانی عێراق، یەكێك لە دیاردەكانی ناو ئەو سەدان كاندیدەیە كە حیزبە سیاسییەكانی هەرێم، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدیان كردوون.
ئەو دەمەی كە هەڵبژاردن بە لیستی داخراو ئەنجامدەدرا، هێزە سیاسییەكان، بەرپرسە باڵاكانو ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتییان دەناردە پەرلەمانو گەنجو لێوەشاوەییو بڕوانامەو هیچ ڕۆڵێكیان نە دەگێڕاو چوونی مەكتەب سیاسیو سەركردایەتییەكان دیاردەی هەرە سەرنجڕاكێشی ناو پەرلەمانتاران بوو، بەڵام كە بوو بە لیستی كراوە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیەكان پاشەكشەیان كردو خەڵكە جەماوەری و دەركەوتوەكانی خۆیان هێنایە پێشەوە.
دووبارە كاندیدكردنەوەی ئەو پەرلەمانتارانە، ڕەخنەی زۆری لێكەوتووەتەوەو ڕەخنەگرانی دیاردەكە پێیانوایە ئەمە نیشانەی ئەوەیە حیزبە سیاسییەكان كادیری بەتواناو لێوەشاوەیان نییە بۆیە پەنایان بۆ پەرلەمانتارەكانیان بردووەتەوەو دووبارە كاندیدیان دەكەنەوە.

،،
سەرگوڵ قەرەداغی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان:
حیزب لە كوردستان كێشەی كادیری هەیە، حیزبەكان گرنگی بە پێگەیاندنی كادیر نادەنو ئەم خەمەیان نییە، ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە حیزبەكان پەنا بۆ دووبارە كاندیدكرنەوەی پەرلەمانتارەكانیان ببەن
سەرگوڵ قەرەداغی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، پێیوایە، حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی بوونی كادیریان هەیەو هیچكامیان دامەزراوەی پێگەیاندنی كادیریان نییەو ئەوەش وایلێكردوون كە پەنا بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتارەكانیان ببەن، ئەو بۆ " دیپلۆماتیك مەگەزین" وتی:" حیزب لە كوردستان كێشەی كادیری هەیە، حیزبەكان گرنگی بە پێگەیاندنی كادیر نادەنو ئەم خەمەیان نییە، ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە حیزبەكان پەنا بۆ دووبارە كاندیدكرنەوەی پەرلەمانتارەكانیان ببەن".
هێزە سیاسییەكان ئەزمونداری ئەوان دەكەنە پاساوی دووبارە كاندیدكردنەوەیانو نەیارانی ئەم دیاردەیەش پێیانوایە، ئەوە پاساوێكی مەنتیقی نییەو ڕێگرتنە لەوەی كە خوێنی تازە بێتە پێشەوە.

،،
ڕێبوار عەلی، چاودێری سیاسی،
"ئەمە نیشانەیە بۆ ناعەدالەتی لەناو حیزبی كوردیدا، ئەم پۆستانە ئیمتیازاتی گەورە گەورەی تێدایە، شتێكی ئاسایی نیین وەكو ئەوەی لە وڵاتانیتر هەیە، ئمە قەیرانی بیركرنەوەیە لەناو حیزبی كوردیدا، بەوەی كە ناتوانێت نەوەیەكی نوێ پێبگەیەنێت"
ڕێبوار عەلی، چاودێری سیاسی، دیاردەی دووبارە كاندیدكرنەوەی پەرلەمانتاران بە یەكێك لە ناعەدالەتییەكانی ناو حیزبی كوردی ناو دەباتو دەڵێت:" تەنها پاساویان ئەوەیە كە دەڵێن ئەم كەسانە ئەزموونیان هەیەو بۆ ئەوەی ئەزموونەكەیان نەفەوتێو كەڵكی لێوەربگیرێت، بەڵام ئەمە ئاماژەی ئەوەیە كە حیزبی كوردی لە جوغزە تەقلیدییەكەی دەرنەچووە، ئەمە نیشانەیە بۆ ناعەدالەتی لەناو حیزبی كوردیدا، ئەم پۆستانە ئیمتیازاتی گەورە گەورەی تێدایە، شتێكی ئاسایی نیین وەكو ئەوەی لە وڵاتانیتر هەیە، ئمە قەیرانی بیركرنەوەیە لەناو حیزبی كوردیدا، بەوەی كە ناتوانێت نەوەیەكی نوێ پێبگەیەنێت تا كاروبارەكان بگرنە دەست، بێگومان یەكێك لە نەخۆشییە مەترسیدارەكانی حیزبی كوردی ئەوەیە كە ناتوانێت خۆی نوێ بكاتەوەو ئەمەش لە جۆری ئەو نەخۆشییە مەترسیدارەیە".
سەرگوڵ قەرەداغی، كاندیكردنەوەی دووبارەی پەرلەمانتارەكان، بەكارێكی خراپ نازانێتو بڕوایوایە كە ئەوان ئەزموونیان لەكاری پەرلەمانتاریدا هەیەو دەتوانن ڕۆڵی باش بگێڕن، :" دووبارە كاندیدكردنەوەیان خراپ نییە، لەزۆربەی وڵاتان ئەزموونی پەرلەمانتار سوودی لێوەردەگیرێت، ئەوان لە چوار ساڵی پەرلەمانتاریدا، ئەزموونی باشیان پەیدا كردووەو دەتوانرێت بە كاندیدكردنەوەیان كەڵكیان لێوەربگیرێت، بەڵام ئەمە بۆ پەرلەمانتارێك ڕاستە كە چالاكو كاراو لێوەشاوە بووبێت، نەك بۆ هەموو پەرلەمانتارێك، ئاشكراشە پەرلەمانتارە چالاكەكان لە هەردوو پەرلەمانی كوردستانو عێراق، لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕن".
هادی حەمە ڕەشید، كاندیدی پێشنیاركراوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجوومەنی پێكنەهاتووی پارێزگای هەڵەبجە، هاوڕای سەرگوڵ قەرەداغییەو ئەویش پێیوایە كارێكی ئاساییەو ئەوە ناردنەوەی ڕاستەوخۆی ئەوان نییە بۆ پەرلەمان، :" بەلای منەوە كارێكی ئاساییو بگرە بە باشیشی ئەزانم، چونكە دژ نییە بە بنەماكانی دیموكراسیو كاندیدكردنەوەیان بە واتای ناردنەوەیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نایەت، بەقەدەر ئەوەی خستنە بەردەم قەزاوەتی دەنگدەرانە، ئەوە دەنگدەرانن كە ئەتوانن شیاو و نا شیاویان لەیەكتر جیا بكەنەوە".
یاسین كەریم، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێك لە كاندیدەكانی ئەو حیزبە بۆ خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، باسلەوە دەكات كە كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتاران كارێكی هەڵەیەو ئەزمونداریشیان پاساو نییە بۆ ئەوەی دووبارە كاندید بكرێنەوە، یاسین بە " دیپلۆماتیك مەگەزین"ی وت:" كاندیدكردنی پەرلەمانتاری خولی پێشوو هەڵەیەو جۆرێكە لە دروستكردنی كەسانی خاوەن ئیمتیازی مەعنەوی لەناو حیزبدا، لەژێر پاساوی ئەوەی خاوەن ئەزموونن، پەنا بردن بۆ دووبارە كاندیكردنەوەی پەرلەمانتار، ئەوە دەردەخات كە حیزب كەسانی شیاوی تری نەبێت بۆ پەرلەمانو ئەوەش جۆرێكە لە ئیفلاسی ڕێكخراوەییو پەروەردەییو سیاسی".
،،
یاسین كەریم، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان:
"كاندیدكردنی پەرلەمانتاری خولی پێشوو هەڵەیەو جۆرێكە لە دروستكردنی كەسانی خاوەن ئیمتیازی مەعنەوی لەناو حیزبدا، لەژێر پاساوی ئەوەی خاوەن ئەزموونن"
ڕێبوار عەلی كاندید كردنەوەی ئەو پەرلەمانتارانە، بەجۆرێك ڕێكەوتن لە نێوان كەسە باڵادەستەكانی حیزبەكانو ئەواندا ناو دەباتو دەڵێت:" بڕیار بەدەستو باڵا دەستەكانی حیزب، مەبەستیانە كە ئیمتیازاتەكان لە دەست ئەم كەسانەدا بهێڵنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان جێگەو پۆستە حیزبییەكەیان پارێزراوبێت، ئەوە جۆرێكە لە ڕێكەوتنو شەرعییەتدانیشە بەمانەوەی خۆیان"
پەرلەمانتارەكەی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، پێیوایە كاندیدكردنەوەی ئەوان، بەخشینی ڕاستەوخۆی پۆستەكە نییە پێیانو ئەوان دەچنە بەردەم هەڵسەنگاندنی جەماوەرەوە، ئەو دەڵێت:"
ڕاستە ئەوە پۆستێكی سیاسییەو چوونە بۆ ناوەندێكی گرنگو باڵا، بەڵام پێموانییە ئەوە قۆرخكردن بێت، دەبێت ئەوكەسەی دووبارە كاندیكراوەتەوە، خۆی هەوڵ بداتو لە پێشووشدا پەرلەمانتارێكی چالاك بووبێت".
یاسین كەریم، كاندیدكرنەوەی دووبارەی پەرلەمانتاران، بە جۆرێك لە ستەم ناودەباتو دەڵێت: ئەگەر لە ناوەرۆكو مەبەستدا ستەم نەبێ، بەڵام لە جێبەجێكردندا ستەمەو جۆرێكە لە بێسەروبەری لەكاری ڕێكخراوەیدا".
هادی حەمە ڕەشید پێیوایە خواستێکی خودیلەلایەن پەرلەمانتارانەوە بۆ خۆكاندیدكرنەوە هەیە، بڕوایشی وایە كە دەچوونو سەركەوتن بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ كەسانی نوێ سەختە، :" كاندیدكردنەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران تازە نییە، پێشتریش لایەنەكان كردوویانە، بەڵام لەم خولەدا، وەك باو هەموو لایەنەكان پەیڕەویان كردووە، بەر لە هەر پاڵنەرێك، خواستێكی خودی لەلایەن ئەندامەكانی خولی پێشووەوە هەیە، لەڕووی مادییشەوە كەمپەینو ڕیكلامەكانیان خەرجی زۆری ئەوێتو ئەوانیش لە هەمووان باشتر لەو بارەیەوە دەستكراوەن، پاشان ڕاستە بۆ خەڵكی نوێ وەك هەورازێك سەختە بڕینی ئەو ڕێگایە، بەڵام بۆ ئەمان ك بە پێوەری خۆیان خاوەنی ئەزموونێكی سەركەوتوون، ڕەنگە ئاسانتر بێت".

،،
هادی حەمە ڕەشید:
بەلای منەوە كارێكی ئاساییو بگرە بە باشیشی ئەزانم، چونكە دژ نییە بە بنەماكانی دیموكراسیو كاندیدكردنەوەیان بە واتای ناردنەوەیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نایەت، بەقەدەر ئەوەی خستنە بەردەم قەزاوەتی دەنگدەرانە، ئەوە دەنگدەرانن كە ئەتوانن شیاو و نا شیاویان لەیەكتر جیا بكەنەوە".
ئەوانەی دژو نەیاری خۆكاندیدكردنەوەی پەرلەمانتارانن، پێیانوایە دەستكەوتی ماددیو ئەو مووچە زەبەلاحەی كە پەرلەمانتاری عێراق هەیەتی، یەكێك لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی خۆ كاندیدكرنەوەی ئەو كەسانەیەو پاڵنەری سەرەكییە لە هەوڵدانیان بۆ گەشتن، یان گەشتنەوە، بە پەرلەمانی عێراق، هادی حەمە ڕەشید، ئاماژە بەوە دەكات كە پێوویستە حیزبەكان، ئەندامانی پەرلەمانیان پابەند بكەن بە گێڕانەوەی بەشێك لە ئیمتیازاتەكانیان بۆ حیزبەكانیان:" حیزبەكان بەگشتییو گۆڕان بە تایبەتی، حەقە بیر لە ئالیەتیتر بكەنەوە، مادام بابەتەكە بەزۆریی لە (ئیمتیازات)دا كورت هەڵهێنراوە"كە نابێت وابێت"، ئەوا ئەكرێت پابەندیان بكەن بە مەرجەعی خۆیانەوە كە ژووری حكومەتو پەرلەمانە، تا هەم لەڕووی تەنسیقی كارەكان بەگشتیو گێڕانەوەی بەشێك لەو ئیمتیازاتانە بۆ حیزب، جۆرێك لە هاوسەنگیی دروست بكەن".