موفتى زادە بە ئەشکەنجەو ئازارەکانى زیندان،  لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا

ئەمرۆ  بیست و شەشەمین ساڵیادى زانایەکى دیکەى کوردە

موفتى زادە بە ئەشکەنجەو ئازارەکانى زیندان، لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا

1244 خوێندراوەتەوە

موفتى زادە:

 (لاوى کوردم خۆت نەکەیتە دارى دەستى دوژمنت

دوژمنت نەتباتە مەیدان بۆ براى خۆ کوشتنت

کوردە قەد نەنوى بەلایەى دوژمنى عەیارەوە

شیرى دوژمن تێکەڵە حەتمەن بە ژارى مارەوە)

 

 

 

 

ئەو نزیکەى دە ساڵ لە زیندان بوو بەهەموو شێوازێک کە بەخەیاڵى شوێنکەوتوانیدا نەدەهات ئەشکەنجەى قورس دەدرا، بەڵام وەک خۆى دەیوت: بۆ ئەوەى بە زەلیلى دەرنەکەوێت و جەلادەکان دڵخۆش نەبن، تەنها یەک ئاخ و هاوارێکى نەکردووە.

 

 

 

ئەمڕۆ ٢٦ ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر ساڵرۆژى لەژیان دەرچوونى ئەحمەدى موفتى زادە وەک زاناو کەسایەتییەکى ئایینى و نەتەوەیى لە رۆژهەڵاتى کوردستان.

قسەو باس زۆرن لەبارەى رۆژەکانى زیندانى ناوبراو، و چۆنیەتى ئازاردانى لەلایەن دەستەڵاتدارانى شیعە گەرا لەئێران، و دواساتەکاتى ژیانى لە نەخۆشخانەى ئاسیا لەتاران، بۆیە دیپلۆماتیک بەوردى لەسەر ئەم بابەتە زانیارى دەخاتە روو.

،،

 (نەتەوایەتى و مەزهەبى و چینایەتى) سیالیزمەى فکرى ئەحمەدى موفتى زادە بوون.

 

 

ئەحمەدى موفتى زادە بۆچى خرایە سووچى بەندیخانە؟

هەرچەندە رەخنە دەگیرێت لەوەى کە موفتى زادە بۆ لایەنى کوردایەتى زۆر پەرۆش نەبووە و تەنها هەستى ئاینى زاڵبووە بەسەریدا، وەک نەوشیروان موستەفا لە کتێبى پەنجەکان یەکتر دەشکێنن ئاماژە بەوە دەکات موفتى زادە کێشەى کورد گرنگ نەبووە بەلایەوە.

 

بەڵام لە راستیدا ناوبراو (موفتى زادە) یەکێک لەو کێشە سەرەکیانەى کە هەمیشە باسى لێوەکردووە بریتی بووە لە کێشەى کورد و چارەسەرکردنى، وەک لە سیالیزمەى فکریدا ئەوە بەدى دەکرێـت کە سێ شت فکرو زهنى ئەویان داگیر کردبێت ئەوانیش (نەتەوایەتى و مەزهەبى و چینایەتى).

 

وێنەی موفتی زادە و مەلا محەمەدی رەبیعی لە كۆنفرانسی خودموختاری بۆ كورد

 

دواتر لە بابەتە نەتەوایەتییەکەدا لەرێگەى کۆنفرانسێکەوە لە تاران داواى خودموختارى بۆ کورد دەکات، هەر ئەمەش بووە هۆى دەستگیر کردنى هەزاران ئەندام و شوێنکەوتوانى و بەخودى موفتى زادەشەوە.

 

وەک ئیبراهیم مەردۆخى هاوڕێى نزیکى موفتى زادە باسى دەکات، زیندانى کردنى ناوبراو دواى داواکردنى خودموختارى بۆ کورد نزیکەى دە ساڵى خایاندو هەر ئەمەش بووە هۆى نەخۆشکەوتن و شەهیدبوونى.

 

،،

هەرگیز باسى ئەوەى نەدەکرد کە چۆن لە زیندان ئازار دراوە و چیان پێکردووە؟! بەڵام ئاماژەى بەوەش کردووە کە ئەوەى دێت بەخەیاڵى بەشەردا و ئەوەى درکى پێ ناکەن، بەو شێوەیە ئازارى موفتى زادەیان داوە.

 

کەواتە دەتوانین ئەوە بڵێین ئەگەر کەسێکى سونەمەزهەب و ناودارى وەک ناسرى سوبحانى کەزۆتر لەسەر فکرو عەقیدەى سونەگەرایی لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر کرابێت و لەسێدارە درا بێت، ئەوا موفتى زادە بەدەر لە فکرو عەقیدەى سونەگەرایی، لەسەر بابەتى کوردایەتى و کێشەى کورد دەستگیرکراو تا دواجار لەزیندان توشى چەندان نەخۆشى بوو.

 

موفتى زادە و حەمە ژیانى کورى پێش زیندان

 

لەزیندان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ موفتى زادە کردووە؟

وا باس دەکرێت لەسەرەتاى دەستگیر کردنى لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئێرانەوە بەتوندى موفتى زادە رادەکێشن بۆ نێو ئۆتۆمبێلى ئیتڵاعات و هەر لەنێو ئۆتۆمبێلەکەوە ئازار دانى ناوبراو بە شکاندنى ئێسکەکانى پشتى دەست پێ دەکات. 

حەمەژیانى کورى موفتى زادە لەدیدارێکدا بۆى باسکردین کە باوکى هەرگیز باسى ئەوەى نەدەکرد کە چۆن لە زیندان ئازار دراوە و چیان پێکردووە؟! بەڵام ئاماژەى بەوەش کردووە کە ئەوەى دێت بەخەیاڵى بەشەردا و ئەوەى درکى پێ ناکەن، بەو شێوەیە ئازارى موفتى زادەیان داوە.

 

 

 

قورسترین ئەشکەنجەکانى لە زیندان!

 

موفتى زادە زۆربەى ساڵەکانى زیندانى لە زیندانى (ئەوین) بەسەربردووە کە عەلى شەریعەتى بە خراپترین و ئازاربەخشترین و ترسناکترین زیندان وەسفى دەکات و دەڵێت: دەنگ و قیژەو هات و هاوارى ژنان و گیراوەکانى ئەو زیندانە دەگەشتە سەر شەقامەکانى دەرەوە.

،،

موفتى زادە تەنها ٥ ساڵ حکومەکەى بوو، بەڵام دواى تەواوکردنى ماوەى ٥ ساڵ، دەسەڵاتداران نەیانهێشتووە بێتە دەرەوە بەبیانووى ئەوەى کە ناوبراو دوژمنى زۆرەو دەیکوژن.

 

 حەمەژیان  دەیگوت: دواى ئەوەى حەوت ساڵى تەواو باوکم لە زیندان بوو بەهیچ شێوەیەک هاتنە دەرەوە بۆ ئەو نەبوو، سێ ساڵى کۆتاییش بەهۆى نەخۆشکەوتنى لەزیندان مولاقات دەستى پێکرد و دەیتوانى بۆ چەند رۆژێک بۆ وەرگرتنى چارەسەر بگەرێتەوە ماڵ و دواتر دەیانبردووە بۆ زیندان.

 

ئەمە لەکاتێکدا دواى دەستگیر کردنى موفتى زادە تەنها ٥ ساڵ حکومەکەى بوو، بەڵام دواى تەواوکردنى ماوەى ٥ ساڵ، دەسەڵاتداران نەیانهێشتووە بێتە دەرەوە بەبیانووى ئەوەى کە ناوبراو دوژمنى زۆرەو دەیکوژن.

 

 

هەروەک راشد غەنوشى، ئاماژەى بەوە کردووە کە بە خومەینى گوتووە، ئێوە بۆ موفتى زادە ئازاد ناکەن، خومەینى گوتویەتى دوژمنى زۆرەو لەدەرەوەى زیندان دەیکوژن، غەنوشى لە وەڵامدا گوتویەتى ئەگەر قەرار بێت کەسێک لەدوژمن رابکات و خۆى بپارێزێت ئێوەن نەک موفتىزادە.!

 

 

رۆژێکیان پیاوێکى بەتەمەن زۆر پرسیار لە موفتى زادە دەکات و تکاى لێ دەکات شتێکیان بۆ باس بکات لەبارەى ئازارەکان و ژیانى ناو زیندانى، موفتى زادەش دەڵێت: قەد نەمویستووە وەک پاڵەوان خۆم دەربخەم و باسى ئەوە بکەم چۆن ئازار دراوم.

 

بۆیە موفتى زادە تەنها باسى ئەو ٨ مانگە دەکات کە لەکاتى زیندانى کردنى لە نەخۆشخانەى ئەوین دەیگوازنەوە بۆ شوێنێکى دیکە لەدەرەوەى شار، هەرچەندە لەوکاتەدا خزم و دۆستەکانى سەردانى زیندان دەکەن هیچ هەواڵێکى لەبارەوە نازانن و کەس شوێنى زیندانى کردنەکەشیان پێ ناڵێت.

،،

 زیندانەکە تاریک و نوتەک بووە، ساناترین و نزمترین چرپەو دەنگیشى گوێ لێ نەبووە، و تەنها ئەوى لێ بووە و نزیکەى ١٤ قات لەژێر زەویدا بووە، کاتى خواردنەکان بەبێ ئەوەى کەس ببینێت کەمێک ئاوو پارچەیەک نانیان لەژێر دەرگاوە پێداوە.

 

ئەو ٨ مانگە پێ دەچێت سەخترین رۆژەکانى زیندانى موفتى زادە بووبێت کە لەرووى دەروونییەوە عەزاب دراوەو ویستویانە غەسل دەماغى بکەن تاکو هیچى بیر نەمێنێت.

چونکە وەک خۆى باسى کردووە، ٨ مانگ وەک ئەوەى چاوەکان دابخەیت هیچى نەدیوە تەنها ئەوە نەبێت چەند رۆژ جارێک گڵۆپێکى کزى سوریان هەڵکردووە و کوژاندویانەتەوە.

زیندانى ئەوین لە تاران

 

 زیندانەکە تاریک و نوتەک بووە، ساناترین و نزمترین چرپەو دەنگیشى گوێ لێ نەبووە، و تەنها ئەوى لێ بووە و نزیکەى ١٤ قات لەژێر زەویدا بووە، کاتى خواردنەکان بەبێ ئەوەى کەس ببینێت کەمێک ئاوو پارچەیەک نانیان لەژێر دەرگاوە پێداوە.

 

 

هاوڕێکانى باسى دەکەن، جارێکیان کەسێک لە سنە دێت بۆ ماڵى موفتى زادە، ئەوەى باسکردووە کە ئەو لە زیندانى ئەوین ئازارى موفتى زادەى داوە، هێندە ئازارى موفتى زادەى داوە کاتى دەوامى تەواو بووە نەچووەتەوە بۆ ماڵ، موفتى زادە قامچیەکەى لەدەست گرتووە پێى گوتووە: وەڵا من خەفەت بۆ تۆش و منداڵەکانیشت دەخۆم چونکە لەبەر من کاتى کارکردنت تەواو بوو نەرۆشتیتەوە بۆ ماڵ و بەهۆى منیشەوە ماندوو بوویت.

 

بەوتەى هاورێکانى کەبۆ ئێمەیان باسکردووە، ئەو کەسەى ئەشکەنجەى موفتى زادەى داوە لەو رۆژەوە زیندانەکە بەجێ دەهێڵێت و ناگەرێتەوە.

هەروەها بەپێى سەرچاوەکان و ئەو لێکۆلێنەوانەى لەبارەى موفتى زادەوە کراون، ناوبرا لە نێو زیندان کورسى مەرگیان بۆ بەکار هێناوەو موفتى زادەیان خستۆتە سەر کورسییەکە و کورسییەکە بە بەرزى چەند مەترێک بەرز بووەتەوە و ناوبراوى هەڵداوەتە خوارەوە، بۆ ماوەیەک ئەم کارەیان بەرامبەر موفتى زادە کردووە.

 

تا دواجار موفتى زادە نەخۆش دەکەوێت و ئێسکەکانى پشت و سەروملى دەشکێن، و توشى نەخۆشى شێرپەنجە دەبێت، لەگەڵ چەن نەخۆشییەکى دیکە کە لەجەستەى ناوبراودا بەدى دەکرێن.

 

 ساڵانى مولاقات و هاتنە دەرەوە لەزیندان بۆ ماوەى سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، و بەمەبەستى چارەسەرکردن سەردانى نەخۆشخانەو ماڵ دەکات، و دواى ئەوەى پزیشکەکان دەزانن موفتى زادە لە مەرگ نزیک بووەتەوە بەیەکجارى دەسەڵاتدارانى ئێران موفتى زادە ئازاد دەکەن.

 

 

 

نەخۆشخانەى ئاسیا و دوا رۆژەکانى موفتى زادە

 

لە رۆژەکانى کۆتایی تەمەنیدا، لەنەخۆشخانەى ئاسیا لە تاران موفتى زادە دەمێنێتەوە، کە ئیدى نەخۆشییەکانى بەتەواوى تەنگى پێ هەڵدەچنن و رۆژ بەرۆژ بەرەو  مەرگى دەبەن.

 

،،

لە نەخۆشخانەش بەردەوام داوا لە حەمەى ژیانى کورى دەکات کە نەهێڵێت ریشى باوکى زۆر بێت و بۆى بتاشێت بۆ ئەوەى نەیارەکانى موفتى زادە نەڵێن لە کۆتایدا قەناعەتى بۆ هەندێ شت گۆرا

 

 

 

جەستەى موفتى زادە نەیدەتوانى بێشهۆکردن (بەنج) وەر بگرێت، بۆیە بەبێ بەنج دوو کون دەکرێتە سەرى تاکو بە دوو پارچە ئاسن کاسەى سەرو ملى پێوە ببەستنەوە و نەکەون.

 

 

 

هاورێکانى باسى دەکەن، ئەو تاکو سەرەمەرگیش بەردەوام بوو لە قسەو گوفتارەکانى، هەروەکو لە فیدۆیەکدا بڵاو بووەتەوە کە لە رۆژەکانى کۆتایی تەمەنیدایەو بە پاڵکەوتووى تەنها بەلێوەکانى قسە دەکات و داوا لە شوێنکەوتوانى دەکات تەنها شوێنى خوا و پێغەمبەرەکەى بکەون.

 

 

لە نەخۆشخانەش بەردەوام داوا لە حەمەى ژیانى کورى دەکات کە نەهێڵێت ریشى باوکى زۆر بێت و بۆى بتاشێت بۆ ئەوەى نەیارەکانى موفتى زادە نەڵێن لە کۆتایدا قەناعەتى بۆ هەندێ شت گۆرا، کە ئەمەش دوایی بووە هۆى ئەوەى رەخنەى توند لە موفتى زادە بگرن کە قەناعەتى بە ریش نەبووە.

 

،،

هەرچەندە لەبەرامبەر یارو شوێن کەوتوانى کەسانێکیش وەک نەیارو دژى ئەم کەسایەتییە دەرکەوتن بەڵام دواجار ناوى ئەو وەک کەسایەتییەکى ئاینى و نەتەوەیی دیار لەکوردستان مایەوە.

 

 

 

چۆن تەرمەکەیان وەرگرتەوە؟

موفتى زادە لە رۆژى ٩/٢/١٩٩٣ لە نەخۆشخانەى ئاسیا لە تاران کۆچى دواى کرد، بەڵام دەسەڵاتدارانى ئێران ویستیان تەرمى ناوبراویش وەک تەرمى ناسرى سوبحانى رادەستى خانەوادەکەى نەکەنەوە، کە ئەویش زانایەکى دیکەى سونەمەزهەبى دیارى رۆژهەڵات بوو ، بە تێروانینى دەسەڵاتى شیعە لە ئێران دەبوو ببرێت بۆ ئەو شوێنەى کە دووروان و دوژمنانى دینى تێدایە.

 

 

گۆرى ئەحمەدى موفتى زادە لە گۆرستانى حەمە باقر لە سنە

بەڵام گەرموگورى خەڵک و حەماسەتیان بۆ وەرگرتنەوەى تەرمى موفتىزادە و هاتنە سەر شەقامى هەزاران کەس بۆ بەخاکسپاردنى ناوبراو، دەسەڵاتداران سڵەمینەوەو و تەرمەکەیان رادەستى خانەوادەکەى کردو لە رۆژانى دواتر دواى هێنانەوەى بۆ زێدى خۆى لە گۆرستانى حەمە باقر لە شارى سنە بەخاک سپێردرا.

 

 

ئەحمەدى موفتى زادە ناسراو بە کاک ئەحمەدى موفتى زادە لە ساڵى ١٩٣٣ لە شارى سنەى رۆژهەڵاتى کوردستان لە بنەماڵەیەکى ئایینى لەدایک بووە، دواى ٦٠ ساڵ تەمەن لە ساڵى ١٩٩٣ لە نەخۆشخانە کۆچى دواى کرد، هەرچەندە لەبەرامبەر یارو شوێن کەوتوانى کەسانێکیش وەک نەیارو دژى ئەم کەسایەتییە دەرکەوتن بەڵام دواجار ناوى ئەو وەک کەسایەتییەکى ئاینى و نەتەوەیی دیار لەکوردستان مایەوە. 

 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان