نەوشیروان مستەفا لە دیدی مام جەلالەوە

مام جەلال لە دیداری تەمەندا چۆن باسی نەوشیروان مستەفا دەكات؟

نەوشیروان مستەفا لە دیدی مام جەلالەوە

2279 خوێندراوەتەوە

هاوكات لەگەڵ نرخاندنی ڕۆڵ‌و پێگەی هەر سیاسی‌و سەركردەیەكی كورددا، لەیارو نەیارەكانی، مام جەلال رەخنەشی لێگرتووەو باسی هەڵووێست‌و كارە نەرێنییەكانی ئەوكەسەی كردووە، بەڵام جیاواز لەوان هەمیشە ستایشی نەوشیروان مستەفای كردووەو لەهیچ قۆناغێكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردداو بۆ تەنها جارێكیش بە نەرێنی لەسەر نەوشیروان مستەفا نەدواوەو لە كتێبی " دیداری تەمەن" یشدا هەمیشە ناوی نەوشیروان مستەفا وەك قارەمان‌و فریاد رەس‌و نیشتیمانپەروەرو راستگۆ دێنێت.

،،
 لەناو ئەو برادەرانەی لەناو كۆمەڵەدا كاریان دەكرد پێموابوو نەوشیروان هۆشیارترینیان بوو، پێموابوو ئەو گەنجێكی هەڵكەوتوو، زیرەك، كوڕی باش‌و عەقڵی باشەو چاك دەنووسێ

 

لە كتێبی "دیداری تەمەن"دا، نەوشیروان مستەفا تەنها سەركردەو كارەكتەری سیاسییە كە مام جەلال رەخنەی لێنەگرتووەو زرترین ستایشیشی كردووە، رەنگە هیچ كەسێك نەبێت كە مام جەلال بەوێنەی نەوشیروان مستەفا ستایشی كردبێت.

" كاتێك چووینە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق بۆ ئەوەی مۆڵەت بۆ دەركردنی گۆڤاری " ڕزگاری" وەربگرین، مۆڵەتییان پێدایین، بەڵام وتیان دەبێت گۆڤارەكە لەژێر چاودێری‌و سانسۆری ئێمەدا بێت، بەڵام نەوشیروان مستەفا رەتی كردەوە كە گۆڤاری ڕزگاری لەژێر سانسۆردا دەربچێت".
لە یەكەم باسكردنی نەوشیروان مستەفادا، لە كتێبی " دیداری تەمەن"دا، مام جەلال بەمشێوەیە سەبارەت نەوشیروان مستەفا دواوە.

 

 

 


لەسەرەتاوە گشت ئەو كارەكتەرە سیاسییە سەرەكییانەی كە بناغەی " كۆمەڵەی ماركسی لینیی" یان دامەزراندو دواتر بوو بە " كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، هەموویان، هەردوو گروپ‌و ئاڕاستەكە، مامجەلالیان وەكو ڕێبەرو سكرتێریان دیاریكردبوو، پاش چەند ساڵێك مام جەلال دەیەوێت كۆمەڵە بداتەوە دەست خۆیان‌و واز لە سكرتێری كۆمەڵەی ڕەنجدەران بێنێت، دەربارەی ئەوەی كێی بۆ سكرتێری كۆمەڵە پێباشبووە یان بۆچی نەوشیروانی لەهاوڕێكانیتری پێباشتر بووە، لەو بارەیەوە مام جەلال دەڵێت:" لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، هەوڵمدا تەشویقی بكەم كە دەورێكی باش ببینێ، چونكە راستییەكەی من لەناو ئەو برادەرانەی لەناو كۆمەڵەدا كاریان دەكرد پێموابوو نەوشیروان هۆشیارترینیان بوو، پێموابوو ئەو گەنجێكی هەڵكەوتوو، زیرەك، كوڕی باش‌و عەقڵی باشەو چاك دەنووسێ، لەپاشان پێموابوو كورد پەروەرێكی ڕەسەنە، واتا رەسەنییەكی هەبوو لە كوردپەروەریدا".

،،

نەوشیروان لەوكەسانەیە كە هەڵواسراو نییە، لەو كەسانەیە كە رەگ‌و ریشەی داكوتراوە لە ناو كۆمەڵی كوردەواریدا"

 

 
مام جەلال زۆرتر وەسفی نەوشیروان مستەفا دەكات‌و دەڵێت:" بیروباوەرو تیۆری فەلسەفی بەكاردەهێنا، بۆ خزمەتی جەماوەری كوردو كوردستان‌و كوردایەتی‌و خەباتی میللەتی كوردو رزگاركردنی جوتیارو رەنجدەرانی كوردستان، وەك ئەو جۆرە ماركسیانە نەبوو كە هەڵواسرابێت بە جوڵانەوەی شیوعییەوەو بە قسەو بیروباروەر دابرابێت لە جەماوەر، ئەوانە رەسەن نین كە پەل‌و ڕیشەكەیان هەڵدەكەندرێ‌و هەڵدەواسرێ بەدارەكانیترەوە، نەوشیروان لەوكەسانەیە كە هەڵواسراو نییە، لەو كەسانەیە كە رەگ‌و ریشەی داكوتراوە لە ناو كۆمەڵی كوردەواریدا".

 
سەبارەت بەوەی كە بوو بە سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەران، نەوشیروان مستەفا چ كاریگەرییەكی هەبووە لە گەشەكردنی كۆمەڵەو بەرفراوانكردنی ژمارەو ڕێكخستەنەكانی ئەم ڕێكخراوەدا، مام جەلال لە كتێبی دیداری تەمەن دا دەڵێت:" بەر لە گەڕانەوەی من‌و نەوشیروان مستەفا بۆ كوردستان، بروا ناكەم كۆمەڵە سەت ئەندامی هەبووبێت لەناو شۆڕشدا، نەوشیروان دەورێكی زۆرباشی نواند لەداڕشتنی رێبازی راست‌و تەكنیكی ئاقڵانەو ژیرانە بۆ كۆمەڵەو بۆ پەیوەندیكردن بەشارەكان‌و گەشەپێدانی ڕێكخستنەكان".

 

 
لەپاش گۆڕینی ناوی " كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان" بۆ "كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان"، مام جەلال باس لە هەندێك گۆرانكاری دەكات كە بەسەر كۆمەڵەدا هاتووە، لەم گۆرانكارییانەشدا دیسان ستایشی نەوشیروان مستەفا دەكات‌و دەڵێت:" لە راستیدا نەوشیروان دەورێكی تایبەتی‌و دیاری هەبوو، كە بیروباوەری كرابووەوە‌و بەجورئەتەوە بۆچوونەكانی خۆی لەسەر پێوویستی سەربەخۆییبوون لە پەكین‌و مۆسكۆو لەسەر گەندەڵبوونی هەندێك لە حیزبە شیووعییەكان‌و گەندەڵبوونی هەندێك لەو دەوڵەتانەی كە پێیان دەوترێ سۆسیالیستی دەرئەبڕی".

 
كارەساتی " هەكاری" كارەساتێكی گەورەو قورسبوو بۆ یەكێتی كە لە ساڵی 1977دا سەدان پێشمەرگەو سەركردەی یەكێتی لەو كارەساتەدا كوژران‌و بەدیلگیران‌و تەسلیم بە حكومەتی عێراقی بوونەوە.

،،
 ئەگەر گیرو گرفتی سیاسیم هەبێت، لەگەڵ نەوشیروان مستەفا باسیدەكەم، ئەگەر لێمەوە نزیك بێت، یەكێكە لەو كەسانەی كە دڵی خۆمی بۆ دەكەمەوەو باوەڕم بەعەقڵ‌و هەڵووێستەكانی هەیە

 


مام جەلال باسی خۆڕاگری نەوشیروان مستەفا دەكات لەپاش ئەم كارەساتەو ڕۆڵی ئەو بە قارەمانانە وەسف دەكات، دەربارەی كتێبەكەی نەوشیروان مستەفاش لەسەر كارەساتی هەكاری، ئاماژە بەوە دەكات كە ناوەرۆكەكەی تەعبیر لە بۆچوونی ئەویش دەكات :" كارەساتی هەكاری لە نامیلكە نایابەكەی نەوشیرواندا كە ناوەرۆكەكەی بەباش‌و راستدەزانم‌و تەعبیر لە رەئی منیش دەكات باسكراوە، بۆ مێژوو دەمەوێت هەڵووێستی جوامێرانەی نەوشیروان مستەفا تۆمار بكەم، دوای ئەوەی كە كە زانیمان ئەو كارەساتە بەسەر برادەراندا هاتووە هەموومان دڵتەنگبووین، ئەوانەی كە مابووینەوە 42كەس بوووین، رۆژێك نەوشیروان مستەفا هات بۆلای من‌و وتی:" با پێكەو پیاسەیەك بكەین، كە پیاسەمان كرد پرسیارێكی لێكردم‌و وتی: تۆ پێتوایە من لەو كەسانەم حەز دەكەم پێش تۆ بمرم‌و ئەو گوللانەی بۆ تۆ دێ بەلەشی خۆم بیگێرمەوەو بێئەندازە رێزو خۆشەویستیم هەیە بۆ تۆ؟ وتم: بەڵێ پێموایەو باوەری تەواووم بەوە هەیە. ئەویش وتی: كەواتە من پێشنیارێكم هەیە، ئەمەوێ باش گوێم لێبگریت، پێشنیارەكەشم ئەوەیە: تا ئێستا سەركردەی شۆڕشەكانی كورد لە شكست‌و لێقەوماندا هەڵهاتوون‌و وڵاتەكەیان بەجێهێشتووە‌و زۆربەیان لەدەرەوەی وڵات مردوون، با ئێمە ئەمجارە وانەكەین‌و ڕانەكەین، با لەناو شاخ‌و دۆڵەكانی كوردستانی خۆماندا بمێنینەوە تا مردن، گۆڕو گۆڕستان‌و شوێنەواری شەهیدبوون بەجێدەهێڵین، یان كەهیچ نەماو چارە نەما، دەچینەوە شارەكان‌و سەركردایەتی خەباتی نهێنی دەكەین‌و لەوێ یا مردن یا سەركەوتن بەدەستدەهێنین".

 

 

هەرچەندە مام جەلال لەگەڵ درووستبوونی "بەرەی كوردستانی"دا نەبووە، " ئەو بەرەیەی كە پاش كارەساتی هەڵەبجە لە نێوان حیزبە سیاسییەكانی كوردستاندا" یەكێتی- پارتی- حسك- پاسۆك - پارتی گەل"دا دروستكرا"، بەڵام لەبەر ئەوەی پێیوابووە كە نەوشیروان مستەفا ئەوەی كردووە بۆیە نارەزایی دەرنەبڕیوە:" كە بەرەی كوردستانی دروستبوو من ڕام لێنەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی وامدەزانی نەوشیروان كردوویەتی، نارەزایم دەرنەبری، بەڵام خۆی وەڵامی نامەیەكی دامەوەو وتی:" مام جەلال منیش وەكوتۆ ڕازی نیم، ئەوە فەرەیدون عەبدولقادر كردوویەتی".

 
سەرباری ستایشكردنی رۆڵ‌و هەڵووێستی نەوشیروان مستەفاو ناوهێنانی وەكو سەركردەی فیعلی ڕاپەرین، مام جەلال ئاماژە بەوە دەكات كە باوەڕی بە عەقڵ‌و هەڵوێستەكانی نەوشیروان مستەفا هەبووە:" ئەگەر گیرو گرفتی سیاسیم هەبێت، لەگەڵ نەوشیروان مستەفا باسیدەكەم، ئەگەر لێمەوە نزیك بێت، یەكێكە لەو كەسانەی كە دڵی خۆمی بۆ دەكەمەوەو باوەڕم بەعەقڵ‌و هەڵووێستەكانی هەیە".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی