كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنى‌و نه‌رێنییه‌كانى جیۆپۆله‌تیك له‌ مێژووى كورددا

كوردو جیۆپۆله‌تیك

كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنى‌و نه‌رێنییه‌كانى جیۆپۆله‌تیك له‌ مێژووى كورددا

501 خوێندراوەتەوە

جیۆپۆڵەتیک، دەستەواژەیەکە بەکاردەهێنرێت بۆ ئاماژەکردن بە کارییگەرییەکانی زەویی بە ( وشکانیی و ئاویی و بەرزایی و سامان و هەڵکەوتە) کەیەوە لەسەر سیاسەت.

بۆ یەکەمجار دەستەواژەی جیۆپۆڵەتیک لەلایەن زانای بواری سیاسەت " ڕۆدۆڵف کیڵن ـ Rodolf kjelln " ی سویدییەوە بەکارهێنرا بۆ ئاماژەکردن بە زانستی سیاسیی و بە تایبەت باسکردن لە "دەوڵەت".

بە واتایەکیتر دەتوانین بڵێین جیۆپۆڵەتیک تەفسیری جوگرافیایە بۆ مێژووی سیاسیی، وە کارییگەرییەکانی جیۆگرافیایە لەسەر جوڵانەوە و ئاکتی سیاسیی.

بۆ نموونە گەر لە گۆشەی جیۆگرافیاوە سەیری مێژووی خۆمان بکەین بوونی شاخ و کێو وەک یەکەیەکی جیۆگرافیی کارییگەریی بەرچاوی هەبووە لەسەر جوڵانەوەکانمان لە مێژوودا، بەجۆرێک کەوا ئەگەر ئەو مومەیەزاتە جیۆگرافییانە نەبووایە ئەوا بەدڵنیاییەوە مێژووی ئێمە بەجۆرێکیتر دەنووسرایەوە.

  گرنگیی تێگەیشتن لە جیۆپۆڵەتیک بۆ بڕیاردەری سیاسیی

جیۆپۆڵەتیک یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە پێوویستە بڕیاردەری سیاسیی شارەزایی باشی تێدا هەبێت و زۆر بە وردیی حساباتی بۆ بکات لە کاتی بڕیارداندا، ئەگەر ناو بە پێچەوانەوە ڕەنگە کارەسات بقەومێت.

هەر لە ڕوانگەی جیۆپۆڵەتیکەوەیە کە هەموو زلهێزەکانی دونیا بیر لەئامانجی مەزن(خەونە مەزنەکە)دەکەنەوە. خەونی مەزن، بریتییە لە خەونی دەستگرتن بەسەر هەموو جیهاندا.

لەمێژوودا نموونەیەکی زۆر بەناوبانگ بۆ ئەو بابەتە هەیە کە بریتییە لە خەون و خولیاکەی جەنگیزخان، ئاخر هەر نفوژ (influence)ە جیۆپۆڵەتیکییەکەیە کەوا لە کەسێکی وەک جەنگیزخان دەکات (لەکاتێکدا ئیمپراتۆرییەتێکی بە ڕووبەری 30 میڵیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ژێردەستدایە، بەڵام هێشتا بەجۆرێک لە جۆرەکان نا قایلەو لەکاتی سەرەمەرگیدا بە ئامادەبوونی کوڕەکانی وەسیەتە بەناوبانگەکەی دەکات ) ودەڵێت: کوڕەکانم لە دوای خۆم ئیمپراتۆرییەتێکی عیملاقم بۆ بەجێهێشتوون، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدام هەموو جیهان بخەمە ژێردەستم و پێشکەشتان بکەم.

 چەند ناونیشان و کۆنسێپت (consept ) ێک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە جیۆپۆڵەتیکەوە هەیە:

۱ ـ دوورگەی جیهانیی و دڵی جیهان

سەرەتا لە ڕووی جیۆگرافییەوە دوورگە ئەم پێناسەیەی هەیە

أ ـ دوورگە بریتییه لە پارچەیەک زەویی کە لە هەرچوار لاوە بە ئاو دەورە دراوە

ئێستا لەڕوانگەی ئەم پێناسەیەوە دەڵێین دوورگەی جیهانیی، بریتییه لە ئاسیاو ئەوروپا و ئەفریقا

ب ـ دڵی جیهان: لەڕووی جیۆپۆڵەتیکییەوە دڵی جیهان دەکاتە خاکی ڕوسیاو بەو ڕووبەرەشەوە کە ئێستا پێیدەوترێت وڵاتی مەنگۆلیا.

ئەوەی دڵی جیهانی بەدەستەوەبێت، ئەوا دەستی بەهەموو جیهان ڕادەگات، هەر بەو هۆکارەیە( ئێستا ڕوسیا کە دەکاتە زۆریینەی دڵی جیهان) بەهۆی باڵادەستیی لەو ناوچە فراوانەداو بەهۆی بوونی عومقی ستراتیجیی (strategic depth) ەوە، توانیویەتی خۆی بەهێز بکات و وزەکانی خۆیشی لەوناوچەیەدا خەزن بکات.

۲ ـ هێزی وشکانی‌و هێزی دەریایی

ٲ ـ هێزی وشکانیی وەک، ڕوسیا

ب ـ هێزی دەریایی وەک ؛ یابان ـ بەریتانیا ـ ئەمه‌ریکا

٭ وڵاتانی وەکو چین و وڵاتە عەرەبییەکانی ئاسیا و لەناویشیاندا وڵاتانی خەلیج (gulf states) دەکەونە ئەو ڕووبەرەی کە دەکەوێتە نێوان هێزی دەریایی و هێزی وشکانیی وە بە زمانی جیۆپۆڵەتیک بەو ناوچەیە دەوترێت( crash zone ـ منگقه‌ الٳرتگام ـ ناوچەی بەریەککەوتن) چونکە هەر پێکدادانێک لەنێوان ئەو زلهێزانەدا ڕووبدات ئەوا لەو ناوچەیەدا ڕوودەدات .

۳ ـ ئیحتیلال یان ئیحتیواکردنی دڵی جیهان.

هەر وڵاتێک کەوا بیەوێت هەژموون(hegemony )ی خۆی بەسەر دڵی جیهاندا بسەپێنێت ئەوا دوو ڕێگەی لەبەردەستە، یان دەبێت بەڕێگەی سەربازیی داگییری بکات یان دەبێت هەوڵی ئیحتیواکردنی بدات.

هەرچی ڕێگەی یەکەمە قورسەو دەتوانین بڵێین نیمچە مەحاڵە، بەڵام ڕێگەی دووەم دەکرێت و ئەو شێوەیە کە وڵاتێکی وەکو ئەمه‌ریکا جێبەجێی دەکات و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی بچووککردنەو تەحجیمکردنی دڵی جیهان دەدات.

 

 

 لایەنی پۆزەتیڤیی جیۆپۆڵەتیک، لەمێژووی ئێمەدا

ئەگەر باسی لایەنی پۆزەتیڤ بکەین ئەوا دەبێ سەیری (شۆڕشەکان)مان بکەین لە مێژوودا، کە شاخەکان وەک یەکە (unite)ێکی جیۆگرافیی لانکەی ئەو شۆڕشانە بوون و مایەی مانەوەو بەهێزبوونیان بوون، قسەیەکیش هەیە کە لەمێژەوە دەکرێت

دەڵێن: (کوردەکان کەس دۆستیان نییە چیاکان نەبێت!! )

چیاکان وەک یەکەیەکی جیۆگرافیی کارییگەرییەکی زۆریان لە مێژووی کورددا هەیەو بە دۆستێکی ئەزەلیی کورد دادەنرێن، بێجگە بابەتی شۆڕش و جوڵانەوەکانیش هەر دەتوانین زنجییرە چیاکان یان هۆکارە جیۆگرافییەکانیتر بە پاڵپشتی کورد بزانین وەک هۆکارێک بۆ مانەوەو بەرگرتن لە لەناوچوونی یەکجاریی (ٳنقراچ)، ئێمە ئەتوانین بڕوانین لە ئەو حاڵەتانەی کە کورد هەر کاتێک تووشی دۆخێکی نەخوازراو بووەو دەبێت، یەکەم پەناگەی شاخەکانە بۆ خۆپاراستن ( کارەسات و ئیپنۆسایدەکەی شەنگال، کۆڕەوی ساڵی ۱۹۹۱)، ئەمانە و چەندان نموونەی تریشمان هەیە.

 لێرەوە دەتوانین ئەمە وەک لایەنێکی پۆزەتیڤی جیۆپۆڵەتیک لە مێژووی خۆماندا ببینین.

 لایەنی نێگەتیڤیی جیۆپۆڵەتیک، له مێژووی ئێمەدا

بەڕای من جیۆپۆڵەتیکیش وەکو چەندان بابەتی تر دوو ڕووی هەیه، ڕوویەک بۆهەر کۆمەڵ یان بەرەیەکی مەعنیی سوودبەخش و ڕوویەکی ترى دەکرێت زیانبەخش بێت، واتە دەکرێ بوترێت چەکێکی دووسەر "سلاح ژوو حدین"ە واتە وەک چۆن سوودی هەیە وەهاش دەکرێت زیانی هەبێت، لەم بەشەیاندا من دەمەوێت زیانەکانی بەرهەڵدا بکەم و مێژووی سیاسیی و جیۆگرافیی خۆمان ـ کورد ـ بە نموونە وەردەگرم.

جیۆپۆڵەتیک لەوەدا بۆ ئێمە نێگەتیڤە، کە هەمیشە یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کە مەودای نێوان ئێمە و دەوڵەتی سەربەخۆی زیاترکردووە "ئەم قسەیە هیچ دەلالەت ناکات لەوەی کە من باوەڕم بە دەوڵەت ـ نەتەوە هەیە یان نا" چونکە ئێمە لەڕووی جیۆگرافییەوە کەوتووینەتە پنت(point)ێک کە لە ئەو ئامانجەی دوورخستووینەتەوە بەو پێیەی ئێمە دابەشبووین بەسەر جیۆگرافیای چوار وڵاتی گەورە و جێ بایەخی جیهاندا کە دووان لەوان (ئێران و تورکیا) وڵاتانی ئیقلیمیی ( دول ٳقلیمی ـregional state)ن کە دابڕیینی پارچە لێیان و بچووککردنەوەی ئەو وڵاتانە لەبەر خاتری گەلێکی بێ پشت و پەنای وەکو کورد نیمچە مەحاڵەو خەونێکی شاعیرانە(poetic dream)یە، بە دییوێکی تردا جیهان و زەرفی دەولیی(international envelop) تەحەمولی ئەوە دەکەن کە وڵاتێکی وەک سودان ئاسان دابەشببێت، بەڵام تەحەمولی دابەشبوونی وڵاتگەلی وەک ئێران و تورکیا، یان عێراق ناکەن.

 

 

 

author photo

 خوێندکارى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان - زانکۆی سلێمانی