فازڵ به‌شاره‌تی: بافل تاڵه‌بانی بڕوات، كه‌ركوك ئازاد بكاته‌وه‌

"یه‌كێتی ئینقلابی به‌سه‌ر نه‌جمه‌دین كه‌ریمدا كردووه‌"

فازڵ به‌شاره‌تی: بافل تاڵه‌بانی بڕوات، كه‌ركوك ئازاد بكاته‌وه‌

647 خوێندراوەتەوە

بافڵ تاڵه‌بانی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا رایگه‌یاند كه‌ركوك شاری یه‌كێتییه‌ و سازشی لێ ناكه‌ین، به‌رپرسێكی پارتیش ده‌ڵێت: با ناوبراو بروات كه‌ركوك ئازاد بكاته‌وه‌.


له‌گه‌ڵ زیاتر مانه‌وه‌ی كورسی پارێزگاری كه‌ركوك به‌چۆڵی، لێدوانه‌ دژ به‌یه‌كه‌كانی به‌رپرسانی باڵای هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار(یه‌كێتی،پارتی(ده‌چێته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار، و تا ئێستا ئاسۆیه‌كی ڕوون بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار شاره‌كه‌ش ڕوون نییه‌.

 

باڤڵ تاڵه‌بانی لێپرسراوی كاروباری دژی تیرۆر و له‌هه‌مانكاتدا كوڕه‌ گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌ وتارێكیدا له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو ئه‌وه‌ی گوتبوو:كه‌ركوك و یه‌كێتی دوو دوانه‌ن له‌یه‌ك جیانابنه‌وه‌ و بێ یه‌ك نابن، وه‌‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ چیتر چاوه‌ڕوانی پۆستی پارێزگاری ئه‌و شاره‌ نه‌كه‌ن، چونكه‌ بۆ یه‌كێتی ده‌بێت.

 

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین بۆ وه‌رگرتنی سه‌رنجی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتوێژی له‌گه‌ڵ فازڵ به‌شاره‌تی كادیری باڵای پارتی و ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مان كوردستان كرد.

 

فازڵ به‌شاره‌تی كادری باڵای پارتی

 

،،

 كه‌ركوك له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ داگیر كراوه‌، و یه‌كێتی و هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ له‌كه‌ركوك مافی بڕیاردانی نیه‌

 

 

 به‌شاره‌تی، لێدوانه‌ تونده‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی به‌نابه‌رپرسانه‌ ده‌زانێت، و ده‌ڵێت:"له‌ئێستادا كه‌ركوك له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ داگیر كراوه‌، و یه‌كێتی و هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ له‌كه‌ركوك مافی بڕیاردانی نیه‌، و ئه‌و قسانه‌ی ناو براو(بافڵ تاڵه‌بانی) به‌ موزایه‌ده‌یه‌كی سیاسی ده‌زانین".

 

بافڵ تاڵه‌بانی كوڕه‌ گه‌وره‌ی جلال تاڵه‌بانی 

 

 

 "ته‌حه‌دای بافڵ تاڵه‌بانی ده‌كه‌ین بتوانێت كه‌ركوك ئازاد بكاته‌وه‌، و ئه‌و هاوڵاتیانه‌شی له‌كه‌ركوك دوای ڕوداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر ئاواره‌بوون و شیرازه‌ی خێزانه‌كانیان تێكچووه‌ ناتوانن به‌ ئاسانی بیانگه‌ڕێننه‌وه‌، بۆ دۆخی ژیانی ئاسایی خۆیان". ئه‌ندامه‌كه‌ی خولی پێشوویه‌ په‌رله‌مان وای وت.

 

،،

پارتیش ڕاسته‌ دامه‌زراوه‌كانی له‌كه‌ركوك نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌رده‌وامه‌ له‌كاری سیاسی خۆی له‌شاره‌كه‌دا

 

 

له‌ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ باره‌گاو دامه‌زراوه‌یه‌كی له‌ناو كه‌ركوكدا نه‌ماوه‌، ئه‌مه‌ش ڕای جیاوازی له‌ناو به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان و هاوڵاتیانی ئه‌و شاره‌ دروست كردووه‌، و ده‌ڵێن:"هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌تان چییه‌؟ لای ئێوه‌ كه‌ركوك دڵی كوردستان بوو!؟

 
له‌وه‌ڵامی ئه‌م قسانه‌دا، به‌شاره‌تی ده‌ڵێت: "زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی ئینتیما بوونیان به‌ خه‌ڵك و لایه‌نی دیكه‌ ده‌فرۆشنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ خۆیان بوون ده‌ستیان له‌فرۆشتن و خیانه‌ت كردن له‌نیشتیمان هه‌بوو، هیواخوازین ئه‌و لایه‌نانه‌ واز له‌موزایه‌ده‌ بهێنن و قسه‌یه‌ك بكه‌ن خۆیان توانای جێ به‌جێ كردنیان هه‌بێت، و پارتیش ڕاسته‌ دامه‌زراوه‌كانی له‌كه‌ركوك نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌رده‌وامه‌ له‌كاری سیاسی خۆی له‌شاره‌كه‌دا".

 


له‌ئێستادا مۆته‌كه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكه‌، كه‌ تا ئێستا به‌ناڕوونی ماوه‌ته‌وه‌ و هیچ لایه‌نێكیان ئاماده‌نین سازش بۆ لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ بكه‌ن، و كه‌ركوك له‌و بۆشاییه‌ یاساییه‌ قوتار بكه‌ن، كادیره‌ باڵاكه‌ی پارتی له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت:"ئێمه‌ ئاماده‌ین پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ڕاده‌ستی یه‌كێتی بكه‌ین، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك له‌كه‌ركوك ئه‌نجام بدرێت".

16 ئۆكتۆبه‌ر 

 یه‌كێتی ئینقلابی له‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم كرد
له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری پێشوووی كه‌ركوك(نه‌جمه‌دین كه‌ریم) به‌شاره‌تی وتی:"ئێمه‌ وه‌كو پارتی هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین كه‌ریمدا نییه‌، و پێمان سه‌یره‌ یه‌كێتی ڕێگره‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوبراو بۆ پۆسته‌كه‌ی، چونكه‌ ئه‌وه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم نه‌بوو كه‌ركوكی فرۆشتووه‌ و ئه‌وه‌ی یه‌كێتی دژی نه‌جمه‌دین كه‌ریم كردی ئینقلاب بوو به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌دا.

 


ده‌نگۆی تێكه‌ڵكردنی پرسی كه‌ركوك به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ گوایه‌ پارتی فشار له‌سه‌ر یه‌كێتی ده‌كات، سازش له‌پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بكات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی، یه‌كێتی په‌راوێز ده‌خات و پۆسته‌ سیادییه‌كانی یه‌كێتی پێشكه‌شی حیزبه‌ هاوشارییه‌كه‌ی ده‌كات، كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌.
كادیره‌ باڵاكه‌ی پارتی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت:"پرسی كه‌ركوك و كابینه‌ی نوێ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ تێكه‌ڵ نه‌كراوه‌ و تێكه‌ڵیش ناكرێت، و پارتی مكوڕه‌ به‌زووترین كات كابینه‌ی نوێ پێكبهێنێت و چاوه‌ڕوانی یه‌كلابونه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ناكات".

 

له‌كۆتایدا فازڵ به‌شاره‌تی په‌یامێكی بۆ بافڵ تاڵه‌بانی كوڕه‌ گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌بوو وتی:" هیوادارم ناوبراو له‌ئاست به‌رپرسیارێتیدا قسه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌و كوڕی سیاسیه‌كی خاوه‌ن مێژوو خه‌باتی ڕزگاری خوازی گه‌لی كورده‌(جلال تاڵه‌بانی)".

 

سه‌ره‌ڕای نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك لایه‌نێكی سیاسی، و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌سه‌ر پشكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ كه‌ركوك، به‌بیانووی ئارام نه‌بوونی ڕه‌وشی ئه‌منی پارێزگاكه‌، به‌ڵام یه‌كێتی هه‌وڵه‌كانی ده‌سپێكردووه‌ بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌و چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی له‌ناو كه‌ركوك و ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان جگه‌ له‌پارتی ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌ ناڕازیه‌كان به‌گومانه‌وه‌ له‌م هه‌وڵانه‌ی یه‌كێتی ده‌ڕوانن و به‌سه‌ر چاوه‌ی كێشه‌كانی كه‌ركوكی ده‌زانن.

 

author photo

رۆژنامەنووس