محەمەد حەكیم: هەرێمی كوردستان لەناو نسكۆو شكستێكی گەورەدایە

ڕیفراندۆم وەكو یاری مارو پەیژە، كوردی لەسەرەوە خستە خوارەوە

محەمەد حەكیم: هەرێمی كوردستان لەناو نسكۆو شكستێكی گەورەدایە

1722 خوێندراوەتەوە


محەمەد حەكیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، پێیوایە ئەستەمە بە چەندین ساڵیتر، هەرێمی كوردستان وەكو پێش 16ی ئۆكتۆبەری لێبێتەوە، ئەو لەم دیدارەیدا لەگەڵ " دیپلۆماتیك مەگەزین"، ئاماژە بەوە دەدات، ئەو دۆخەی كوردستانی تێكەوتووە نسكۆو شكستێكی گەورەیەو دەشڵێت:" ڕیفراندۆم وەكو یاری مارو پەیژە لەسەرەوە كوردی خستە خوارەوە، لەشێوە سەربەخۆییەكەوە خستینییەوە باوەشی بەغداد، بۆیە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو دەست پێبكەینەوە".

،،

 ئەو بێهیواییە بەرهەمی مانەوەی 27 ساڵی دوو حیزبە لە دەسەڵاتدا، وێڕای ئەو هەموو ناڕەحەتییەی بەسەر میللەتیاندا هێناوەو پاشان بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی زۆرینە بەدەست بهێنێت، كە ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەی دەسەڵاتی تەزویرە زۆرەكەیە

دیپلۆماتیك مەگەزین: چۆن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەڕوانن، پێتانوایە ئەم دوو هەڵبژاردنە " هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان"، چ جیاوازییەكیان لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشوودا دەبێت، بەتایبەت كە هێزو لیستی نوێ هاتوونەتە كایەكەوە؟


محەمەد حەكیم: عێراق‌و كوردستانیش پێدەنێنە نێو قۆناغێكی نوێی سیاسی، لە عێراق پاش نەمانی داعش‌و دوای فراوانبوونی پانتایی ناڕەزایەتییەكانی دانیشتوانی عێراق‌و ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی‌و ناوچەیی لە سیاسەتی حكومەتی عێراق‌و دەسەڵاتدارانی، وایكردووە كە هێزە شیعییەكان‌و سەركردەكانیان گۆڕانكاری بكەن لە خۆیانداو هەموویان باس لە قۆناغی نوێ‌‌و تێپەڕاندنی قۆناغی تائیفییەت بكەن‌و گۆڕانكارییان لە شێوازی لیستی هەڵبژاردنیاندا كردووەو بەحساب لیستی نیشتمانیان ڕاگەیاندووە، بۆ نموونە حەكیم‌و صەدرو عەبادی، وە لە كوردستانیش سیاسەتی چەند ساڵەی ئابوری سەربەخۆ و كاركردن بۆ ڕیفراندۆم‌و پشتكردنی لە بەغداد فەشەلی هێناوەو، ئێستا بە ناچاری دەبێت گرنگی بە بەغداد بدرێت‌و بە هەمان شێوە دەنگدەرانی كورد دەیانەوێت گۆڕانكاری لە هەڵبژاردنی كوردستاندا ببینرێ‌و چاوەڕێن، چونكە سیاسەتی پێشوو، وڵات‌و خەڵكی توشی شكست‌و بەدبەختی كرد.


دیپلۆماتیك مەگەزین: هەڵبژاردنی ئەمجارە لە كاتێكدایە كە هاووڵاتیانی كوردستان لە خراپترین دۆخی ژیاندان، پێتانوایە ئەمجارە دەنگدەران سزای هێزە دەسەڵاتدارەكان و ئەوانە بدەن كە بەرپرسیارو خولقێنەری ئەم دۆخە دژوارەن؟

محەمەد حەكیم: ڕاستە هاووڵاتیان لە خراپترین دۆخی ژیاندان، بۆیە دەبێت بپرسین بۆ، گرفتەكە لەوەدایە ئەوەی چاوەڕێی گۆڕانكارییە هەنگاوی بۆ نەنێت، ئەوەی زانراوە زۆربەی خەڵكە ناڕازییەكە ناچنە بایۆمەتری، بۆیە نابێت دواڕۆژ گلەیی بكرێت كە بۆ بارودۆخەكە وەك خۆیەتی‌و هەمان سەروچاون كە دەردەكەون، بۆیە ئەوەی كوردستانی تێكەوتووە نسكۆو شكستێكی گەورەیە، حەق وایەو ڕەوایە كە بەرپرسیاران لێی، سزا بدرێن، جا كە دادگایی ناكرێن با ئەم هەڵبژاردنە ببێتە دەرفەتێك بۆ گۆڕانكاریی.

دیپلۆماتیك مەگەزین: هاووڵاتیانی كوردستان جۆرێك لە بێهیواییان پێوە دیارەو پێیانوایە هەڵبژاردن ناتوانێت گۆڕانكاری دروست بكات، بە بڕوای ئێوە ئەم بێهیواییە بەرهەمی چییە؟

محەمەد حەكیم: ئەو بێهیواییە بەرهەمی مانەوەی 27 ساڵی دوو حیزبە لە دەسەڵاتدا، وێڕای ئەو هەموو ناڕەحەتییەی بەسەر میللەتیاندا هێناوەو پاشان بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی زۆرینە بەدەست بهێنێت، كە ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەی دەسەڵاتی تەزویرە زۆرەكەیە، هۆكاری بۆ دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە دەگەڕێتەوە كە هەموو كایە حكومی‌و سیاسی‌و سەربازی‌و ئەمنییەكانیان لە كوردستاندا مۆنۆپۆل كردووە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە گرنگە لەو ڕووەوە دوا دەرفەتە بۆ بەرەی چاكخوازو ئەوانەی كە بە سیاسەتی سەرانی پێشووی كورد ناڕازین، جا دەكرێت كە ئەم بەرەیە هەندێك لە یەكێتی‌و پارتیشی تێدا بیـَت، بەڵام بە جورئەتەوە بتوانن بڕیار بدەن، ئەگەر ئەم بەرەیە ئەمجارە شكست بهێنێت پانتایی بێهیوایی زیاتر دەبێت لەناو خەڵكدا.

،،

گرفتەكە لەوەدایە ئەوەی چاوەڕێی گۆڕانكارییە هەنگاوی بۆ نەنێت، ئەوەی زانراوە زۆربەی خەڵكە ناڕازییەكە ناچنە بایۆمەتری، بۆیە نابێت دواڕۆژ گلەیی بكرێت كە بۆ بارودۆخەكە وەك خۆیەتی‌و هەمان سەروچاون كە دەردەكەون

دیپلۆماتیك مەگەزین: بۆچی كۆمەڵی ئیسلامی، لیستی ئیسلامی ڕەتكردەوەو ئامادە نەبوو لەگەڵ دوو هێزە ئیسلامییەكەیتردا بە لیستێك بچێتە هەڵبژاردنەوە، بڕواتان بە لیستی ئیسلامی نییە، یاخود لەم قۆناغەدا لیستی ئیسلامی بە پێوویست نازانن؟

محەمەد حەكیم: چوار ساڵی ڕابردو كۆمەڵی ئیسلامیی كێشەو گرفتی هاوڵاتی‌و خواست‌و داواكارییەكانی كردبووە میحوەری كاركردنی سیاسی‌و پەرلەمانی‌و ڕێكخراوەیی‌و ئیعلامیی، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە هەڵووێستی دەربڕی لەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم‌و لە پرسی پەكخستنی پەرلەمان‌و لە پرسی ڕیفراندۆم‌و كۆمەڵێ‌ پرسیتر، ئەمجارە هەڵبژاردنەكان وەكو تاقیكردنەوەیەكە بۆ ئەو هەڵوێستانەی چوار ساڵی رابردوو، لەو ڕووەوە كە وەكو خۆمان هەڵوێستمان دەربڕیووە تاقیكردنەوەكەشی بەتەنها ئەنجام دەدەین، ئەگەرنا ئێمە لەگەڵ برا ئیسلامییەكان لە پرۆژەی كاری ئیسلامی بەردەوامین‌و ئومێد دەكەین ئەو دوو هێزە ئیسلامییەش بتوانن دەنگەكانیان زیاد بكەن، تاكو بە هەموومان لە خولی داهاتوو بە هاوكاری نوێنەرانی لایەنەكانی تر، بتوانین بەرەی چاكەخواز فراوانتر بكەین.

دیپلۆماتیك مەگەزین: ئێوە كە پێتانوایە لیستی تۆماری دەنگدەران هەزاران ناوی ساختەی تێدایە، چ هەوڵێكتانداوە بۆ پاككردنەوەی تۆمارەكە، پێتانوایە تۆمارەكە بە ئاسانی پاكبكرێتەوە، یان بۆچی پاكناكرێتەوەو لەمپەرەكانی بەردەم پرۆسەی پاككردنەوەكە كێن و چین؟


محەمەد حەكیم: بۆ پاككردنەوەی تۆمارەكە زۆر هەوڵمانداوە، لە بەغداد لەگەڵ هەمووان باسمان كردووە، لەگەڵ كۆمیسیۆن كۆبوینەوە، وە لە كوردستان لیژنەی هاوبەشی كۆمەڵ‌و گۆڕان‌و هاوپەیمانی دانراون‌و لەگەڵ كۆمسیۆنی كوردستان، بەتایبەت لەڕێی پەرلەمانتارانەوە فشارمان كردووەو ئەوەی لەتوانادا بێت ئەنجامدراوە.

دیپلۆماتیك مەگەزین: لە پاش ۱٦ی ئۆكتۆبەرەوە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان پێیناوەتە قۆناغێكی دژوارەوە، چۆن دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە، ئایا لەمپەرەكانی بەردەم ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان چین؟

محەمەد حەكیم: كوردستان دەبێت سیاسەتی بەرانبەر بەغداد بگۆڕێت‌و چەكی بەردەستی دروشمی جێبەجێكردنی دەستوری عێراق بێت، ئەمەش لە هەموو لایەك، لای ئێران‌و توركیاو ئەمریكاو ئەوروپا جەختی لەسەر بكاتەوە، بەمەرجێك كورد لە بەغداد بۆ كورد داكۆكی بكات، وە بۆ كورد گفتوگۆو شەڕبكات، نەك بۆ حیزب‌و كەس وەكو پێشتر كراوە، دەبێت نەفەس درێژبین، بەداخەوە ڕیفراندۆم وەكو یاری مارو پەیژە لەسەرەوە كوردی خستە خوارەوە، لەشێوە سەربەخۆییەكەوە خستینییەوە باوەشی بەغداد، بۆیە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو دەست پێبكەینەوە.


دیپلۆماتیك مەگەزین: ۱٦ی ئۆكتۆبەر دۆزو دۆخی كوردی لە لێواری هەرەس نزیككردەوە، كورد چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە، یان بگاتەوە بە قۆناغی بەر لە ۱٦ی ئۆكتۆبەر؟


محەمەد حەكیم: بەداخەوە ئەستەمە جارێ‌ بە چەندین ساڵیتر وەكو پێش 16ی ئۆكتۆبەرمان لێبێتەوە، گرنگ ئەوەیە نابێ وەكو جاران بكەینەوە، ئەگەر دەرفەتیش ڕەخسا، چونكە زۆر سەركەوتوانە ئیدارەی بارودۆخەكەمان نەداوە لە هەرێم‌و لەناوچە جێناكۆكەكان، دەبێ بگۆڕێن‌و هەرگیز وەكو جاران نەبن، ئەگەر بەهەمان سیاسەت‌و عەقڵیەت بچنەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر، بەدڵنیاییەوە دیسان وەكو دوای 16 ئۆكتبەرمان لێدێتەوەو دێنەوە چوارگۆشەی یەكەم، وەكو ئێستاكە بۆی گەڕاوینەتەوە. .

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی