لە هەرێمى کوردستان، بازرگانى بە کرێکارانى بیانییەوە دەکرێت

له‌ماوه‌ی ڕابردودا 28 كرێكار بیانی لە کوردستان بازرگانیان پێوه‌ كراوه‌

لە هەرێمى کوردستان، بازرگانى بە کرێکارانى بیانییەوە دەکرێت

209 خوێندراوەتەوە

به‌پێی دواین ئاماری ڕێكخراوی (داكۆكی كردن له‌كرێكارانی بیانی)له‌ساڵی 2018،بازرگانی به‌كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌،و زیاتر له‌200كه‌یسی پێشێلكاریشیان له‌جۆره‌كانی كوشتن و لێدان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاسپۆرت و سوكایه‌تی كردن تۆمار كردووه‌، كرێكاران و هاوڵاتیانی هه‌رێمیش نیگه‌رانن له‌و ژماره‌ زۆره‌ی كرێكارانی بیانی له‌ كوردستان.


دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین،به‌دواداچونی له‌سه‌ر هۆكاری ئه‌م جۆره‌ پێشێلكاریانه‌ و كاریگه‌ری كرێكارانی بیانی له‌سه‌ر ئابوری وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ كردووه‌، و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وتوێژیی له‌گه‌ڵ شیلان محمد مامۆستای زانكۆ له‌بواری كۆمه‌ڵناسی و ئارام كۆكۆی پسپۆڕی ئابووری كردووه‌.

 

وێنە: کاوە شێخ عەبدوڵا
،،

ڕێكخراوی داكۆكی كردن له‌مافی كرێكارانی بیانی:

له‌ماوه‌ی ڕابردودا 28 كرێكار (بیانی) بازرگانیان پێوه‌ كراوه‌ و له‌و ڕێژه‌یه‌ 16كرێكاریان له‌ڕه‌گه‌زی نێرو 12 كرێكاریان له‌ڕه‌گه‌زی مێ بووه‌،كه‌به‌ناچاری هه‌ندێك له‌و قوربانیانه‌ دیپۆرتی وڵاتانی خۆیان كراونه‌ته‌وه‌

 
دوو مامۆستاكه‌ی زانكۆ، نیگه‌رانن له‌نه‌بوونی یاسایه‌ك بۆ ڕێك خستنی ئه‌رك و مافی كرێكارانی بیانی و نه‌بونی ئه‌و یاسایه‌ش وای كردووه‌ ڕه‌خساندنی هه‌لی كار بۆ كرێكارانی ناوخۆی كه‌م ببێته‌وه‌ و ژماره‌ی كرێكارانی بیانیش زیاد ببێت و له‌م نێوه‌نده‌شدا رووبه‌رووی مه‌ترسی جدی ببنه‌وه‌.

ژمارەیەک کرێکارى بیانى لەبەردەم باخى گشتى                                                      وێنە: کاوە شێخ عەبدوڵا

،،

پسپۆڕێکى ئابورى:

پێویسته‌ ئه‌و كرێكارانه‌ی ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێمی كوردستان،خاوه‌نی هونه‌رێكی به‌رزی ته‌كنیكی بن و سود به‌ژێرخانی ئابووریی وڵات بگه‌یه‌نن،به‌ڵام كۆمپانیاكان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و كه‌م كردنه‌وه‌ی ڕۆڵی كرێكارانی ناوخۆیی ،بێ له‌به‌ر چاو گرتنی پسپۆڕی كرێكار هه‌موو كرێكارێكی بیانی ده‌هێننه‌ وڵاته‌وه‌

 

ئارام كۆكۆی مامۆستای زانكۆ و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ئابوریدا ده‌ڵێت:"پێویسته‌ ئه‌و كرێكارانه‌ی ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێمی كوردستان،خاوه‌نی هونه‌رێكی به‌رزی ته‌كنیكی بن و سود به‌ژێرخانی ئابووریی وڵات بگه‌یه‌نن،به‌ڵام كۆمپانیاكان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و كه‌م كردنه‌وه‌ی ڕۆڵی كرێكارانی ناوخۆیی ،بێ له‌به‌ر چاو گرتنی پسپۆڕی كرێكار هه‌موو كرێكارێكی بیانی ده‌هێننه‌ وڵاته‌وه‌، و هه‌لی كار بۆ كرێكارانی ناوخۆی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌".

 

شیلان محمد پسپۆڕ مامۆستا لەبەشى كۆمه‌ڵناسی زانكۆی سلێمانی، به‌هه‌مان شێوه‌ی پسپۆڕه‌كه‌ی ئابوری نیگه‌رانه‌،و ده‌ڵێت:"پشتگوێ خستنی كرێكارانی ناوخۆیی له‌هه‌مبه‌ر كرێكارنی بیانی،مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاشته‌وای كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕودانی ڕوداوی نه‌خوازراو له‌كۆمه‌ڵگه‌دا دروست ده‌كات".

پسپۆڕه‌كه‌ی كۆمه‌ڵناسی،په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ حكومه‌ت و كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت ڕاده‌كێشێت و ده‌ڵێت:"له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی مادی كه‌م،شكۆی مرۆڤیان خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌،و هه‌ر له‌كه‌می داهاتی ڕۆژانه‌و زۆری كاتژمێره‌كانی كار و نه‌بونی سه‌لامه‌تی شوێنی كاریان".

 
به‌پێی گوته‌ی ڕێكخراوی داكۆكی كردن له‌مافی كرێكارانی بیانی:"له‌ماوه‌ی ڕابردودا 28 كرێكار (بیانی) بازرگانیان پێوه‌ كراوه‌ و له‌و ڕێژه‌یه‌ 16كرێكاریان له‌ڕه‌گه‌زی نێرو 12 كرێكاریان له‌ڕه‌گه‌زی مێ بووه‌،كه‌به‌ناچاری هه‌ندێك له‌و قوربانیانه‌ دیپۆرتی وڵاتانی خۆیان كراونه‌ته‌وه‌".

فۆتۆ: کاوە شێخ عەبدوڵا

،،

شیلان محمد پسپۆڕ مامۆستا لەبەشى كۆمه‌ڵناسی زانكۆی سلێمانی:

هۆكاری ئه‌و پێشێلكاریانه‌ش بۆ كه‌مته‌رخه‌می كۆمپانیاكانی هاورده‌كردنی كرێكارانی بیانی و چاودێرنه‌بونی حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بازرگانانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

 

پسپۆڕه‌كه‌ی كۆمه‌ڵناسی،سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانی له‌ ڕێژه‌ی قوربانی بیانییه‌كان ،به‌ڵام ،"ڕێژه‌كه‌ به‌مه‌ترسیدار نازانێت و پێی وایه‌ ده‌توانرێت به‌ سنوور دانان له‌ هاورده‌كردنی كرێكارانی بیانی و هۆشیار كردنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌،ڕێژه‌ی قوربانیه‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌ و هۆكاری ئه‌و پێشێلكاریانه‌ش بۆ كه‌مته‌رخه‌می كۆمپانیاكانی هاورده‌كردنی كرێكارانی بیانی و چاودێرنه‌بونی حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بازرگانانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌".

 

كۆكۆی،پێچه‌وانه‌ی پسپۆڕه‌كه‌ی كۆمه‌ڵناسی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات،"خراپی گوزه‌رانی هاوڵاتیان،تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ناچار ده‌كات به‌ په‌نابردنه‌ به‌ر كاری نه‌خوازراو بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی داهاتێكی ڕۆژانه‌و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر بێ متمانه‌بوونی سه‌رمایه‌داران به‌ سه‌لامه‌تی سه‌رمایه‌كه‌یان له‌و وڵاته‌ دروست ده‌كات و ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌كه‌یان هه‌یه‌".

 

 

"ئه‌و داهاته‌ی كۆمپانیاكان خه‌رجی ده‌كه‌ن له‌ هێنانی كرێكارانی بیانی،له‌ناوخۆدا سه‌رف بكرێت ئه‌وا هه‌لێكی زیاتریی (كار) ده‌ڕه‌خسێنرێت و پێداویستسه‌كانی ئه‌و كۆمپانیانه‌ش به‌كرێكارانی ناوخۆ پڕده‌بێته‌وه‌".ئارام كۆ كۆی وای وت....

 
ئه‌و مامۆستایه‌ی ئابووری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ كه‌ باس له‌ بازرگانیكردن ده‌كات به‌ كرێكارانی بیانییه‌وه‌ زۆر نییه‌، به‌ڵام چاوه‌روان ده‌كرێت ئه‌گه‌ر رێنمایی پێویست له‌مباره‌وه‌ ده‌رنه‌چێت رێژه‌كه‌ زۆرتر بێت.

 
زۆركات له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و خودی كرێكارانی بیانی،نیگه‌ران له‌پێشێلكارییه‌كان له‌لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كانیانه‌وه‌ دژیان ئه‌نجام ده‌درێت،ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان 22 هه‌زار كرێكاری بیانی بونیان هه‌یه‌،و تائێستاش نه‌توانراوه‌ له‌ئاستێكی گونجا و ستانداردا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و چینه‌ دا بكرێت.

 

author photo

رۆژنامەنووس