ئەمەریكاو شای ئێران‌و شۆڕشی ئەیلوول

شای ئێران‌و ئەمەریكا بۆ چ مەبەستێك یارمەتی شۆڕشی ئەیلوولیان داوە؟

ئەمەریكاو شای ئێران‌و شۆڕشی ئەیلوول

499 خوێندراوەتەوە

شای ئێران‌و و ئەمەریكا وەكو ئامرازێكی گرنگ لەناوچەكەدا تەماشای كوردییان كردووەو ئامانجیشیان لە هەر هاوكارییەكیان بۆ كوردەكان بۆ دژایەتیكردن‌و لێدانی بەرژەوەندییەكانی سۆڤییەت بووە لەناوچەكەداو شای ئێران بەردەوام ویستوویەتی دوژمنە سەرسەختەكەی كە عێراقە لە ڕێگەی كوردەكانەوە لاواز بكات، لەبەر ئەمە زۆرترین هاوكاری شۆرشی ئەیلوولی دەكردو وەكو زۆركەس بڕوایانوایە شۆڕشەكەی هەڵدەسوڕاند.

،،

پاش جەختكردنەوەی بەردەوامی "شا"ی ئێران لە ئەمەریكاو كسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمەریكا‌و پاش دە ساڵ لە هەوڵی جۆراو جۆری سەرانی سیاسی كورد لەو دەمەدا، لەڕێگەی باڵوێزخانەكانی ئەمەریكا لە بەغدادو تاران‌و بەیرووتەوە، ئەوجار ئەمەریكا ڕازیبوو پەیوەندی نهێنی لەگەڵ سەرانی شۆڕشی ئەیلوولدا ببەستێت


 
" كێشەی كورد وەكو كێشەی نەتەوەیەك هەرگیز لە ئەجێندای ئەمەریكادا نەبووەو ئێستاش نییە، حكومەتی ئەمەریكا هەرگیز وەكو نەتەوەیەك حسابی بۆ كورد نەكردووە". دكتۆر مەحموود عوسمان لە پێشەكی كتێبی " كوردو كوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی ئەمەریكادا" وا دەڵێت.

لەسەرەتای دەستپێكردنی شۆڕی ئەیلوولەوە، سەرانی شۆڕش هەوڵیانداوە پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریكادا درووستبكەن‌و پاڵپشتی‌و پشتگیری ئەمەریكا بۆ شۆڕشەكەیان‌و دۆزی كورد بەدەستبێنن، هەر لەو ساتەوەو تا ئێستاش، سەرانی كورد، بەتایبەت پارتی، زۆرینەی هیواكانیان بە ئەمەریكاوە گرێداوەو وەكو فریاد ڕەس‌و پاڵپشتی گەورەی كورد تەماشای ئەو وڵاتە دەكەن.


بەوتەی دكتۆر مەحمود عوسمان، مستەفا بارزانی بەردەوام وتوویەتی " 12ساڵ لەسۆڤییەت ژیاوم، بەو ئەنجامە گەشتووم كێشەی كورد لە ئەجێندای دەوڵەتی سۆڤیەتدا نییە، هەر بۆیە دەمەوێت زیاتر هەوڵ بۆ لۆبیكردن لەگەڵ ئەمەریكا بدەم".
لە پاش دەساڵ لە هەوڵی جۆراو جۆرو بەتایبەت لە ڕێگەی "شا"ی ئێرانەوەو لەسەر داواكاری شا، ئەوجار ئەمەریكا رازیدەبێت‌و ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ سەرانی شۆڕشی ئەیلوول‌و كورددا دروست بكات، بەوتەی دكتۆر مەحموود عوسمان " پەیوەندییەكی نهێنی‌و لەرزۆك".

پاش جەختكردنەوەی بەردەوامی "شا"ی ئێران لە ئەمەریكاو كسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمەریكا‌و پاش دە ساڵ لە هەوڵی جۆراو جۆری سەرانی سیاسی كورد لەو دەمەدا، لەڕێگەی باڵوێزخانەكانی ئەمەریكا لە بەغدادو تاران‌و بەیرووتەوە، ئەوجار ئەمەریكا ڕازیبوو پەیوەندی نهێنی لەگەڵ سەرانی شۆڕشی ئەیلوولدا ببەستێت، وەكو دكتۆر مەحمود دەڵێت" لەسەر داوای شای ئێران، ئەمەریكا رازیبووە لەوكاتەدا ئەو پەیوەندییە نهێنی‌و لەرزۆكە لەگەڵ شۆڕشی كورددا ببەستێت".

،،

بەردەوامبوونی بەربەرەكانێی سەرانی شۆڕشی ئەیلوول‌و حكومەتی عێراق گەورەترین خزمەتی بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاو ئێران كردووەو ئەوان هەرگیز خوازیار نەبوون كوردەكان‌و حكومەتی عێراقی بگەنە ڕێكەوتن یان لە ڕێگەی گفتوگۆوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن‌

سەرانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئەوەی سەرنجی ئەمەریكا بەلای خۆیاندا ڕابكێشن‌و وا لەئەمەریكا بكەن یارمەتی شۆڕشەكەیان بدات، لەو دەمەدا هەوڵیانداوە ڕێكەوتن‌و نزیكبوونەوەی عێراق‌و سۆڤییەتی ئەو كاتەو ڕێكەوتنی نێوانیان‌و مەترسییەكانی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بۆ بەرپرسانی ئەمەریكا روون بكەنەوەو لەم ڕێگەیەوە دەروازەی پەیوەندی ئەمەریكا لەگەڵ خۆیاندا بكەنەوە.

ئێران لەسەروبەندی شۆڕشی ئەیلوولدا لەگەڵ عێراقدا لە ململانێیەكی توندو بەهێزدا بوو، شا بەردەوام ویستوویەتی دوژمنە سەرسەختەكەی كە عێراقە لە ڕێگەی كوردەكانەوە لاواز بكات، لەبەر ئەمە زۆرترین هاوكاری شۆرشی ئەیلوولی دەكردو وەكو زۆركەس بڕوایانوایە شۆڕشەكەی هەڵدەسوڕاندو چەك‌و چۆڵی زۆرو زەوەندیشی دەدایە سەرانی شۆرشەكەو تا ماوەیەكی كەم بەر لە ڕێكەوتنی جەزائیر، هەڵووێستی شاو ئێران بەرانبەر مەلا مستەفاو شۆڕشی ئەیلوول بەمجۆرە بوو.

لەوكاتەدا شای ئێران‌و و ئەمەریكا وەكو ئامرازێكی گرنگ لەناوچەكەدا تەماشای كوردییان كردووەو ئامانجیش لە هەر هاوكارییەكیان بۆ كوردەكان بۆ دژایەتیكردن‌و لێدانی بەرژەوەندییەكانی سۆڤییەت بووە لەناوچەكەدا، لای ئەمەریكا ئەوە روون بووبوویەوە كە كوردستان تەنها شوێنە بۆ لێدانی سۆڤیەت‌و هەیمەنەی بەرژەوەندییەكانی لەناوچەكەدا.

 


بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەكانی تایبەت بە شۆڕشی ئەیلوول، كە لەكتێبی " شۆڕشی ئەیلوول لە بەڵگە نامە نهێنییەكانی ئەمەریكادن" بڵاو كراوەتەوەو " وریا رەحمانی" كردوویەتی بەكوردی" لە دیدارێكی نێوان كسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمەریكاو شای ئێراندا، شا بە كسنجەری وتووە، " كارتی كوردەكانمان بەدەستەوەیە بۆ لێدانی بەرژەوەندییەكانی سۆڤییەت، بۆ ئەوەی لەبەرەی سۆڤییەت دوریان بخەینەوە، دەبێت پارەی زۆریان بدەینێ".
بەردەوامبوونی بەربەرەكانێی سەرانی شۆڕشی ئەیلوول‌و حكومەتی عێراق گەورەترین خزمەتی بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاو ئێران كردووەو ئەوان هەرگیز خوازیار نەبوون كوردەكان‌و حكومەتی عێراقی بگەنە ڕێكەوتن یان لە ڕێگەی گفتوگۆوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن‌و بەردەوام هەوڵیانداوە كێشەی نێوان كوردەكان‌و حكومەتی عێراقی بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە، هەر لەم ڕوانگەیەوەیە كاتێك كە سەرانی شۆرش‌و پارتی لە ئازاری ساڵی 1972دا پرسی ئۆتۆنۆمی گەڵاڵەو ئامادە دەكەن، ئەمەریكا یەكەم وڵات دەبێت دژایەتی دەكات‌و ئێرانیش دەبێتە سەرسەختترین لایەنی ڕێكەوتنەكە.


ئەمەریكاو شای ئێران ویستوویانەو كاریان بۆ ئەوە كردووە كە كوردەكان‌و سەركردەكانی شۆڕشی ئەیلوول هەمیشە لە قۆناغی بەرگریدابن، بۆ ئەوەی عێراق بەردەوام لاوازو هەم سەرقاڵ بێت، چونكە لایانوابووە كە سەركەوتنی عێراق بەسەر كوردەكاندا، هەلی لەبار بۆ بەرجەستەبوونی بەرژەوەندییەكانی سۆڤییەت لەناوچەكەدا لە ڕێگەی عێراقەوە دەڕەخسێت.

،،

 ئێمە نامانەوێت كوردەكان بەو باوەڕە بگەن كە ئێمە ئامادەین بە ئاشكرا یان بەنهێنی پشتیوانییان بكەین".

هەر بەپێی بەڵگەنامەكانی كتێبی " شۆرشی ئەیلوول لەبەڵگەنامە نهێنییەكانی ئەمەریكادا"، بۆ ئەوەی مستەفا بارزانی‌و شۆڕشی ئەیلوول پەیوەست نەبن بە بەرەی نیشتیمانی عێراقەوە كە سۆڤییەت لە ساڵی 1972دا درووستی كردبوو، ئێران‌و ئەمەریكا هەم هاوكارییان دەكردن هەم گوشاریان دەخستە سەر بارزانی‌و شۆرشی ئەیلوول، چونكە بارزانی‌و كوردەكان لەو كاتەدا لە ژێر گوشاری سۆڤیەتدا بوون.
هەر بەپێی بەڵگەنامەكان بەرپرسانی ئەمەریكا وتوویانە دەبێت هێندە پەیوەندییمان لەگەڵ كوردەكاندا هەبێت‌و هێندە هاوكارییان بكەین، كە دوایی بتوانین حاشای لێبكەین.


لە وەڵامی كۆمیتەی كاروباری دەروەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكادا، كە داوایان كردووە پێوویستە ئەمەریكا لە ئاستێكی بەرزتردا پەیوەندی لەگەڵ كوردەكاندا هەبێت، كسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وتوویەتی:" بەرزكردنەوەی ئاستی دیدارەكانمان لەگەڵ كوردەكاندا، خزمەت بە بەرژەوەندییەكان‌و ئامانجەكانمان ناكات، كێشەی ئەوان لەگەڵ عێراق كێشەی ناوخۆییە، ئێمە نامانەوێت كوردەكان بەو باوەڕە بگەن كە ئێمە ئامادەین بە ئاشكرا یان بەنهێنی پشتیوانییان بكەین".

كسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمەریكا لەیاداشتەكانیدا باسلەوە دەكات كە دوای ڕێكەوتنی ئێران‌و عێراق‌و نسكۆی شۆرشی كوردەكان بە "سەعدوون حەمادی" وەزیری دەرەوەی عێراقی وتووە وامان زانیوە ئێوە داردەستی سۆڤییەتن، بۆیە یارمەتی كوردەكانمانداوە لەدژتان، سەبارەت بە كێشەی كورد بێخەمبن، دڵنیابن نە ئێستاو نە لە داهاتوودا ئێمە هیچ چالاكییەك ئەنجام نادەین دژی یەكپارچەیی خاكی عێراق بێت".
كسنجەر دەشڵێت:" ئەمەریكا هیچ كات پەرۆشی ئۆتۆنۆمی نەبووە بۆ كورد، ئەمەریكا دووجار كوردەكانی دژی رژێمی عێراق هانداوەو نەیشیتوانیوە بیان پارێزێت، ئەمەریكا تەنها راگرتنی هاوسەنگی هێزی لەناوچەكە مەبەستبووە، ئەم ئامانجەی ئەمەریكاش چارەنووسی 30ملیۆن كوردی ڕەش كردووە كە 75 ساڵە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی خەبات دەكات".


بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەكانی ئەمەریكای تایبەت بە شۆڕشی ئەیلوول، لە پاش ڕێكەوتنی جەزائیری نێوان حكومەتی عێراق‌و ئێران‌و هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول‌و بێهەڵووێستی ئەمەریكا بەرانبەر بە كورد، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە یاداشتێكدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی هەڵووێستی ئەمەریكای بەرانبەر بە كێشەی كورد بە مونافیقانە وەسفكردووە.
بەڵام دكتۆر مەحموود عوسمان كە كارەكتەرێكی سەرەكی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكاو شۆرشی ئەیلوو بووە، دەڵێت:" كاتیخۆی ئەمەریكا هیچ ئیلتزاماتێكی بەرانبەر ئێمە نەبوو تا بڵێین خیانەتی لە ئێمە كردووە".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی