دیوه‌كه‌ى ترى شۆڕشى كورد

ڕێكه‌وتننامه‌ى 11ى ئازارو هه‌وڵى كوشتنى مه‌لا مسته‌فا  له‌ لایه‌ن سه‌ددامه‌وه‌

دیوه‌كه‌ى ترى شۆڕشى كورد

492 خوێندراوەتەوە

  به‌هادین نورى

 جگە لەوەستاندنى شەڕلە کوردستاندا، پاش کۆدەتاکە، کە ڕۆژانى دانوستان بوو، پارتى بەهەردوو باڵەکەیەوە هیچ بەروبوومێکى لە سەرکەوتنى کۆدەتاکە دەستنەکەوت بۆ گەل و نیشتمانى کورد، یان بۆ خودى حیزبەکەشى.

لەلایەکى دیکەوە هیچ باشبوونێ نەکەوتە نێوان هەردوو باڵەکەى حیزبەوە، بە پێچەوانەوە، چۆن پارتی پڕبوو لە ناتەبایی و کێشەى ناوخۆیی، هەروەها حیزبی هاوپەیمانیش – حیزبی بەعس – پڕبوو لە ناتەبایی و کێشەى ناوخۆیی و لە پایزدا هەوڵیدا لە ڕێگەى کۆبوونەوەوە چارە سەرى بکات هەتا هاوپەیمانە ئەفسەرەکانى ئەوەیان بە هەلزانى و لە چرکەیەکدا – ١٨ تشرینى ١٩٦٣ – یەکینە سەربازیەکانیان جوڵاند دژ بەو میلیشیایەى حیزبی بەعس دروستیکردبوو بەناوى ( حەرەس سەورە ) ( وەکو ئێس ئێسی هیتلەر ). میلیشیا چەککرا، کە زێتر جێگەى باوەڕی ئەو حیزبە بوو، لە دەسەڵات دەرکراو هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستى سەرکۆمار ( عبدالسلام سلام عارف )دا کۆبوونەوە.

 

هاوڵاتیانى هەموو عێراق، بە کوردیشەوە، خۆشحاڵیان دەربڕی بە دوورخستنەوەى بەعسیەکان و هەڵوەشانەوەى میلیشیا فاشیەکان، بەو هیوایە کە شێوازى مامەڵەى حکومەت لەگەڵ هاوڵاتیان بگۆڕدرێ. بەڵام لەو ساڵ و نیوەدا کە لەسەر کورسیەکەى مایەوە عبد السلام هەر وەکو دکتاتۆرێکى سەربازى و تیرۆرست وڵاتى بەڕێوە بردو و دەیەها کەسیترى لە قاسمیەکان و لە شیوعیەکان ئیعدام کردو ( زعیم سدیقی ) وەکو تیرۆرستێکى دڕندە بەردایە گوند نشینەکانى کوردستان.

 

پاش ماوەیەکى کورت لەکۆدەتاکەى شوباتی ١٩٦٣ شەڕ لە نێوان پارتی و ڕژێمى بەعسدا دەستی پێکردەوە. دوای ڕووخانى بەعسیش عبد السلام عارف بەردەوام بوو لەسەر شەڕەکە هەتا فڕۆکەکەى لە نیسانى 1965 دا کەوتە خوارەوەو خۆیشی تێدا سووتا. وەکو لە کۆمەڵگای خێڵەکیدا باوە عبدالرحمن ی براى کرا بە سەرکۆمارو چووە جێگەی، کە ئەویش بە پلەى لیوا بوو لە سوپادا. بەڵام عبدالرحمن جیاوازی لەگەڵ براکەى هەبوو، هێمن تر بوو حەزی لە کوشتن و بڕین نەبوو، دیارە هیچ ئەزموونێکى سیاسیشی نەبوو.

 

شەڕی هەندرێن بەهێزترین گورز بوو لە سوپای عێراق

 پاش وەرگرتنی پۆستەکەی بە چەندڕۆژێ، لە ئەیاری ١٩٦٥دا شەو بەشێ لە سوپاو جاشەکان لەسەربازگەى ڕه‌واندزەوە دزەیان کردبوو بۆ سەرشاخی هەندرێن کە مەلامستەفا پاراستنى سپاردبوو بە پێشمەرگە شیوعیەکان. ئەمە سەرکەوتنێکى گرنگ بوو بۆ حکومەت. بەڵام لە ١٢ ئەیاردا پێشمەرگە کانى حشع و سریە یەک پێشمەرگەی دۆستیان کە عیزەتی سلێمان بەگى دەرگەڵە سەرکردایەتى دەکردن هێرشیان بردە سەر ئەوهێزە کە دزەى کردبوو بۆ سەرشاخەکە. هێزەکە شکاو ڕاونرا تاسەربازگەى ڕەواندوز. لە مێژووى خەباتی چەکدارى کوردستاندا تا ئەو چرکەیە ئەمە گەورەترین سەرکەوتنى سەربازى بوو دژی حکومەت، بوویش بە هۆکار بۆ واژۆکردنى ئاگربەستی ٢٩ حوزەیرانى ١٩٦٦. کاتى واژۆکردنى ڕێکەوتنەکە تاقمی مەکتەبی سیاسی ڕێکەوتبوون لەگەڵ بەغداو لە شەڕدا بوون لەگەڵ پێشمەرگەدا. بێگومان مەلامستەفا لەو ڕێکەوتنەدا حسابی بۆ ئەو پرسە کردبوو، دەیویست شەڕەکە چڕبکات دژ بە چەکدارەکانى مەکتەبی سیاسی. لەبەر ئەمە زۆری مەبەست نەبوو کە ناوەڕۆکی ڕێکەوتن شتی گرنگى تێدا نەبێ بۆ چارەسەرى کێشەى کورد، سەبارەت بە عبدالرحمن عارفیش شەڕەکەى هەندرێن بەجدی ترساندی و ناچارى کرد بە ئاگر بەس.

 

،،

لە ١٩٦٨دا، کە کودەتاى دووەمی حیزبی بەعس جێبەجێکرا، بزوتنەوەى نەتەوەیی کورد لە دوڕیانێکی ئاڵۆزو پڕ لەگرێدا بوو. ئەم بزوتنەوەیە لەنێوان خۆیدا لەت بوو بوو، شەڕی ناوخۆی کوردی ( شەڕی براکوژی ) هەڵگیرساندبوو، لایەکى بەشاخەوە بوو لایەکەى تریشی لە شاردا، لەگەڵ حکومەتى عێراق یەک بەرەبوو

کودەتای دووەمی بەعس بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سی ئای ئەی

پرسی کودەتاى سەربازى لە عێراقدا بابەتی باسبوو لە نێوان لەندەن و واشنتۆندا، بەتایبەتی پاش مردنى عبدالسلام و جێگرتنەوەى لەلایەن عبدالرحمن ی برایەوە، لەساڵی خوێندنى ١٩٦٧دا هەڵبژاردنى سەندیکای خوێندکارانی زانکۆی بەغداد کراو خوێندکارانی سەربە حشع زۆرینەی دەنگیان لە زانکۆدا بەدەستهێنا. ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بۆ چەپەکان، سەرەڕای ئەو هەموو تیرۆرو کوشتارەش لەڕۆژانى کودەتا فاشیەکەى شوباتی ١٩٦٣دا، زەنگى مەترسی بوو بۆ ئیستیعمارو نۆکەرانى، کەوتنە گفتوگۆو بە پەلە پەل بۆسازکردنى کۆدەتایەکى تازە، بەتایبەتی ئەوەشیان لا ڕوون بوو کە هێشتا حشع زۆر زۆر لە حیزبی بەعس جەماوەریترە.

 

عبدالرحمن عارف وەکو خۆی ئەزموونى سیاسی نەبوو پێناچێ ڕاوێژکاری سیاسی و هەواڵگری جدیشی هەبووبێ. دیارە هیچ مەترسیەکی لەکۆدەتای سەربازی نەبوو. لە هاوینی ١٩٦٨دا نێردراوی ئەمریکی راونتری سەردانی بەغدادی کردو بڕگەیەکی جەوهەری سەردانەکانی چاوپێکەوتنی احمد حسن البکر بوو کە وەکو سەرۆکێکى حیزبی بەعس تەماشای دەکرا. دواییش وەها بڵاو بۆوە کە ئەو دانیشتنە بۆ باسی ئەو کۆدەتایە بووە، واتە بۆ دوایین تاوتوێی ئەو کۆدەتایەی کە ١٧ تەمووزى ١٩٦٨جێبەجێ کراوبەعسیەکانی گێڕایەوە سەرکورسی دەسەڵات.

 

بەعسیەکان دەیانزانی کە لە ناو جەماوەردا بوغزێنراون و دەستدرێژی و تاوانەکانى ڕۆژانى 1963 یان لەبیری ئەو خەڵکە نەچووە، لە کوردستانیشدا ئەمجارە پارتیان لەگەڵ نەبوو. بۆیە هەر لەسەرەتاوە بڕیاریان دابوو، یان هێندێ هەواڵگرى دەرەوە ئامۆژگاری کردبوون، کە هەوڵبدەن هەویەى خۆیان ئاشکرا نەکەن تا جێپێی خۆیان قایمنەکەن، وشەى ( بەعس ) لە هیچ ئامێرێکى ڕاگەیاندن نەبیسترا تا چەند ڕۆژێک. بەڵام پاشتر، لەگەڵ ڕووبەڕوو بوونەوەى یەکەم تاقیکردنەوەدا هەرناوەکەیان نەناسرا بەڵکو سروشتى سیاسی ڕاستەقینەشیان ناسرا.ئەوە بوو کرێکارانی کارگەى ڕۆن لە بەغدا، پاش چەند ڕۆژێ لە کودەتاکە، مانگرتنەکە یان ڕاگەیاند بۆ هێندێ داخوازى پیشەیی خۆیان. سەدام حسین تکریتی مانگرتنەکەى نوقمى خوێن کردو هەڕەشەى زۆریشی کرد. پێویست بە بەڵگەى زێتر نەبوو کەئەمە هەر ڕژێمە فاشیەکەى بەعسی ١٩٦٣یە. بەڵام راگەیاندنی فەرمی ڕژێمى نوێ بەردەوام بوو لە هەوڵى خۆیدا بەشکو بە خەڵکى بسەلمێنێ کە ئەم کودەتایەى ئێستە وەکو ئەوەى شوباتى ١٩٦٣ نیەو ئەمجارە بە عەقڵێکى ترەوە هاتوون و ناگەڕێنەوە سەر ڕەوشتی پێشوویان. کەمێ لە خەڵک باوەڕی پێدەکردن و زۆرینە بە ترس و گومانەوە تەماشای دەکردن.

لە ١٩٦٨دا، کە کودەتاى دووەمی حیزبی بەعس جێبەجێکرا، بزوتنەوەى نەتەوەیی کورد لە دوڕیانێکی ئاڵۆزو پڕ لەگرێدا بوو. ئەم بزوتنەوەیە لەنێوان خۆیدا لەت بوو بوو، شەڕی ناوخۆی کوردی ( شەڕی براکوژی ) هەڵگیرساندبوو، لایەکى بەشاخەوە بوو لایەکەى تریشی لە شاردا، لەگەڵ حکومەتى عێراق یەک بەرەبوو. باڵی مەکتەبی سیاسی بەسەرکردایەتی برایم احمد چەکوتەقەمەنی و پوول و پارەو بارەگای پایین.. هتد بۆ دابین کرابوو هەتا بتوانێ شەڕ بکات دژی پێشمەرگە و ئەگەر لە شەڕێکیشدا شکا دەگەڕێتەوە بۆ قوڵایی ستراتیجی خۆیی ( بۆ لای حکومەت ) بۆ ئەوەى پشوو بدات و خۆی کۆبکاتەوە بۆ هێرشێکى دیکە. لەلایەکى دیکەوە سەرکردایەتی پێشمەرگە لەگەڵ حکومەتى عبدالرحمن عارف ئاگربەستی بەستبوو، سەرگەرمى شەڕبوو دژی باڵی مەکتەبی سیاسی. ئەمیش ئەگەر لە شەڕێکدا بشکایە نەختێ پاشەکشەى دەکردو سەنگەری دەگرت بێ ترس و دەکەوتە ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنى هێرشێکى تۆڵە ئامێز. نازانم ڕێکەوتنامەى ئاگربەس لەگەڵ بەغدا چی نهێنى لەگەڵ بوو، چیان لە بەغدا وەرگرت، بەڵام ئەوە نهێنی نەبوو کە پێوەندى سەرکردایەتى خەباتی چەکدارى لەگەڵ تاران، پاش ئاگربەسیش، وەکو خۆی مابوو.

حکومەتى تازەى بەعس هەردوو ڕێکەوتنەکەى قبووڵکردو، لانى کەم لەسەرەتاوە هیچ گۆڕانکاریەکى تێدانەکرد. ئەرکى هەرەپەلەى دەسەڵاتى نوێ پتەوکردنى پێگەى خۆی بوو لەکۆمەڵگەدا. جگە لەمەش ژمارەیەک لە ئەندامانى سەرکردایەتى حیزبی بەعس بەجدى دەیانویست هێندێ چاکسازى لە حیزبی بەعس و هێڵی سیاسیدا بکەن، یان پێیانوابوو ئەمە دەکرێ لەکاتێدا کە دەسەڵاتیان لەدەستدانەبوو. کەهاتنە سەر دەسەڵاتیش سەدام یەک بە یەکیانی کوشت دوسێ کاسەلێس نەبێ وەکو تەها یاسین رەمەزان و تاریق عەزیزو عیزەت دوورى. خۆی بەتەنها وەکو دکتاتۆرێکى بێوێنە ٣٥ ساڵ حوکمى کرد هەتا ئەمریکا ڕووخانی و شیعەکان هەڵیان واسی.

 

،،

پاش هەوڵە سەرنەکەوتوەکەی سەدام بۆ کوشتنی مستەفا بەرزانی لە ئەیلولی ١٩٧١ ئاشکرا بوو کە چارەنوسی ڕێکەوتنی ( ١١ ) ئازار کەوتە نێو تونێلێکی تاریک و ئاڵۆز

بەیانی ١١ ئازاری ١٩٧٠ تێروتەسەلترین بەڵگەنامەی مافی کورد بوو لەوسەردەمەدا

تاقمی مەکتەبى سیاسی بۆ چوار ساڵی ڕەبەق مانەوە لەگەڵ حکومەتى عبدالرحمن عارف و بەعسی سەدامى ( ١٩٦٦ – ١٩٧٠ ) هەتا سەدام ڕێکەوتنى ١١ ئازارى ١٩٧٠ ی لەگەڵ بەرزانی واژۆکردو ئەوان، زەلیلتر لەهاتنەوەکەى ١٩٦٥، بۆجاری دووەم لە بەغداوە هاتنەوە و خۆیان ڕادەستى بەرزانى کرد، جگە لە سکرتێرەکەیان برایم ئەحمد کەپاش کۆنفرانسی تیمار ( قەرەداغ ) عێراقی جێهێشت و ژیانى پەنابەری لە بەریتانیا هەڵبژارد.

لەسەرەتای دەسپێکی خەباتی چەکداریەوە – ئەیلولی ١٩٦١ - هەتا ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنی ١١ ئازاری ٩٧٠ ئەوڕێکەوتنە تێروتەسەلترین بەڵگەنامەبووە کە بەڕوونی کۆمەڵێ داخوازی گەلی کوردستانی عێراقی لەخۆگرتبوو. سەدام دانی بەوەدا ناوە کەپاشەکشەی زۆری کردووە بەرانبەری بەرزانی. بەوەش ئەو پاشەکشەیە پاساو دەدات کە چەک و تەقەمەنی نەمابوو، توانای بەردەوامی لەسەر شەڕ نەمابوو. بەڵام من بەگومانم کەسەدام ڕاستبکات چونکە واشنتۆن و لەندەن پشتگیریان دەکردو دەیانتوانی چەکیشی بدەنێ.

 

لێرەدا، ئەوگریمانەش دادەنێم کەلەمێشکی خۆیدا سەدام گەڵاڵەی ئەوپرۆژەی کردبوو کەلە ٩٧١ دا دەرکەوت بۆ کوشتنی مەلا مستەفا. ئەوکێشەی سەرەکی لەشەخسی مەلا مستەفادا دەبینی و پێی وابوو ئەگەر مەلای کوشت ئیتر هەموو شتێ بە کەیفی خۆی دەبێ. ئەگینە بۆچی کۆمەڵێ تەنازولاتی بۆدەکات و پاش ساڵێ دەیکات بە ئامانجی ‌‌‌ئەوپیلانە ترسناکە؟ بۆ ئاگاداری بە ڕێکەوتێکی عەجیب بەرزانی ڕزگاری بوو لە کوشتن ؛ لە چرکەی تەقینەوەدا چایچیەکەی لەبەردەمیدا وەستابوو، چای بۆ دادەنا. چایچیی شەهید بوو بەرزانی سەلامەت بوو، پلانەکەی ئەبوو عودەیش شکستی خوارد.

ئەم دەسدرێژیەی سەدام گرژی و ئاڵۆزیەکی زۆری خولقاند لەنێوان بەرزانی و حکومەتی بەعسدا، بەڵام نەگەیشتە دەسپیکردنەوەی شەڕ. بەرزانی لە ئەسڵدا باوەڕی بە سەدام نەبوو. جا پاش ئەم پلانەش دەبێ چۆن بێ !؟ بەهەرحاڵ بێ بەڵگە نامەی ڕێکەوتنی ١١ ی ئازار وەکو خاڵێکی گرنگ چووە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستانی عێراق.

 

لە خوارەوە کورتەیەکی چڕی ئەوبەیانە دەخەینە بەردەمی خوێنەران :

ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆرش لەعیراق پەیوەندیی بە پارتى دیموکراتى کوردستانەوە کرد بە سەرۆکایەتى مەلا مسەفاى بارزانى و گفتوگۆ لەلایەن هەردولاوە ئەنجامدرا سەبارەت بە مافە نەتەوەییەکانى گەلی کورد لە عیراقداو، لەئه‌نجامدا هەردولا رێکەوتنامەی ١١ ى ئادارى ١٩٧٠ ( ١١/٣/١٩٧٠ ) یان لەو بارەیەوە ئیمزاکرد و دەقی ئەو ڕێکەوتنامەیە لە بەیانێکدا بڵاوکرایەوە کە بە بەیانى یانزەى ئازار ناسراوەو، بەمجۆرە دەست پێدەکات:

 

هاوڵاتیانى کوردى تێکۆشەر:

تەنها ویستى ئێوە بۆ یەکێتى نیشتیمانى سەردەکەوێت و، هەموو ئەو هەڵانە لەەر تاشەبەردى هۆشیاریتان بە بەرپرسیارێتى مێژووی تێک دەشکێن کە دەخوازن یەکانگیریی خەباتتان لاواز بکەن و، ئامانجە باڵاکانتان لە یەکێتى و ئازادى و سۆسیالیزمدا بەدی دێن.

جارێکیتر لەسەر ئەم خاکە بەسۆزەدا مەرجەکانى خۆشەویستى و ئاشتى و برایەتى لە نێوان دوو نەتەوەدا نوىچ دەبێتەوە کە مێژووى خەباتى هاوبەشیان هەیە بەدرێژایی مێژو و، لە ئێستادا و لە سبەینێ و بۆ هەمیشە شەرەفی ژیانەوەى تێکۆشانى هاوبەشیان پێدەبەخشرێت بۆ زاڵبوون بەسەر دوژمنانى هەردوو نەتەوەدا.

بۆ تەواوکردنى هۆکارەکانى ڕابوونى ڕۆشنبیرى و بەشدارى پێکردنى جەماوەرى کورد لە بنیاتنانى نیشتیمان و خەبات بۆ ئامانجە نەتەوەییە مەزنەکانى، ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆرش بڕیریدا:

١- زمانى کوردى بکرێتە زمانێکى فەرمى لەگەڵ زمانى عەرەبیدا لەو ناوچانەى کە زۆرینەى دانیشتوانى کوردن و، زمانى کوردى وەک زماى دوووە لە عیراقدا بخوێنرێت لەو سنورانەدا کە یاسا دایدەنێت.

٢- بەشدارى پێکردنى برایانى کودر لە حوکمدا و جیاوازى نەکردن لە نێوان کورد و ئەوانیتردا لە وەرگتنى کارو فرمانە گشتیەکاندا لەوانەش پلەو پایە هەستیار و گرنگەکانى دەوڵەت وەک وەزارەتەکان و ئەوانەیتر.

٣- لەبەر ئەو دواکەوتەى کە دوچارى نەتەوەى کورد بووە لە ڕابوردودا لە هەردوو بوارى ڕۆشنبیرى و پەروەردەییدا، پلانێک بۆ چارەسەرى ئەوە دادەنرێت لە ڕێگەى:

ڕ- خێرا جێبەجێکردنى بریارەکانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆرش سەبارەت بە زمان و مافە رۆشنبیریەکانى گەلى کورد و، بەستنەوەى ئامادەکردن و ئاراستەکردنى بەرنامەى تایبەت بە کاروبارى نەتەوەى کورد لە ئیزگەو تەلەفزیۆندا بە بەرێوەبەرایەتى گشتى ڕۆشنبیری و راگەیاندنى کوردیەوە.

ب- گەڕاندنەوەى ئەو قوتابیانەى کە فەسڵ کراون یا ناچاربوون کە واز لەخوێندن بێنن بە هۆى بارودۆخى توندوتیژیی لە ناوچەکەدا.

ج- کردنەوەى قوتابخانەى زیاتر لە ناوچەى کوردستاندا بەرز کردنەوەى ئاستەکانى پەروەردەو فێرکردن و وەرگرتنى قوتابیانى کورد لە زانکۆ و کۆلیژە سەربازیەکان و نێردەو خوێندندى دەرەوە بە شێوەیەکى دادپەروەرانە.

٤- کارمەندانى ئەو یەکە کارگێریانەى کە زۆرینەى دانیشتوانەکەیان کوردن، کورد دەبن و بەرپرسانى بنەڕەتى وەک(پارێزگار، قایمقام، بەرێوبەرى پۆلیس و ئاسایش لەوان دادەنرێت.

٥- مافی گەلى کورد لە دامەزراندنى رێکخراوەکانى قوتابیان و لاوان و ژنان و مامۆستایانى تایبەت بەخۆى.

٦- لێخۆشبون لە هەموو ئەوانەى کە بەشدارییان لە کارى توندوتیژژیدا کردوە لە ناوچەى کوردستاندا و گەڕاندنەوەى کرێکاران و کارمەندانى مەدەنى و سەربازى بۆ خزمەت.

٧- پێکهێناى لیژنەیەک لە پسۆران بۆ پەرەپێدانى ناوچەى کوردستان لە گشت لایەنەکانەوە لەڕێی پلانێکى ئابوریەوە و قەرەبوکردنەوەى زیان لێکەوتوان و تەرخانکردنى موچەى خانەنشینى بۆ ئەو خێزانانەى کە دۆخى شەڕى نەخوازراودا شەهید بوون.

٨- گەڕاندنەوەى دانیشتوانى گوندە عەرەب و کوردەکان بۆ شوێنەکانى خۆیان و قەلرەبوکردنەوەى ئەوانەى کە بە هۆى یاساوە ناتوانن بچنەوە سەر شوێنى خۆیان.

٩- خێر جێبەجێکردنى چاکسازیی کشوکاڵى لە ناوچەى کودردستاندا و پاکتاوکردنى پەیوەندیی دەرەبەگی و دانى زەوى گونجاو بە جوتیاران.

١٠- رێکەوتن لە سەر هەموارکردنەوەى دەستور بەجۆرەى خوارەوە:

ڕ-گەلى عیراق لە دوو نەتوەوى سەرەکیی عەرەب کورد پێک دێت.

ب- زیادکردنى ئەم بڕگەیە بۆ مادەى چوارەمى دەستور:زمانى کوردى زمانى فەرمى دەبێت لەگەڵ زمانى عەرەبیدا لە ناوچە کوردیەکاندا.

١٢- یەکێک لە جێگرانى سەرۆک کۆمار کورد دەبێت.

١٣- گەلى کورد بە رێژەى دانیتوانى لە عیراقدا بەشداریی لە دەسەڵاتى یاسداناندا دەکات.

سەدام قبوڵی نەبوو هیچ ڕێخراوێ یان چالاکیەکی سیاسی لە عێراقدا هەبێ و لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی خۆیدا نەبێ. ئەولایەنانەشی کەلێیاندە ترسا دولایەن بوون : حشع + بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. زۆر مەبەستی بوو کە ئەم دولایەنە نەگەنە ڕێکەوتن لەگەل یەکتر دژ بە ڕژێمی بەعس. ئەوکاتەی کە ڕێکەوتنی ١١ ی ئازاری لەگەڵ بەرزانی واژۆکرد حشع ویستی و پارتیش هەرپێی باش بوو کە واژۆی شیوعیەکانیش لەسەر بەڵگە نامەکە بێت، بەڵام سەدام ڕێگر بوو. پاش واژۆکردنیش ڕاستەوخۆ شاڵاوێکی دڕندانەی سازکرد دژی شیوعیەکان بێ ئەوەی هیچ جۆرە پاساوێکی هەبێ، ژمارەیەکی زۆر لە کادرەکانی بە شکەنجە کوشت کە ئەندامی سەرکردایەتی علی بەرزنجیشیان لە نێو دابوو. ئەو شاڵاوە فاشیەی نەوەستان تا شکستی هەوڵەکەی بۆ کوشتنی مەلا مستەفا لە ١٩٧١. کە تێکچوون لەگەڵ بەرزانی کەوتنە هەوڵی ئاشتکردنەوەی شئوعیەکان و بەشێکیش لەسەرکردایەتی حشع خوا خوای شتێکی وەهایبوو. ئەوەبوو لەسەرەتای ئایاری ١٩٧٢ دا دوکەسی شیوعی ( عامر عبدواللە و موکەرەم تاڵەبانی ) چوونە ناو حکومەتی بەعس، بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی.

پاش هەوڵە سەرنەکەوتوەکەی سەدام بۆ کوشتنی مستەفا بەرزانی لە ئەیلولی ١٩٧١ ئاشکرا بوو کە چارەنوسی ڕێکەوتنی ( ١١ ) ئازار کەوتە نێو تونێلێکی تاریک و ئاڵۆز. دەبوو سەرکردایەتی حشع موناقەشەیەکی قووڵی هەڵوێستی سیاسیی خۆی بکردایە بەرانبەر بەو دۆخە، دەبوو بیزانیایە کە پیوەندی بەرزانی و سەدام بەرەو تازەبونەوەی جەنگ دەڕوات. بەڵام سەرکردایەتی حشع لە وەهمی ڕێگای نا سەرمایەداریدا دەژیا، بەتەمابوو سەدام ببێتە کاستروی عێراق بەرەو سۆشیالیزم. ئەم وەهمە ڕێڕەوی حشعی دیاری کردبوو ؛ حشع لەگەڵ بەعس دەوەستێ دژی پارتی. ئەوەبوو لە ئایاری ٩٧٢، پاش ٧ مانگ لە هەوڵی کوشتنەکە، بە دو وەزیر بەشداری کرد لە حکومەتی صەدام.

ناتوانم بڵێم پێویست بوو حشع خۆی ببەستێتەوە بە بەرزانیەوە لەوکاتەدا، چونکە بەرزانیش ڕێگەیەکی چەوت و پڕمەترسی گرتبوە بەر، ڕیشی خۆی دا بوە دەستی شا و دۆستەکانی شا. بەڵام دەیتوانی بێلایەن بوەستێ لەنێوان هەردولاداو بە گوێرەی گۆڕانکاریەکانی ئاییندە هەڵوێستی خۆی دیاری بکات.

 

،،

لەبەرنامەی بەرەی هاوکاری لەگەڵ سەدام حشع ئەوەی واژۆکردبوو کە جگە لە حیزبی بەعسی سەرکردە بۆ هیچ حیزبێکی دیکە نیە چالاکی و ڕێخستنی سەربازی لەناو سوپادا هەبی

ئۆتۆنۆمیەکی درۆینە بۆ کوردی عێراق کە لەسەر دەستی حشع مۆرکرا

ئۆتۆنۆمی هەر لەسەرەتاوە جێگەی دڵخۆشی و ڕەزامەندی کەس نەبوو جگە لە هێندێ ئەندامانی سەرکردایەتی حشع، چونکە بە ئیفلیجی لەدایک بوو، پێداویستی ژیان و گەشەکردنی تێدا نەدەبینرا. سەدام نەیویست ناوی وەزیریش بدات بە دەزگای حکومڕانی هەرێم، بەڵکو ناوی ( امین عام ) ی لێنان و تەنها دوکورسی امین عام و ٨ کورسی ئەندام تەشریعی دا بە حشع. بەهەر هەمویان دەسەڵاتی پۆلیسێکی ئاسایشی بەعسیان نەبوو. لەساڵانی ئەو ئۆتۆنۆمیە درۆینەیەدا هەرچی تاوان و خراپەکاری هەیە دەسەڵاتی دیکتاتۆری صدام دەرهەق بە گەلی کورد کردی، بەتایبەتی پاش ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥، بەڵکو دەرهەق بە خودی حشعیش کردی و سەرکردایەتی حشع هەر بێدەنگ مایەوە. ئەمین عام و ئەندام تەشریعیەکانی حشع لە کوردستانیش ـ وەکو هەردو وەزیرەکەی حشع لە بەغدا ـ فزەیان نەکرد چونکە سەرکردایەتی حیزبەکەیان داوای هیچی لێنەدەکردن و خۆ هێندە غیرەتیان نەبوو دەسپێشخەریەک بکەن یان لانی کەم دەسلەکار بکێشنەوە. داواو کرداری شیوعیەکان بەرانبەر بەهەموو دەستدرێژی وکوشتاری ڕژێمی فاشی هاوپەیمان بریتی بوو لەداواکردنی کۆبونەوەی لیژنەی بەرە لەسەر ئاستی پارێزگا یان ئاستی ناوەندی. بۆ ئاگاداری ئەم کۆبونەوە، بیشکرایەت، نە هیچ دەسەڵاتێکی هەبوو نە هیچی لەو وەزعە تاڵە دەگۆڕی.

سەدام گەیشتە ئەو باوەرە کە حشع توانای هیچ جموجوڵێکی نەماوەو زەبرێکی کوشندەی لێدراوە، هەڵناسێتەوە سەر پێ. ئەم بۆ چونەش نزیکبوو لە ڕاستی. ڕێخستنەکانی حشع، بەتایبەتی لە ناوچە عەرەبیەکانی عێراقدا، تێکشێکێنرابوو بەسەریەکدا و ئاسایشی بەعسی تۆڕێ لە سیخوراتی تێدا چاندبوو. زۆرینەی هەرە زۆری کادرەکانی حشع یان توانیبویان خۆیان دەزباز کەن بۆ دەرەوەی وڵات ( لە کوردستاندا بۆ دەرەوەی شارەکان ) یان بە هۆی ناڕەزاییەوە لە سیاسەتی پاشکۆگەری حشع هەموو پێوەندیەکیان لەگەڵ حیزب بڕیبوو لەماڵی خۆیان دانیشتبوون.

لەبەرنامەی بەرەی هاوکاری لەگەڵ سەدام حشع ئەوەی واژۆکردبوو کە جگە لە حیزبی بەعسی سەرکردە بۆ هیچ حیزبێکی دیکە نیە چالاکی و ڕێخستنی سەربازی لەناو سوپادا هەبی. حشع ئەوەشی واژۆکرد کە ڕێخستنە جەماوەریەکانی خۆی لە نێو خوێندکاران و لاوان و ئافرەتان و..... هتد هەڵوەشێننەوەو تەنها بەعس مافی چالاکی هەبێ لەم بوارانەدا. لەگەڵ ئەم هەموو پاشەکشە نا لۆژیکیەش سەدام وازی نەهێنا لە قەلاچۆکردنی شیوعیەکان، چ بە نهێنی ( ایغتیالات ) و چ بە ئاشکرا، ئەوانەی بەنهێنی دەکوژران ئەو کادرانەبوون کە بەعس بەخەتەری دادەنان و هەڵیدەبژاردن بۆ کوشتن. ئەوەشی بە ئاشکرا، بە بڕوبیانوی درۆوە، حوکمی ئیعدامیان دەدرا، بەمەبەستی ترساندنی شیوعیەکان و جەماوەری عێراق بە گشتی. بە پێچەوانەی بەیانی ١١ ئازاری ١٩٧٠ کە کۆمەڵێ لە مافی ڕاستەقینەی نەتەوەیی و ئیداری و ڕۆشنبیری هاتە دەستی کورد، ئۆتۆ نۆمیە درۆینەکەی ٩٧٤ ی حشع ـ سەدام هەر لەسەرەتاوە بە ئیفلیجی لەدایک بوو، بە ئیفلیجی ٥ ساڵ مایەوە و دواتر مردار بووەوە و گچکە ترین ئاسەواری باشی بەدوای خۆیدا جێنەهێشت. باشە ئەوەش بزانرێ کە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حشع و زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکبوون لەسەر سیناروێی ئەم فلیمە کاریکاتێریەی ئۆتۆنۆمی، بەڵام ئەندازیاری سەرەکی پرۆژەکە سکرتێری حشع و کەسایەتی ناسراوی کورد کۆچکردوو عه‌زیزمحه‌مەد بوو.

 

 

 

 

سه‌رنج:

" بەشێكە لە كتێبی " پرسی کورد و ئەزموونی کوردستانی عێراق" كە بیروه‌رییه‌كانی سیاسه‌تمه‌دار به‌هادین نوری، سكرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی عێراقه‌و، " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین" به‌ چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌ك بڵاوی ده‌كاته‌وە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك