شەڕی بەر دەركی سەرا چۆن‌و بۆچی ڕوویدا؟

شەڕی بەر دەركی سەرا بەگێڕانەوەی كاربەدەستێكی بەریتانی لە سلێمانی

شەڕی بەر دەركی سەرا چۆن‌و بۆچی ڕوویدا؟

849 خوێندراوەتەوە

پەیمانی نێوان حكومەتی عێراق‌و بەریتانیاو فەرامۆشكردنی خواستەكانی كورد لەو پەیمانەدا، گڕی بەردایە ناڕەزاییەكان‌و لە ڕۆژی شەشی ئەیلوولی ساڵی 1930دا خەڵكی سلێمانی لە بەر دەركی سەراوە خرۆشان‌و بینای موتەسەریفییەتی سلێمانییان بەرد بارانكردو پۆلیسیش بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە.


مێژوونووس دكتۆر كەمال مەزهەر ئاماژە بەوە دەكات كە بە هەڵە ناویان لەو ڕۆژە ناوە ڕۆژی ڕەشی شەشی ئەیلوول، بە بڕوای ئەو، ئەو ڕۆژە ڕەش نییە‌و بەڵكو وەك گوڵاڵە سورەكەی ئەحمەد موختار جاف سوور بوو، چونكە بەخوێنی جگەری نەمرانی كورد ئاو درا بوو".

 

د.کەمال مەزهەر

 

 

،،

بەڵگەنامەكانی نهێنییەكانی بەریتانیا ئەوەیان تێدا تۆمار كراوە كە ڕۆژی 13ی شوباتی 1930، مارف جیاووك، نوێنەری هەولێر لە پەرلەمانی عێراق، یەك دوو هەوڵی خۆپیشاندەرانەی داوە بۆ وروژاندنی مەسەلەی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران

 


ڕۆژی شەشی ئەیلولی 1930، پشكنەری ئینگلیز لە بینای موتەسەریفییەتی سلێمانی لە بینای سەرا، لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی شاری سێمانی لە كۆبوونەوەدا دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە نێواندا ئەنجام بدات بۆ دیاریكردنی نوێنەری سلێمانی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
كاتێك پشكنەری ئینگلیز لەگەڵ ئەواندا لە كۆبوونەوەدا دەبێت خۆپیشاندەران بینای موتەسەریفییەت بەرد باران دەكەن.

بەپێی بەڵگەنامەكانی بەریتانیای تایبەت بە شەڕی بەر دەركی سەرا، چەند مانگێك بەر لە شەڕی بەر دەركی سەرا، پرۆژەی پەیمانی نێوان عێراق‌و بەریتانیا خرابوویە بەرباس‌و لێكۆڵینەوەو نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەسەرەتای ساڵی 1930وەوە چەند جارێك پرسی دواڕۆژی كوردیان وروژاندوە.

 
بەڵگەنامەكانی بەریتانیا تایبەت بە ڕاپەڕین‌و شەڕی بەر دەركی سەرای سلێمانی كە زانیارییەكانی ناو بەڵگەنامەكان لە پشكنەری ئەو كاتەی بەریتانیا لە سلێمانییەوە بۆ مەندوبی سامی بەریتانیاو كار بەدەستانی دیكەی بەریتانیاو بەرپرسانی باڵای ئەوكاتەی حكومەتی عێراقی نێردراوەو مێژوونووس دكتۆر كەمال مەزهەر لە كتێبی " كوردو كوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی حوكمەتی بەریتانیادا" خستوویەتییە ڕوو.

 
بەڵگەنامەكانی نهێنییەكانی بەریتانیا ئەوەیان تێدا تۆمار كراوە كە ڕۆژی 13ی شوباتی 1930، مارف جیاووك، نوێنەری هەولێر لە پەرلەمانی عێراق، یەك دوو هەوڵی خۆپیشاندەرانەی داوە بۆ وروژاندنی مەسەلەی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران‌و زۆر بەڕاشكاوی ئەم پرسیارەی كردووە:" ئایا مافەكانی كورد لەم پەیمانە نوێیەدا دەپارێزرێت كە لەگەڵ بەریتانیادا مۆر دەكرێ".

 

 

 

،،

لابردنی تۆفیق وەهبی لە موتەسەریفی سلێمانی هۆیەكی تری تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان بووەو داواكراوە كە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی.

 


بەڵگەنامەكان ئاماژەی پێدەدەن كە نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران سكاڵاو یاداشتیان ئاڕاستەی مەندوبی سامی بەریتانیا لە عێراق كردووەو نیگەرانییان لەوە دەربڕیوە كە عەرەب بە چاوێكی نزم تەماشای كورد دەكەن‌و ئەوان داوایان كردووە كە فەرمانبەرانی عەرەب لەناوچە كورد نشینەكاندا زیاد نەكرێت‌و هەروەها بێزارییان لەوە دەر بڕیوە كە جۆری خوێندن‌و پەروەردە هەوڵە بۆ خامۆشكردنی هەستی كوردایەتی.

 
یاداشتی ناڕەزایی نوێنەرانەی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەوكاتەی عێراق، ئاڕاستەی مەندوبی سامی بەریتانیا كراوەو هاوكاتبووە لە گەڵ مۆركردنی پەیمانی نێوان بەریتانیاو عێراق.

 
" ئیسماعیل ڕەواندزی نوێنەری هەولێرو محەمەد جاف نوێنەری كەركوك‌و حازم شەمدین ئاغا نوێنەری موسڵ‌و محەمەد ساڵح نوێنەری سلێمانی‌و مارف جیاووك نوێنەری هەولێر، ئەو پەرلەمانتارە كوردانە بوون كە یاشاداشتەكەیان داوەتە مەندوبی سامی بەریتانیا.

 

 

 
وەكو، دكتۆر كەمال مەزهەر لە بەرگی یەكەمی كتێبی " كوردو كوردستان لە بەڵگە نامە نهێنییەكانی حوكمەتی بەریتانیادا" بە پشتبەستن بە بەڵگە نامەكانی تایبەت بە شەڕی بەردەركی سەرا ئاماژەی پێداوە، هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانە وەك پووشی بن كا، گڕی بەرداوەتە ڕقی پەنگخواردووی ناو ناخی دەروونی كوردی باشوورو لە پاش هەڵوێست‌و یاداشتەكەی ئەوان، پەیتا پەیتا بروسكەو یاداشتی دەمڕاسانی كوردو ناوداران لەگشت ناوچەكانەوە ئاڕاستەی " كۆمەڵەی گەلان" دەكراو هەر ڕۆژەی بروسكەیەك دەربارەی داخوازییەكانی كورد بۆ سەرۆكوەزیران‌و وەزیری هەندەرانی بەریتانیاو مەلیك فەیسەڵی یەكەم دەچوو.

 
لە بروسكەیەكی پشكنەری ئەوكاتەی ئینگلیزدا بۆ گەورە كاربەدەستانی بەریتانیاو عێراق هاتووە كە" دوا داواو بڕیاری كوردان داواكردنی دامەزراندنی حكومەتێكی كوردییە لە ژێر سەرپەرشتی كۆمەڵەی گەلان‌و داوای هاوكاریش دەكەن".

 
لە میانی بروسكەو یاداشتەكانی تایبەت بە خواستەكانی كورددا، عەزمی بەگی بابان‌و كۆمەڵێك كەسایەتیتر لە 3ی ئابی 1930، نامەیەك بۆ مەندوبی سامی دەنێرن‌و ئاگاداریان كردووەتەوە لەو بروسكەو یاداشتانەی كە بۆ كۆمەڵەی گەلانیان ناردووە.

 
جارێكیتر نۆ كەس لە ئەشرافی سلێمانی بروسكە دەنێرن بۆ وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیا لە لەندەن‌و ئەوان لە بروسكەكەیاندا دەڵێن كە پەیمانی نێوان بەریتانیاو عێراق دانی نەناوە بە مافەكانی كوردداو داوایان كردووە كە مافەكانی كورد بخرێنە ناو ئەو پەیمانەوەو داخوازییە نەتەوەییەكانی كورد مسۆگەر بكەن‌و كورد بپارێزن.

،،

خۆپیشاندانی 11ی ئابی 1930، ڕێخۆشكەر بووە بۆ خۆپیشاندانی گەورەی ڕۆژی شەشی ئەیلوول.

 


" عەزمی بابان، عەبدولقادر حەفید، حەمە ئاغا، عیززەت عوسمان پاشا، حەمدی ڕەشید پاشا، شەفیق رەشید پاشا، عەبدولڕەحمان ئەحمەد پاشا، فایەق بابان، تۆفیق قەزاز". ئەو كەسانە بوون كە ئەو یاداستەیان بۆ وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیا لە لەندەن ناردووە.


جگە لەهەوڵی گەنجان‌و ڕۆشنبیران‌و خوێندەواران‌و قوتابیانی ئەو دەمەی سلێمانی، هاودەنگی بۆ داواو مافەكانی كورد لەناو سەرۆك هۆزەكانیشدا گەشتبووە ئاستێكی بەرزو لە ڕۆژانی بەر لە تەقینەوەی شەڕی بەر دەركی سەرا، 24 سەرۆك هۆز لە 20ی تەمموزی ساڵی 1930 بروسكەیان ناردووە بۆ وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیاو داوای خود موختارییان لێكردووە.


بەپێی گێڕانەوەی پشكنەری كارگێڕی ئەوكاتەی بەریتانیا لە سلێمانی كە لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی بەریتانیادا خراوەتە ڕوو، تا دەهات هۆیەكانی كامڵبوونی تەقینەوەی بەر دەركی سەرا زۆرتر كەڵەكە دەبوون.

 
بەپێی بەڵگەنامەكانی بەریتانیا تایبەت بە شەڕی بەر دەركی سەرا، پشكنەری كارگێڕی ئەو دەمەی بەریتانیا لە سلێمانی لە ڕۆژی یەكی تەمموزی 1930 نامەی بۆ ڕاوێژكاری وەزارەتی ناوخۆ ناردووەو ئاگاداری كردووەتەوە كە بزێوی لە ئارادایە، ئەو لەنامەكەیدا وتوویەتی:" ئەوەی پێوویستە بۆ دابینكردنی مەرجەكانی هەڵبژاردن كردوومانە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری خەڵكەكە ڕەفزیان كرد كە هیچ جۆرە بەشدارییەك لە هەڵبژاردندا بكەن تا چارسەری مەسەلەی كورد نەكرێت".
پشكنەرە بەریتانییەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە كۆمەڵێك كەسایەتی سلێمانی كۆمەڵەیەكیان پێكهێناوە بۆ هاندانی جەماوەر.

 
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پشكنەری بەریتانیا لە سلێمانی بۆ ڕاوێژكاری وەزارەتی ناوخۆی عێراقی ناردووە لە بەغداد كە ئەویش ئینگلیز بووە، خۆپیشاندانی 11ی ئابی 1930، ڕێخۆشكەر بووە بۆ خۆپیشاندانی گەورەی ڕۆژی شەشی ئەیلوول.

 
بەپێی زانیارییەكانی پشكنەر، خۆپیشاندانەكە لە لایەن ژمارەیەك قوتابی بەسەرپەرشتی مامۆستاكانیان دژ بە كۆبوونەوەی جێگرانی سەرۆكوەزیرانی عێراق‌و مەندوبی سامی لەگەڵ كۆمەڵێك لە ئەشرافی سلێمانی لە شوێنی كۆبوونەوەكە ئەنجامدراوە.لەپاڵ داواكاری بۆ جێبەجێكردنی داواو خواستەكانی كورد بەتایبەت لە پەیمانی نێوان بەریتانیاو عێراقدا، لابردنی تۆفیق وەهبی لە موتەسەریفی سلێمانی هۆیەكیتری تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان بووەو داواكراوە كە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی.

 

،،

ژمارەی دارو گۆچان بەدەستی خۆپیشاندەران تا دەهات پەرەی دەسەندو ژمارەیەك لە هێرشبەران كەوتنە بەكارهێنانی قۆچەقانی‌و ژمارەیەك لە چاو نەترسەكانیان هاتبوونە ناو باخچەی سەراوە


دكتۆر كەمال مەزهەر ئاژەی بەوە داوە كە لابردنی تۆفیق وەهبی نۆ ڕۆژ بەر لە ڕوودانی شەڕی بەر دەركی سەرا، لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە، هۆیەكی نوێی تری تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەكان بووەو یەكێك لە فایلەكانی ناو بەڵگەنامەكانی بەریتانیای تایبەت بە شەڕی بەردەركی سەرا، ئەوەی تێدا هاتووە كە ڕەهبەرانی كورد بە توندی دژی بڕیاری لابردنی تۆفیق وەهبی بوون‌و داوایان كردووە بە زوترین كات بیگەڕێننەوە سەر كارەكەی.

 
پشكنەرە بەریتانییەكە دەگێڕێتەوەو باسدەكات كە 24 كاتژمێر بەر لە ڕوودانی شەڕی بەردەركی سەرا، ناردوویەتی بە شوێن 30 كەسی ناوداری خەڵكی سلێمانیدا كە نوێنەری گەڕەكەكانی سلێمانی بوون‌و ئەوان هاتوون بۆ موتەسەریفییەت لە ناو سەرای سلێمانی، تا هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت بۆ پەرلەمانی عێراق.

 
ئەوكاتەی كە پشكنەرە بەریتانییەكە لەگەڵ ئەو 30 كەسەدا لە بینای موتەسەریفییەت لە بینای سەرا لە كۆبوونەوەدا بووە، خۆپیشاندەران‌و قوتابیان پۆلیسیان داوەتە بەر بەردو پۆلیسیش بە گووللە وەڵامی داونەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پشكنەرە بەریتانییەكە، كاتێك ئەو لەگەڵ نوێنەرانی گەڕەكەكانی سلێمانی لە كۆبوونەوەدا بووە، ئاگاداركراوە كە پەنجا قوتابی بە سەركردایەتی فایەقە فەنی مەبەست " فایەق بێكەسی شاعیرە" كەوتوونەتە هاندانی دوكاندارەكان بۆ ئەوەی دوكانەكانیان دابخەن.

 
وەكو پشكنەرە بەریتانییەكە گێڕاویەتییەوە تا دەهات حەشاماتی خۆپیشاندەران زۆرترو كاریگەرتر بووەو توانیوویانە دڕ بە پۆلیس بدەن‌و پۆلیسەكانیان ناچار كردووە بكشێنەوە ناو باخچەی سەرا.

 
كاریگەری‌و هێزی خۆپیشاندەران وا لە پشكنەر دەكات كە داوا لەفەرماندەی حامییە بكات بەتالیۆنێك بنێرێت بۆ پشتیوانی هێزەكانی پۆلیس‌و ئەو هێزانەی تر كە بەڕێوەن.

 
پشكنەر دەڵێت:" ژمارەی دارو گۆچان بەدەستی خۆپیشاندەران تا دەهات پەرەی دەسەندو ژمارەیەك لە هێرشبەران كەوتنە بەكارهێنانی قۆچەقانی‌و ژمارەیەك لە چاو نەترسەكانیان هاتبوونە ناو باخچەی سەراوەو هەواڵیش هات كە بەشێكی خۆپیشاندەران چوونەتە سەربانی بەندینخانەكە كە كەوتبووە شوێنێكیتری سەراكەوەو ئەوێشیان خستبووە مەترسییەوە".

 
وەكو پشكنەرەكە باسی دەكات پاش گەشتنی هێزی پیادەو دەستبەكاربوونیان هێشتاش خۆپیشاندەران لە بەرد بارانكردنی پۆلیس بەردەوامبوون‌و دوای ئەوەی كە سەربازێك كوژراوە، ئیتر هێزەكان كەوتوونەتە دەستڕێژی گووللەو بەو هۆیەوە حەشاماتەكە كشاونەتەوەو ژمارەیەكیان لێ كوژراوەو ژمارەیەكیشان لێ برینداربووە.

 
بەپێی بەڵگەنامەكانی بەریتانیا تایبەت بەشەڕی بەر دەركی سەرا، لەو خۆپیشاندانەدا سەربازێك كوژراوەو سێ سەربازیش برینداربوون‌و سەدو پەنجاو سێ پەنجەرەی سەراو حەڤدە گڵۆپی سەر شەقامەكان شكێنراوون.
لەخۆپیشاندەرانیش سیازدە كەس كوژراوەو بیست‌و سێ كەسیشیان بریندار كراوون.

 
پشكنەرەكەی بەریتانیا لە سلێمانی ئاماژەی بەوە داوە كە دوای دامركانەوەی خۆپیشاندانەكە، كە فەرمانی دەركردووە بۆدەستگیركردنی ئەوانەی ڕابەرایەتی ناڕەزایەییەكانیان كردووەو 10 كەسیان دەستگیركراون‌و گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی كەركووك.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی