په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمه‌ڵ و پارتى  دواى ڕووداوه‌كه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر

په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمه‌ڵ و پارتى دواى ڕووداوه‌كه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر

388 خوێندراوەتەوە

فه‌رمان عزيز شه‌ريف

هه‌ركاتێك په‌يوه‌ندى نێوان پارتى ديموكراتى كوردستان و كۆمه‌ڵى ئيسلامى كوردستان خراپ بووبێت به‌هۆى هه‌ڵبژاردن يان پێكهێنانى حكومه‌ت و په‌رله‌مان ڕاسته‌وخۆ چه‌ند ئه‌ندام و لايه‌نگرێكى كومه‌ڵ ده‌بنه‌ ئامانجى ده‌زگا ئه‌منيه‌كان و ده‌ستگير ده‌كرێن .

هه‌رچه‌نده‌ مه‌سه‌له‌ى ئه‌منى سه‌ر به‌ حكومه‌ته‌ و نابێ تێكه‌ڵى بابه‌ته‌ سياسيه‌كان و په‌يوه‌ندى حيزبى بكرێت , به‌ڵكو ده‌بێ حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منييه‌كان كاريگه‌رى هيچ حيزبێكى ده‌سه‌ڵاتدارييان له‌سه‌ر نه‌بێت و بێ لايه‌نانه‌ كارى خۆيان بكه‌ن , به‌ڵام له‌ باشورى كوردستان به‌هۆى باڵاده‌ستى حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌سه‌ر ده‌زگا ئه‌منيه‌كان كاريگه‌رييه‌كه‌ى به‌ ئاشكرا دياره‌ .

كاتێك كۆمه‌ڵى ئيسلامى  له‌په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌نه‌بووده‌نگ به‌درێژكردنه‌وه‌ى واده‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم بدات‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامه‌كانيان كه‌وتنه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستگيركردن له‌هه‌ولێر و ناوچه‌كانى ديكه‌ , يان له‌ كاتى نزيك بوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان . 

ئه‌وه‌ى لێره‌دا ده‌مانه‌وێت زياتر تيشكى بخه‌ينه‌ سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى دوو حيزبى كورديه‌ له‌ باشورى كوردستان كه‌ يه‌كێكيان حيزبێكى ده‌سه‌ڵاتداره‌ و هه‌موو شتێكى له‌ژێر ده‌ست دايه‌ كه‌ پارتى يه‌ , ئه‌وى ديكه‌ حيزبێكى كوردى ئيسلامى يه‌ به‌رده‌وام له‌به‌ره‌ى ئۆپۆزسيۆن دابووه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جار به‌شدارى حكومه‌تيشى كردبێت .

له‌ ئێستادا ناوچه‌كه‌ ده‌وره‌ دراوه‌ به‌ سه‌دان گڕوپى تيرۆريستى له‌ عێڕاق و سوريا و هه‌ريه‌ك له‌ ئێران و توركياش ڕۆلێكى گه‌وره‌يان هه‌يه‌ له‌ يارمه‌تى دانى به‌شێكى ئه‌و گڕوپه‌ تيرۆرستيانه‌ و به‌كارهێنانيان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆيان بۆيه‌ ئه‌سته‌مه‌ له‌ناوچه‌يه‌كى ده‌وره‌دراو به‌ ئاگر و شه‌ر و سه‌دان گڕوپى تيرۆريستى و گه‌وره‌ترين و ترسناكترين گروپه‌ تيرۆريستيه‌كانى وه‌ك داعش و قاعيده‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و بوونى شانه‌ نووستوه‌كانيان له‌ناو شاره‌كان , كرده‌وه‌ى تيرۆريستى ڕوونه‌دات .  

،،

هه‌ڵمه‌تى ده‌ستگيركردنى كاديرانى كۆمه‌ل سياسى يه‌ و زياتر په‌يوه‌ندى به‌و دۆخه‌ى كوردستان هه‌يه‌ كه‌ پێ ى دا تێپه‌ر ده‌بێت

عەلی باپیر و نێچیرڤان بارزانی

 

 بۆچى كۆمه‌ل تۆمه‌تبار ده‌كرێت ؟

به‌تيشك خستنه‌ سه‌ر ڕووداوێكى ديارى كراو ئه‌ويش ڕووداوى هێرشكردنه‌ سه‌ر بينايه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى ته‌ممووزى 2018 له‌لايه‌ن سێ گه‌نج , دواى ئه‌وه‌ى نزيكه‌ى پێنج سه‌عات بينايه‌كه‌يان كۆنتڕۆل كرد , دواتر له‌لايه‌ن هێزه‌ ئه‌منيه‌كان هه‌ر سێ گه‌نجه‌كه‌ كوژران , ڕووداوه‌كه‌ بووه‌ هۆى گيان له‌ده‌ستدانى چايچى يه‌كى پارێزگا و برينداربوونى پاسه‌وانێكى به‌رده‌م پارێزگا . هه‌ر ڕاسته‌وخۆ دواى ڕووداوه‌ له‌لايه‌ن به‌رسانى ئه‌منى هه‌ولێر كۆمه‌ڵى ئيسلامى تۆمه‌تباركرا به‌ده‌ست هه‌بوونى ئه‌ندامانى ئه‌و حيزبه‌ له‌ پشت ئه‌و ڕووداوه‌ , ئه‌مه‌ش په‌يوه‌ندييه‌كانى پارتى ديموكراتى كوردستان و كۆمه‌ڵى ئيسلامى برده‌ قۆناغێكى ئاڵۆز .

هه‌ركاتێك ڕووداوێكى ئه‌منى يان كرده‌وه‌يه‌كى تيرۆرستى له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕوويدابێت ڕاسته‌وخۆ يان ناڕاسته‌وخۆ په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ حيزبه‌ ئيسلاميه‌كان درێژكراوه‌ به‌ تايبه‌تى كۆمه‌ڵى ئيسلامى به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ ڕابردووخاوه‌نى باڵى سه‌ربازى بووه‌‌ و يه‌كێك بووه‌ له‌و حيزبانه‌ى سه‌نگ و قورسايى هه‌بووه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان , كه‌ 6 كورسى له‌ خولى چواره‌مى په‌رله‌مانى كوردستان هه‌بووه‌ .

هه‌ڵمه‌تى ده‌ستگيركردنى كاديرانى كۆمه‌ل سياسى يه‌ و زياتر په‌يوه‌ندى به‌و دۆخه‌ى كوردستان هه‌يه‌ كه‌ پێ ى دا تێپه‌ر ده‌بێت و په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمه‌ڵ و پارتى به‌هۆى چه‌ند بابه‌تێكه‌وه‌ به‌ره‌و خراپى چووه‌ وه‌ك ياساى تيرۆر بۆ ماوه‌ى دووساڵ كارپێكردنى درێژكرايه‌وه‌ , كه‌ كۆمه‌ل له‌گه‌ڵى دانه‌بوو , به‌ڵام هه‌ريه‌ك له‌ پارتى و يه‌كێتى و گۆڕان و يه‌كگرتوو ده‌نگيان پێ دا .

 

،،

ئه‌وه‌ى مه‌هزه‌له‌ بوو ئه‌و سێ گه‌نجه‌ به‌شه‌ڕواڵ و نه‌عل و ده‌مانچه‌يه‌كه‌وه‌ كرده‌وه‌كه‌يان ئه‌نجام داوه‌ , وه‌ك هێرشێكى تيرۆريستى زۆر ڕێكخراو نه‌بووه‌ وه‌ هيچ ڕێكخراوێكى تيرۆريستى وه‌ك داعش يان قاعيده‌ به‌رپرسيارێتى هێرشه‌كه‌يان نه‌گرته‌ ئه‌ستۆ

 

هێرشبەرانی سەر بینای پارێزگای هەولێر

 

هێرشه‌كه‌ى سه‌ر بينايه‌ى پارێزگا

ڕۆژى دووشه‌مه‌ 23-7-2018 سێ چه‌كدار به‌ناوه‌كانى (عبدالرحمن ره‌حيم قادر حسێن )ته‌مه‌ن 16 ساڵ  به‌ ئه‌سل خه‌ڵكى دوزخورماتوون و باوكى پله‌ى ڕائيده‌ له‌ نه‌هێشتنى توندوتيژى دژى ژنان و سه‌ر به‌ پارتى يه‌.

(ڕه‌هێل محمد ڕوسته‌م ناسراو به‌ عه‌لى )له‌دايك بووى ساڵى 2002 ته‌مه‌نى 16ساڵ باوكى مقدمى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى يه‌ , ئه‌و چه‌كه‌كانى بۆ دوانه‌كه‌ى ديكه‌ دابين كردووه‌ . (بيلال سلێمان عبدالڕحمن)ته‌مه‌نى 18 ساڵ بوو قوتابى پۆلى 12 بووه‌ له‌  ئاماده‌يى به‌هێزى كوڕان و دانيشتوى گه‌ڕه‌كى قه‌ڵاتى نوێ يه‌ (1)‌  هه‌رسێكيان له‌ سه‌عات 7,15 خوله‌كى به‌يانى هێرشيان كرده‌ سه‌ر بينايه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر , سه‌ره‌تا پاسه‌وانێكى به‌رده‌رگاى پارێزگايان بريندار كرد و دواتر چه‌كى كلاشينكۆفه‌كه‌يان بردووه‌ و چوونه‌ته‌ ناو بينايه‌ى پارێزگا و كۆنتڕۆڵيان كرد و بۆ ماوه‌ى پێنج سه‌عات مقاوه‌مه‌يان كرد .

سه‌ره‌تا ڕاگه‌يه‌نرا دوانيان كوژراون كه‌ ته‌واوى بيناكه ‌له‌لايه‌ن ده‌زگا ئه‌منيه‌كانه‌وه‌  كۆنتڕۆل كرا ڕاگه‌يه‌نرا هه‌رسێ چه‌كداره‌كه‌ كوژراون .له‌هێرشه‌كه‌ كارگوزارێكى پارێزگا گيانى له‌ده‌ستدا كه‌ مه‌سيحيه‌ و خه‌ڵكى شقلاوه‌يه‌ .

له‌ هێرشه‌كه‌دا نه‌هێلدرا پۆليس نزيك بێته‌وه‌ ته‌نها له‌سه‌ره‌تا ئاسايش به‌شداربوو دواترهێزێكى پاراستن هاتن و خۆيان كرده‌كه‌يان ئه‌نجامدا .(2)

ئه‌و سێ گه‌نجه‌ ته‌نها هه‌ريه‌كه‌يان ده‌مانچه‌يه‌كى پێ بووه‌ , ئه‌وه‌نده‌ نه‌شاره‌زابوونه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ له‌ناو بيناى پارێزگاى هه‌ولێر ژوور به‌ژوور گه‌ڕاون و نه‌چوونه‌ته‌ هه‌موو ژوره‌كانيش چونكه‌ هه‌ندێك ژور ته‌نانه‌ت ده‌رگاكه‌شى نه‌كراوه‌ته‌وه‌ , چونكه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌وامى فه‌رمى ده‌ستى پێ نه‌كردبوو ژووره‌كان قفل درابوون .

هه‌رچه‌نده‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌بوو داعش له‌پشت هێرشه‌كه‌ بێت , به‌ڵام داعش هيچ به‌رپرسيارييه‌تى خۆى له‌ هێرشه‌كه‌ ڕانه‌گه‌ياند.

دواى ڕووداوه‌كه‌ بنه‌ماڵه‌ى يه‌كێك له‌ تاوانباره‌كان به‌ناوى (شێخ مه‌لا عبدالڕحمن وه‌رتى) ڕاگه‌يه‌نراوێكيان بڵاوكرده‌وه‌ و بێ به‌رى خۆيان له‌وكاره‌ى مێردمنداڵه‌كه‌يان ڕاگه‌ياند و به‌هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراويان دانا و ده‌ڵێن (هه‌ركات بۆمان ده‌ركه‌وت كێ ده‌ستى هه‌بووه‌ له‌هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنى ئه‌و كوڕه‌ى ئێمه‌ ئه‌وا داواى ياسايى له‌سه‌ر تۆمارده‌كه‌ين ) . (3)

هێرشبەرانی سەر بینای پارێزگای هەولێر

ئه‌وه‌ى مه‌هزه‌له‌ بوو ئه‌و سێ گه‌نجه‌ به‌شه‌ڕواڵ و نه‌عل و ده‌مانچه‌يه‌كه‌وه‌ كرده‌وه‌كه‌يان ئه‌نجام داوه‌ , وه‌ك هێرشێكى تيرۆريستى زۆر ڕێكخراو نه‌بووه‌ وه‌ هيچ ڕێكخراوێكى تيرۆريستى وه‌ك داعش يان قاعيده‌ به‌رپرسيارێتى هێرشه‌كه‌يان نه‌گرته‌ ئه‌ستۆ , ته‌نانه‌ت بووه‌ به‌شێك له‌سه‌رچاوه‌ى نوكته‌ و گاڵته‌ و هێرشكاره‌كان ته‌مه‌نيان زۆر بچوك بوو كه‌ 18 و 16 ساڵان بوون , ئه‌گه‌ر ده‌زگا ئه‌منيه‌كان به‌وريايى و به‌به‌كارهێنانى گازى فرمێسك ڕێژ ڕه‌نگه‌ بيان توانيبا به‌زيندوويى ده‌ستگيريان بكه‌ن , كه‌ سه‌رئه‌نجام بووه‌ هۆى كوژرانى هه‌رسێكيان له‌ناو بيناى پارێزگاى هه‌ولێر .

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ڕووداوه‌ زۆر باس و خواسى له‌باره‌يه‌وه‌ كرا , چونكه‌  ڕووداوى له‌و شێوه‌يه‌ ده‌گمه‌نه‌ , به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌كه‌يان به‌ته‌واوى جێ به‌جێ بكرابا و هه‌ر پێنج گه‌نجه‌كه‌ به‌شدارى هێرشه‌كه‌يان بكردبا و چه‌كى باشتريان پێ بووايه‌ , و مه‌لا ئيسماعيل ده‌ستگير نه‌كرابا پێش هێرشه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ قه‌باره‌ى ڕووداوه‌كه‌ و زيانه‌كانى گه‌وره‌تر ده‌بوو .

ڕاسته‌وخۆ دواى ڕووداوه‌كه‌ نه‌وزاد هادى پارێزگاره‌ هه‌ولێر به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ريكاى وت : (يه‌كێك له‌و تيرۆريستانه‌ى هێرشى كرده‌ سه‌ر بيناى پارێزگاى هه‌ولێر ناسنامه‌ى حيزبێكى ئيسلامى هه‌رێمى كوردستانى پێ بووه‌ -مه‌به‌ستى كۆمه‌ڵى ئيسلامى بوو -هه‌تا له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ى بۆ ئه‌و حيزبه‌ ده‌كرد) . كه‌چى دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ گه‌نجێكى ديكه‌ ده‌چێت , ئه‌و گه‌نجه‌ى كۆمه‌ڵى ئيسلامى نه‌بوو كه‌ بانگه‌شه‌ى بۆ كۆمه‌ل ده‌كرد .

له‌باره‌ى ئه‌و گه‌نجه‌وه‌ سه‌ليم شوشكه‌يى ده‌ڵێت (ئه‌وه‌ى نه‌وزاد هادى وتى له‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ريكا له‌سه‌ر گه‌نجه‌كه‌ درۆيه‌كى شاخداره‌ و ده‌يانه‌وێت ده‌ستى چه‌ورى خۆيان له‌ شكستى ئه‌منى به‌ لايه‌نێكى تر بسڕن ) .

دواى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ى نه‌وزاد هادى پارێزگارى هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ده‌نگى ئه‌مه‌ريكا -25/7/2018- سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كۆمه‌ڵى ئيسلامى له‌ فه‌يسبوكى خۆى ده‌نوسێت : (پارێزگارى هه‌ولێر ده‌ڵێت يه‌كێك له‌ تيرۆريسته‌كانى هێرشه‌كه‌ى بيناى پارێزگا ناسنامه‌ى حيزبێكى پێ بووه‌ و بانگه‌شه‌ى بۆ ئه‌و حيزبه‌ كردووه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سه‌ به‌بۆچونى ئه‌وان له‌و تيرۆريسته‌ ده‌چێت ) .

وێنه‌ى يه‌كێك له‌و تيرۆريستانه‌ى سه‌ر بيناى پارێزگاى هه‌ولێر له‌وێنه‌ى گه‌نجێك ده‌چێت كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوو له‌ سه‌يدصادق بانگه‌شه‌ى بۆ ليستى كۆمه‌ڵى ئيسلامى كردووه‌ به‌ڵام وانه‌بوو .

وه‌ باسى ڕووداوى هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌ناڵى ڕووداويش ده‌كات له‌ هه‌ولێر كه‌ كۆمه‌ڵ تۆمه‌تباركرد كه‌ به‌نارنجۆك هێرشيان كردۆته‌ سه‌ر كه‌ناڵه‌كه‌ به‌ڵام وانه‌بوو . وه‌ ده‌ڵێت :(ئه‌گه‌ر باوكى يه‌كێك له‌ تيرۆريسته‌كان عه‌قيدى حيزبێك بێت و ده‌مانچه‌كان هى ئه‌و بێ بۆ باسى ناكه‌ن ) .(4)

 

،،

کۆمەڵی ئیسلامی به‌ستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌كانى به‌هێرشه‌كه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر به‌تێكه‌ڵ كردنى بابه‌ته‌كان و ته‌سفيه‌ى حيسابات ده‌زانێت و ده‌ڵێت پارتى تۆڵه‌ له‌ كۆمه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆى هه‌ڵوێسته‌كانى ڕابردوودا

 

هه‌ڵوێستى كۆمه‌ڵى ئيسلامى

كۆمه‌ڵى ئيسلامى ئه‌و ڕوداوانه‌ى به‌سياسى له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و به‌رپرسانى كۆمه‌ڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ ساڵانى ڕابردوو (زياتر له‌ 1600 ئه‌ندام و لايه‌نگرييان له‌ لايه‌ن ئاسايشى هه‌ولێره‌وه‌ بانگكراون بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ و هه‌روه‌ها 6 ئه‌ندامى حيزبه‌كه‌شيان تاكو ئێستا بێسه‌روشوێنن ) .(5)

به‌گوێره‌ى هه‌ندێك زانيارى ده‌زگا ئه‌منيه‌كان پێشتر زانيارى ئه‌وه‌يان هه‌بووه‌ كرده‌وه‌يه‌ك يان هێرشێكى تيرۆريستى له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێت , به‌ڵام به‌ديارى كراوى نه‌يانزانيووه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر بيناى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌بێت .

ده‌ستگيركردنى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵ

دواى ڕووداوه‌كه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر ئاسايش چوونه‌ سه‌ر ماڵى (حه‌ميد مسته‌فا ئيسماعيل) و كوڕێكى به‌ناوى (محمد) ده‌ستگيركراون كه‌ به‌رپرسى بازنه‌ى قه‌ڵاى نوێ ى كۆمه‌ڵى ئيسلامى يه‌ . به‌رپرسانى كۆمه‌ڵ ده‌ڵێن به‌ بێ هۆ گيراوه‌ , وه‌ ده‌ڵێن به‌ستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌كانى به‌هێرشه‌كه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر به‌تێكه‌ڵ كردنى بابه‌ته‌كان و ته‌سفيه‌ى حيسابات ده‌زانێت و ده‌ڵێن پارتى تۆڵه‌ له‌ كۆمه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆى هه‌ڵوێسته‌كانى ڕابردوويه‌وه‌ .(6)

،،

سۆران عومەر :مامۆستا هيچ شتێكى واى له‌سه‌ر نيه‌ كه‌ خۆى پێ وابێت شايانى ئه‌وه‌يه‌ هه‌ڵبێت , به‌ڵام منداڵێكى نه‌خۆشى هه‌يه‌ ,‌ دوو كون له‌دڵى دايه‌ و پێويستى به‌چاره‌سه‌ره‌ , بۆيه‌ هێناويه‌تى بۆ سلێمانى و دواى چاره‌سه‌رى منداڵه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌ هه‌ولێر

 

مه‌لا سه‌ليم شوشكه‌يى

له‌ 15-7-2018 ئاسايشى هه‌ولێر چوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵى سه‌ليم شوشكه‌يى په‌رله‌مانتارى عێراق و مامۆستاى ئاينى و ماڵه‌كه‌يان پشكنيووه‌ , به‌ڵام ئه‌و له‌ماڵه‌وه‌ نه‌بووه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵى ئيسلامى ڕايگه‌ياند به‌سه‌ردانێك بۆ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشى منداڵه‌كه‌ى چۆته‌ ئێران و له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌شى له‌ سلێمانى ماوه‌ته‌وه‌ تاكو ئێستا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌ولێر چونكه‌ ئاسايش ڕايگه‌ياندووه‌ هه‌ركاتێك بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر ده‌ستگير ده‌كرێت .

به‌ وته‌ى سه‌ليم شوشكه‌يى :(ئه‌و هێرشه‌ ناڕه‌وايه‌ كراوه‌ته‌ سه‌رمان‌ و به‌نيازى ناوزڕاندن و شكان و ناشيرين كردنمانن ئه‌گه‌ر دادگايه‌كى سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت ئاماده‌ين بچينه‌ به‌رده‌م دادگا , به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ لێدانه‌ له‌ كۆمه‌ڵى ئيسلامى ئه‌مه‌ش به‌هۆى هه‌ڵوێسته‌كانمانه‌وه‌يه‌ ) . (7) (هيچ كێشه‌يه‌كم له‌گه‌ڵ ئاسايشى هه‌ولێر نيه‌ ته‌نها له‌ 10 ڕۆژى ڕابردوو له‌كاتێكدا له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌بووم بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ خۆيان داوايان كردبوو ماڵه‌كه‌م بپشكنن و كامێڕاى چاودێرى خانووه‌كه‌ميان بردووه‌ دواتر ڕۆيشتوون ). (8)

كێشه‌ى سه‌ليم شوشكه‌يى كۆنه‌ به‌وته‌ى مه‌ريوان نه‌قشبه‌ندى به‌ڕيوه‌به‌رى په‌يوه‌ندييه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف (له‌ ساڵى 2014 دايك و باوكى كۆمه‌ڵێك گه‌نجى شارى هه‌ولێر كه‌ منداڵه‌كانيان چوونه‌ ڕێزى داعشه‌وه‌ هاوكات به‌هۆى توندى وتاره‌كانيان سكاڵايان له‌سه‌ر مه‌لا سه‌ليم شوشكه‌يى تۆماركرد , به‌ڵام ناوبراو ئه‌و كات نكوڵى لێكرد و به‌هۆى ئه‌وه‌ى  حه‌سانه‌ى په‌رله‌مانى هه‌بوو نه‌توانرا ده‌ستگير بكرێت  ) (9)

سەلیم شوشکەیی

به‌ وته‌ى تارق نورى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر : (به‌ڵگه‌ى ته‌واو هه‌يه‌ له‌سه‌ر مه‌لا سه‌ليم شوشكه‌يى كه‌ سه‌ر به‌ گڕوپى تيرۆريستى داعشه‌ و له‌ دادگا فه‌رمانى گرتنى بۆ ده‌رچووه‌ , ئێستا پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانى نه‌ماوه‌ و ده‌مانه‌وێ ده‌ستگيرى بكه‌ين  پێشتريش وه‌زاره‌تى ناوخۆ نوسراوى بۆ په‌رله‌مانى عێراق كردبوو له‌سه‌ر سه‌ليم شوشكه‌يى به‌داخه‌وه‌ په‌رله‌مانى عێراق وه‌ڵامى نه‌بوو ) (10)

 

سۆران عومه‌ر وه‌ڵامى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ده‌داته‌وه‌ : (ئه‌گه‌ر مامۆستا شتێكى له‌سه‌ره‌ با دادگا بێلايه‌نانه‌ له‌كه‌يسه‌كه‌ بكۆڵێته‌وه‌ , ئه‌م كه‌يسه‌ له‌ساڵى 2016 ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ناردويه‌تى بۆ په‌رله‌مانى عێراق بۆ هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌سه‌رى , به‌ڵام پارێزبه‌ندييه‌كه‌ى له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌گيرا و كه‌يسه‌كه‌ وه‌ك خۆى مايه‌وه‌ , مامۆستا سه‌ليم دووجار به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ى له‌گه‌ڵ دادوه‌ره‌كه‌ كردووه‌ , جارێكيش خۆى چووه‌ته‌ لاى , به‌ڵام دادوه‌ره‌كه‌ پێيگوتووه‌ تاوه‌كو پارێزبه‌ندييت له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌گيرێ , ناتوانين لێكۆڵينه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌ين ) (11)

مه‌لا سه‌ليم له‌كوێ بوو ؟

له‌باره‌ى هه‌ڵاتنى مه‌لا سه‌ليم بۆ سلێمانى و به‌جێهێشتنى شارى هه‌ولێر له‌ترسى ده‌ستگيركردنى له‌لايه‌ن ئاسايشى هه‌ولێر  سۆران عومه‌ر وه‌ڵامى ئه‌وه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ :(مامۆستا هيچ شتێكى واى له‌سه‌ر نيه‌ كه‌ خۆى پێ وابێت شايانى ئه‌وه‌يه‌ هه‌ڵبێت , به‌ڵام منداڵێكى نه‌خۆشى هه‌يه‌ ,‌ دوو كون له‌دڵى دايه‌ و پێويستى به‌چاره‌سه‌ره‌ , بۆيه‌ هێناويه‌تى بۆ سلێمانى و دواى چاره‌سه‌رى منداڵه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌ هه‌ولێر )  (12)

،،

سه‌ليم شوشكه‌يى له‌ 29-7-2018 له‌ دادگاى لێكۆڵينه‌وه‌ى سلێمانى سكاڵاى ياسايى له‌سه‌ر تارق نورى تۆماركرد , هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش ڕاگه‌يه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ , به‌هۆى ناوزڕاندن و تۆمه‌تباركردنى به‌داعش له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر

 

هه‌ڵوێستى چوار حيزبه‌كه‌ له‌سه‌ر مه‌لا سه‌ليم

دواى ئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر مه‌لا سه‌ليم شوشكه‌يى تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ى په‌يوه‌ندى به‌ داعشه‌وه‌ هه‌يه‌ .

هه‌ر چوار فڕاكسيۆنى (گۆڕان , يه‌كگرتوو , كۆمه‌ڵ , بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى )له‌ به‌ياننامه‌يه‌كى هاوبه‌ش پشتيوانى خۆيان بۆ مه‌لا سه‌ليم ده‌ربڕى و داوايان كرد ده‌زگا ئه‌منيه‌كان به‌كارنه‌هێنرێن بۆ دژايه‌تى هيچ كه‌س و لايه‌نێك .

چوار حيزبه‌كه‌ ڕايانگه‌ياند : ناوهێنانى مه‌لا سه‌ليم بۆ شكاندنى كه‌سێتى و ناوزڕاندن و له‌كه‌داركردنيه‌تى و تۆمه‌تى بێ به‌ڵگه‌ و بێ بڕيارى دادگا ڕه‌تده‌كه‌ينه‌وه‌ , به‌پاكتاوى سياسى و مه‌رامى حيزبى داده‌نێين . (13)

شوان ڕابه‌ر بڕيارده‌رى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى كۆمه‌ڵى ئيسلامى دواى قسه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر: هه‌موو تۆمه‌ته‌كانى سه‌ر مه‌لا سه‌ليم ى ڕه‌تكرده‌وه‌ .

ده‌ڵێت : (ته‌نانه‌ت ئيداره‌ى سلێمانى بڕوا به‌و تۆمه‌تانه‌ى پارتى ناكات بۆيه‌ من له‌سلێمانيم و له‌شارى خۆم كه‌س پێ ى نه‌وتووم فه‌رمانى ده‌ستگيركردنت هه‌يه‌ جگه‌ له‌ پارتى ) (14)

وه‌ ده‌ڵێت:(سكاڵاى ياسايى له‌سه‌ر تارق نورى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر تۆماركردووه‌ و ئێستا فه‌رمانى ده‌ستگيركردنى هه‌يه‌ له‌ سلێمانى ).

سه‌ليم شوشكه‌يى له‌ 29-7-2018 له‌ دادگاى لێكۆڵينه‌وه‌ى سلێمانى سكاڵاى ياسايى له‌سه‌ر تارق نورى تۆماركرد , هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش ڕاگه‌يه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ , به‌هۆى ناوزڕاندن و تۆمه‌تباركردنى به‌داعش له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر . (15)

زۆربه‌ى زانيارييه‌كان له‌سه‌ر مه‌لا سه‌ليم شوشكه‌يى و تۆمه‌تباركردنى دواى ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ هات كه‌ سايتى فه‌رمى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر له‌ 24-7-2018 واته‌ ڕۆژێك دواى ڕووداوه‌كه‌ى سه‌ر پارێزگاى هه‌ولێر ئه‌نجام دراوه‌ . 

مه‌لا مه‌حمودى ئازادى به‌رپرسى مه‌كته‌بى زانايانى كۆمه‌ڵى ئيسلامى ده‌ڵێت:(تۆمه‌تباركردنى سه‌ليم شوشكه‌يى سياسيه‌ و په‌يوه‌ندى به‌و ساردييه‌وه‌ هه‌يه‌ كه‌ له‌نێوان كۆمه‌ڵ و پارتى هه‌يه‌ ) . (16)

شوان ڕابه‌ر به‌ سايتى سۆمه‌ڕيه‌ نيوزى وتووه‌ (هۆكارى تۆمه‌تباركردنى ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ ڕيزى ئۆپۆزسيۆن داين و ڕووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى ئيدارى و سياسى بووينه‌ته‌وه‌ له‌به‌ره‌ى گه‌لين ) . (17)

ماڵپه‌رى فه‌رمى پارتى (PDK.info) چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر كردووه‌ دواى ڕووداوه‌كه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ئاراسته‌ى مه‌لا سه‌ليم كردووه‌ , له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆ فه‌رمانى ده‌ستگيركردنى هه‌يه‌ ده‌ستگيرى ناكه‌ن كه‌ ئێستا له‌ سلێمانى , ده‌ڵێن ئێستا ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌يان له‌گه‌ڵ ئاسايشى سلێمانى نيه‌ تاكو بتوانن ده‌ستگيرى بكه‌ن له‌ سلێمانى .(18)

 

،،

به‌وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر هه‌رپێنج گه‌نجه‌كه‌‌ , ئه‌و دوانه‌ى ده‌ستگيركراون له‌گه‌ڵ سێ گه‌نجه‌كه‌ى ديكه‌ كه‌ هێرشيان كرده‌ سه‌ر بيناى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ڕێگاى مه‌لا ئيسماعيل به‌يعه‌تيان به‌داعش داوه‌ و به‌هۆى په‌يوه‌ندى به‌داعشه‌وه‌ ده‌ستگيركراون به‌فه‌رمانى دادگا , وه‌ مه‌لا ئيسماعيل يش دووجار به‌يعه‌تى به‌داعش داوه‌ و له‌ دانپيانانه‌كانيشى  ته‌ئكيدى له‌وه‌ كردۆته‌وه‌

 

مه‌لا ئيسماعيل سوسه‌يى

له‌ 30-6-2018 مه‌لا ئيسماعيل سوسه‌يى له‌ په‌يچى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌لايه‌تى فه‌يسبوك نووسيويه‌تى (به‌مزوانه‌ به‌ده‌نگ و ڕه‌نگ دێينه‌وه‌ خزمه‌تتان بۆ به‌رنامه‌كانى په‌يچ) سێ ڕۆژ دواى ئه‌و پۆسته‌ له‌ 3-7-2018 مه‌لا ئيسماعيل له‌لايه‌ن ئاسايشى هه‌ولێر ده‌ستگيرده‌كرێت , به‌ڵام نابێته‌ باسى ميدياكان تاكو ئه‌و كاته‌ى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر بيناى پارێزگاى هه‌ولێر ئه‌نجامدرا. رۆژێك دواى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر بيناى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ 24-7-2018 به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر ده‌ستگيركردنى مه‌لا ئيسماعيل ى ڕاگه‌ياند كه‌ دانى به‌وه‌ ناوه‌‌ هه‌وڵى داوه‌ كارى تيرۆريستى بكات , په‌يوه‌ندى به‌داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌ و دووجار به‌يعه‌تى پێداون . (19)ئينجا بووه‌ باسى ميدياكان .

 

مه‌لا ئيسماعيل سوسه‌يى

مه‌لا ئيسماعيل له‌ ساڵى 2011 به‌هۆى ڕه‌خنه‌گرتن له‌ياساى له‌ياساى بارى كه‌سێتى كه‌ ‌ په‌رله‌مانى كوردستان گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌كرد , به‌تايبه‌تيش له‌سه‌ر ئه‌و برگه‌ و ماده‌يه‌ى كه‌ فره‌ژنى قه‌ده‌غه‌كرد . به‌تايبه‌تى پارتى كه‌ دواجار بووه‌ هۆى دورخستنه‌وه‌ى له‌وتاربێژى . له‌وتارێكى دا ئه‌وكات ده‌نگدانه‌وه‌يه‌كى زۆرى هه‌بوو له‌ناو خه‌ڵك كه‌ باسى چيڕۆكى پياوێك ده‌كات , كه‌ ده‌بێته‌ كوێخاو ده‌مڕاستى خه‌ڵك و به‌رده‌وام خه‌ڵكى گونده‌كه‌ ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌ر ڕازيه‌ و ده‌نگ ناكات , پارتى به‌و كوێخايه‌ چواند .

هه‌رچه‌نده‌ دۆسيه‌كه‌ى مه‌لا ئيسماعيل په‌يوه‌ندى به‌ كۆمه‌ڵى ئيسلامى يه‌وه‌ نيه‌ , به‌ڵام به‌هۆى لايه‌نى ئاينى يه‌وه‌ بووه‌ به‌شێك له‌وهه‌ڵمه‌ته‌ى كه‌ بۆ تۆمه‌تباركردنى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵ ده‌ستى پێكردبوو .

له‌گه‌ل دانپيادانانى مه‌لا ئيسماعيل دانپيانانى دوو مێردمنداڵيشى بڵاوكرده‌وه كه‌ هاوكارى ئه‌و هێرشه‌ بوون به‌ڵام نه‌يانتوانيوه‌ به‌شدارى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر بيناى پارێزگاى هه‌ولێر بكه‌ن به‌وته‌ى خۆيان به‌هۆى ده‌ستگيركردنى مه‌لا ئيسماعيل نه‌يانتوانيووه‌ چه‌ك بۆ هێرشه‌كه‌ ئاماده‌بكه‌ن . محمد شێرزاد له‌ 2015 به‌به‌ڵگه‌ى داعش بوونى بۆ ماوه‌ى ساڵێك به‌بڕيارى دادگا حوكم دراوه‌ , به‌ڵام دواى ئازادبوونى جارێكى ديكه‌ په‌يوه‌ندى به‌داعشه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ .(20)

‌ ئێواره‌ى ڕۆژى پێنج شه‌مه‌ 2-8-2018 ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌يه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ , كه‌ تێيدا هاتووه‌ ئه‌و گڕوپه‌ له‌ پێنج ئه‌ندامى سه‌ره‌كى پێكهاتووه‌ , بريتين له‌ (عبدالرحمن رحيم قادر , بلال سلێمان عبدالرحمن , ڕه‌هێل محمد ڕۆستم ناسراو به‌ عه‌لى, محمد جبار , محمد شێرزاد) .

به‌پێ ى دانپيانانه‌كان هاوكار و هانده‌رى گڕوپه‌كه‌ (ئيسماعيل نجم الدين )ناسراو به‌ (مه‌لا ئيسماعيل سوسه‌يى)بووه‌ , كه‌ له‌ ساڵى 2014 په‌يوه‌ندى به‌ داعش كردووه‌ و به‌يعه‌تى پێ داون , به‌پێ ى ڕاگه‌يه‌نراوه‌كه‌  چه‌ك و پاره‌ و پێداويستى بۆ گڕوپه‌كه‌ دابين كردووه‌ , بۆ هێرشه‌كه‌ى سه‌ر پارێزگا . هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر له‌ ڕاگه‌يه‌نراوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ له‌ 3-7-2018 واته‌ بيست ڕۆژ پێش هێرشه‌كه‌ ده‌ستگيركراوه‌ و سێ هێرشكاره‌كه‌ى سه‌ر پارێزگاش ده‌مانچه‌ى ماڵه‌وه‌يان بردووه‌ نه‌ك چه‌كى مه‌لا ئيسماعيل بووبێت , ته‌واوى دانپيانانه‌كانيان به‌ڤيديۆ له‌سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانى ميديا بڵاوكرايه‌وه‌ , كه‌ دووجار به‌يعه‌تى به‌داعش داوه‌ و زانيارى سيخوڕى له‌سه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ داوه‌ته‌ داعش .

 

به‌وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر هه‌رپێنج گه‌نجه‌كه‌‌ , ئه‌و دوانه‌ى ده‌ستگيركراون له‌گه‌ڵ سێ گه‌نجه‌كه‌ى ديكه‌ كه‌ هێرشيان كرده‌ سه‌ر بيناى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ڕێگاى مه‌لا ئيسماعيل به‌يعه‌تيان به‌داعش داوه‌ و به‌هۆى په‌يوه‌ندى به‌داعشه‌وه‌ ده‌ستگيركراون به‌فه‌رمانى دادگا , وه‌ مه‌لا ئيسماعيل يش دووجار به‌يعه‌تى به‌داعش داوه‌ و له‌ دانپيانانه‌كانيشى  ته‌ئكيدى له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ . (21)

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف ده‌ڵێت:(ماوه‌ى چوار ساڵ ده‌بێت مه‌لا ئيسماعيل سوسه‌يى كارمه‌ندى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف نه‌ماوه‌ بۆيه‌ به‌دواداچونيان له‌سه‌رى نه‌كردووه‌) (22)

يه‌كێتى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان سه‌ره‌تا بێ ئاگايى خۆى ڕاگه‌ياند له‌سه‌ر ده‌ستگيركردنى و گومانى له‌ده‌ستگيركردنى هه‌بوو , به‌ڵام دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى دانپيانانه‌كانى مه‌لا ئيسماعيل له‌لايه‌ن ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان بێده‌نگى هه‌ڵبژارد .

،،

 عبدالخالق طلعت به‌ڕێوه‌به‌رى پۆليسى هه‌ولێر  : فه‌رمانى ده‌ستگيركردن بۆ سۆران عومه‌ر ده‌رچووه‌ و چه‌ند جارێكيش داواكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستگير بكرێت , به‌ڵام په‌رله‌مان ئه‌و كاره‌ى نه‌كردووه‌ بۆيه‌ هه‌ركاتێك له‌ په‌رله‌مان نه‌ما ده‌ستگير ده‌كرێت

 

كێشه‌ى سۆران عومه‌ر چى يه‌ ؟

بۆچى پارتى به‌ دۆسيه‌ى ڕۆژنامه‌نووس محمد سياسى تۆمه‌تبارى ده‌كات ؟

پارتى دۆسيه‌ى ڕۆژنامه‌نووس (محمد سياسى ئه‌شكه‌نه‌يى)وڕوژاندووه‌ كه‌ چه‌ندين جاره‌ وه‌ك كارتى فشار دژى سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كۆمه‌ڵى ئيسلامى به‌كاريده‌هێنێت . ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ هاوڕێ ى سۆران عومه‌ر بووه‌ و به‌يه‌كه‌وه‌ كارى ڕۆژنامه‌نووسيان كردووه‌ ساڵى 2007 به‌سه‌ردانێك دێته‌ هه‌ولێر , له‌گه‌ڵ سۆران عومه‌ر به‌يه‌كه‌وه‌ ده‌چنه‌ چێشتخانه‌يه‌ك و نان ده‌خۆن له‌و كاته‌دا (محمد سياسى) ته‌له‌فۆنێكى بۆ دێت , ئه‌مه‌ دوايين په‌يوه‌ندى ده‌بێت و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ون ده‌بێت و تاكو ئێستا چاره‌نووسى ديار نيه‌ , دوايين كه‌س كه‌ بينيوويه‌تى سۆران عومه‌ر بووه‌ , و بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ سكاڵايان دژى سۆران عومه‌ر تۆماركردووه‌ ,تاكو بچێته‌ به‌رده‌م دادگا و شايه‌تى خۆى و زانيارييه‌كانى بدات به‌دادگا له‌ سه‌ر ديارنه‌مانى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌  به‌ڵام ئاماده‌ نيه‌ بچێته‌ به‌رده‌م دادگا , چونكه پارێزبه‌ندى(‌ حه‌سانه‌ى)په‌رله‌مانى هه‌يه‌ دادگاش ناتوانێت ده‌ستگيرى بكات .بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ش سۆران عومه‌ر به‌تاكه‌ سه‌ره‌داوى چاره‌نووسى كوڕه‌كه‌يان ده‌زانن .

سۆران عومه‌ر

به‌وته‌ى عبدالخالق طلعت به‌ڕێوه‌به‌رى پۆليسى هه‌ولێر  (فه‌رمانى ده‌ستگيركردن بۆ سۆران عومه‌ر ده‌رچووه‌ و چه‌ند جارێكيش داواكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستگير بكرێت , به‌ڵام په‌رله‌مان ئه‌و كاره‌ى نه‌كردووه‌ بۆيه‌ هه‌ركاتێك له‌ په‌رله‌مان نه‌ما ده‌ستگير ده‌كرێت). (23)

له‌وكاته‌وه‌ سۆران عومه‌ر له‌سلێمانى يه‌ و تاكو يه‌كه‌م دانيشتنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان نه‌گه‌ڕايه‌وه‌ هه‌ولێر .

ئه‌نجومه‌نى سياسى كۆمه‌ڵى ئيسلامى و سۆران عومه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌يان ڕه‌تكرده‌وه‌ .

سۆران عومه‌ر ده‌ڵێت(ئاسايش و پۆليسى هه‌ولێر بنه‌ماڵه‌ى ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌كارده‌هێنن له‌بڕى گه‌ڕان به‌دواى چاره‌نووسى ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌دا , وه‌خۆى به‌داكۆكيكارى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ ده‌زانێت و ئه‌گه‌ر پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانيشى نه‌مێنێت ئاماده‌يه‌ بچێته‌ به‌رده‌م دادگا) (24)

هه‌ركاتێك پارتى بيه‌وێت فشار بۆ كۆمه‌ڵى ئيسلامى و سۆران عومه‌ر بهێنێت ڕاسته‌وخۆ ئه‌و دۆسيه‌ ده‌وڕوژينێت .به‌تايبه‌تيش (گوڵان)ى خوشكى ڕۆژنامه‌نووس (محمد سياسى) كه‌ له‌ ئێستادا كارمه‌ندى كه‌ناڵى كوردستان 24 (K24) , به‌رده‌وام به‌دواى دۆسيه‌كه‌يه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رداوێكيان له‌باره‌ى چاره‌نووسى براكه‌ى ده‌ستبكه‌وێت .

،،

كۆتايى ساڵى 2018 ڕاگه‌يه‌نرا كه‌ كێشه‌كانى كۆمه‌ڵى ئيسلامى و مه‌لا سه‌ليم شوشكه‌يى له‌گه‌ڵ پارتى چاره‌سه‌ركراوه‌ و مه‌لا سه‌ليم يش گه‌راوه‌ته‌وه‌ شارى هه‌ولێر بێ ئه‌وه‌ى ده‌ستگير بكرێت و هيچ ورده‌كارييه‌كيش له‌وباره‌يه‌وه‌ ڕابگه‌يه‌نرێت

هه‌ڵوێستى نه‌وه‌ى نوێ له‌سه‌ر فشاره‌كانى پارتى بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵ

هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ى حيزب و لايه‌نه‌ سياسيه‌كانى كوردستان له‌كاتى ئه‌و گرژى و ئاڵۆزيانه‌ى له‌ په‌يوه‌ندى نێوان پارتى و كۆمه‌ڵ دروست بوو بێده‌نگيان هه‌ڵبژارد , به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نه‌وه‌ى نوێ يه‌كه‌مين لايه‌ن و حيزب بوو  له‌ كوردستان ڕاسته‌وخۆ ئيدانه‌ى تۆمه‌تباركردنى كۆمه‌ڵى ئيسلامى و مه‌لا سه‌ليم شوشكه‌يى كرد  ,‌ ئه‌وه‌ى به‌ته‌سفيه‌ى حيسابى سياسى و دژايه‌تيكردنى كۆمه‌ڵ له‌قه‌ڵه‌م دا به‌هۆى هه‌ڵوێستى دژى پارتى و له‌درێژكردنه‌وه‌ى ياساى تيرۆر كه‌ سه‌ره‌تاى مانگى 7-2018 كۆمه‌ڵى ئيسلامى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نگى به‌و ياسايه‌ نه‌دا . (25)


 ئه‌نجام

له‌كۆتايى ده‌گه‌ينه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمه‌ڵى ئيسلامى كوردستان وه‌ك حيزبێكى ئيسلامى له‌ گه‌ڵ حيزبێكى ده‌سه‌ڵاتدارى وه‌ك پارتى ديموكراتى كوردستان جياوازه‌ له‌ گه‌ڵ حيزبێكى ديكه‌ , چونكه‌ هه‌ركاتێك ئاڵۆزى له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌و دوو حيزبه‌ دروست بووبێت به‌شێكى سه‌ره‌كى په‌يوه‌نديى به‌ كارى تيرۆرو ده‌زگا ئه‌منيه‌كان هه‌بووه‌ , پارتى كۆمه‌ڵى ئيسلامى پێ تۆمه‌تباركردووه‌ , ڕه‌نگه‌ له‌زۆربه‌ى دۆخه‌كانيش تۆمه‌ته‌كه‌ ڕاست ده‌رنه‌چووبێت . به‌ڵام تاكو په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌و دوو حيزبه‌ ئاسايى بۆته‌وه‌ , چه‌ند ئه‌ندام و لايه‌نگرێكى كۆمه‌ڵ له‌لايه‌ن ده‌زگا ئه‌منيه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگيركراون , يان له‌ كاتى گرژى و ئاڵۆزييه‌ سياسيه‌كان وه‌ك ڕێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى ياساى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم و هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێكهێنانى كابينه‌ى حكومه‌ت, له‌ ئێستادا پارتى وه‌ك براوه‌ى يه‌كه‌م بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نۆيه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ته‌نها گفتوگۆى له‌گه‌ڵ يه‌كێتى و گۆڕان كردووه‌ و پێ ناچێت بيه‌وێت كۆمه‌ڵ به‌شدارى حكومه‌ت بكات . بۆيه‌ به‌رده‌وام په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌هه‌ڵكشان و داكشان بووه‌ دۆخێكى جێگيرى به‌خۆيه‌وه‌ نه‌بينيووه‌ .

كۆتايى ساڵى 2018 ڕاگه‌يه‌نرا كه‌ كێشه‌كانى كۆمه‌ڵى ئيسلامى و مه‌لا سه‌ليم شوشكه‌يى له‌گه‌ڵ پارتى چاره‌سه‌ركراوه‌ و مه‌لا سه‌ليم يش گه‌راوه‌ته‌وه‌ شارى هه‌ولێر بێ ئه‌وه‌ى ده‌ستگير بكرێت و هيچ ورده‌كارييه‌كيش له‌وباره‌يه‌وه‌ ڕابگه‌يه‌نرێت .

سه‌رچاوه‌كان :

1- ماڵپه‌ڕى هاوڵاتى له‌ 25-7-2018 www.hawlati.co –ماڵپه‌ڕى ڕووداو له‌ 23-7-2018 www.rudaw.net

2- ڕۆژنامه‌ى ژيان ژماره‌ 53 له‌ 29-7-2018 لاپه‌ڕه‌ 4

3- ماڵپه‌ڕى هاوڵاتى له‌ 25-7-2018www.hawlati.co

 4- ماڵپه‌ڕى خه‌ندان له‌  25-7-2018 www.xendan.org–  ماڵپه‌ڕى لڤين له‌ 25-7-2018www.lvinpress.com

5- ماڵپه‌ڕى NRT له‌ 27-7-2018 www.NRTTV.com

6- ماڵپه‌ڕى خه‌ندان www.xendan.org , ماڵپه‌ڕى NRT له‌ 28-7-2018 www.NRTTV.com, ماڵپه‌ڕى  شارپرێس له‌ 28-7-2018www.sharpress.net

7- ڕۆژنامه‌ى ژيان ژماره‌ 53 له‌29-7-2018‌  لاپه‌ڕه‌ 4

‌ 8-هه‌فته‌نامه‌ى ئاژانس ژماره‌ 97 له‌ 25-7-2018 لاپه‌ڕه‌ 1

9- هه‌فته‌نامه‌ى ئاژانس ژماره‌97

10- هه‌فته‌نامه‌ى رووداو ژماره‌ 516 له‌ 6-8-2018 لاپه‌ره‌ 6

11- هه‌فته‌نامه‌ى  ڕووداو 516

12- هه‌فته‌نامه‌ى ڕووداو 516

13- ماڵپه‌ڕى ئاوێنه‌ له‌ 28-7-2018 www.awene.com

14- ماڵپه‌ڕى NRT له‌ 27-7-2018 www.NRTTV.com

15- ماڵپه‌ڕى  ئاوێنه‌ له‌ 29-7-2018 www.awene.com

16- ماڵپه‌ڕى هاوڵاتى له‌ 25-7-2018 www.hawlati.co

17- ماڵپه‌ڕى لڤين له‌ 29-7-2018 www.lvinpress.com

18- ماڵپه‌ڕى NRT  www.NRTTV.com

19- ماڵپه‌ڕى  هاوڵاتى له‌ 25-7-2018 www.hawlati.co

20- ماڵپه‌ڕى  ڕووداو –خه‌ندان-ئاوێنه‌ - زۆربه‌ى ماڵپه‌ڕه‌كان

21- هه‌فته‌نامه‌ى ئاژانس 97 لاپه‌ڕه‌ 2 . ژيان ژماره‌ 53

22- هه‌فته‌نامه‌ى ئاژانس 97 لاپه‌ڕه‌ 2

23- ڕۆژنامه‌ى ژيان 53

24- ماڵپه‌ڕى  NRT له‌ 27-7-2018 www.NRTTV.com

25- ماڵپه‌ڕى  لڤين له‌ 25-7-2018 www.lvinpress.com , ماڵپه‌ڕى NRT له‌ 24-7-2018 www.NRTTV.com

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك