حوكمى ویراسى و عائیلى له‌دیدو و تێیڕوانینى نه‌وشیروان مسته‌فادا

حوكمى ویراسى, ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه‌ى خه‌ریكه‌ سه‌رى گۆڕان ده‌خوات

حوكمى ویراسى و عائیلى له‌دیدو و تێیڕوانینى نه‌وشیروان مسته‌فادا

554 خوێندراوەتەوە

 حوكمى ویراسى له‌ناوچه‌كه‌دا سه‌رچاوه‌ به‌ڵاو نه‌گبه‌تى و نه‌هامه‌تیه‌كانى مرۆڤن, ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ وڵات توانبیێتى بۆ خۆشبه‌ختى هاوڵاتیه‌كانى سودى لێببێنیت, لىِ ئه‌و سیستمه‌ هه‌میشه‌  كاره‌ساتى گه‌وره‌ و خوێناوى به‌دواى خۆیدا هێناوه‌, ئێستا زیاتر له‌ڕابردو چه‌سپاندنى ئه‌و سیستمه‌ له‌ كوردستاندا به‌دیده‌كرێت, قسه‌ وباس له‌ وه‌رچه‌رخانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ره‌و حیزبى ویراسى و خێزانى گومانى ئه‌وه‌ى دروست كردوه‌ له‌دوا دواییه‌كانى ته‌مه‌نیدا خودى نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ دژایه‌تى كردنى ئه‌و سیستمه‌ بێ ئومێد و هه‌میش په‌شیمان بوبێته‌وه‌.

 

 

,,

ئه‌و ولاتانه‌ى به‌زۆرى ڕوبه‌ڕوى قه‌یرانى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى ده‌بنه‌وه‌ و به‌رده‌وام پشێیوى و نارامى ڕویتیده‌كات ئه‌وانه‌ن كه‌ سیستمى حوكمیان ویراسین یاخود عائیلین

 

ئه‌و ولاتانه‌ى به‌زۆرى ڕوبه‌ڕوى قه‌یرانى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى ده‌بنه‌وه‌ و به‌رده‌وام پشێیوى و نارامى ڕویتیده‌كات ئه‌وانه‌ن كه‌ سیستمى حوكمیان ویراسین یاخود عائیلین, ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى بونى چه‌ند وڵاتیك كه‌ هه‌مان سیستمیان هه‌یه‌ له‌وڵاتانى جیهانى سێیه‌مدا و به‌تایبه‌تى له‌چه‌ند وڵاتێكى عه‌ره‌بیدا به‌شێوه‌یه‌ك ڕێكخراوه‌ مرۆڤ وه‌كو هاوڵاتى ڕێزێكى لێ ده‌گیرێت و له‌ده‌ستور و یاساكه‌یاندا خاوه‌نى هه‌مو مافێكى پارێزراوه‌, به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ حوكمى ویراسى و عائیلى بوه‌ته‌ مایه‌ى ده‌رده‌سه‌رى و ماڵویرانى بۆ خه‌ڵكێكى زۆرى ناوچه‌كه‌, به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌م سیستمه‌كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێك یان عائیله‌یه‌كه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌برێت, بۆمانه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ى گرتنه‌به‌رى هه‌مو ڕێو شوێنیكى نایاسایى و ته‌نانه‌ت نامرۆییشن به‌تایبه‌تى   ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ حوكمى ویراسیان ده‌چه‌سپێنن به‌ڵام ئاماده‌ى ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات نین و هه‌ر جاره‌ و به‌ڕێگه‌و شێوازێك هه‌وڵى مانه‌وه‌یان ده‌ده‌ن, له‌ حوكمى ویراسیدا پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت, به‌ڵام به‌شێوازه‌ كارتۆنیه‌كه‌ى و ته‌نها بۆ چاو به‌ستكردنى ڕاى نێو ده‌وڵه‌تى و چه‌واشه‌ كردنى خه‌ڵك, له‌ ده‌ستورى هه‌ندێ وڵاتانى كه‌نداویشدا حوكمى عائیلى چه‌سپاوه‌ واتا ڕاستده‌كردنى ده‌سه‌ڵات له‌باوكه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كان پیاده‌ كراوه‌.

 

 

,,

به‌لاى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ هه‌مو ته‌جروبةیه‌كى جمهوریه‌تى ویراسى و عائیلى و حزبى تاقانه‌ و حزبى پێشڕه‌و له‌سى چل ساڵى ڕابردودا شكستیانهێناوه‌

 

 

له‌دواى شۆڕشه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى به‌شێك له‌و سیستمه‌ له‌به‌رده‌م توڕه‌ى خه‌ڵك و ده‌رفه‌تڕه‌خسانى نێو ده‌وڵه‌تیدا ڕوخان, به‌شێكى دیكه‌یان به‌پاڵپشتى وڵاتانى زلهێز ماونه‌ته‌وه‌, ناڕه‌زایه‌تى له‌دژى ئه‌و سیستمه‌ش له‌ كوردستاندا سه‌ریهه‌ڵدا, به‌وپێیه‌ى خه‌ڵكى ناڕازى و حزبه‌كانى ئۆپۆزسیۆنى پێشوو پێانوابو سه‌رده‌مى  حوكمى ویراسى و عائیلیش له‌كوردستاندا كه‌ له‌دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ سه‌پێنراوه‌ كۆتایى هاتوه‌ و ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتیان لێوه‌ربگیرێته‌وه‌,یه‌كێك له‌و سه‌ركردانه‌ى كه‌ به‌توندى دژایه‌تى حوكمى ویراسى ده‌كرد, نه‌وشیروان مسته‌فاى ڕێكخه‌رى پیشوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بو, له‌چاوپێكه‌وتنێكى كه‌ناڵه‌كه‌ى دا كه‌ دواى ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى هه‌ڤده‌ى شوبات له‌كوردستان له‌گه‌ڵیدا سازكراوه‌, جه‌خت له‌ڕه‌تدكردنه‌وه‌ى ئه‌و سیستمه‌ له‌كوردستاندا ده‌كات و ده‌لێت " له‌نێوه‌ى یه‌كه‌مى قه‌ڕنى بیسته‌مدا, كورد بیویستایه‌ ئه‌ماره‌تێك یاخود مه‌شیخه‌تێك دروستبكات ده‌یتوانى به‌ڵام له‌سى چل ساڵى ڕابردودا هه‌م ته‌جروبه‌ى حزبى پێشڕه‌و حزبى تاقانه‌, هه‌م ته‌جروبه‌ى حزبى عائیله‌, هه‌م ته‌جروبه‌ى ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ جمهوریه‌تى ویراسیان دروست كرد هه‌مووى شكستى خواردوه‌"

 

 

 

ڕێكخه‌رى كۆچى كردوى گۆڕان چه‌ند نمونه‌یه‌كى باس كردوه‌ وتویه‌تى " مه‌سه‌له‌ن ئه‌وه‌ یه‌كیتى سۆڤێت به‌و عه‌زه‌مه‌ته‌ى خۆیه‌وه‌, هه‌ره‌سى هێنا و شتێكى تازه‌ى لێ دروست بوو, هه‌مو ده‌وڵه‌ته‌ ئیستبدادیه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌تونس میسر لیبیا یه‌مه‌ن ئه‌مانه‌ هه‌مویان جمهوریه‌تى ویراسیى بون و ڕوخان, جموهوریه‌تى ویراسى له‌گه‌ڵ ئه‌ماره‌تتدا فه‌رقى ئه‌وه‌یه‌ پێویستى به‌هه‌ڵبژاردن نیه‌, ئه‌میر له‌جێگه‌كه‌ى خۆى كوڕه‌كه‌ى داده‌نێت و پشتاو پشت ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست, له‌جمهوریه‌تى ویراسیى دا ئینتخاباتێكى كارتۆنى ده‌كه‌ن بۆ چه‌واشه‌ كردنى خه‌ڵك"

 

 

 

له‌باره‌ى حوكمى ویراسیشه‌وه‌ له‌كوردستان نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و سیستمه‌ به‌قه‌بوڵكراو نازانێت و به‌ته‌واوه‌تى ڕه‌تیكردۆته‌وه‌ و ئه‌و جۆره‌ محاوه‌له‌یه‌شى كه‌ بۆ  دامه‌زراندنى جمهوریه‌تى ویراسى هه‌وڵده‌دات  به‌شكستخواردو ده‌زانێت, ئه‌و پێوایه‌ دوو نمونه‌ هه‌یه‌  یه‌كه‌میان   حزبى عائیله‌یه‌ له‌پاكستان و هیندستان و ‌لوبنان جێ به‌جێكراوه‌ و به‌لاشیه‌وه‌ ئاساییه‌ و به‌ته‌جروبه‌یه‌كى گرنگ‌ و به‌شێك له‌سیستمى سیاسى ئه‌و وڵاتانه‌  ده‌زانێت, له‌كوردستانیشدا شتێكى قبوڵكراوه‌ له‌لاى به‌ڵام  ئه‌مانه‌ى كوردستان له‌وانه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ به‌وه‌ جیاده‌كاته‌وه‌, ئه‌وانه‌ هه‌ر وه‌ختێك له‌  هه‌ڵبژاردندا ا ده‌یبنه‌وه‌ حكومه‌ت دروست ده‌كه‌ن و له‌هه‌ڵبژاردنیشدا كه‌ نایبه‌نه‌وه‌ ده‌بنه‌ موعاره‌زه‌ , پێوایه‌ ئه‌وان جمهوریه‌تى ویراسیان دروست نه‌كردوه‌ له‌پاكستان و هیندستان  و له‌لوبنانیش ده‌یانتوانى دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى  له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى باوك بۆ نه‌وه‌كانى بگوازنه‌وه‌, ئه‌و سیستمه‌ له‌كوردستاندا به‌بێ بێگۆمانیه‌وه‌ به‌ شتێكى  قه‌بوڵكراو نازانێت...

 

,,

نه‌وشیروان مسته‌فادا  پێیوایه‌ پارتى ناتوانێت ئه‌و جمهوریه‌ته‌ له‌كوردستاندا دابمه‌زرێنت و به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بیسه‌پێنیت

و پارتى هه‌قى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئه‌و سیستمه‌ بۆخۆى و ئه‌ندامه‌كانى جێگر بكات به‌ڵام مافى ئه‌وه‌ى نیه‌  بێه‌ویت به‌سه‌ر ئه‌وانى تردا ساغى بكاته‌وه‌

 له‌دیدو تییڕوانیى نه‌وشیروان مسته‌فادا , پارتى ناتوانێت ئه‌و جمهوریه‌ته‌ له‌كوردستاندا دابمه‌زرێنت و به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بیسه‌پێنیت,

پێیشوایه‌ پارتى هه‌قى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئه‌و سیستمه‌ بۆخۆى و ئه‌ندامه‌كانى جێگر بكات به‌ڵام مافى ئه‌وه‌ى نیه‌ بێه‌ویت به‌سه‌ر ئه‌وانى تردا بیسه‌پێنیت.  چونكه‌ ئه‌و واى ده‌بێنیت  كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى پێشكه‌وتوه‌ و به‌ئاگایه‌ له‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌بێت چۆن و به‌چ شێوه‌یه‌ك بن, ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و حكومه‌ت پێكبهێنریت, نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌لێت كۆكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ده‌ستى یه‌ك كه‌س و یه‌ك عائیله‌دا نامۆیه‌ به‌كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى.

 

 

دواى كۆچى نه‌وشیروان مسته‌فا چى ده‌گوزه‌رێت..؟

دیدو تییڕوانینى نه‌وشیروان مسته‌فا  له‌باره‌ى حوكمى عائیلى و ویراسیه‌وه‌ ڕون و ئاشكرایه‌, ئه‌و ده‌یه‌ویست پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بكاته‌ دوا ده‌رفه‌ت و خه‌باتى مه‌ده‌نى بۆ ئه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له‌جۆمگه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ لاواز بكات و به‌شێكیان لێوه‌ربگرێته‌وه‌ و خه‌ڵكى نوێ بخاته‌ شوێنه‌كه‌یان, دواى ئه‌وه‌ى به‌ددانپێدانانى خۆى كه‌ نه‌یتوانیوه‌ دیواربه‌ندى حوكمى ویراسى ئه‌و دوو حیزبه‌ بڕوخێنیت, پێى ده‌چى بێ ئومێد بوبێت له‌وه‌ى له‌ڕه‌گ و ڕیشه‌ ده‌رهێنانى ئه‌و سیستمه‌ له‌كوردستاندا كارێكى مه‌حاڵ و خه‌ونێكى پۆتۆپیه‌ بۆیه‌ به‌پێى ژماره‌یه‌ك له‌شاره‌زایانى سیاسى پێش مه‌رگى خۆى ده‌رفه‌تێك بۆ نه‌وه‌كانى ده‌رخه‌سێنیت و ده‌رگاى كردنه‌وه‌ى ئه‌و سیستمه‌ به‌ده‌ستى خۆى بۆ كوڕه‌كانى ده‌كاته‌وه‌.

,,

گۆڕان ئه‌وه‌ى به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌  سه‌رده‌مى حوكمى ویراسى پارتى یه‌, واتا ڕاده‌ستكردنى حوكم له‌باوه‌كه‌وه‌ بۆ كور و له‌كوڕیشه‌وه‌ بۆنه‌وه‌كانى ترى بارزانى بوه‌ته‌ ئاوخواردنه‌وه‌ لاى گۆڕان, ئه‌مه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى  نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ كه‌دچى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌وه‌ستایه‌وه‌

له‌سه‌ر ئاستى حزبه‌كه‌شى كه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌, ئه‌وه‌ى به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ حوكمى ویراسى پارتى یه‌, گرنگ نیه‌ به‌لایانه‌وه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ى بارزانى كێى ده‌كه‌ن به‌سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت و جۆمگه‌ گرنگه‌كانى ترى ده‌سه‌ڵات, واتا ڕاده‌ستكردنى حوكم له‌باوه‌كه‌وه‌ بۆ كور و له‌كوڕیشه‌وه‌ بۆنه‌وه‌كانى ترى بارزانى بوه‌ته‌ ئاوخواردنه‌وه‌ لاى گۆڕان, ئه‌مه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وكاتى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ كه‌دچى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌وه‌ستایه‌وه‌, به‌ڵكو ئه‌وه‌یان به‌ڵاوه‌ گرنگه‌ پارتى به‌ چ شێوه‌یه‌ك به‌شدارى ده‌سه‌ڵاتیان ده‌كات و چ پۆست و ڕۆلێكیان له‌كابینه‌ى نوێى پێ ده‌به‌خشێت.

 

بارودۆخى دواى نه‌وشیروان مسته‌فا و كرانه‌وه‌ى ده‌رگاى تر و به‌هێزتربونى حوكمى ویراسى له‌هه‌رێمدا و بونى ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تى له‌نێو حزبه‌كه‌ى خۆشیدا چه‌ند پرسیار و گومانێكى زۆرترى به‌دواى خۆیدا هێناوه‌, به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى كۆمپانیاى وشه‌ى كرد به‌ناوى كوڕێكیه‌یه‌وه‌ و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌یاسایى گرده‌كه‌ى گۆڕان  له‌سه‌ر كوڕه‌كانى تاپۆكرا وهه‌ر خۆیشى له‌و گرده‌ دا به‌خاك سپێردرا, له‌ ئێستاشدا هه‌یمه‌نه‌ى كوڕه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فا به‌سه‌ر ده‌زگا و بڕیار و پاره‌ و داهات و موڵك و ماڵى ئه‌و حزبه‌وه‌ به‌دیده‌كرێت.

 

یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌كرده‌وه‌ له‌ناو گۆڕاندا پێچه‌وانه‌كه‌ى ده‌بینرێت, له‌هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕندندا كه‌ چل ڕۆژ دواى مه‌رگى نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڕێوه‌ چو, محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ژمار ده‌كرێت نه‌یتوانى ده‌نگیكى به‌رچاو به‌ده‌ستبهێنت, له‌گه‌ڵ گه‌رماو گه‌رمى مه‌رگى ئه‌و ڕێكخه‌ره‌و هه‌بونى هه‌ست و سۆزى زیاتر له‌ چاو ئێستا به‌لاى ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌دا ده‌نگى كه‌مى هێنا به‌راورد به‌ ئه‌ندامانى تر, بۆیه‌ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت ناتوانن له‌ ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ خاوه‌ندارێتى گۆڕان بگرنه‌ ده‌ست و هه‌یمه‌نه‌ى خۆیان بسپه‌ێینن چه‌ند, ڕێگه‌یه‌كى تریان گرته‌ به‌ر, له‌وانه‌ تاپۆكردنى گرده‌كه‌ و به‌ژێر ده‌ستخستنى سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانى گۆڕان و میدیا و لاواز كردنى ڕۆڵى جڤاتى نیشتیمانى و بێده‌نگكردنى ڕێكخه‌رى گشتى ئێستا, كه‌ ئه‌وه‌نده‌ى وه‌كو فه‌رمانبه‌رێك ده‌رده‌كه‌وێت هێنده‌ وه‌كو سه‌رۆكێكى خاوه‌ن بڕیار و كاریزمى حزبێكى گه‌وره‌ له‌ڕابردودا ده‌رناكه‌وێ.

 

author photo

توێژه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس