كوردو چیا

چـیـا وەک ناسنامە

كوردو چیا

330 خوێندراوەتەوە

محه‌مه‌د به‌كر

پـەیـوەندی نێوان کوردو چیـا هێندە لە مێژینەو دێرینە، تەنانەت ئەو ئەفسانە و چیرۆکانەش کە بەمەبەستی دۆزینەوەی بنەچەو سەرهەڵدانی ئەم ڕەگەزە " کورد" هۆنراونەتەوە نەیانتوانیووە کورد و چیا لە خەیاڵدانیاندا لێک جیاکەنەوە.

،،

ئەگەرچی مێژوونوسان لەبارەی دەسپێکی کوردەوە ڕێکنەکەوتوون، بەڵام لە هەموو بارەکاندا ڕەگەزە مرۆڤێک نیشان دەدەن کە چیا نشینن و لەئاوەدانیەوە دوورن.

یەک لەو چیرۆکانە کە فیردەوسی لە شانامەدا هۆنیویەتیەوە دەڵێ: کورد لە نەوەی ئەو لاوانەن کە لە دەستی زوحاک و مارەکانی سەرشانی ڕزگاریان بووەو ڕۆشتوونەتە چیاکان و نەوەیان خستۆتەوەو زۆر بوون و کوردیان لێ پێکهات.

چیرۆکێکیتر کە مەسعودی مێژوونوس باسی کردووە ئەوەیە کە گوایە هەندێک لە کەنیزەکەکانی حەزرەتی سلێمان خەیانەتیان کردوو و لەگەڵ جنۆکەکاندا تێکەڵ بوون، کاتێک حەزرەتی سولەیمان بەکارەکەی زانی بۆ چیاکان دووری خستنەوە..گوایە کوردان یادگاری ئەم تێکەڵ بونەن...بۆیە دەڵێ..."الاکراد تائیفە من الجن"

چەند چیرۆکیتر هەن وەک ئەوەی گوایە کورد لەنەوەی خێڵە عەرەبییە عەدنانیەکانن و بەهۆی ململانێ لەگەڵ خێڵەکانی دی یان بۆ پەیداکردنی لەوەڕ بەرەو چیاکان ڕۆشتوون.. یان دەوترێ کوردان لە خێڵە قەحتانیەکانی یەمەنن پاش تێکشکانی بەنداوی مەئرەب یەمەنیان جێهێشتووەو بەرەو چیاکان ڕۆشتون.

وەک دەبینین لە هەرچوار چیرۆکەکەدا کە بۆ دۆزینەوەی ڕەچەڵەک و سەرهەڵدانی ڕەگەزی کوردان هۆنراونەتەوە، دانەرەکانیان نەیانتوانیووە لە خەیاڵدانی خۆیانا کورد و چیا لێک جیاکەنەوە، بەڵام لەهەموو چیرۆکەکاندا کوردان دوای ڕوواوێکی سەرەکی لەشارەکان دەردەکرێن و پەنا بۆ چیاکان دەبەن، ئەمە پێمان دەڵێ:

مێژوونوسان لەسروشتی کوردو چیانشینی کوردەوە پێوەرێکی سەرەکیان وەرگرتووە بۆ دانانی بۆچونەکانیان لەبارەی ڕیشەی کوردەوە، ئەگەرچی مێژوونوسان لەبارەی دەسپێکی کوردەوە ڕێکنەکەوتوون، بەڵام لە هەموو بارەکاندا ڕەگەزە مرۆڤێک نیشان دەدەن کە چیا نشینن و لەئاوەدانیەوە دوورن.

دیارە ئەم چیرۆکانە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدان کە دراون بۆ ناشیرین کردن و نیشاندانی وێنەیەکی دزێوی کوردان، بەڵام لە هەموی کۆمیدی تر هەوڵی تورکانە کە بە کوردیان دەوت " تورکی چیایی" لە کاتێکدا ئەو چیرۆکانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا هەندێکیان پێش هاتنی تورکەکان بۆ خاکی ئەمڕۆی تورکیا تۆمارکراون.

،،

ئەفسانە کۆنەکانی سەردەمی سۆمەری و ئەکەدیدا بەڕوونی چیا وەک ناسنامەی باوانی دێرینی ئێمە هاتووە " ئۆتۆحیکال" بەگوتیەکانی باپیرانی کورد دەڵێ ماری چیاکان"

ـ ئەگەرچی ئەم چیرۆکانە بایەخی زانستیان نییە، بەڵام ئەوەی پشتڕاسی دەکەنەوە بوونی کوردە لەقوڵایی مێژوودا لە پەناو دامێنی زنجیرە چیاکانی نیشتمانەکەیدا. وە ئەوەشمان پێدەڵێن کە چیا بووەتە بەشێک لەناسنامەی کوردان.

ـ پەیوەندی نێوان کوردو چیا بەجۆرێکە لەزمانی کوردیدا هەندێک ناوی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و هەندێک شوێنی شاخ هاوناوی یەکترین وەک: سەر، گەروو، سنگ، شان، گەردن و باسک و دامێن و لوتکەش کە لە لوتەوە وەرگیراوە.. نەوشیروان مستەفا" کە پەی بەمە بردووە دەڵێ: پێدەچێ کورد لەشی شاخی بە لەشی خۆی شوبهاندبێ.

ـ ئەم پەیوەندییە بەهێزەی نێوان کوردو چیا گەلێک لەمێژینەیەو بگرە بەر لەوەی زاراوەی کوردستان وەک ناوێکی جوگرافی ـ کلتووری بەسەر ئەو ڕووبەرە زەوییەدا بنرێت کە کوردەکانی تیا دەژین، بەشێک لە وڵاتەکە بە هەرێمی چیا ناوبراوەو لە نێو هەواڵە جۆر بەجۆرەکاندا زۆر دەربڕینی وەک " کورد لە چیاکاندا" دەبینین. "ئیبن خەلدون"یش چیاکانی بەهەمان واتای وڵاتی کورد و نیشتمانی خێڵەکانیان بەکاردێنێ.

ـ ئۆج ئالان زاراوەی کورد و شاخ هاو واتا وەسف دەکات و دەڵێت: وشەی "کور" لەژێر وشەی "کوردستان"دا شاراوەیەو ڕیشەکەی بۆ سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە. بەزمانی سۆمەری "کور" واتا "شاخ" پاشگری "دی" گوزارشت لە ئینتیما دەکات بەمجۆرە وشەی کوردی واتای گەلی شاخی یان شاخییەکان.

ـ لە لاوژە و ئەفسانە کۆنەکانی سەردەمی سۆمەری و ئەکەدیدا بەڕوونی چیا وەک ناسنامەی باوانی دێرینی ئێمە هاتووە " ئۆتۆحیکال" بەگوتیەکانی باپیرانی کورد دەڵێ ماری چیاکان"

ـ لە ئەفسانەی گەلگامێشدا "ئەنکیدۆ"ی پاڵەوان کە لەچیاکاندا دەژی، کاتێک ڕازی دەبێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەلگامێش بچێتە شاری ئورکی سۆمەری. بەو ئافرەتە کەنیزەکە، کە بۆ تەفرەدان و ڕازی کردنی ناردوویانە دەڵێ:

"بمبە لەناوجەرگەی ئورکدا ئەنەڕێنم: من بەهێزترم، بەڵێ منم ئەوەی چارەنوسەکان ئەگۆڕێ، ئەوەی لە هەردەکان لە دایک بووبێت ئەوە بەهێزترە"

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك