سەرۆكوەزیرە کوردەکەی ئێران

لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا بە کوردی لوڕی ئەدوا

سەرۆكوەزیرە کوردەکەی ئێران

759 خوێندراوەتەوە

دانا حه‌مه‌ عه‌زیز

٤٠ ساڵ لەمەوبەر شاپور بەختیار، دوا سەرۆكوەزیری شانشینی ئێران، لەژێر گوشاری ئایەتوڵا خومەینی دا، پۆستەکەی بەجێ هێشت.

،،

شاپور بەختیار لەژێر گوشاری ئاخوندەکاندا ئێرانی بەرەو فه‌رەنسا جێهێشت، لە تەموزی هەمان ساڵدا ئایەتوڵا خاڵخاڵی سەرۆکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی، حوکمی سێدارەی بەسەرا سەپاند، بۆیە بەناچاریی داوای مافی پەنابەریی سیاسی لە فرەنسا کرد.

 

شاپور بەختیار تەنها ٣٧ ڕۆژ سەرۆكوەزیر بوو، بەڵام لەو ماوە کورتەدا هەنگاوی گەورەی نا بەرەو چەسپاندنی دیموکراتی.

ئەو، دەزگای ساوكی هەڵوەشاندەوە، هەموو زیندانییە سیاسیەکانی ئێرانی ئازاد کرد، ڕۆژنامەکانی سەربەست کرد، داوای لە ئۆپۆزسیۆن کرد تەنها سێ مانگی بدەنێ بۆ ئەوەی هەلبژاردنی گشتی ئەنجام بداو پارلەمان چارەنووسی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران یەکلا بکاتەوە. ئەو، ڕێگەی بە خومەینی دا بە ئازادی بگەڕێتەوە بۆ ئێران، بەڵام خومەینی کە ڕۆژی یەکی شوباتی ١٩٧٩ لە پاریسەوە گەیشتەوە تاران، یەکسەر کەوتە دژایەتی شاپور بەختیار و بە خائن و پشتیوانی شا تاوانباریکرد، هاورێ و هاوڕێبازەکانیشی پشتیان نەگرت، بۆیە بەناچاریی لە ١١ ی شوباتدا دەستبەرداری پۆستەکەی بوو، مەهدی بازرگان جێگەی گرتەوە.

دوو مانگ دواتر شاپور بەختیار لەژێر گوشاری ئاخوندەکاندا ئێرانی بەرەو فه‌رەنسا جێهێشت، لە تەموزی هەمان ساڵدا ئایەتوڵا خاڵخاڵی سەرۆکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی، حوکمی سێدارەی بەسەرا سەپاند، بۆیە بەناچاریی داوای مافی پەنابەریی سیاسی لە فرەنسا کرد.

 

،،

لە کاتی پەلاماری نازییەکان بۆ سەر فه‌رەنسا، شاپور خۆبەخشانە چووە ڕیزی سوپای فه‌رەنساوەو دواتریش لە ڕیزی بەرگریکارانی فه‌رەنسا بوو

شاپور بەختیار کێیە؟

شاپور بەختیار لوڕە، کە بەشێکی گەورەن لە نەتەوەی کورد. شاپور، لە بنەماڵەیەکی نەجیبزادەی عەشیرەتی گەورەی بەختیاریە، ساڵی ١٩١٤ لە شاری کورد(شهری کورد) لە دایكبووە، سەرەتایی لەو شارەو ئامادەیی لە ئەسفەهان و بەیروت تەواو کردووە، بەکالۆریۆسی سیاسەت و یاسا و فەلسەفەی لە پاریس خوێندوە، ساڵی ١٩٤٥ بڕوانامەی دکتۆرای لەسیاسەتدا لە پاریس بەدەستهێناوە.

شاپور لە پاریس خویندکاربوو، کاتێ موحەمەد ڕەزاخانی باوکی لەلایەن ڕەزاشاوە لە سێدارە درا، نەجەف گوڵخان سامسامی باپیری، دووجار لە ساڵەکانی ١٩١٢ و ١٩١٨ سەرۆكوەزیر بووە. دایکی ناوی ناز بوەو شاپور ٧ ساڵان بوە کە مردووە، شاپور خزمی سورەیا ئەسفەندیار بەختیاری ژنی دووەمی موحەمەد ڕەزا شا بوو.

ناوەڕاستی سیەکان، لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا، شاپور چالاکەوانێکی سیاسی گەنج بوو لە فەڕەنسا بۆ دژایەتیکردنی دیکتاتۆر جەنەرال فرانکۆ.

لە کاتی پەلاماری نازییەکان بۆ سەر فه‌رەنسا، شاپور خۆبەخشانە چووە ڕیزی سوپای فه‌رەنساوەو دواتریش لە ڕیزی بەرگریکارانی فه‌رەنسا بوو، ساڵی ١٩٤٦ گەڕایەوە ئێران و، چوە پاڵ سۆشیاڵ دیمۆکراتەکان، ساڵی ١٩٤٩ سەرکردایەتی ڕیکخراوی لاوانی کرد، ساڵی ١٩٥١ کرا بە بەڕیوەبەری گشتی کار لە پارێزگای ئەسفەهان.

،،

شاپور بەختیار، جگەلە سیاسەتمەدار، رۆژنامەنووس و نوسەرێکی گەورە بوو، دوای خۆی دەیان کتێبی بەزمانی فه‌رەنسی و فارسی بەجێهشتووە، لەگەڵ خزم و کەس و کاریدا هەر بە لەهجەی لوڕی قسەی ئەکرد، تەنانەت لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا زۆر جار بە کوردی لوڕی ئەدوا.

ساڵی ١٩٥٣ لە حکومەتەکەی موسەدق دا بوو بە جێگری وەزیری کار، ناوەڕاستی پەنجاکان، خەباتی نهێنی دژی حوکمی دیکتاتۆری شا دەستپێکردو، داوای هەلبژاردنی ئازاد و گۆڕینی دەستوری ئەکرد، ساڵی١٩٦٠ ڕۆڵی سەرکی بینی لەناو بەرەی نیشتیمانی دووەم و، بە ئاشتیانە داوای چەسپاندنی سیستەمی پاشایەتی دەستوری ئەکرد، شا ئەو داوایەی ڕەتکردەوەو هەموو جوڵەیەکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی قەدەغە کرد، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٤ بۆ ١٩٧٧، شاپور بەختیار چەندین جار حوکمدراوەو کۆی گشتی ٦ ساڵ زیندانیی بووە.

ساڵی ١٩٧٧ بوو بە دیارترین کەسایەتی سیاسی دیموکراتخواز لە ئێران دا، کۆتایی ساڵی ١٩٧٨، کاتێ بارودۆخی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە تێكچوو، شا پەنای بۆ شاپور بەختیار برد بۆ هاوکاری، شاپور لەپێناوی ئەوەی ئێران نەکەوێتە دەستی ئیسلامیەکان وکۆمۆنیستەکان، داواکەی شای بەمەرج قەبوڵ کرد.

شاپور بەختیار لە ١٩٧٩/١/٤حکومەتێکی مەدەنی لە جیگەی حکومەتە سەربازیەکەی غولام ڕەزا دامەزراند و دەستی کرد بەچاکسازی .

شاو ماڵ و مناڵی لە ١٩٧٩/١/١٦ ئێرانیان بەجێهێشت، بەڵام شاپور بەتەنیا مایەوە و سەرکردایەتی ئێرانی کرد.

 

لە ١٩٨٠/٧/٩، لە فه‌ره‌نساوە، پشتیوانی کودەتایەکی شکستخواردوی کرد کە لە ڕێگەی بنکەی ئاسمانی نوژەی نزیك هەمەدانەوە ئەنجامدرا، لە ١٩٨٠/٧/١٨ لە نزیك پاریس لای ماڵەکه‌ی خۆی، لە هەوڵێکی تیرۆرکردن دەربازی بوو.

رۆژی ١٩٩١/٨/٦ لە گەڵ سکرتێرەکەیدا بە چەقۆ لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لە نزیكی پاریس، لەلایەن سێ کەسەوە کوژرا، لەگەڵ ئەوەی بکوژەکان ناسنامەکانیان لێبەجێمابوو و، شاپوریش لەژێر چاودێری توندی پۆلیسدا بوو، کەچی دوان لە بکوژەکان دەربازیان بوو و گەیشتنەوە ئێران، سێیەمیش لە سویسرا لەگەڵ برازایەکی ڕەفسنجانی گیرا، برازاکەی ڕەفسنجانی ئازکراو تاوانبارەکەش تا ساڵی ٢٠١٠ زیندانی بوو.

شاپور دوو کچ و کوڕێکی لە ژنە فه‌رەنسیەکەیی وکوڕێکی لە ژنە ئێرانییەکەی هەیە.

 

شاپور بەختیار، جگەلە سیاسەتمەدار، رۆژنامەنووس و نوسەرێکی گەورە بوو، دوای خۆی دەیان کتێبی بەزمانی فه‌رەنسی و فارسی بەجێهشتووە، لەگەڵ خزم و کەس و کاریدا هەر بە لەهجەی لوڕی قسەی ئەکرد، تەنانەت لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا زۆر جار بە کوردی لوڕی ئەدوا.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك