عەبدولستار مەجید: لەگەڵ گۆڕان رێکەوتنمان نەبووە، بەڵام لەگەڵ یەکێتى هەمانبووە

"پارتى سەردانمان دەکات و پەیوەندییەکانیش ئاسایی دەکەینەوە"

عەبدولستار مەجید: لەگەڵ گۆڕان رێکەوتنمان نەبووە، بەڵام لەگەڵ یەکێتى هەمانبووە

627 خوێندراوەتەوە

 

پرسى رێکەوتنى سیاسی نێوان کۆمەڵ و یەکێتى بابەتێکى گەرم و گورە، وا بریارە سبەیش پارتى سەردانى کۆمەڵ بکات و پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەو حزبە ئاسایی بکاتەوە.

 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان خواستی ڕێکەوتنی لەگەڵ کۆمەڵ هەیە، کۆمەڵى ئیسلاميش پێشوازیی لەو خواستە سیاسییە دەکات. تاكو ئەو پەیامە بە پارتى بگەیەنێت کە ئەو بەئاسانى کەنار ناخرێت، سەرکردەیەکى کۆمەڵیش دەڵێت: لەگەڵ یەکێتى دیدار و پەیوەندیی و یەکتر بینینی نافەرمیمان هەبووە و پێمان باشە رێکەوتنێکى سیاسی ئەنجامبدەین ئەگەر بەرژەوەندی خەڵک و پرۆسەی سیاسیی تێدابێت.

 هەرچەندە کۆمەڵى ئیسلامى توانى ببێتە سوپرایزی هەڵبژاردنى 30 ئەیلول و پێش هاوتا ئیسلامییەکەى کە یەکگرتووه بکەوێت و ٧ کورسى پەرلەمانى بەدەست بهێنێت بەڵام تاکو ئێستا پارتى وەک براوەى یەکەم سەردانى ئەم لایەنەى نەکردووە، بۆ قسەوباس لەبارەى پێکهێنانى حکومەت.

 

،،

خوازیاری پەیوەندییەکی ئاسایی و تەندروستین لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، لە حکومەت بین یان نەبین بوونی پەیوەندی سیاسیی لەگەڵ ئەوانی دیکە بە پێویست دەزانین.

 

 عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی لە کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان سەبارەت بە سەردانیکردنى پارتى بۆ لایان و رێکەوتنیان لەگەڵ یەکێتى، لەگەڵ دیپلۆماتیک مەگەزین وتوێژى کرد.

 

 "خوازیاری پەیوەندییەکی ئاسایی و تەندروستین لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، لە حکومەت بین یان نەبین بوونی پەیوەندی سیاسیی لەگەڵ ئەوانی دیکە بە پێویست دەزانین، چونکە جیاوایش بین لە دیدی سیاسیمان بەڵام خۆ دوژمنی یەکتر نین بەڵکو ڕکابەری سیاسیی یەکین"عەبدولستار مەجید وایوت.

 سەرکردەکەى کۆمەڵى ئیسلامى بە راشکاوانە ئەوەى بۆ دیپلۆماتیک مەگەزین ئاشکرا کرد "ئەو ساردییەی لە پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی هەیە، ڕەنگە لەگەڵ یەکێتی بەو ئاستە خراپە نەبێت"

  "دیدار و سەردان و پەیوەندیی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هەبووە، وەک چۆن لەگەڵ گۆڕان و یەکگرتوو و سۆسیالیست و ئەوانی دیکەش هەمانبووە، لەم رۆژانەدا کاک کۆسرەت ڕەسوڵ مامۆستا عەلى باپیرى دەعوەت کردووە هەم وەک هاوڕێیەکی دێرین و هەم وەک دوو سەرکردەی دوو هێزی سیاسیی، بێگومان لەو دیدارانەدا قسە و باس دەربارەی زۆر شت دەکرێت، بەڵام خۆ ئەمانە چوارچێوەی فەرمییان وەرنەگرتووە بۆیە مامەڵەی فەرمیی و هەڵوێستی جدیشی لەسەر بینا ناکرێت، پاشان ئەگەر لەگەڵ یەکێتی و هەر هێزێکی دیکە ڕێکەوتنیش هەبێ لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی و ماف و ئازادییەکانی خەڵک، زۆریش باشە، ئێمە زیاتر لە هەشت ساڵە لەگەڵ گۆڕان لەسەر ئەو بنەمایە کاردەکەین و هیچ ڕێکەوتنێکی نوسراویشمان نیە، ئەگەر یەکێتیش بۆ بەرژەوەندی خەڵک بێتە پێشەوە بۆچی خراپە کە ڕێکەوتنی لەگەڵ بکەین ؟!. عەبدولستار مەجید وایوت.

،،

لەگەڵ یەکگرتوو بەرزو نزمى لەپەیوەندییەکانماندا هەبووە کە ئەوەش حاڵەتێکی ئاساییە و پەیوەندی بە جیاوازیی دید و هەڵوێستی سیاسییمانەوە هەیە، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییانە باشە.

 هەروەها دەشڵێت: ئەوان وەک کۆمەڵ لەگەڵ هەموو حزبەکان گفتوگۆیان هەیە و پێیان باشە کە پەیوەندییەکى تەندروستیان هەبێت.

 سەبارەت بە بزووتنەوە و یەکگرتووى ئیسلامى، گوتى: هەرچەندە لەگەڵ یەکگرتوو بەرزو نزمى لەپەیوەندییەکانماندا هەبووە کە ئەوەش حاڵەتێکی ئاساییە و پەیوەندی بە جیاوازیی دید و هەڵوێستی سیاسییمانەوە هەیە، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییانە باشە و لەم رۆژانەدا پێشوازیمان لە شاندێکیان کرد، لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامییش پەیوەندیمان باشە.

 

،،

ئێمە لەگەڵ گۆران هیچ رێکەوتنێکى نوسراومان نەبووە چونکە متمانە هەبووە، بەڵام لەگەڵ یەکێتى چەندین جار رێکەوتنى سیاسیمان ئەنجامداوە.

 

  "لەگەڵ گۆران رێکەوتنمان نەبووە"

عەبدولستار مەجید لە وەڵامى ئەو پرسیارەى کە ئایا بەم رێکەوتنەیان لەگەڵ یەکێتى لە گۆران دوور ناکەونەوە، ئەوەى نەشاردەوە کە ئەوان لەگەڵ گۆڕان هەرچەندە لەسەر زۆرێک لە پرسەکان هاوهەڵوێست بوون بەڵام لەماوەى رابردوودا هیچ رێکەوتنێکى نوسراويان لەگەڵ گۆران نەبووە، چونکە متمانە هەبووە لە نێوانياندا.

 

"ئێمە لەگەڵ گۆران هیچ رێکەوتنێکى نوسراومان نەبووە چونکە متمانە هەبووە، بەڵام لەگەڵ یەکێتى چەندین جار رێکەوتنى سیاسیمان ئەنجامداوە و بۆ هەر قۆناغێکیش جۆرێک لە ڕێکەوتنی خواستووە، ڕەنگە زۆر جار ڕێکەوتنی نێوانمان سەپێنراوی قۆناغێکی سەختی سیاسیی بوبێت کە وای پێویستکردووە لە بری بەریەککەوتن، لەپێناو ئارامی و ئۆقرەیی سیاسیی، ڕێکەوتنی دوو قۆڵیمان هەبێت". عەبدولستار مەجید وایوت

،،

 "ئێمە نە ناوچەی نفوزمان هەیە، نە هێزی عەسکەریمان هەیە، نە بیرە نەوتی دزراویشمان هەیە تا بۆ بەرژەوەندی بێگانە بچینە ڕێکەوتن لەگەڵ هێزی دیکە" .

 

ئەو هەموو دەنگۆیانەش رەد دەکاتەوە کە دەگوترێت نزیکبوونەوەیان پەیوەندى بە دۆخى ئیقلمى و ئێرانەوە هەبێت، و دەڵێت: عەیبەیەکی گەورەیە هێزی سیاسیی ببێتە پاشکۆ، ئێمە ناچینە ئەو ئاستە نزمەی کە دەگوترێ لەژێر فشاری ئەم وڵات و ئەو وڵات ڕێکەوتنمان کردووە .

 "ئێمە نە ناوچەی نفوزمان هەیە، نە هێزی عەسکەریمان هەیە، نە بیرە نەوتی دزراویشمان هەیە تا بۆ بەرژەوەندی بێگانە بچینە ڕێکەوتن لەگەڵ هێزی دیکە" .

 دەشڵێت: ئەوەی پەیوەندی بە ڕێکەوتن هەبێ لەگەڵ یەکێتی، وەک لە چەند چاوپێکەوتنێکی دیکەش وتوومە و لەسەرەتاشدا ئاماژەم پێکردووە، تەنها ئاماژە و قسەی ناڕەسمیی بووە و هیچ لایەکمان نەچوینەتە ناو جدیاتی ئەو پرسەوە، هەر ڕێکەوتنێکیش پێویستی بە بنەما و پێویستی قۆناغەکە هەیە لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئۆقرەیی لێ بکەوێتەوە نەک درز و کەلێنەکانی ناوخۆی هەرێم گەورەتر بکات .

 

،،

ئەم رێکەوتنە دژى کەس ئەنجام نادەین، و سبەى پارتى سەردانمان دەکات و دەمانەوێت لەگەڵ ئەوانیش پەیوەندییەکان ئاسایی بکەینەوە.

 

 ماوەیەکە پەیوەندییەکانى کۆمەڵ و پارتى بە ئاستێکى خراپدا دەرۆن، بۆیە وا باس دەکرێت کۆمەڵ ئەم یارییە بۆیە دەکات تاکو پارتى پێ بهێنێتە سەرخەت.

سەرکردەکەى کۆمەڵ ئەمە رەت دەکاتەوە دەڵێت: ئەم رێکەوتنە دژى کەس ئەنجام نادەین، و سبەى پارتى سەردانمان دەکات و دەمانەوێت لەگەڵ ئەوانیش پەیوەندییەکان ئاسایی بکەینەوە.

 ئەو دەشڵێت: کۆمەڵ دەنگى زیادى کردووە و لە ئێستادا حزبێکى دیارى گۆرەپانەکەیە بۆیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان ئاساییە پەیوەندى تەندرووستى هەبێت و ئەو خواستەمان بۆ هەموو لایەنەکان هەیە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان