یەكێتی و پارتی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە كەركوك دووبارە دەكەنەوە

"یەكێتی و پارتی بۆ پۆستی پارێزگار دوو كاندیدی جیاوازیان دەبێت "

یەكێتی و پارتی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە كەركوك دووبارە دەكەنەوە

571 خوێندراوەتەوە

 یەكێتی و پارتی جارێكی دیكە سیناریۆی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە كەركوك دووبارە دەكەنەوەو بەدوو كاندیدی جیا دەچنە نێو ئەنجوومەنی پارێزگاكەو بە كێبركێ پۆستی پارێزگار یەكلايی دەكەنەوە.

 

لەدوای ڕوداوەكانی 16ئۆكتۆبەر و لەدەستدانی (%51) خاكی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا بارودۆخی ئەمنی و سیاسی پارێزگای كەركووك ئاسایی نەكراوەتەوە، لەم نێوەندەشدا لەماوەی ڕابردوو یەكێتی و پارتی یەكتریان بە خۆفرۆش و ڕادەستكردنی كەركوك بەحكومەتی ناوەندی تۆمەتبار كردووە.

 

 

،،

هەرچەندە ئەستەمە كاندیدەكەی پارتی ببێت بە پارێزگار، بەڵام یەكێتی ئامادەیی تەواوی نیشانداوە كە پیرۆزبایی بكات لە ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی پارتی.

 

 

بەڵام سەرەرای ئەم جەنگە ساردەی نێوانیشیان، لە كۆبوونەوەكەی 14ی ئەم مانگە سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بریاریان لەبارەی پرسی كەركوك و باردوخۆی ئەمنی و سیاسی شارەكە داوە.

 
بەپێی زانیارییەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین، لە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەدا باس لە دوو خاڵی گرنك كراوە، ئەوانیش:
یەكەم: پێكەوەو بە دوو قۆناغی جیا، دۆخی ئەمنی شارەكە ئاسایی دەكەنەوە.
دووەم: دوو كاندیدی جیاوازیان دەبێت بۆ پارێزگاری كەركوك.

 
سەبارەت بەم بابەتە دیپلۆماتیك لەگەڵ سەركردەیەكی سەربازی یەكێـتی لەشارەكە و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكە وتوێژی كرد.


ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی برایەتی (یەكێتی) گووتی: هەرچەندە ئەستەمە كاندیدەكەی پارتی ببێت بە پارێزگار، بەڵام یەكێتی ئامادەیی تەواوی نیشانداوە كە پیرۆزبایی بكات لە ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی پارتی.

ئەحمەد عەسكەری

 
سەركردەكەی یەكێتی بە ناراستەوخۆ هێرش دەكاتە سەر پارتی و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكەو دەڵێت:
"هەندێك لایەن بەبیانووی ناجێگیری بارودۆخی ئەمنی كەركوك ئامادەنین بگەڕێنەوە پارێزگاكە، وەك بڵێی تەنها كەركوك داگیر كرابێت و موسڵ و بەغداد ئەو هێزانەی لێنەبێت كە ئەوان سڵیان لێ دەكەنەوە".

،،

بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی ئەمنی كەركوك و بڵاو بونەوەی هێزی حكومەتی ناوەندی ناتوانین بگەڕێینەوە پارێزگاكە، چونكە مەترسی لەسەر ژیانمان درووست دەبێت.

 

 
"بەچۆڵ بوونی پۆستی پارێزگاری كەركوك گرفتی ئەمنی بۆ پارێزگاكە دروست دەبێت، بەوپێیەی پارێزگار لەهەمانكاتدا سەرۆكی لیژنەی ئەمنی شارەكەیە، ئەگەر پارێزگار نەبێت ئەوا شار بێ خاوەن دەبێت، لەم دۆخەش یەكێتی و پارتی بەرپرسیارن".ئەحمەد عەسكەری وای وت...

 

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە وەڵامی ئەو وتانەی بەرپرسەكەی یەكێتی بۆ دیپلۆماتیك دەدوێت و دەڵێت:
"بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی ئەمنی كەركوك و بڵاو بونەوەی هێزی حكومەتی ناوەندی ناتوانین بگەڕێینەوە پارێزگاكە، چونكە مەترسی لەسەر ژیانمان درووست دەبێت".

 
تاڵەبانی زۆرتر پێدادەگرێـت لەسەر وەڵامدانەوەكەی و تەحەداش دەكات و دەڵێت:"من تائێستا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكم، ئەو داوا یاساییەش كە دژم تۆمار كراوە بەبیانووی پەیوەست نەبونمەوەیە بە كاروباری ڕۆژانەی ئەنجومەن، بەڵام ئەگەر دڵنیا بوینەوە لەبارودۆخی ئەمنی پارێزگاكە لەسبەینێ زوتر نیە دەگەڕێیەنەوە شارەكەمان"

 

رێبوار تاڵەبانی

 

لەماوەی ڕابردودا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاڵای لەسەر بارەگاكانی لە پارێزگاكەدا هەڵكرد، كاردانەوەی ناوخۆی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەمبارەوە تاڵەبانی پێی وایە، هەڵكردنی ئاڵا مافی دەستوری گەلی كوردە و پشگیری لەهەر لایەنێك دەكەن بەو كارە هەڵبستێت.

 

"یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تائێستا چاودێری بارودۆخەكە دەكات و هیچ هەوڵێكی بۆ نێوەندگیری پارتی و یەكێتی نەناوە".سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وای وت...


لەوەڵامی پرسیارێكی دیپلۆماتیك سەبارەت بە ئایندەی كەركوك؟
ڕێبوار تاڵەبانی وتی: یەكێتی و پارتی ڕێكەوتوون بەدوو قۆناغ ڕەوشی كەركوك ئاسای بكەنەوە، قۆناغی یەكەم بەئاشتبوونەوەی سیاسی و قۆناغی دووەمیش هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ كەركوك لە ئەنجومەنەوە.

 

،،

چاوەروان دەكرێت ئەمجارە پارتی یارییەكە لە یەكێتی بباتەوەو پۆستی پارێزگاری شارەكە بەدەست بهێنێت.

 

 

تاڵەبانی و ئەحمەد عەسكەریش هەردووكیان هاورا بوون لەسەر ئەوەی كە یەكێتی و پارتی دوو كاندیدی جیایان دەبێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، كە دەبێت لەنێو ئەنجومەنی پارێزگاكەوە بەدەنگدان ئەم پرسەش یەكلایی بكرێتەوە.

 
كە ئەمەش دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار بوو لە بەغداد كە چۆن یەكێتی و پارتی تا ئاستی ئێسقان شكاندنی یەكتر رۆشتن.

بەپێی مادەی 21تایبەت بەپارێزگاكان لە دەستووری عێراقیدا، پارێزگار دەبێت لەنێو ئەنجومەنی پارێزگاوە هەڵبژێردرێت، هەربۆیە بەوپێیەی ژمارەی ئەندامانی پارتی لەنێو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەیەكێتی زیاترە، چاوەروان دەكرێت ئەمجارە پارتی یارییەكە لە یەكێتی بباتەوەو پۆستی پارێزگاری شارەكە بەدەست بهێنێت.

 

author photo

رۆژنامەنووس