دامەزراندنی کۆماری کوردستان.. ئەزمونێک نابێت لەبیربکرێت

دامەزراندنی کۆماری کوردستان.. ئەزمونێک نابێت لەبیربکرێت

172 خوێندراوەتەوە
رۆژنیوز: دیبلۆماتیک مەگەزین
 

ئەمڕۆ ٧٣ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کۆمارێک کە  سەرەڕای کورتیی ماوەکەی، ئەزموونێکی مێژوویی بۆ گەلی کورد بەجێ هێشت تا بە کەڵک وەرگرتن لێی بتوانن لە ئەمڕۆدا کە ئەو کەشوهەوایە خەریکە دووبارە دەبێتەوە بەبێ هەڵە تێپەڕێت و قوناغێکی نوێ لە مێژووی خۆیان بن.

 

بەربەرەکانی و ململانێی نێوان زلهێزەکان لە دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە و پەلکێشکردنی ئاڵۆزییەکان بەرەوڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی خۆی لەسەر گەلانی ناوچەکە دانا و هاوکات ئێران بوو بە مەیدانی ململانی هێزەکان لە باکور و باشورەوە، حکومەتی قاجار توانای ئیدارەی وڵاتی نەما و لە ساڵی ١٩٢٥ ڕووخا و حکومەت کەوتە دەستی "ڕەزاخان" کە پێشتر وەزیری شەڕ بوو و بنیاتی حکومەتی "پە‌هلەوی" دانا، بە دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانی و جارێکی دیکە داگیرکردنی ئێران لەلایەن ڕوس و ئینگلیزەوە، ڕەزاشا لەژێر فشاری بەریتانیا، لە ئەیلولی ١٩٤١ دەستی لەکارکشایەوە و ئێرانی جێهێشت و دەسەڵات کەوتە دەستی کوڕەکەی واتا محەمەد ڕەزاشا.

 

،،

مەهاباد لە چنگی هێزەکانی سوپای ئێران ڕزگار کرا و لەڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦دا، واتە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ی هەتاوی، کۆماری کوردستان لە مهاباد ڕاگەیەندرا.

 

 

 لە کەشوهەوایەکی وەهادا، کە جیهان تووشی شەڕێکی گەورە بوو زۆر نەتەوە لە جیهاندا هەوڵی ئەوەیاندا لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران دەربچن، لە ئێرانیش کە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر وڵاتدا نەما بوو، نەتەوەکانی ئەو وڵاتە کەڵکیان لەو بارودۆخە وەرگرت و کەوتنە هەوڵادان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان، بۆیە قازی محەمەد کە کەسایەتیەکی ناسراوی مهاباد بوو، لە ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ شاندێکی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان کەڕۆژی ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٢هەر لە مهاباد دامەزرابوو، وەک ئەوەی لەیەکەم ژمارەی گۆڤاری نیشتمان هاتووە "بە هەموو هێز و توانای خۆی تێکۆشاوە تا زنجیر و کەلەمەی دیلی و ژێردەستی لە ئەستۆی نەتەوەی کورد داماڵێ و لەم کوردستانە لەت و کوتەی ئێستا کوردستانێکی گەورە و ڕێکوپێک بێنێتە بەرهەم کە هەموو کوردێک بە سەربەستی تێیدا بژیت"، دەچنە 'باکۆ' چاویان بە'جەعفەر باقرۆڤ' سەرۆک وەزیری کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت دەکەوێت و داوای پشتیوانیی و یارمەتیان لیدەکەن بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان.

 دوای گەڕانەوەیان حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هەمان پێکهاتەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان دادەمەزرێت و یەکەم کۆنگرەی خۆی لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ دەبەستێت، لەڕۆژی ١٥ی کانوونییەکەمی ١٩٤٥دا لە هەوڵێکی هاوشێوەی حزبی دیموکراتی ئازەربایجان-دا، مەهاباد لە چنگی هێزەکانی سوپای ئێران ڕزگار کرا و لەڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦دا، واتە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ی هەتاوی، کۆماری کوردستان لە مهاباد ڕاگەیەندرا.

ئامانجەکانی کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا و لەلایەن گەلەوە پێشوازیی لێکرا، سەرەکییترین خاڵەکان ئەمانە بوون: زمانی کوردیی بکرێتە زمانی راگەیاندن ‌و خوێندن‌ و ئیدارە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت‌ و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن،یەکێتی‌ و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان، یاسایەک ھەبێت کە بەیەکچەشن مامەڵە لەگەڵ کرێکار ‌و کەسایەتییە باڵاکان دا بکات.

 

 

 

،،

کۆماری کوردستان هیوایەکی لە دڵی گەلی کورد دروست کرد و بوو بە ئەزموونێکی مێژوویی، لەو ماوە کورتەدا، کە ١١ مانگ بوو، کورد توانی بە دامەزراندنی هەندێک دامودەزگا، چاپخانە، بڵاوکردنەوەی کتێب، گۆڤار و رۆژنامە و پەوەردە و خوێندنگا بە زمانی کوردی شوێنپێی خۆی لە مێژوودا بهێڵێت.

 

ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان کورت بوو و نەیتوانی وەکو پێویست ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام هەر لەو ماوەیە کورتەدا توانی پێکهاتەکانی شاری مهاباد و دەوروبەریشی بێنێتەلای یەک و یەکێتیەک لەناو کۆمەڵگای خۆی دروست بکات، هەروەها لەو ماوەیە توانی لە باشوری کوردستان کەسانێک بەشداری ئەو کۆمارە بکات و زۆر هەوڵیدا سنورەکانی بەرفراوان بکات، بەڵام هەلومەرجی ئەو دەمە ئەو دەرفەتەی پێنەدا و سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ بەشداریپێکردن و پەیوەستبوونی خێڵەکانی دیکەی کورد لەناو کۆمار، نەیتوانی سنوورەکانی لە دەرەوەی موکریان و دەوروبەری مهاباد بەرفراوان بکات، هەربۆیە زۆرجار بە 'کۆماری مهاباد' ناو دەبرێت.

کۆماری کوردستان هیوایەکی لە دڵی گەلی کورد دروست کرد و بوو بە ئەزموونێکی مێژوویی، لەو ماوە کورتەدا، کە ١١ مانگ بوو، کورد توانی بە دامەزراندنی هەندێک دامودەزگا، چاپخانە، بڵاوکردنەوەی کتێب، گۆڤار و رۆژنامە و پەوەردە و خوێندنگا بە زمانی کوردی شوێنپێی خۆی لە مێژوودا بهێڵێت.

 

خاڵی بەهێزی کۆمار بەشداریپێکردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگای خۆی و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەرییەکی دیموکرات و پێداگریی لەسەر مافەکانی گەلەکەی بوو، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەوەی پشتی بە هێزی دەرەکیی و یارمەتییە ماددیەکانی بەستبوو، بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لەدوای ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەریتانیا و حکومەتی ئێران، نەیتوانی خۆی بپارێزێت.

لە١٧ی كانوونی یەكەمی١٩٤٦، شاری مهابادى وەک پایتەختی کۆمار لەلایەن سوپای پاشایەتی ئێرانەوە داگیر كرا و پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێکانی، لە بەرەبەیانی٣١ی ئازاری١٩٤٧ لە گۆڕەپانی"چوارچرا"ى شاری مهاباد، ئەو گۆڕەپانەی كۆماری تێدا ڕاگەیەندرا، لەسێدارە دران.

پرۆفسور د.هیوا عەزیز، ماموستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، لەسەر ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بەوە دەکات کە، دەکرێت ئەو کۆمارە وەکو یەکێک لە ئەزموونە گرنگەکانی گەلی کورد سەیر بکرێت، لەبەر ئەوەی کیانێکی کوردی بەدەستی کورد خۆی دروست بوو، گرنگییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو کۆمارە بە پێچەوانەی ئەزموونەکانی پێش خۆی بەدەستی حزبێک دامەزرا، کە سوودی لە هەلومەرجی  ناوچەکە وەرگرت.

 

د. هیوا، باسی لەوەش کرد، کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگی تەمەنی خۆیدا هەندێک کاری گرنگی کردووە کە هەرێمی کوردستان لەماوەی ٢٧ ساڵی تەمەنی خۆیدا نەیتوانیوە بیکات، "بۆ نمونە ئەم کۆمارە گەشەی بە هۆشیاری سیاسیی و عەقڵی مەدەنیی داوە، لەسەر بازاڕ و گەشەدان بە ئابووریی کاری گرنگی کردووە، دامەزراندنی شارەوانی و پاک و خاوێنی شار، لە بواری زمان و ئەدەبیاتەوە کاری زۆر کراوە، لەسەر خوێندنی ژنان و منداڵان کاریان کردووە".

د. هیوا سەعید لەسەر لایەنە نەرێنیەکان کۆماری کوردستان دەڵێت: عەقڵی خێڵەکیی و خێڵەکیی بوون گورزێکی کوشندەی لەو کۆمارەدا و کۆمەڵێک لە عەشیرەتەکان دژی وەستانەوە و بوونە داردەست بۆ نەیارەکانی، هەروەها تێنگەیشتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی، بە تایبەت تێنەگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و بەریتانیا و سۆڤیەت، کێشەیەکی دیکە قەتس مانەوەی ئەو کۆمارە بوو، کە نەیتوانیبوو لە سنوری مهاباد و دەوروبەری بپەڕێتەوە و بەرەوە بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕوات، کە ئەگەر وا بوایە لەناوبردنی بەو ئاسانییە نەبوو.

ئەزمونەکانی کۆماری مهاباد بۆ ئێستا چیە؟

د. هیوا سەعید، لەسەر ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان بۆ ئێستا دەڵێت: پێویستە ئێمە بە کەڵک وەرگرتن لەو ئەزمونە، ئەزمونێکی حوکمداریی کوردیی دروست بکەین، لە کۆماری مهاباد گرنگییەکی زۆر بە کۆمەڵگا دراوە و هەوڵیان داوە گرفتەکانی کۆمەڵگای کوردی چارەسەر بکەن، پێویستە کورد بە کەڵک وەرگرتن لە ئەو ئەزموونە خوێندنەوەی بۆ گۆڕانکاری و سیاسەتە نێودەوڵەتیەکان هەبێت، بۆ نمونە لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم لە سیاسەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە تێنەگەیشتووە بۆیە زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە و دبلۆماسیەتمان زۆر لاوازە.

 

د. هیوا سەعید، لەسەر ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان بۆ ئێستا دەڵێت: پێویستە ئێمە بە کەڵک وەرگرتن لەو ئەزمونە، ئەزمونێکی حوکمداریی کوردیی دروست بکەین، لە کۆماری مهاباد گرنگییەکی زۆر بە کۆمەڵگا دراوە و هەوڵیان داوە گرفتەکانی کۆمەڵگای کوردی چارەسەر بکەن، پێویستە کورد بە کەڵک وەرگرتن لە ئەو ئەزموونە خوێندنەوەی بۆ گۆڕانکاری و سیاسەتە نێودەوڵەتیەکان هەبێت، بۆ نمونە لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم لە سیاسەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە تێنەگەیشتووە بۆیە زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە و دبلۆماسیەتمان زۆر لاوازە.

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارە، کە کورد چۆن دەتوانێت ئەو دۆخەی، کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە؟ د. هیوا دەڵێت: پێویستە کورد گەرەنتیەکی نووسراوی نێودەوڵەتیی وەربگرێت، تا وەکو پێشوو گەمەی پێنەکرێت، هێزە ڕۆژئاواییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان شەڕ دەکەن و ئەوەندە لەگەڵ ئێمە دەمێنن و دەمانپارێزن کە بەرژەوەندیەکانیان نەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە پێویستە کوردیش ئەو سیاسەتە بگرێتەبەر کە تا ئەو کاتەی بەرژەوەندیەکانی دەپارێزرێن لەگەڵ ئەواندا بمێنێت، نەک ببێتە قوچی قوربانی سیاسەتەکانی ئەوان و پێویستە کورد وەک وڵاتێکی داگیرکراو و دابەشکراو، لەو وەهمە بێتە دەرەو کە دەتوانێت شەریکێک بێت بۆ ولاتانی ڕۆژائاوا.

لە کۆتایی قسەکانیدا پەیوەندیدار بە ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان د. هیوا سەعید ماموستای زانکۆ دەڵێت: کێشەی کور لە ئێستادا نەبوونی یەکێتییە لەناو هێزە سیاسیەکاندا، ئەگەر کورد بتوانن بگەن بە یەکێتی و ڕێککەوتنێک لەسەر خاڵە گرنگ و ستراتیژییەکان، دەتوانن ڕێگە بگرن لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئەزمونە تاڵانەی پێشوو کە لە نەبوونی یەکێتی و نەپاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکانی تووشی بووە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك