كۆمه‌ڵێك ڕاستی سەرنجڕاکێش دەربارەی ستالین

بۆچى وازى له‌ خوێندن هێناو ناوى خۆیشى گۆڕى؟

كۆمه‌ڵێك ڕاستی سەرنجڕاکێش دەربارەی ستالین

1275 خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانى - لاوان عوسمان

جۆزێف ستالین، سەرکردەی دووەمی یەکێتی سۆڤییەت" یەکەم ڤلادیمیر لینیین "، سەرەڕای ئەوە ئەم کەسایەتییە بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی یەکێتی سۆڤییەت دادەنرێت.

وە دوو کەس لەسەر ئەوە جیاوازیی لەنێوانیاندا نییە کە لەکەسایەتییە ترسناکەکانە، کەسێکبووە بەزەبروزەنگ و توند کە نەرمبوونی مەحاڵە، دیکتاتۆرێکە کە میلیۆنانی لەگەلەکەی خۆی کوشتووە، بەبێ ئەوەی بوەستێت بۆ ئەوەی ساتێک بییربکاتەوە. جێدەستەکانی ئەم کەسایەتییە لە مێژوودا ناسڕێتەوە.

شتگەلێک هەن دەربارەی ستالین کە زۆر کەس نایزانێت، وە بۆ هەندێکیش دەبێتە مایەی سەرسوڕمان، لە دێڕەکانی خوارەوەدا ئاشنادەبین بە" ۱۰ " ڕاستیی دەربارەی سەرکردە ڕووسییەکه.

،،

ماچ و دیمەنی ڕووت لە فیلمە فەرەنسییەکاندا بووە بۆیە بۆ ماوەیەک قەدەغەی کردووە

۱ ـ ستالین واتە "پیاوی ئاسنیین"

ستالین لە (ڕەشەمێ ـ دیسەمبەر ـ کانونی یەکەم ) ی ۱٨۷٨ لە دایکبووە. ناوی ڕاستەقینەی ستالین، فیساریۆنۆڤیچ جوگاشفیلییە، کە دواترو کاتێک تەمەنی دەگاتە ۳۰ ساڵ دەیگۆڕێت بۆ ستالین، بۆچی ستالین؟ چونکە خۆی بە پیاوێکی ڕەق و ئاسنیین داناوە، ئەو ناوەی بۆ خۆی بە گونجاوتر زانیوە، تا ئەو ناوەی کە باوکی لێینابوو.

۲ ـ ڕێکەوتی لەدایکبوونی سەرنجڕاکێشە

بەپێی دانپیانراوە فەرمییەکان بێت، ڕێکەوتی لەدایکبوونی هاوکاتە بە ۱٨ی دیسەمبەری ۱٨۷٨، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک لە دانپیانراوەکان دەڵێن: بەپێی ڕۆژژمێری ـ یولیانیی ـ (کە ئەوکات ڕۆژژمێری فەرمیی ڕوسیی بووە کە لەساڵی ٤٦ ی پ.ز لەلایەن یولیۆس قەیسەرەوە سەپێنراوە) دەکەوێتە ٦ی دیسەمبەر، بەڵام ستالین خۆی ڕێکەوتی لەدایکبوونی گۆڕیی بۆ ۲۱ ی دیسەمبەر و ساڵەکەشی لە ۱٨۷٨ گۆڕیی بۆ ۱٨٨۱.

 

۳ـ ڕاستی وازهێنانی لە قوتابخانە.

ستالین یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە مەتەڵگەل و ناڕوونییەکی زۆریان لە هەگبەیاندا هەڵگرتووە، یەکێک ئەو مەتەڵانەش کە کەس ڕاستییەکەی نازانێت مەتەڵی وازهێنانیەتی لە خوێندن. بەپێی هەندێک دیۆکۆمێنتی مێژوویی: ئەو سەرکردەو دیکتاتۆرەی داهاتوو، نەیتوانیوە خەرجیی خوێندن بدات. هەندێکیتریش دەڵێن: دەرکردنی بەهۆی یەکنەهاتنەوەی بۆچوونەکانیەتی لەگەڵ ئیمپراتۆڕ" نیگۆلای دووەم" و لەدەستدانی زۆرێک لە تاقیکردنەوەکانەوەکان بووە، بەڵام تا ئێستا کەس ڕاستییە سەلمێنراوەکە نازانێت.

٤ـ ستالین و قەدەغەکردنی ماچ و دیمەنی ڕووت لە فیلمە سۆڤیەتییەکاندا.

دوای جەنگی جیهانیی دووەم ستالین بیۆی " گۆبڵزی سینەمایی" گرتە دەست، ئەو حەزی لە فیلمەکانی ـ شابلن ـ و فیلمی تری لەبابەتی ( in old chicago ـ it happened one night) بوو. وە لە ئەرشیفەکاندا بەڵگەنامە دەستخراوە کە داوای فیلمی، (monkey man)ی کردووە. سبەنسر تریزیی و کلارک جیبڵ لە ئەکتەرە دڵخوازەکانی بوون، حەزی لە فیلمەکانی جۆن فۆرد و جۆن واین بووە، ماچ و دیمەنی ڕووت لە فیلمە فەرەنسییەکاندا بووە بۆیە بۆ ماوەیەک قەدەغەی کردووە. ستالین خەرجیی پۆشتەیی ناو فیلمەکانی هەڵدەگرت، جارێکیان؛ بۆلشاکۆڤ" وەزیری ڕۆشنبیریی " فیلمێکی پیشاندابوو کە سەماکەرێکی ڕووتی تیابوو، ستالین پرسیبووی: (ئایا تۆ باڕو مەیخانەت هەیە؟) بەتووڕەیی چووبووە دەرەوە!

کاتێک لە فیلمی ´ volga -volga` ڕووسییدا دیمەنێکی ماچکردنی دیبوو سەریسوڕمابوو کە لەو فیلمەدا دیمەنی ماچکردنی فەرەنسیی قەدەغەکراو هەیە، ئەوەبوو بەتووڕەییەوە فەرمانی سڕیینەوەی دەرکرد.

،،

بەرپرسە لە مردنی ۲۰ میلیۆن لە سەرباز و خەڵکی مەدەنی، کە لەجەنگی جیهانیی دووەمدا کوژران و هۆکاربوو بۆ مردنی خەڵکانێک بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە لە زیندانەکانداوئەو کەسانەشی لە مەنفا و ئەوانەشی کە لەبرسا مردن

٥ـ حەزی ستالین بۆ شەراب

شەرابی جورجیی بە مێوژ، لەلای ستالین خوازراوبوو، ڕووسیا ساڵی ۲۰۰٦ هاوردەکردنی قەدەغەکرد بەهۆی خراپیی جۆره‌كه‌ى، شەرابی جۆرجیی ناسراو بە(khvanchkara) ئەو شەرابە بوو کە لای ستالین خوازراو بوو.

٦ـ ستالین عاشقی مۆسیقای مۆزارت بوو

دوای کۆچی دوایی ستالین لە ساڵی (۱۹٥۳) لەسەر ئامێری گرامافۆنی تەنیشت جێگەی نوستنەکەی شریتێکی مۆسیقای مۆزارت لە ژەندنی "ماریا یودینا" بە ئامێری پیانۆ بینرایەوە. دەگێڕنەوە ، کاتێک ستالین لە ڕادیۆ گوێی لەژەندنی "کۆنشرتۆی مۆزارت" لەلایەن یۆدینا ـ وە بووە بەشەخسیی داوای شریتێکی ئەو پارچەژەندنەی کردووە، بەڵام کەس بوێریی ئەوەی نەبووە کە پێی بڵێت ئەو پارچەیە ڕاستەوخۆ ژەنراوە و تۆمارنەکراوە بەڵام کاتێک ستالین دەزانێت داوا لە یۆدینا دەکات کەوا ڕاستەوخۆ بێت بۆ ئەو ستۆدیۆیەی کە شەوێکی ڕەبەق بەچڕیی لەگەڵ ئۆرکێسترا کاری تۆمارکردنی ئەو ژەندنەی کە دواتر بۆ ستالین گوازرابوویەوە، تێداکردبوو.

کاتێک ستالین سیدییەکەی وەرگرتبوو، بە بڕێک پارەی باش پاداشتیکردبوو، ئەویش بەنامەیەک سوپاسی ستالینی کرد و تیایدا وتی: کە پارەکەی بەخشیوەتە کەنیسەکەی وە هەروەها گوتیشی کە لەخودا دەپاڕێتەوە کە لەگوناهە گەورەکانی ستالین خۆشبێت، گومانی تێدا نییە، کە نامەیەکی لەو جۆرە، بەس بوو بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مردنی بکاتەوە، بەڵام ئەوەبوو تووشی هیچ زیانێک نەبوو.

 

۷ـ پیاوێکی بچووک بوو، بە کۆمەڵێک ئەندێشەی گەورەوە

هاری ترومان ـ ی سەرۆکی ئەمریکی" ناسناوی پیاوی بچووک" ی لە ستالین نابوو. لەبەرئەوەی باڵای ۱٦۰ سم بوو، بەڵام لە وێنەیەکدا کە تیایدا ستالین لەگەڵ ترومان و چەرچڵدا دەردەکەوێ، وا دیارە کە هەرسێکیان هەمان درێژییان هەبێت، بۆیە ناسناوەکەی ترومان بۆ ستالین بە باڵای ستالین نەدەبڕا و ناڕاست بوو.

٨ ـ ستالین بەرپرسبوو لە مردنی ۲۰ میلیۆن کەس، بەلایەنی کەمەوە

سەردەمی دەسەڵاتی بەسەردەمی تێرۆر جیادەکرێتەوە، ئەو بەرپرسە لە مردنی ۲۰ میلیۆن لە سەرباز و خەڵکی مەدەنی، کە لەجەنگی جیهانیی دووەمدا کوژران و هۆکاربوو بۆ مردنی خەڵکانێک بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە لە زیندانەکانداوئەو کەسانەشی لە مەنفا و ئەوانەشی کە لەبرسا مردن. هەروەها سەرکردەی ڕووسیی کۆچکردو ئۆکرانییەکانی ڕووبەڕووی برسییەتیی کردەوە لە ساڵانی ۱۹۳۲ و ۱۹۳۳ بۆ کوشتنی خواستی جیابوونەوە لە یەکێتیی سۆڤییەت تیایاندا، کە ئەوەش بووە هۆی مردنی میلیۆنان ئۆکرانیی، هەندێک سەرژمێریی فەرمیی و نافەرمیی ژمارەی قوربانیی. ژمارەی قوربانییان"ئەوانەی ستالین کوشتوونی" بە نزیکیی بە دە میلیۆن ئەخەمڵێنێت، میلیۆنان موسوڵمانی لە تاتار لە قورم و لە سیبیریا کوشتووەو دەربەدەرکردووە.

۹ ـ ستالین و سوپای مەیمونەکان

دیکتاتۆرە ڕووسییەکە دەیویست سوپایەکی نوێ گەشە پێبدات، لە ڕێی برەودان بە نەسەبێک لە مرۆڤ و مەیموون، بۆ ئەوەش فەرمانی بە زانای ڕووسیی "ئیلیا ئیلیانۆڤ" کرد کە توێژیینەوەیەک بکا بۆ گەشەپێدانی ـ جەنگاوەری مەزن.

بەڵگەنامەکان ده‌ریدەخەن کە ستالین بەجیهانی وت: درووستکراوێکی مرۆیی نوێی نەبینراوم دەوێت کە هەست بە ئازارناکات، خۆڕاگرە و جیاوازە لەڕووی ئەو جۆرە خۆراکەی کە دەیخوات. هەروەها بەڵگەنامەکان دەڵێن: کە ئەندازیار و زانای کۆمەڵایەتیی ڕووسیی تێکۆشاوە بۆ درووستکردنی "ئامێرێکی زییندووی شەڕ" وە هەوڵەکانی ئیڤانۆڤ بۆ بەکارهێنانی مەنیی ـ مەیموونی ساعدین ـ بۆ ئەو مەبەستە شکستی هێنا، بەوهۆیەوە لەساڵی ۱۹۳۱ بۆ کازاخستان دوورخرایەوە و دوای ساڵێک لە دوورخستنەوەی مرد.

 

۱۰ ـ ستالینی عاشق بە سینەما

ستالین عاشقی سینەما بوو، هەموو ئەو خانوانەی کە خاوەنی بوو، هۆڵێکی سینەمای تێدابوو بۆ تەماشاکردنی ئەو فیلمانەی کە حەزی پێدەکرن، بەڵام ئەو لەوەگوزەشتبوو کە زۆر بەتاسە بێت بۆ فیلمەکان، بەڵکو ئەو چاودێرێک بوو لەسەرەوە کە ناونیشان و بییرۆکە و چیرۆک و سیناریۆ و گۆرانیی و واژەی بۆ فیلمەکان دادەنا و بە دەرهێنەرەکانی دەگوت، و لەسەر ئەو بنەمایانە مەشقی بە ئەکتەرەکان دەکردو فەرمانی بە دووبارەکردنەوەی وێنەگرتنی فیلمەکانی دەکرد و دواتر فیلمەکانی بۆ پەخشکردن ڕایەڵ دەکرد، دوای چاوپێکەوتنە درەنگوەختەکانی نووسیینگەکەی، فیلمێکی دیارییدەکرد، هەندێک ئێوارە لەڕێی ڕادیۆی کریملن "کۆشکی کۆماریی ڕووسیا" ەوە شوێنێکی لە ڕییزی پێشەوەی هۆڵی سینەمای کریملندا لەگەڵ بیریا و مۆلۆتۆڤی سەرۆکوەزیران و ئەندریا زدانۆڤی وەزیری ڕۆشنبییرییدا بۆ دادەنرا.

ئینجا ستالین دەیپرسی : ئەمڕۆ هاوڕێ بۆلشاکۆڤ چییمان پێشکەش دەکات؟ وە دەبوو بۆلشاکۆڤی وەزیری ڕۆشنبیریی میزاجی ستالینی بقەبڵاندایە، ئەگەر میزاجی باشبووایە فیلمێکی سۆڤییەتیی نوێی پێشکەش دەکرد.

سەرچاوە: پێگەی میصری ئەمڕۆ

 

author photo

 خوێندکارى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان - زانکۆی سلێمانی