ڕامانێک لە سیستەمی پەروەردە

دابڕانی قوڵی نێوان تیۆر پراكتیك ھۆیەکی گرنگی مردنی خەیاڵی زانستی و داھێنانە

ڕامانێک لە سیستەمی پەروەردە

315 خوێندراوەتەوە

قەیرانی پەروەردە یەکێکە لەقەیرانە کوشندەو پڕکێشەکانی کۆمەڵگەی ئێمە، ئەم قەیرانە کاریگەری گەورەو ئاشکرای ھەیە لەسەر لاوازی ھوشیاری تاک و پشێوی کۆمەڵایەتی و نەبوونی چالاکی عەقڵانی لەناو سەرجەم کایەکانی ژیانی ئینسانی ئەم ڕووبەرەی ئێمە.

 
،،
سیستەمی پەروەردەی پێشکەوتوو، ھەمیشە دەبێ پێیەکی لەناو ئەکادیمیاو پێیەکەی تری لەناو شەقام بێ و مەعریفەی لەسەر بەرھەمبێنێ

بیرمەند و سۆسیۆلۆگی فەرەنسی ئۆگست کۆنت سەبارەت بەگۆڕانکاری ڕیشەیی لەکۆمەڵگەدا بەم جۆرە دەپەیڤێت: "ئێمە پێش ھەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، پێویستیمان بە شۆڕشێکی فیکری و پەروەردەیی ھەیە”. لەم ڕوانگەیەوە ھەر گروپێکی سیاسی و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بیەوێت گۆڕانکاریەکی بنچینەیی(Radical) بکات، گومانی تێدانییە بەبێ گۆڕانکاری لە فیکر و فەلسەفەی پەروەردە ئەم خواستە نایەتەدی. لەلایەک گۆڕانکاری لەفەلسەفەی پەروەردە، لەلایەکی دی گۆڕان لەکەرستەکانی ناو سیستەم لە(مامۆستا، قوتابی، بینا، مەنھەج، ڕێکخستن....ھتد). بێگوومان ئەم دۆخەی سیستەم ”سیستەم بەگشتی و سیستەمی پەروەردە بەتایبەتی” لەخۆیەوە نەچۆتە ناو ئەو وێنا گشتییەوەو ئەم شکڵ و فۆڕمەی لەم ئێستایەی کەتیایدا دەژیێت بەشێوەیەکی خۆڕسک وەرنەگرتووە، بەڵکو ڕیشەکانی لەناو تێگەشتنی ئەخلاقی و فەلسەفی و دینی و بونیادی ئەقڵی کۆمەڵگەی کوردی ھەڵقوڵاوە.

 

سیستەمی پەروەردەی پێشکەوتوو، ھەمیشە دەبێ پێیەکی لەناو ئەکادیمیاو پێیەکەی تری لەناو شەقام بێ و مەعریفەی لەسەر بەرھەمبێنێ. قسە لەسەر ھەموو ئەو شکست و کێشە گەورانە بکات کەپانتایەکانی ژیانی کۆمەڵگەی ئێمەی داگیرکردووە. بەئامانجی بەرھەمھێنانێ ھوشیاری لای خوێندکار و ڕونتر تێگەشتن لەوەی لەدونیای ئێمەدا ڕوودەدات. پەروەردەی ئێمە ھەمیشە لەسەر کوشتنی بیرکردنەوەی جیاواز و فرەیی(پلوڕالیزم) کاردەکات. بۆنموونە ئەگەر تۆ ٣٠٠ خوێندکارت ھەبێ، لەھەر ھەموویان داوای ١ وەڵام دەکەی، وەڵامێک کە بەرئەنجامی پڕۆسەیەکی بیرکردنەوە نییە لای خوێندکار خۆی. بەڵکو پڕۆسەیەکی چەقبەستووی کۆپی پەیستە.

،،
لەدەرەوەی بینای قوتابخانە، کۆمەڵگەی ئێمە بووە بە نەخۆشخانە و زبڵخانەیەکی گەورەو بەھەزاران کێشەی تێدایە، ھەموو ئەو کێشانە نابنە بابەتی وانە، پرسیاری جدی لای مامۆستاو خوێندکار دروستناکەن و نابنە بابەتی گفتوگۆ

 

 

 میتۆدەکانی خوێندن لەدونیای ئێمەدا، ئەو میتۆدە مردوانەن کەئارەزووی فێربوون لەخوێندکاردا دەکوژن. ئەو دابڕانە قوڵەی لەنێوان تیورەو پڕاکتیکدا ھەیە ھۆیەکی گرنگی مردنی خەیاڵی زانستی و داھێنانە. یەکێک لە گرفتە گەورەکانی ناو سیستەمی پەروەردەی ئێمە خوێندنی (زانستێکی موجەڕەد)ە کە قوتابی ھیچ لەبواری بەکارھێنان و ڕێگای بەکارھێنانی نازانن و ھەرزوو لەیادەوەری دەڕوات. ئەو دابڕانە قوڵە وایکردووە ھەموو ئەو زانستانەی لەقوتانخانە دەخوێنرێ پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان بدۆڕێنن و سوودێکی ڕاستەقینەی بۆ ژیان نەبێ.

 
بۆنموونە:
خوێندکار زانیاری لەسەر ڕێژەی گوێدرێژ، حوشتر لە عەرەبستانی سعودیی، مانگا و مەڕو بزن، گەنم و جۆ و...ھتد پێدەدرێ، بەڵام ھیچ جۆرە مەعریفەیەکی پێنادرێت لەسەر کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و دەروونی و تەواوی ئەو ڕوداوانەی لەناو فەزای گشتیدا ڕوودەدات، نەک ھەر ئەمە بەڵکو ھەر نابێتە مەوزووع‌و لە ھۆڵەکانی خوێندندا ئارگۆمێنت و گفتوگۆی زانستی لەبارەوە ئەنجام نادرێت. لەدەرەوەی بینای قوتابخانە، کۆمەڵگەی ئێمە بووە بە نەخۆشخانە و زبڵخانەیەکی گەورەو بەھەزاران کێشەی تێدایە، ھەموو ئەو کێشانە نابنە بابەتی وانە، پرسیاری جدی لای مامۆستاو خوێندکار دروستناکەن و نابنە بابەتی گفتوگۆ، بەڵام چۆنیەتی دەستنوژگرتن و تارات شکان، ئێکس و وای، شا-سەلمان و شەڕی بەدر، فعل مازی و پاست سمپڵ و...ھتد دەبنە بابەتی جدی و گرنگی لەڕادەبەدەریان پێ دەدرێ.

 

،،
ستراتیژی ئیشکردن لەناو ئەم دەزگایە. ھەمیشە لەسەر کلتووری بچوککردنەوەی خوێندکار(لەئاستی مەعریفی)دا کاردەکات. ئەمە وادەکات مامۆستا کاراکتەرێکی ئەکتیڤ و قسەکەری سەرەکی بێت، خوێندکار بکەرێکی پاسیڤ وناچالاک و بێدەنگ

سیستەمی پەروەردەی ئێمە بەردەوام لەسەر عەقڵیەتی (خەتم)کردن و تەجوید ئیشدەکات. بواری قسەکردنی قوتابی لەسنووری وڵامدانەوەی پرسیاری مامۆستا تێپەڕناکات. وڵامەکانیش لەکۆمەڵێک قاڵبی ئامادەکراو خۆی دەبینێتەوە، وڵامێکی ئامادەکراو کە لەسنوری کتێب تێپەڕ ناکات. پەروەردەی دونیای ئێمە لەسەر کپکردنی توانای قسەکردن درووست بووە، لێرەوە توانای تەعبیر لای مرۆڤی ئێمە بەگشتی و خوێندکار بەتایبەتی، بەئەندازەیەکی سەرسوڕھێنەر بچووکە. خوێندکار ناتوانێ لەناو چوارچێوەی زانستەکاندا ”بەزمانێکی زانستی” و ئەکادیمی تەعبیر لەخۆی و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی وکەلتووری و.... کۆمەڵگەی خۆی بکات.

 

ستراتیژی ئیشکردن لەناو ئەم دەزگایە. ھەمیشە لەسەر کلتووری بچوککردنەوەی خوێندکار(لەئاستی مەعریفی)دا کاردەکات. ئەمە وادەکات مامۆستا کاراکتەرێکی ئەکتیڤ و قسەکەری سەرەکی بێت، خوێندکار بکەرێکی پاسیڤ وناچالاک و بێدەنگ. وەکچۆن پاوڵۆ فێرێری لەکتێبی (پیداگۆری ستەملێکراوان) قسە لەسەر ئەم جۆرە لە پەروەردە دەکات و بە (پەروەردەی بانکی)دەچوێنێت. ھەروەھا سیستەمی پەروەردەی ئێمە ھەمیشە لەسەر پێدانی زانیاری(information) کاردەکات و لەھیچ ئاستێکدا گرنگی بە پەخشکرنی مەعریفە(Knowledge) نادرێ، لەوەی یەکەمیان زانیارییەکی سەپێی و کاتییە و ڕۆحی داھێنان لە خوێندکاردا دەکوژێت، بەڵام مەعریفە دەتبات بەرە سیستەمێکی بیرکردنەوەی باڵا و خود- سەنتەری و داھێنان.

لەدەرئەنجامدا، بەبڕوای من ئامانجی باڵاو بنەمای گۆڕینی سیستەم و کۆی کایەکانی ژیان پەیوەستە بە خوڵقاندنی فۆڕمێکی نوێی کولتووری پەروەردەیی. بەپێچەوانەشەوە، وێرانبوونی سیستەمی پەروەردە وێرانبوونی تەواوی دونیای ئێمەیە.

 

author photo

توێژەری سایکۆلۆژیا