مەسعود عەبدولخالق، حكومەتی داهاتوو لاواز دەبێت.......                         فەرید ئەسەسەرد: مەسرور بارزانی ناتوانێ تاكرەو بێت

رۆشنبیران باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم كابینەی نوێ دەكەن

مەسعود عەبدولخالق، حكومەتی داهاتوو لاواز دەبێت....... فەرید ئەسەسەرد: مەسرور بارزانی ناتوانێ تاكرەو بێت

505 خوێندراوەتەوە

 

لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت،خوێندنەوەكان بۆ ئایندەی ئەو كابینەیە جیاوازەو بەشێك لەرۆشنبیرانیش بە گومانەوە لە ئیرادەو توانای پێكهێنەرانی كابینەی نوێ دەروانن كە بیانەوێ چاكسازی ئەنجام بدەن و پێیانوایە ئاستەنگی جدی دێتە بەردەم كابینەكەش.

 


دیپلۆماتیك مەگەزین، وتوێژی لەگەڵ هەردوو نووسەرو رۆشنبیر مەسعود عبدالخالق و فەرید ئەسەسەرد كرد، بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونیان لەسەر چوار ساڵی ئایندەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

،،

پێشتر ئەزموونی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆی سەلماندووین،حكومەتی هەرێم بە حیزبێك یاخود بەتاكەكەسێك بەڕێوە ناچێت، و ڕاوێژكردن و پێكەوەیی بنەمای كاركردنە، بەو پێیەش مەسروور بارزانی ناتوانێ بێ ڕاوێژكردن بڕیارەكانی بسەپێنێت و تاکرەوانە مامەڵە بکات.

 

 

دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان،مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەست نیشان كرد،ترس و دڵە ڕاوكێ لای بەشێك لەلایەنەكان دروست بوو،بەو پێیەی مەسرور بارزانی كەسێكی سەربازی بووە ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنێت.

 

رۆشنبیران جیاواز دەروانن لە چوار ساڵی داهاتوو
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەهەمانكاتدا نوسەرو رۆشنبیر، دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "پێشتر ئەزموونی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆی سەلماندووین،حكومەتی هەرێم بە حیزبێك یاخود بەتاكەكەسێك بەڕێوە ناچێت، و ڕاوێژكردن و پێكەوەیی بنەمای كاركردنە، بەو پێیەش مەسروور بارزانی ناتوانێ بێ ڕاوێژكردن بڕیارەكانی بسەپێنێت و تاکرەوانە مامەڵە بکات".

،،

كەڵەكەبوونی قەرزێكی زۆر لەسەر حكومەتی هەرێم لە كابینەی پێشوو، بەپاساوی جەنگی دژی داعش و دابەزینی نرخی نەوت یەكێكە لەتەحەدییەكانی بەردەم ئەم كابینە نوێیە.

 

 
بۆیە ناوبراو پێی وایە كە كاندیدە سەربازییەكەی پارتی، مەترسی ئەوە درووست ناكات كە وڵات بەرەو تاكرەوی بروات.

بەڵام مەسعود عبدالخالق ڕایەكی جیاوازی لە ئەسەسەرد هەیە و پێی وایە"چوار ساڵی ئایندەی حكومەت، حكومەتێكی لاواز دەبێت، بەو پێیەی ڕێكەوتنێك نییە لەنێوان لایەنەكان و ئەوەشی بەدی دەكرێت تەنها ڕێكەوتنی خۆیانە لەسەر نەوت و داهات بۆ بەرژەوەندی خۆیان".

 

فەرید ئەسەسەرد

 


لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو رۆشنبیرەكە هاوران لەوەدا كە، كەڵەكەبوونی قەرزێكی زۆر لەسەر حكومەتی هەرێم لە كابینەی پێشوو، بەپاساوی جەنگی دژی داعش و دابەزینی نرخی نەوت یەكێكە لەتەحەدییەكانی بەردەم ئەم كابینە نوێیە.

،،

هەرێمی كوردستان،نەك دوو هەرێم بەڵكو زیاترە لە(20) هەرێم، و هەر كەسەو حكوم بەسەر سنوورێكی دیاری كراودا دەكات، لەبەر ئەوە كەس خۆی بەخاوەنی ئەو قەرزانە نازانێت و لەكۆتایشدا هاوڵاتیان زەرەر مەندی یەكەم دە‌بن.

 

 
ئەسەسەرد،هۆشداری بەكابینەكەی مەسروور بارزانی دەدات و دەڵێت "لەگرنگترین و لەپێشترین كارەكانی كابینەی نوێی حكومەت دانەوەی ئەو قەرزانەیە، لەئەگەری چارەسەر نەكردنی ئەوگرفتەش چارەنوسی ئایندەی سیاسی هەرێم نا ڕوون دەبێت".

 
مەسعود عبدالخالق، لەسەر هۆشدارییەكەی ئەسەسەرد بۆ كابینەی نوێ حكومەت دەڵێت،"هەرێمی كوردستان،نەك دوو هەرێم بەڵكو زیاترە لە(20) هەرێم، و هەر كەسەو حكوم بەسەر سنوورێكی دیاری كراودا دەكات، لەبەر ئەوە كەس خۆی بەخاوەنی ئەو قەرزانە نازانێت و لەكۆتایشدا هاوڵاتیان زەرەر مەندی یەكەم دە‌بن".

 

مەسعود عەبدلخالق

 

 
دوو ئیدارەیی مۆتەكەی هەرێم
"بەهۆی یەكلای نەكردنەوەی كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ لە هەولێر،هەمووكات دەنگۆی دوو ئیدارەی سەر هەڵدەداتەوە،لەبەر ئەوە پێویستە سەرجەم كێشەكان بەگفتوگۆ لەهەولێر چارەسەر بكەین و هەوڵی دوو ئیدارەی شكست پێبهێنین"ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی وای وت...

 
ڕەخساندنی هەلی كار و بوژانەوەی بازاڕ و موچە،ئەو كێشە هەنووكەییانەن كە ئێستا هاوڵاتیان چاوەڕوانیان لەحكومەتی نوێ هەیە چارەسەریان بكات، مەسعود عبدالخالق لەسەر ئەم پرسە زانیاریەك بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین ئاشكرا دەكات و دەڵێت،"نوێنەری حكومەتی هەرێم چووەتە بەغداد وبەپاساوی قەرزار بوونی هەرێم پێیان ڕاگەیاندوون كە چیتر ناتوانن نەوت ڕادەستی بەغداد بكەن و خۆیان دەیانەوێ ڕاستەوخۆ نەوت بفرۆشن،بەم پێیەش مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەران دروست دەبێت،چونكە بەڕادەست نەكردنی بڕەنەوتی دیاری كراو بەحكومەتی ناوەندی ئەگەرێكی بەهێزە بەغداد موچەی مانگانەی فەرمانبەران نەنێرێت".

 
ئەو وتەی ناوبراویش دوای لێدوانی هەندێ لە ئەندام پەرلەمانەكانی عێراق دێت كە گوایا، ناردنی موچەی كارمەندانی هەرێم پەیوەست نییە بە ناردنی نەوتی هەرێم بۆ بەغدا.

،،

هەموومان گەشتووینەتە ئەو بروایەی كە هەر لایەنێك دەیەوێت بەشداری حكومەت بكات بێ دوو دڵی بێتە پێشەوەو مەرجەكان خۆی باس بكات بۆ ئەوەی بەخێرایی حكومەتێك لە پێناو هاوڵاتیان پێك بهێنرێت. ئەسەسەرد وایوت.

 

 

"دەبێت چوار ساڵی داهاتوو ئۆپۆزیسیۆن هەبێت"

فەرید ئەسەسەرد لەبارەی بەشداریكردنی لایەنە سیاسییەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، پێی وایە لەسەرەتادا هەندێ لایەن دوو دڵ بون لەوەی بەشداری حكومەت بكەن لەمبارەوە ناوی كۆمەڵی ئیسلامی هێنا، كە لەسەرەتادا خۆیان بەبەشداری و یاخود بەشداری نەكردن یەكلای نەكردووەتەوە.

 
"هەموومان گەشتووینەتە ئەو بروایەی كە هەر لایەنێك دەیەوێت بەشداری حكومەت بكات بێ دوو دڵی بێتە پێشەوەو مەرجەكان خۆی باس بكات بۆ ئەوەی بەخێرایی حكومەتێك لە پێناو هاوڵاتیان پێك بهێنرێت". ئەسەسەرد وایوت.

 

 

 

 

مەسعود عەبدولخالق، پێی وایە دەبێت لایەنەكان لە چوار ساڵی داهاتوو كە بەشداری دەكەن لە حكومەت لەبارەتی دانانی مەرج و بەدەستهێنانی پۆست و پلە، بنەما بكەنە ئامانجی سەرەكی. دەشڵێـت:" ناكرێت هەموو لایەنەكان بەشداری كابینەی داهاتوو بكەن، بەڵكو دەبێت ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا بە شێوازێكی نوێ درووست بكرێـت تاكو ببێتە چاودێر بەسەر كارەكانی حكومەتەوە".

 


111 رۆژە هەڵبژاردن بۆ خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دراوە، بەڵام تاكو ئێستە نە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی نوێی هەرێمیش پێك نەهێنراوە.

 

author photo

رۆژنامەنووس