دەسەڵاتدارێتی خۆڵەمێشیی

دەسەڵاتدارێتی خۆڵەمێشیی

436 خوێندراوەتەوە

 

گەر لەڕابردودا کێشەی دەسەڵاتی کوردیی بریتی بوبێت لە گومانی قوڵی ھاوڵاتیان لە کردە و قسە و مژدەی سەرکردەکانی، ئەوا لەمڕۆدا ئەم کێشەیە قوڵتر و گەورەتر بوتەوە و چۆتە قۆناغی بەدگومانییەوە. لەم قۆناغەدا ھاوڵاتیانی ھەرێم لەھەمو کردەیەکی ئەم دەسەڵاتە بەدگومانن.

  بەدگومانیی دۆخێکی مەترسیداری پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگایە، چونکە خەڵک نەک تەنھا بڕوای بە ھیچ حیکایەتێکی دەسەڵات نامێنێت، بەڵکو ھەمو ھەنگاوێکیشی بە کردەیەکی دوژمنکارانە تەماشادەکات. ھاوڵاتیان پێویستیان بە تێگەیشتن ھەیە لە بڕیار و ھەنگاوەکانی سیاسەت، ھەر کاتێکیش لە زانیاریی و ئارگیومێنتەکانی دەسەڵات بێبەریی بون و تێنەگەن بۆچی و کێ بە کردەیەکی نایاسایی ھەڵدەستێت، مانای ئەوەیە کە دەسەڵات جڵەوی خۆی لەدەستداوە و جگە لە بەرھەمھێنانی زەبروزەنگ ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری نییە.

 

،،

جگە لە دادگا ھیچ ھێزێکی تر ناتوانێت شەرعییەت بە پیادەکردنی توندوتیژیی بدات. یاسا خواستێکی شاراوە و نادیار و پەنھانی کەسێک یان ھێزێکی نادیار نییە، بەڵکو دەزگایەکی سەرو بەرژەوەندیی کەسیی و ڕێسایەکی بان ـ

 

  ئەلفوبای فەلسەفەی دەسەڵاتدارێتیی پێماندەڵێت کە ھەمو دەسەڵاتێک لەسەر بناغەی زەبر و ھێز دادەمەزرێت، بەڵام زەبرێک کە ھیچ ھێز و کەسێکی دەرەوەی دەزگای دادگا مافی پیادەکردنی نییە، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە مۆنۆپۆلکراوبێت.

 واتە لە دەوڵەتی یاسادا دەبێت روبەری گشتیی بە شێوەیەکی شەفافانە لە ھەمو ڕودا و پێشھات و ھەنگاوێک ئاگاداربکاتەوە و جگە لە دادگا ھیچ ھێزێکی تر ناتوانێت شەرعییەت بە پیادەکردنی توندوتیژیی بدات. یاسا خواستێکی شاراوە و نادیار و پەنھانی کەسێک یان ھێزێکی نادیار نییە، بەڵکو دەزگایەکی سەرو بەرژەوەندیی کەسیی و ڕێسایەکی بان ـ

  گروپیی و سیاسیی و لۆکاڵییە. دەسەڵاتداران کاتێک دەبنە مەترسیی بۆ سەر کۆمەڵگا کە ھاوڵاتیان نەزانن کێ بڕیار دەردەکات و چ دەزگایەکیش جێبەجێی دەکات. لەمڕۆشدا پێناسی ھێز و مۆنۆپۆڵی زەبروزەنگ لە مەترسییدارترین دۆخی خۆیدایە، چونکە حیزبە سیاسییە باڵادەستەکان لەنێوان خۆیان و لەناو خۆیاندا ھێندە ناکۆک و دابەشبو و پەرتەوازەن کە زیاد لە ھێزێکی شاراوە و نادیار فەرمان دەردەکەن و لەبری یاسا توندتوتیژیی پیادەکەن.

 ھەرئەم دۆخەشە وادەکات کە کۆمەڵگای ئێمە لەم قۆناغەدا لەبەردەم ھەڕەشەی ئینفیلاتێکی ئەمنییدا بێت، چونکە ھەر حیزبە لە ناوچەی خۆی و ھەر ھێز و گروپ و کوتلەی ناو حێزبێکیش بە ئارەزوی خۆی دەتوانێت لەبری یاسا فەرمان دەربکات و بەنھێنیی و بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و یاسا خەڵک بگرێت و دەزگای رۆشنبیریی دابخات و بێسڵەمینەوە و لێپرسینەوە توندوتیژیی پیادەبکات.

،،

داخستنی سینەما سالم لەلایەن ھێزێکی ئاساییشەوە لە شاری سلێمانیی و گرتنی ئەندامانی پارتی و یەکێتیی لەلایەن دەزگای ئاساییشی ھەردولاوە تەنھا مانای ونبوکردن و نادیارکردنی بکەرە سەرەکییەکانی بڕیار نییە.

 

گرنگترین کەرەسەی دەسەڵات بریتییە لە قەناغەتپێھێنان، ھەرکاتێکیش دەسەڵاتێک توانای قەناعەتپێھێنانی نەما، ھاوڵاتییان نە تێدەگەن و نە تێگەیشتنیشیان دەبێت بۆ کردە و بڕیار و ھەنگاوەکانی دەسەڵات.

 داخستنی سینەما سالم لەلایەن ھێزێکی ئاساییشەوە لە شاری سلێمانیی و گرتنی ئەندامانی پارتی و یەکێتیی لەلایەن دەزگای ئاساییشی ھەردولاوە تەنھا مانای ونبوکردن و نادیارکردنی بکەرە سەرەکییەکانی بڕیار نییە،

بەڵکو مانای ھەڵتەکاندنی ھەمو مانایەکە بۆ دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و کردنی سیاسەتە بە کۆیلەی دەزگای زانیاریی و پاراستن و ئاساییش و بەرژەوەندیی گروپ و خێزانە سیاسییە داخراوەکانی ناو دەسەڵات. ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسییدارە بۆ ئەو مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەی کە لەداھاتودا نەوەی نوێی ناو پارتیی و یەکێتیی دەیانەوێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا دایمەزرێنن. مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەکی خۆڵەمێشیی کە تیایدا چەمکی ”دەسەڵاتدارێتیی ھیچکەس“ سەروەر دەبێت.

 

author photo

نوسەر و ڕۆشنبیر