ململانێیى ژنه‌ سه‌ركرده‌كان یان شه‌ڕى باڵه‌كانى ناو یه‌كێتى ..؟

یه‌كه‌مجاره‌ ژنێك ده‌بێته‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان

 ململانێیى ژنه‌ سه‌ركرده‌كان یان شه‌ڕى باڵه‌كانى ناو یه‌كێتى ..؟

899 خوێندراوەتەوە

به‌هۆى ڕێكنه‌كه‌وتنى هه‌ردو باڵه‌كه‌ى نێو یه‌كێتى بۆدیارى كردنى كاندیدێك له‌و دو كاندیده‌ى كه‌ناویان هاتوه‌ بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان, وابڕیاره‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌كردایه‌تى حزبه‌كه‌ پرسه‌كه‌ یه‌كلا بكاته‌وه‌, ئه‌و حزبه‌ش له‌قۆناغێكى چاره‌نوسازدایه‌ و دواى چل و شه‌ش ساڵ نیه‌تى دانانى سكرتێرێكى ترى له‌كۆنگره‌دا هه‌یه‌, پێناچێ ماڵى تاڵه‌بانى هه‌روا به‌ئاسانى بتوانن فشاره‌كانیان بۆ بێ به‌شكردنى كۆسره‌ت ڕه‌سول له‌چه‌ند پۆستێكى گرنگ توند بكه‌نه‌وه‌, به‌و پێیه‌ى ئه‌ویش ده‌یه‌وێت سیناریۆى تاڵه‌بانى دوباره‌ بكاته‌وه‌ و له‌پێش مه‌رگیه‌وه‌ ئاینده‌ى مناڵ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى قایمتر بكاته‌وه‌ بەئاسانیش ده‌ست له‌پۆسته‌ سیادیه‌كان هه‌ڵناگرێت.

بۆ دووه‌مجاره‌ یه‌كێتى نیشتیمانى ژن ده‌باته‌ نێو پۆستى گرنگى حزبى و حكومڕانیه‌وه‌, ساڵى 2010 له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كى دا له‌گه‌ڵ ژنانى ناو حیزبه‌كه‌ى تاڵه‌بانى وتى " موژده‌تان ده‌ده‌مێ بۆ له‌مه‌ودا ژنان ڕۆڵیان له‌سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى دا ده‌بێت و به‌شدار ده‌بن له‌ ناوه‌نده‌كانى بڕیاردا" تاڵه‌بانى به‌ڵینه‌كه‌ى خۆى به‌جوانیى برده‌ سه‌ر, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هاوسۆز بو له‌گه‌ڵ پرسه‌كانى ژناندا و به‌هه‌مو جۆرێك گه‌ر به‌راورد به‌سه‌ركرده‌كانى ترى نێو حزبه‌كه‌ى , تاڕاده‌یه‌كى باش پشتیوانى له‌پرسه‌كه‌یان ده‌كرد, دواى ماوه‌یه‌ك له‌ دوباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به‌سه‌رۆك كۆمارى عێراق, هاوسه‌ره‌كه‌ى خۆى كرده‌ به‌ رپرسى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى ئیدى له‌وێوه‌ ڕێگه‌ى بۆ خۆشكرد بچێته‌ ناو مه‌كته‌بى سیاسى و به‌شداربێت له‌بڕیارداندا, به‌و شێوه‌یه‌ به‌ڵینه‌كه‌ى برده‌ سه‌ر و ژنى برده‌ پێشه‌وه‌ .

 

 

،،

كاندید كردنی یەكێك لەو دو ژنە كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەناوەڕۆكدا دوبارە كردنەوەی هەمان سیناریۆیە كە مام جەلال بۆ بردنە پێشەوەی هاوسەرەكەی كردی

 

هه‌رچه‌نده‌ له‌وجودى تاڵه‌بانى دا كه‌س نه‌یتوانیوه‌ به‌هاوسه‌ره‌كه‌شیه‌وه‌ كارێزمایه‌تى ئه‌و تێ په‌ڕینیت , به‌ڵام ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ قۆناغێكى نوێ بو پیشتر ڕوینه‌دابو ژنێك ببێته‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى, مه‌به‌سته‌كه‌ى تاڵه‌بانى له‌و كاره‌ى بۆ دواى جێهشتنى یه‌كجاره‌كى سیاسه‌ت و  ژیانئاوایى بو. ئێستاش نزیك له‌و سیناریۆیه‌ یه‌كێتى خه‌ریكه‌ له‌شكڵدا داهێنانێكى گه‌وره‌ ده‌كات,  ژنێك كاندید ده‌كات بۆ سه‌رۆكایه‌تى یه‌كێك  له‌ سێ ده‌سه‌ڵاته‌ گرنگه‌كه‌ى وڵات ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و چاودێركردنه‌, له‌ماوه‌ى حوكمڕانى یه‌كێتى و پارتیدا له‌دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته كه‌‌ جگه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م نه‌بیت سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌لای پێاوێكى گۆڕان بو ئه‌گینا پیاوى كوتله‌ گه‌وره‌كانى ناو ئه‌و دو حزبه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانیان كاندید كردوه‌, له‌و شویێنانه‌ دایانمه‌زراندون,  ئه‌م كاره‌ى ئێستاى یه‌كێتى له‌ناوه‌ڕۆكدا هه‌مان شته‌.

 

،،

دانانى ژنێكیش بۆ ئه‌و پۆسته‌ گرنگه‌ تێ په‌ڕاندنى سیماكانى حوكمى پیاو سالارى نیه‌, یاخود له‌سه‌ر بنه‌ماى پره‌نسیپێك بۆ خزمه‌تكردنى پرسیى ژنانى كوردستان یه‌كێتى بیه‌وێت گۆڕانكارى له‌عه‌قڵى سیاسى خۆى دا  ئه‌و كاره‌ بكات

ئێستا كه‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌نێوان ئه‌و دو حزبه‌دا  له‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌یاندا دابه‌ش كراوه‌, به‌ر پشكى یه‌كێتى ده‌كه‌وێت, دانانى ژنێكیش بۆ ئه‌و پۆسته‌ گرنگه‌ تێ په‌ڕاندنى سیماكانى حوكمى پیاو سالارى نیه‌, یاخود له‌سه‌ر بنه‌ماى پره‌نسیپێك بۆ خزمه‌تكردنى پرسیى ژنانى كوردستان یه‌كێتى بیه‌وێت گۆڕانكارى له‌عه‌قڵى سیاسى خۆى دا  ئه‌و كاره‌ بكات, ڕه‌نگه‌ چه‌ند پاڵنه‌رێكى لاواز له‌و ڕووه‌وه‌ باس بكرێت به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ له‌سوچێكى تره‌وه‌ به‌په‌نهانى ماوه‌ته‌وه‌.

كاندید كردنى بێگه‌رد تاڵه‌بانى  و رێواس  فایه‌ق بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى  یه‌كێكیان بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مان دیارى بكات په‌یوه‌ندىه‌كى ڕاسته‌وخۆى به‌ ململانێى  باڵه‌كانى ناو یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێستا به‌ئاشكرا شه‌ڕى چاره‌نوسى حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن, له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌و دو ژنه‌ كه‌سانى به‌هێزن و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌یانن, كه‌سى تر له‌فراكسیۆنه‌كه‌یاندا ئه‌و پله‌ حزبیه‌ى ئه‌وانى نیه‌, نزیكیشیان له‌دو باڵه‌كه‌ى  حزبه‌كه‌یانه‌وه‌‌ واى كردوه‌ یه‌كێتى بیر له‌كه‌سى تر نه‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدى بكات.

 

 

 

،،

 له‌خوله‌كانى پێشوودا له‌نێو فراكسیۆنى یه‌كێتى ژنانى به‌ئه‌زمون و شاره‌زا و به‌تواناش هه‌بوه‌ و ئه‌و حزبه‌ش چه‌ندین ده‌ور سه‌رۆكى په‌رله‌مانى به‌ركه‌وتوه‌ به‌ڵام ژنێكى بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید نه‌كردوه‌

 

 

 له‌خوله‌كانى پێشوودا له‌نێو فراكسیۆنى یه‌كێتى ژنانى به‌ئه‌زمون و شاره‌زا و به‌تواناش هه‌بوه‌ و ئه‌و حزبه‌ش چه‌ندین ده‌ور سه‌رۆكى په‌رله‌مانى به‌ركه‌وتوه‌ به‌ڵام ژنێكى بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید نه‌كردوه‌, جگه‌ له‌وه‌ى له‌م خوله‌شدا ژنى تر بێجگه‌ له‌و دو كاندیده‌ هه‌یه‌ و پێده‌چێ له‌نیه‌تتدا تموحى ئه‌و شوێنه‌ى هه‌بێت به‌ڵام ڕوخسه‌ت له‌و حزبه‌دا شتێكى تر ده‌لێت, ئه‌گه‌ر قوباد تاڵه‌بانیش به‌نیازبوایه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا بمایه‌ته‌وه‌ بێ گۆمان ئێستا كاندیدى بێ ڕكابه‌رى ئه‌و پۆسته‌ ده‌بو.

 

 

 

 

 شه‌ڕى ئه‌مجاره‌ باڵه‌كانى   ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ڕه‌سول له‌ ماوه‌كانى ڕابردو جیاوازتره‌, چونكه‌ یه‌كێتى له‌قۆناغێكى  چاره‌نوسسازدایه‌ , دواى مه‌رگى تاڵه‌بانى بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌مێژووى چل و شه‌ش ساڵه‌ى ئه‌و حزبه‌دا  نیه‌تى دانانى سكرتێرێكی دیكه‌یان هه‌بێت  و ده‌یانه‌وێت  له‌كۆنگره‌ى چاوه‌ڕوانكراودا‌ یه‌كلاى بكه‌نه‌وه‌, ئه‌و پۆسته‌ش بۆ ماڵى تاڵه‌بانى كه‌ به‌مافى خۆیانى ده‌زانن, پێده‌چێ هه‌روا به‌ئاسانى پێینه‌گه‌ن, له‌به‌رامبه‌ریشدا كۆسره‌ت ڕه‌سول به‌هۆى ته‌ندروستى و ته‌مه‌نیشیه‌وه‌ بیرى له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ هه‌مان ئه‌زمونى تاڵه‌بانى له‌پێش مردنى دوباره‌ بكاته‌وه‌,بۆ ئه‌وه‌ى ئاینده‌ى مناڵه‌كانى و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى له‌ناو حزب و حكومه‌تتدا قایمتر بكات به‌جۆرێك گه‌ر خۆى له‌دونیاشدا نه‌ما ئیدى ده‌ستگیرۆى كه‌سیان پێویست نه‌بێت و خۆیان ببنه‌ خاوه‌ن هه‌یمه‌نه‌ و درێژه‌ به‌مێژووى خه‌باتى ئه‌و بده‌ن, به‌م هۆیه‌شه‌وه‌یه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت ماڵى تاڵه‌بانى نه‌رمتر له‌چه‌ند قۆناغێكى پێشوى ململانێكانى ناو یه‌كێتى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن, ئه‌گه‌رى كشانه‌وه‌ له‌چه‌ند پۆستێك بۆباڵه‌كه‌ى كۆسره‌ت ڕه‌سول  ڕه‌نگه‌ مه‌حاڵ نه‌بێت.

 

 

 

،،

كۆسره‌ت ڕه‌سولیش دواى تاڵه‌بانى تائێستاش ده‌توانیێت ڕوداو  له‌نێو حزبه‌كه‌ى دا دروست بكات به‌تایبه‌تى ئه‌و كاتانه‌ى ماڵى تاڵه‌بانى به‌جدى ویستیان كۆنگره‌ ببه‌ستن به‌ڵام كۆسره‌ت ڕه‌سول فشاره‌ تایبه‌ته‌كانى خسته‌ گه‌ڕ و ڤیتۆكانى وه‌شاند

 

 

دیوێكى ترى دیارى كردنى كاندیده‌كانى یه‌كێتى بۆ پۆسته‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پێوه‌ندیان به‌پارتیه‌وه‌ هه‌یه‌‌, له‌ناوه‌وه‌ى یه‌كێتى پێ ده‌چێ دواجار بێگه‌رد تاڵه‌بانى خاوه‌ن چانسى گه‌وره‌تر بێت گه‌رچى باسى ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌نێو ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى و فراكسیۆنه‌كه‌یان له‌په‌رله‌مانى كوردستان  پێگه‌ى لاوازه‌, به‌ڵام به‌به‌راورد كردن به‌ چه‌ند ڕوداوێكى ناو یه‌كێتى له‌و ململانێیانه‌دا  ماڵى تاڵه‌بانى براوه‌ بون, كۆسره‌ت ڕه‌سولیش دواى تاڵه‌بانى تائێستاش ده‌توانیێت ڕوداو  له‌نێو حزبه‌كه‌ى دا دروست بكات به‌تایبه‌تى ئه‌و كاتانه‌ى ماڵى تاڵه‌بانى به‌جدى ویستیان كۆنگره‌ ببه‌ستن به‌ڵام كۆسره‌ت ڕه‌سول فشاره‌ تایبه‌ته‌كانى خسته‌ گه‌ڕ و ڤیتۆكانى وه‌شاند ئه‌وه‌بو ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى ئه‌و پرسه‌ى به‌كات سپارد له‌دیارى كردنى واده‌كه‌شى په‌شیمان بویه‌وه‌ كه‌بڕیارى دابو ئه‌و كاره‌ بكات.

 

 

 

 

پارتى له‌نێوان بێگه‌رد تاڵه‌بانى  و رێواس  فایه‌ق دا

پۆستى سه‌رۆكى  په‌رله‌مان به‌نیسبه‌ت پارتیه‌وه‌ ئاینده‌سازییه‌, بۆیه‌ ده‌یه‌وێت كه‌سێك بچێته‌ ئه‌وێ نه‌بێته‌ مایه‌ى سه‌ر ئێشه‌ نه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ بێت بچكوترین مه‌ترسى بۆ سه‌ر عه‌رشه‌كه‌یان دروست بكات, له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌رسه‌لان بایزدا ته‌نها شوێنگۆڕكێى  به‌وێنه‌یه‌كى مه‌لا مسته‌فا كرد له‌ناو په‌رله‌ماندا, كورد ده‌ڵیت با به‌ده‌وارى شڕى نه‌كردبێت ئه‌مه‌نده‌یان پێكرد تا دواجار  ته‌عویزى بۆكردنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بێتو بێگه‌رد تاڵه‌بانى نه‌كشێته‌وه‌ وه‌كو ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاو بۆته‌وه‌ به‌پۆستێكى وه‌زارى ڕازى بكه‌ن پێده‌چێ پارتى ئه‌و به‌گونجاو بزانێت, به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌زمونى باشى له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌ و یاوه‌رێكى باشی پارتى بوه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌ماندا نه‌بوه‌ته‌ جێى بچوكترین مه‌ترسى بۆیان, به‌تایبه‌ت له‌پرسى ڕیفراندۆم و سڕكردنى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى په‌رله‌مان دواى په‌كسختنى..تد ته‌نها چانسێك بێگه‌ر له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا نه‌یبێت نازناوه‌كه‌یه‌تى چونكه‌ پارتى به‌ئاشكرا داژیه‌تى ئه‌و گروپه‌ى ناو ماڵباتى تاڵه‌بانى  ده‌كات كه‌ پێوایه‌ ئه‌وان به‌رپرسن له‌ ڕوداوى شانزه‌ى ئۆكتۆبه‌ر.

 

 

 

 

 

 هه‌رچى رێواس فایه‌قیشه‌ واده‌رناكه‌وى پێوه‌ندیه‌كه‌ى بێگه‌ردى له‌گه‌ڵ پارتیدا هه‌بێت, به‌ڵام ئه‌و سه‌ر به‌باڵێكه‌ زۆر جار له‌شكڵدا وه‌كو به‌شێك له‌پارتى ده‌بینرێن و پارتیش خۆیان به‌نزیكى ئه‌و باڵه‌ ده‌زانن و هیچ گرفتێكى سه‌ره‌كیان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ له‌گه‌ڵیاندا نیه‌ ئه‌مه‌ش چانسێكى به‌هێزه‌ پارتى بیه‌وێت ڕێواس پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت.

 

،،

باڵه‌كه‌ى كۆسره‌تیش به‌فرسه‌تیان زانیى و كاریان بۆ سه‌رخستنى كاندیده‌كانى خۆیان كرد ئه‌مه‌شه‌ واى كردوه‌ ئێستا كۆسره‌ت ڕه‌سول  ده‌توانێ داواى پۆستى سیادى له‌ناو حزب و ده‌سه‌ڵاته‌كانى تریشدا بۆ كوڕ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى بكات

 

ئاماژه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن ماڵى تاڵه‌بانى هه‌روا ناتوانن به‌ئاسانى ده‌ستبه‌ردارى پۆسته‌ سیادیه‌كانى ناو حزب و پشكه‌كه‌ى بن له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانى تردا,كاتێك قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بو تاڵه‌بانیه‌كى تریش جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بو,بێ گرفت ئه‌وه‌ش تێ په‌ڕى هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مجاره‌ یان باڵه‌كه‌ى كۆسره‌ت ره‌سول له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌هێزه‌ و ده‌توانن چه‌ند ڕوادوێك دروست بكه‌ن, به‌هێزى كۆسره‌ت ڕه‌سول بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ له‌هه‌ڵبژاردنى 30 ئه‌یلولدا ماڵى تاڵه‌بانى سه‌رجه‌م هێزوتوانیان خسته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى قوباد ده‌نگێیكى زۆر بهێنیت, پێشتریش نه‌یاره‌كه‌یان هه‌روه‌هاى كرد, كه‌ ده‌ربازى كوڕى كاندیدى په‌رله‌مان بو, كۆسره‌ت ڕه‌سول ته‌ركیزى خسته‌ سه‌ر ده‌نگهێنانێكى زۆر بۆ كوڕه‌كه‌ى و پاره‌یه‌كى زۆریشى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خه‌رج كرد به‌ڵام عه‌زێته‌كه‌ى به‌زایه‌ نه‌چو, كوڕه‌كه‌ى ده‌نگێ باشى هێناو ئێستاش وه‌زیره‌, له‌دوباره‌ كردنه‌وه‌ى ئه‌م سیناریۆیه‌دا كه‌ ماڵى تاڵه‌بانى بۆ كوڕه‌كه‌یان كردیان, باڵه‌كه‌ى كۆسره‌تیش به‌فرسه‌تیان زانیى و كاریان بۆ سه‌رخستنى كاندیده‌كانى خۆیان كرد ئه‌مه‌شه‌ واى كردوه‌ ئێستا كۆسره‌ت ڕه‌سول  ده‌توانێ داواى پۆستى سیادى له‌ناو حزب و ده‌سه‌ڵاته‌كانى تریشدا بۆ كوڕ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى بكات.

 

 

 

 

 

نازانرێت تاچه‌نده‌ له‌پشتیوانیه‌كانى بۆ ڕێواس فایه‌ق به‌رده‌وام ده‌بێت, چونكه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ زۆرجار هاوڕیكانى له‌به‌رامبه‌ر  گه‌یشتنى به‌ ته‌ماحێكى تردا به‌جێى ده‌هێلێت,به‌پێى چه‌ند زانیاریه‌كیش ئه‌گه‌ر كۆسره‌ت ڕه‌سول بۆ یه‌ككلا كردنه‌وه‌ى پۆستى سكرتێرى گشتى و جێگره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ماڵێ تاڵه‌بانیدا ڕێكبكه‌وێت جێگره‌كه‌ بده‌ن به‌یه‌كێك له‌كوڕه‌كانى له‌كاتێكدا خۆیان سكرتێریێه‌كه‌یان برد ئه‌وا ئه‌ستێره‌ى به‌ختى ڕێواسیش ئاوا ده‌بێت و خه‌ونه‌كه‌ى خۆیشى كۆتایى دێت, سیناریۆكه‌ به‌ هه‌ر ئاكامێكدا كۆتایى بێت, ته‌نها پیاوى كوتله‌كانن چاره‌نوسى پرسیێكى سیاسى ژنان كه‌ وه‌رگرتنى پۆستێكه‌ یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

author photo

توێژه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس