محەمەد عەلی قەرەداغی:   لە دیوانی مەولەویدا ٢٣ پارچە شیعر هەن كە هی مەولەوی نین

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا زۆرترین دەستنووسی كوردی لێیە

محەمەد عەلی قەرەداغی: لە دیوانی مەولەویدا ٢٣ پارچە شیعر هەن كە هی مەولەوی نین

1166 خوێندراوەتەوە



گروپی گوڵنار

 


خەڵاتی (فارابی) لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەلایەن حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە پێ بەخشرا، لێكۆڵینەوە ئەدەبییەكانی و عەوداڵی ئەو بۆ گەڕان بە دوای دەیان دەستنووسی شاعیران و زانایانی كورد، ھەروەھا ھەڵدانەوەی لاپەڕە نەزانراوەكانی زانایان و عاریفانی كورد لەڕێی دەستوخەتەكانی خۆیانەوەو، ڕاڤەكردنەوەی دووبارەی شیعری شاعیرە كلاسیكییەكانی كورد ئەویان زیاتر بە خوێنەران و خەڵكی ناساندووە.

 
پێدەچێت یەكەمین كوردیش بێت زۆرترین هەوڵی دابێت بۆ كۆكردنەوەی دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەكانی شاعیران و عاریفانی كورد، ئەگەرچی لە دوورترین وڵاتی دونیاش بن.

 

،،

وەك عادەت و نەریتی قوتابی ئەو كات، بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری چەند قوتابخانەیەك گەڕام، پاشان بەرەو بەغداد ڕۆیشتم بۆ تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی.

 


ئەو، موحەممەد عەلی قەرەداغی لەم دیدارەدا كە گروپی گوڵنار لەگەڵیدا سازیانداوە، سەبارەت بە ئەدەبی كلاسیك‌و عیرفان دەدوێت‌و باسیش لە هەوڵەكاانی خۆی دەكات بۆ ساخكردنەوەی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی كوردی.

 

دیبلۆماتیك: كورتەیەك لە پرۆفایلتان؟

قەرەداغی: ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی تەكیەی ناحیەی قەرەداغ لە دایك و باوكێكی مكوڕ لەسەر خوێندن و بوونم بە زانایەكی ئایینی لە دایك بووم.! تا پۆلی سێی سەرەتاییم خوێندووە لە خوێندنگەی حوكمی، پاشتر ڕۆشتمە خوێندنگەی ئایینییەوە، وەك عادەت و نەریتی قوتابی ئەو كات، بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری چەند قوتابخانەیەك گەڕام، پاشان بەرەو بەغداد ڕۆیشتم بۆ تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی لە پەیمانگەی ئیسلامیی لە (باب الشیخ) ساڵی (١٩٧٠-١٩٧١) دوای ئەوە پەیوەندیم كرد بە كۆلێژی ئیمام ئەعزەمەوە، خوێندن تێیدا پێنج ساڵ بوو، ساڵی (١٩٧٦) كۆلێژم تەواو كرد.

 

دیبلۆماتیك: تا كەی لە كوردستان مانەوە؟

قەرەداغی: ساڵی ١٩٦٧ لەكوردستان بووم، پاشتر چوومە بەغدا، لە خوێندنگەی (شێخ عەبدولقادری گەیلانی) ساڵێك خوێندم، ئەو كاتە پێیان دەگوت پۆلی ھەشت، ئەو پۆلەم تەواو كردو لە كولیەی (ئیمام ئەعزەم) وەرگیرام و، ھۆكاری سەرەكی چوونیشم بۆ بەغدادو گیرسانەوەم لەوێ ھەر بۆ خوێندن بوو.

گروپى گوڵنار لەگەڵ محمد قەرەداغى

،،

پیاوێك بوو بە مانای وشە بۆ خودا سوڵحاو بوو، پیاوێك بوو ھەمیشە بەرژەوەندی خەڵكی دەویست، ھەمیشە ھەوڵی دەدا دوور بێت لەوەی ببێتە ئازار بۆ ھیچ كەس.

 

 

دیبلۆماتیك: كەی ئاشنا بوویت بە مامۆستا مەلا عبدالكریمی مودەڕیس؟

قەرەداغی: ساڵی ١٩٦٦ بەھۆی نەخۆشییەكەوە چووم بۆ بەغداو چوومە خزمەتی مامۆستاو ناسیم، دوای ئەوەش ساڵی ١٩٦٧ بۆ خوێندن چوومە خزمەتی، وەكو خوێندنیش تەنھا ساڵێك و چەند مانگێك لەلای خوێندم، چونكە پاشتر چوومە كولیەی (ئیمام ئەعزەم)، بەڵام ھیچ كات پەیوەندیم لەگەڵی نەپچڕیوەو ماوەی ٣٤ ساڵ لەخزمەتیدا بووم.

 

 

دیبلۆماتیك: كەسایەتی مامۆستای مودەڕیس چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟

قەرەداغی: بەڕاستی كەسایەتییەكی تایبەت بوو، مرۆڤ ناتوانێت لە ماوەیەكی كورتدا كەسایەتی ئەو پیاوە ھەڵسەنگێنێ و، باسی ھەڵس و كەوت و ڕەفتارو ئیشەكانی بكەیت، پیاوێك بوو بە مانای وشە بۆ خودا سوڵحاو بوو، پیاوێك بوو ھەمیشە بەرژەوەندی خەڵكی دەویست، ھەمیشە ھەوڵی دەدا دوور بێت لەوەی ببێتە ئازار بۆ ھیچ كەس، ھەمیشە سوور بوو لەسەر ئەوەی كە خەڵك ئامانجی سەرەكیان بریتی بێت لە خوێندن، ئاواتی ھەرە گەورەی ئەوە بوو كە خوێندنی حوجرە نەپووكێتەوەو نەمرێت.

،،

قەرەداغی:

ئایین ئایینی كورد نییە بە تەنھا، ئایینێكی جیھانییە، ئایینی ئیسلام ئایینێكی گشتگیرە.

 

دیبلۆماتیك: بەشێك لە زانایانی كوردەواریی ھەوڵیانداوە ئایینێك پێشكەشی كۆمەڵگە بكەن كە بۆن و بەرامەی كوردەواریی لێ بێت، مامۆستای مودەڕیس تا چەند ھەوڵی ئەمەی دەدا؟

قەرەداغی: دەتوانین بڵێین لە كوردستانی خۆماندا، تا ئەم ساڵانەی دواییش (ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت ئایینی مرۆڤدۆست) ھەر ئەوە بووەو شتێكی تر نەبووە جگە لەوە، نەمانبیستووە مامۆستایەكی كورد ڕقی لە خەڵك بێ، بچێ بە گژ خەڵكدا، زیانی خەڵكی بووێت، تەنانەت ئەو سەركردە ئایینییانەی شۆڕشیش ھەر بۆ خزمەتی میللەت ئەو كارەیان كردووە.

دیبلۆماتیك: تۆ تا چەند باوەڕت بەو ئایینە مرۆڤدۆستییە ھەیە كە كورد لە زانایانی خۆیەوە وەری گرتووە؟

قەرەداغی: ئایین ئایینی كورد نییە بە تەنھا، ئایینێكی جیھانییە، ئایینی ئیسلام ئایینێكی گشتگیرە.

دیبلۆماتیك: بەڵام پێتوانییە ئەو ئایینەی كە مامۆستای مودەڕیس و زەڵمی و سوبحانی و موفتیزادەو نوورسی و مەلای گەورەی كۆیە بانگەشەی بۆ دەكەن، جیاوازترە لەو ئایینەی كە سەلەفییەت و وەھابییەت دەیانەوێت؟

قەرەداغی: بێگومان جیاوازەو جیاوازییەكەشی زۆر زۆرە، تەنانەت لە كوردستان خەڵكی وا ھەیە مزگەوت و وتاری ھەیەو بانگەشە بۆ شتێك دەكا كە توانای ئەو مەیدانەی نییە، بەڵام ھەر ئەوانەش ھەڵگری ئەو ئاڵایەن لە كۆمەڵگەدا، ئەو كەسانە شیاوی ئەوە نین.

دیبلۆماتیك: بۆچی لەناو خانەدانی زانایانی كوردەوە كوڕو منداڵەكانیان پێچەوانەی ڕێبازی باوكیان ڕێ دەكەن؟

قەرەداغی: چونكە پلانێكی گەورە دژی خوێندنی حوجرە ھەبوو، ھەموو ھەوڵێكیان بۆ ئەوە بوو لە شكۆی خوێندنی حوجرە بدەن، كە لە شكۆی حوجرەت دا، ئەوە لە شكۆی ئیسلامت داوە.! ھەموو ئەوەش لەسەر ڕێبازی مستەر كوكی بەریتانی دەچوو بەڕێوە لە سەدەی ڕابوردوودا.! بۆ نموونە مەلا دادەمەزرێندرا بۆ ٧٥٠ فلس، یا بە دینارێك، لە ھەمانكاتدا مامۆستایەكی پەروەردە دادەمەزرێندرا بە ٢٥ دینار.! ببینە جیاوازییەكەیان چەندە زۆرە.! قۆناغێكی تریش ھەبوو لە ساڵانی ٩٥٨ – ٩٥٩ خولێك كرایەوە بۆ مامۆستایانی ئایینی و حوجرە، بە جارێك گسگیان دا لە حوجرەكانی كوردستان و چی تیابوو كردیانە مامۆستای پەروەردە، ئەوەش ھەنگاوێكی تر بوو لە دژایەتی حوجرەو زانایانی ئایینی.. بۆیە دەبینیت نەوەكانیان نەیاندەویست ئەو ژیانە كولە مەرگییەی باوكیان و نەبوونی مووچە بگرنە بەر.! لەو كاتەوە كە خوێندنی حوجرە مرێنراوە، بزانرێت یا نەزانرێت كەسانێك دەبن بە مەلا كە شیاو نین، دەیان نموونە ھەن كە یەكێك خزمەتگوزاری مزگەوت بوو، ئەوقاف پێی گوتووە بڕۆ ببە بە ئیمام.

 

دیبلۆماتیك: بۆچی زانایانی ئێمە پێچەوانەی ئەوەی كە گرنگی بە ڕوواڵەت بدەن، ھەوڵیانداوە زیاتر بچنە كرۆك و ناوەڕۆكی ئیسلامەوە؟

قەرەداغی: كەسانێكی وەكو مامۆستا عبدالكریمی مودەڕیس و مەلای گەورەی كۆیەو مەولەوی و نوورسی و ئەوانی تریش بۆ ئایین ژیاون، بۆ خودا ژیاون، خۆیان تەرخان كردووە بۆ ئەو مەبەستەو خزمەتەكەشیان بێ مەبەست بووەو، بۆ ئەوە نەبووە ناو و ناوبانگ و نانێك پەیدا بكەن، ھیچ كەسم نەدیتووە ھێندەی مامۆستای مودەڕیس ڕقی لە ناوبانگ و دەركەوتن بێ، پێم وابێ ساڵی ٩٦٨ یا ٩٦٩ بوو، یادی یۆبیلی فیجی سوپای عێراقی بوو، بۆ ئەو یادە مامۆستا عبدالكریمی مودەڕیس بانگھێشت كرابوو، كارتی تایبەتی بەدوادا ھاتبوو، بانگی كردم و فەرمووی: عەلی بەخوا من تاقەتم نییەو تۆ ئەم كارتە بەرەو بچۆ بەشداری بكە.!

 من لە بری مامۆستای مودەڕیس چووم كە ئەو كاتە من گەنج بووم و تەمەنێكی زۆر كەمم ھەبوو، چووم لە بری ئەو و لە پەنای زابت و وەزیری گەورەدا دانیشتم و تەمسیلی موفتی عێراقم كردووەو مامۆستا نەچووە.! ئەمە نموونەیەكی سادە بوو، زۆر بە كەمی لە كەسی تردا ڕێدەكەوێت.!

بەڵام كەسی تر ھەبووە (ناوی ناھێنم) ڕۆژێك لە بەغدا بووین، زۆرجار بە زۆر ئێمەیان دەپێچایەوەو دەیانبردین بۆ ئاھەنگی ئایینی لە نەجەف و كەربەلا، ڕۆژێك بانگیان كردین گوتیان: وەرن بۆ ئەوقاف كۆبوونەوەیەكی گرنگ ھەیە، كە چووینە ئەوێ، سواری سەیارەیان كردین بەرەو نەجەف، چونكە ئەگەر پێشتر بیانگوتایە بۆ نەجەفە، نەدەچووین، لە نەجەف لەگەڵ یەك دوو مامۆستای بەڕێزی تر دانیشتین، لە دوای دواوە دانیشتبووین، بەڵام ئەو كەسە كە لە سلێمانییەوە ھاتبوو بەتایبەتی تەكسی گرتبوو بۆ نەجەف، ھات لە پەنای ئێمە دانیشت، بەڵام بە ھاوڕێكانمم گوت: بەخوا ئەمە لەگەڵ ئێمە ھەڵناكاو دانانیشێ.! گوتیان: چۆن دەزانی.؟!

گوتم: بەخوا سنگ نەنێ بە شاشەكەوە دانانیشێ، وای لێدەخوێنمەوە. كەمێكی پێچوو ھەڵساو چوو لە پێشی پێشەوە دانیشت.

 

دیبلۆماتیك: بەر لەوەی بچیتە بەغداد، ھیچ نێوانێكت لەگەڵ ئەدەب و شیعر ھەبوو؟

قەرەداغی: نەخێر ھیچ جۆرە پەیوەندییەكم نەبوو، من تا سێی سەرەتاییم خوێند، لە خوێندنگە شیعریان پێ لەبەر دەكردین، شیعرەكان عەرەبی بوون و وەرگێڕدرابوون بۆ كوردی، پەیوەندیم بە شیعر لەو كاتەوە دەستی پێكرد، بەڵام كە چوومە بەغدا بە تەواوی پێی ئاشنابووم، بەتایبەت لە خزمەت مامۆستا عبدالكریمی مودەڕیسدا، چونكە ئەو ھەمیشە خەریكی ئەدەب و شیعر بوو، ھەروەھا شیعرەكانی خۆی چاپدەكرد وەك (بەھار و گوڵزار)، منیش كتێبەكانی مامۆستام دەنووسینەوە، لەوێوە زیاتر پەیوەندیم لەگەڵ ئەدەب و شیعردا درووست بوو، مامۆستای مودەڕیس ھۆكاری سەرەكی بزواندنی ھەستی شیعرو ئەدەبی من بوو.

،،

مرۆڤیش بە سرووشتی خۆی كە چووە شوێنێكی غەریبییەوە، زیاتر ھەستی نەتەوایەتی دەبزوێت، عەرەب ھاوڕێمان بوون و بە جۆرێك لە جۆرەكان دژایەتیان دەكردین، ئەوە وای لێكردین بیر لەوە بكەینەوە كە كەمێك خۆمان بناسین.

 

دیبلۆماتیك: یەكەمین دیوانی شیعری كە خوێندبێتەوە، ھی كام شاعیرە بوو؟

قەرەداغی: مەولەوی بوو، ھەرچەندە من ھەورامیم نەدەزانی، بەڵام بەھۆی ئەوەی كە چووینە بەغدا مامۆستای مودەڕیس لەو كاتەدا دیوانی مەولەوی چاپكردبوو.

دیبلۆماتیك: ھۆكار چی بوو زیاتر خۆت بۆ ئەدەب و لێكۆڵینەوەو ڕاڤەی ئەدەبی یەكلا كردەوە؟

قەرەداغی: زیاتر پاڵنەرێكی تاكەكەسی بوو، مرۆڤیش بە سرووشتی خۆی كە چووە شوێنێكی غەریبییەوە، زیاتر ھەستی نەتەوایەتی دەبزوێت، عەرەب ھاوڕێمان بوون و بە جۆرێك لە جۆرەكان دژایەتیان دەكردین، ئەوە وای لێكردین بیر لەوە بكەینەوە كە كەمێك خۆمان بناسین.

 

دیبلۆماتیك: یەكەمین شاعیرێك كارت لەسەر كرد، كام شاعیرە بوو؟

قەرەداغی: یەكەم شاعیر كە كارم لەسەر كرد (وەفایی) بوو، ئەویش بە ڕێكەوت بوو، ساڵی ١٩٧٤ من لە بەغدا ھاتمە دەرەوەو ھاتمە ناو شۆڕشەوە، چوومە خورماڵ پیاوێكی لێ بوو (مەلا ڕەئوف)یان پێدەگوت، كتێبخانەیەكی بچووكی ھەبوو، لە كتێبخانەكەی ئەودا كتێبێكی بچووك و كۆن و دڕاوم بینی، سەرەتاو كۆتاییەكەشی پێوە نەمابوو، سەرپێیانە تەماشام كردو زانیم دیوانی شیعرە، كتێبەكەم لە (مەلا ڕەئوف) كڕی و لەگەڵ خۆم بردمەوە بەغداو لەوێ ئیشم لەسەر كرد، لەبەر ئەوە یەكەم كار كردم لە لێكۆڵینەوەی دیوانی شیعریدا، دیوانی (وەفایی) بوو.

دیبلۆماتیك: دوای پەنجا ساڵ تێكەڵاوبوونت لەگەڵ شیعرو ئەدەبدا، شیعری كام شاعیرە زۆرترین كاریگەری بەسەرتەوە جێھێشتووە؟

قەرەداغی: ھەر شاعیرەی كاریگەری خۆی ھەیەو ھەریەكەیان لە بوارێكدا كاریگەرن، ھی وایە لە ناسكی وشەدا، ھی وا ھەیە لە وردەكاریی وشەدا، ھی وا ھەیە لە وەسفی سرووشتدا، ھەریەكەو لە بواری خۆیدا دەستی ھەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر كاری لە من كرد مەولەوی بوو، مەولەوی بووەتە بەشێك لە ژیانم و ناتوانم لێی داببڕێم.! مەولەوی شاعیرێكە بە بۆچوونی من كە زۆر لە خزمەت دیوانەكەیدا ژیاوم، كەسێكی تایبەتە لە ناسكی ئەدەب، كەسێكی تایبەتە لە وەفاداریی، كەسێكی تایبەتە كەوا ھەست و سۆزێكی پاكی ھەیە، گەلێك لایەنی ھەیە دەتوانم بڵێم لە شاعیرەكانی تردا نییە.! ئەوانە وایان لێكردم كە لە خزمەتیدا بم و كاریگەر بم پێی.!

 زۆربەی شیعرەكانیشی كاریگەرن، ھەرچەندە من شیعر لەبەر ناكەم، بەڵام لە بواری شیوەندا كۆمەڵێك شیعری جوانی ھەیە كە بۆ عەنبەر خاتوونی خێزانی نووسیوە.

 

دیبلۆماتیك: لە دوای مەولەوی بە كێی تر زۆر سەرسامی؟

قەرەداغی: لە دوای مەولەوی، نالی، مەحوی، وەفایی ھەن، كە شیاوی ئەوەن مرۆڤ لە خزمەتیاندا بێت.

دیبلۆماتیك: تا ساڵی چەند لە بەغدا مایتەوە؟

قەرەداغی: تا ٢٠٠٣ لە بەغدا بووم.

دیبلۆماتیك: كۆتا دیدارت لەگەڵ مامۆستای مودەڕیس چۆن بوو؟

قەرەداغی: كە لە بەغدا بووم زۆر لە خزمەتی مامۆستای مودەڕیسدا بووم، وەك باوكێكی ڕوحی لێھاتبوو بۆم، تەنانەت بێ پرسی ئەو ھیچ شتێكم نەدەكرد، تەنانەت ھاتنەوەم بۆ كوردستان بە پرس و ڕاوێژ بوو لەگەڵ ئەو، مامۆستا حەزی نەدەكرد بێمەوە، حەزی دەكرد ھەر لە بەغدا بم، ھەركاتیش بۆ ھەمان مەبەست دەچوومە خزمەتی، دەیفەرموو: كاتی گەڕانەوەت نییەو مەڕۆرەوەو لێرە خزمەت بكە.! كۆتا جار كە چوومە خزمەتی، فەرمووی: ڕۆڵە من مەبەستم ئەوە نییە كە دەڵێم مەڕۆرەوە بۆ ئەوەی ئیش بۆ من و بۆ كتێبەكانم بكەیت، ھیچ ئەوانەم مەبەست نییە.! بەڵام ئەگەر بچیتەوە سلێمانی لەوەچێ لەوێ ئیسراحەت نەكەیت، من لە سلێمانیدا ژیاوم، شارێكی ئارام نییە، لەوەچێ زیاتر پێم خۆش بێت بچیت بۆ ھەولێر، بەڵام مەچۆرەوە بۆ سلێمانی.

 

دیبلۆماتیك: بۆچوونەكەی مامۆستا ڕاست گەڕا؟

قەرەداغی: ئەوەی ڕاستی بێ كە من ھاتوومەتەوە سلێمانی، كەسێكی گۆشەگیرم و پەیوەندیم بە كەسەوە نییەو خەریكی ئیش و كاری خۆمم، بێدەنگ دانیشتووم بۆ خۆم بۆ ئەوەی بتوانم خۆم بپارێزم لەو وەزعەی كە لە سلێمانیدا ھەیە.

دیبلۆماتیك: جەنابتان یەكێكن لەو كەسانەی كە دەستنووس دەپارێزن و زیندووی دەكەنەوە، چۆن دەستت بەم كارە كرد؟

قەرەداغی: ساڵانی ١٩٧٣ بۆ ١٩٧٤ كە لە بەغدا بووم، حكومەتیش بڕیارێكی دەركردبوو لەبارەی (پاراستنی دەستنووس)، خەڵكیش بەردەوام ئەو دەستنووسانەی دەھێناو لە شوێنێكدا دایان دەنا، منیش دەستنووسم بە دەست خەڵكییەوە دەبینی، پاشان تەماشام دەكرد كە زۆربەیان مێژوو و زانیارییان تێدایە، بۆ ئێمەو میللەتەكەمان بەسوودن، لەوێوە سەرنج و گرنگیم چووە سەر دەستنووسەكان.

 

دیبلۆماتیك: یەكەمین دەستنووسێك كە كارت لەسەر كرد كامە بوو؟

قەرەداغی: یەكەم دەستنووس عەقیدەی مەولەویی بوو، عەقیدەیەكی بچووكی مەولەویی بوو، بەدەر لە (عەقیدەی مەرزییە)، كارم تێدا كرد.

دیبلۆماتیك: ژمارەی ئەو دەستنووسانەی كارت لەسەر كردوون؟

قەرەداغی: لە شاعیراندا وەفایی، جەفایی، مەولەویی.. وەكو زانایانی تریش كتێبێكم ھەیە بەناوی (بووژانەوەی ژیانی زانایانی كورد لە ڕێی دەستنووسەكانیانەوە) تا ئێستا (٩) بەرگی لێچاپ بووە، لەو كتێبەدا سەدان دەستنووس ھەن كە كارم تێدا كردوون.

 

دیبلۆماتیك: زمانی دەستنووسەكان چ زمانێكە؟

قەرەداغی: عەرەبی و فارسی و بەشێكی كەمیشی كوردی تێدا ھەیە.

 

دیبلۆماتیك: لە ئێستادا تازەترین دەستنووس كامەیە بەردەستت كەوتبێت؟

قەرەداغی: لە ئێستادا بەدوای چەند دەستنووسێكی مەولانا خالیدی نەقشبەندییەوەم، كە بە زۆری ئەو دەستنووسانە لە كتێبخانەی ئەودا بوون، یا لای ئەو بوون بەڵام پاشتر گەیشتوونەتە دەرەوەی وڵات و ئەمریكاو وڵاتانی تر، منیش بە شوێنیانەوەم بەڵكو بەدەستیان بخەم.


دیبلۆماتیك: چ وڵاتێك زۆرترین دەستنووسی ئێمەی تێدایە؟

قەرەداغی: ناتوانین ئەو سەرژمێرییە بكەین، بەڵام لە شوێنێكی وەك بەرلین زۆرترین دەستنووسی كوردستانی لێیە، لە سعوودیەش دەستنووسی زۆرم پەیدا كردوون، بەڵام بۆ ئاگاداریتان ھیچ وڵاتێك دەستنووسی ئەسڵی ناداتەوەو لای خۆی دەیانپارێزێت، بەڵام دەتوانی وێنەو نوسخەی دەستنووسەكان وەربگریت.

 

،،

قەرەداغی: من دەستنووسم لایە كە تیایدا نووسیویەتی و بۆ سالمی ناردووە، كە ڕوونی دەكاتەوە ئەمە شیعری (نالی)یە بۆ (سالم).

 

 

دیبلۆماتیك: ھۆكار چییە كە بەشێكی دەستنووسی ئێمە لە سعوودییەن، لە كاتێكدا ھاوسنوورو داگیركارمان نەبووە؟

قەرەداغی: ھۆكارەكەی ئەوە بووە كە دەیان مامۆستای كورد لەوێ ژیاون، لەوێش كۆچی دواییان كردووە، وەكو: (ئیبراھیمی شارانی، موحەممەد عەبدول ڕەسوڵی بەرزنجی، شێخ سولێمانی كوردی، موحەممەد تاھیری كوردی)، دەیان زانامان ھەن لەوێ بوون، ھەیانبووە موفتی و زانای مەككە یا مەدینە بووە، قازی و دادوەری شەرعی بوون.

دیبلۆماتیك: ناوەڕۆكی دەستنووسەكان چین.؟ شیعر، نامە، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، ڕوونكردنەوەی شەرعی؟

قەرەداغی: زۆرینەی شیعرە، بابەتی زانستییە، بابەتی عەقیدەیە.

دیبلۆماتیك: دەستنووس ھەیە پچڕ پچڕو ناتەواو بێت؟

قەرەداغی: بێگومان، دەستنووس ھەیە پچڕ پچڕەو فەوتاوە، ھی واشی تێدایە تەواوە.

دیبلۆماتیك: دەستنووسی شاعیرانی كلاسیكیشی تێدایە؟

قەرەداغی: تێیدایە، بەڵام كەم.

دیبلۆماتیك: ئەو ماددەیەی كە دەستنووسەكەی تیا نووسراوە، كاغەزی ئاساییە، یا لە چی پێكھاتووە؟

قەرەداغی: زۆرینەی زۆری كاغەزە.

دیبلۆماتیك: ھەر لەبارەی گرنگی دەستنووس لە ڕوونكردنەوەو یەكلاكردنەوەی ھەندێ شتی نەزانراو، قسەیەك ھەیە دەگوترێت ئەو چامەیەی كە (نالی) دوورە وڵات بۆ (سالم)ی ھەناردووە، نامە نییەو تایبەت بێ بۆ (سالم)، بەڵكو تەنھا شیعرێكەو بڵاوی كردۆتەوەو (سالم)یش سەربەخۆو لە ھەستی خۆیەوە وەڵامی داوەتەوە، ئەمە تا چەند ڕاستە؟


قەرەداغی: نا ئەو قسەیە ڕاست نییە، لەگەڵ ڕێزی زۆریشم بۆ ھەموو مامۆستایان و لێكۆڵەرەوان كە قسەیەكی وەھایان كردبێت، بەڵام ھەركەسێك شیعرەكەی (نالی) بخوێنێتەوە دەزانێت ئەمە نامەیەكی بەسۆزو بە كوڵی پیاوێكە كە ھەستێكی پڕی ناخییەتی و دەینێرێت بۆ پیاوێك و ھەواڵی نیشتمان و زێدەكەی دەپرسێت.

دیبلۆماتیك: ھیچ ئاماژەیەكی تێدایە كە بۆ (سالم) بێت؟

قەرەداغی: من دەستنووسم لایە كە تیایدا نووسیویەتی و بۆ سالمی ناردووە، كە ڕوونی دەكاتەوە ئەمە شیعری (نالی)یە بۆ (سالم).

دیبلۆماتیك: ھۆكار چییە كە ھەست دەكەین لەو چامەیەدا (نالی) وەك ئەوەی لە نێو قەفەزدایەو دیلە، لە كاتێكدا ئازادە.؟! یا چی ڕێگر بووە خۆی بێتەوە؟

قەرەداغی: ئەوەتا لەنامەكەدا دەڵێ: ئایا ئەو سولێمانییەی كە من بەجێم ھێشتووە وەكو جارانی خۆی ماوە، كەڵكی ئەوەی ماوە بێمەوە؟

دیبلۆماتیك: پەیوەندی شاعیرو عاریفانی ئێمە لەگەڵ سەران و سوڵتانی عوسمانلییەكاندا لەسەر چ پێوەرو بنەمایەك بووە، بۆچی زانایانی ئێمە لەبری ئەوەی لەئاست ستەم و زوڵمی سوڵتانە ستەمكارەكانی عوسمانلییەكان بێنە دەنگ، كەچی دەرباریان بوون؟

قەرەداغی: مەسەلە بێدەنگ بوون نەبووە، تواناكەیان ھەر ئەوەندە بووە. ئیتر چی بكەن، شەڕی كێیان پێ دەكرێ.

 

 

،،

قەرەداغی:

ئەو شتانە لای خودا دوور نین، ئەگەر خودا ئیرادەی ببێ، ئەی بۆچی ناكرێ.؟! دووریش نییە ببێ، بەڵام بە بەرچاوی ئێمەوەو بە دیدی ئێمە ئاسان نییە.

 

دیبلۆماتیك: بەڵام بۆچی یەكێكی وەكو (مەحوی) قبووڵ دەكا خانەقای بۆ بكرێتەوە لەلایەن ستەمكارێكی عوسمانلییەوە؟

قەرەداغی: دەوڵەتی عوسمانی لەو كاتەدا پێیان گوتووە خیلافەتی عوسمانی، خیلافەتەكەش جیھانی ئیسلامیی لە ژێر دەستدا بووە، كوردستانیش بەشێك بووە لە قەڵەمڕەویی خیلافەتی ئیسلامیی.

دیبلۆماتیك: باسی خیلافەتت كرد، پێت وایە (پیاوە نەخۆشەكە) خیلافەتی ئیسلامیی بوو؟

قەرەداغی: بەڵێ خیلافەت بووە، ھەرچەندە كەم و كورتی تێدا بووە، ھەر ئەوەندەشیان پێكراوە.

دیبلۆاتیك: باوەڕت بە حوكم و دەسەڵاتێك ھەیە پێی بگوترێت دەوڵەت و حوكمی ئیسلامیی و شەریعەتی خودای تێدا جێبەجێ بكرێت؟

قەرەداغی: ئەگەر بێتە سەر كارو دەوڵەتەكە بەڕاستی خیلافەت بێ بەڵێ، بۆچی دەبێ باوەڕم پێی نەبێ.

دیبلۆماتیك: پێتوایە لەو بارەدا شوێنێك بۆ ژیان بمێنێتەوە، مرۆڤ بتوانێ تیایا ھەڵكا لەو خیلافەتەدا كە تۆ دەڵێی باوەڕم پێیەتی؟

قەرەداغی: ئەو شتانە لای خودا دوور نین، ئەگەر خودا ئیرادەی ببێ، ئەی بۆچی ناكرێ.؟! دووریش نییە ببێ، بەڵام بە بەرچاوی ئێمەوەو بە دیدی ئێمە ئاسان نییە.

دیبلۆماتیك: باسمان لە ستەمی دەوڵەتەكان كرد، ھەڵوێستی مامۆستای مودەڕیس لەكاتی نەھامەتی و چەوساندنەوەكانی كورددا (ھەڵەبجەو ئەنفال) چی بوو.؟ یا بۆچی ھیچی نەكرد؟
قەرەداغی: نەیتوانیوە ھیچ بڵێ، بێگومان دەیانگرت و دەشیانكوشت، بەعس تەنانەت مامۆستاشی نەدەخوێندەوە، من لە خزمەتیا بووم و باسی ئەو باروودۆخەم دەكرد، بەڵام مامۆستا بەو شێوەیە بمایەتەوەو ئاراستەی ئەو باروودۆخەی بكردایە باشتر بوو تا سەدام بئاڵۆزێنێ و ھێندەی تر شێت و ھاری بكا، بەڵام خەڵكانێكی تر ھەبوون كە شتیان پێكراوەو توانیویانە شتیش بڵێن، بەڵام نەیانكردووە.! دوای كیمیابارانی ھەڵەبجە كۆمەڵێك لە سلێمانی و ھەڵەبجەوە ھاتن، من لەگەڵیاندا چووم بۆ لای مامۆستا (مەسعوود موحەممەد)، دانیشتین و بە دوورو درێژی لەگەڵیدا دواین، من گوتم: مامۆستا گیان وەك چۆن تۆ نامەت نووسیوە بۆ (خرۆشۆف) و بۆت ناردووە، شتێكی لەو شێوەیەش بۆ (سەددام) بنووسەو باسی ئەو وەزعەی میللەتەكەتی تێدا بكە، بەڵام مامۆستا (مەسعوود محەمەد) ھیچی نەكرد.! ئەو كەسانەش كە لەوێ بوون ئێستا ماون و زیندوون. 

دیبلۆماتیك: لەبارەی یەكلاكردنەوەی ڕەگەزو نەتەوەی كۆمەڵێك كەسایەتییەوە تۆ لەم بوارەدا كارت كردووە، قسە لەسەر كۆمەڵێك نووسەرو كەسایەتی ھەیە كە باس لە كوردبوونیان دەكرێت و بەتایبەتتر (عەبدولباست عەبدولسەمەد)ی قورئانخوێن؟

قەرەداغی: نابێ ئێمە بیشارینەوە كە ئەو كەسایەتییانەی ھەن زۆربەیان كوردبوون و، خۆیان ئاماژەیان پێكردووە، بەڵام نەیانتوانیوە كاری كوردایەتی خۆیان بكەن، تەنانەت كتێب ھەیە لەژێر سەرباسی (ڕۆڵی كورد لە میسردا)، كە تیایدا ئاماژە بەوە كراوە كە دەیان و سەدان زانای كورد چوونەتە میسرو لەوێ ڕۆڵ و كاریگەری خۆی گێڕاوەو خزمەتی كردووە. لەوانەش لێیان ھەڵكەوتووە بۆ فەرماندەی سەربازی، لێیان بووە بە وەزیر، بە موفتی، بە قازی. یەكێك لەوانە كوڕی مەلا ئەبووبەكری موسەنیف، ئەو كوڕەی كەس ناوی نەبیستووە، منیش لە بەغدا دۆزیمەوە ناوی (عەبدولغەفار)ە، لە یەمەن نیشتەجێ بووە، بەر لەوەش كە باروودۆخی یەمەن تێك بچێت نەوەو كوڕەزاكانی ئەو (عەبدولغەفار)ە بیستوویانە كە كوردن و كوردستان شوێنی نیشتەجێ بوونیانە، ھەوڵیانداوە كە بێنەوەو بەدوای كەس و كاریاندا بگەڕێن.

 

،،

قەرەداغی: ھەموویان جگەر گۆشەمن و پێیانەوە ماندوو بووم و خۆشم دەون، بەڵام كتێبۆچكەیەكم ھەیە خۆشم دەوێ چونكە خەڵك پێی خۆشحاڵە (كاتت ژیانتە، چۆنی دەگوزەرێنی).

 

دیبلۆماتیك: ژمارەی كتێبە چاپكراوەكانت چەندە؟

قەرەداغی: تا ئێستا ٤٧ كتێبی چاپكراوم ھەیە، لەناو ئەو ٤٧ كتێبەش ھی وایان ھەیە ٩ بەرگە، ھی وایان ھەیە ٨ بەرگە، ھی واشیان ھەیە ٧ یا ٢ یا ٣ بەرگن.! ئەگەر ژمارەی بەرگی كتێبەكانیش ئەژمار بكرێن، لە ٧٠ كتێب تێپەڕ دەكەن. واتە خاوەنی ٤٧ ناونیشانی جیاوازم. ئەوانەشی كە ئامادەی چاپن، بەرگی دەیەمی (بووژانەوەی مێژووی زانایانی كورد) لە ژێر چاپدایە، كتێبێكی تریش لەسەر كەسایەتییەك (شێخ موحەممەد سەلیم) كە پێی دەگوترێت (سالمی سنە) ئامادەی چاپە، شیعری عەرەبیشی ھەیە بەناوی (سەلیم)ەوە، ژیانی و دیوانە عەرەبییەكەیم ئامادەكردووە بۆ چاپ، لەسەر (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) كتێبێكم چاپكردووە، ئێستا ئامادەكارییم بۆ كردووە بۆ چاپی دووەمی، كتێبێكی ترم ھەیە بەناوی (كنوز الكرد) بەرگی سێیەمی لە ژێر چاپدایە.

دیبلۆماتیك: بواری كتێبەكانت زیاتر چین؟

قەرەداغی: تەفسیر، فەرموودە، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، مێژوو، بەڵگەنامە.

دیبلۆماتیك: خۆشەویستترین كتێبی خۆت كامەیە؟

قەرەداغی: ھەموویان جگەر گۆشەمن و پێیانەوە ماندوو بووم و خۆشم دەون، بەڵام كتێبۆچكەیەكم ھەیە خۆشم دەوێ چونكە خەڵك پێی خۆشحاڵە (كاتت ژیانتە، چۆنی دەگوزەرێنی).

دیبلۆماتیك: كۆتا یادەوەریت لەگەڵ مامۆستای مودەڕیس چی بوو؟

قەرەداغی: كۆتاجار چوومە خزمەتی بۆ خوداحافیزی، چونكە دەگەڕامەوە بۆ سلێمانی، فەرمووی: بیستوومە دەچیتەوە بۆ سلێمانی.؟! منیش ھۆكارەكانم بۆ ڕوونكردەوە. فەرمووی: بەڵام بە مەرجێك لێرە خەریكی چی بوویت لەوێش ھەر خەریكی ئەوە بە.

 

محەمەد عەلى قەرەداغى

دیبلۆماتیك: لە دیوانی شاعیراندا شیعر ھەیە ھی ئەو شاعیرە نەبێ و درابێتە پاڵی، وەك كێ؟
قەرەداغی: بەڵێ زۆریش ھەیە، ئێستا من بە نیازی چاپكردنەوەی دیوانەكەی (مەولەوی)م ٢٣ پارچە شیعری تێدایە كە ھی (مەولەوی) نین، ھی شاعیرێكی ترە كە من ناوم ناوە (مەولەوی یەكەم)، كەس نازانێت كێیە.؟! لە سۆزو دەربڕین و ناوەڕۆكدا كت و مت لە (مەولەوی) دەچێت.

دیبلۆماتیك: ھۆكار چییە كە ئەو شیعرانە تێكەڵ بە دیوانی (مەولەوی) بوون؟

قەرەداغی: ھۆكار ئەوەیە ئەو كەسەش نازناوەكەی ھەر (مەولەوی)یە، ئەوانەش كە شیعرەكانی (مەولەوی)یان نووسیوەتەوە لە دیوانەكەی ئەودا دایانناوەو بۆتە موڵكی ئەو.

دیبلۆماتیك: لە نووسەرەكانی كورددا بە كامیان زۆر سەرسامی.؟

قەرەداغی: بە ھەژاری موكریانی.

دیبلۆماتیك: لە كورددا كێت دیتووە زۆر عەرەبی زان بێت؟

قەرەداغی: بێتووشی شاعیر، ھەروەھا مەسعوود محەمەد.