فێڵەکانی سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٥٧ لە کەرکوک

چۆن ژماره‌ى عه‌ره‌ب‌و توركمان له‌ كه‌ركووك زیاد كراو ژماره‌ى كوردیش كه‌مكرایه‌وه‌؟

فێڵەکانی سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٥٧ لە کەرکوک

395 خوێندراوەتەوە

 دکتۆر جەبار قادر- به‌شى یه‌كه‌م

هەرچەندە داتاو ئامارەکانی سەرژمێری ١٩٥٧ لەوانەی پێش و دوای خۆیان دروستترن و تا ئاستێك متمانە پێکراوترن، کوردیش وەك بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ ڕەوایی داخوازییەکانی خۆی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی هەرێم پشتیان پێ دەبەستێت، لێ لە ڕاستیدا ئەمانیش بێبەرینین لە هەڵەو پەڵەو بگرە فێڵ و شێواندنی ڕاستییەکان لەلایەن کاربەدەستانی عیَراق و بەشێک لە ماڵنووسەکانەوە.

 

 لەم وتارەدا بە بەڵگەکانی نێو خودی سەرژمێرییەکە هەندێ لەو فێلانە دەخەمە ڕوو. ئەنجامدانی ئەو فێل و دەستێوەردانانە بۆ ئەوە بووە ژمارەی دانیشتوانی تورکمان و عەرەب لە کەرکوك زیاد بکرێن و ژمارەی کوردیش لە بەرامبەردا کەم بکرێت.

 

بە پێوویستی دەزانم هەرچەندە بە کورتیش بێت هەندێ زانیاری لە سەر سەرژمێری دانیشتوان لە عیراق بەر لەوەی ساڵی ١٩٥٧ بخەمەڕوو. سەرچاوەی زانیارییەکانم بڵاوکراوەی ڕەسمی دەوڵەتی عیراقە لە هەردوو سەرژمێری ١٩٤٧ و ١٩٥٧دا. گەلێ زانیاری ورد لە بارەی سەرژمێرییەکانی عیراقەوە تا ساڵی ١٩٥٧ لەو پێشەکییەدا هاتووە، کە بۆ بەرگەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی ساڵی ١٩٥٧ نووسراوە. پێشەکییەکە شارەزایەکی بواری سەرژمێری دانیشتوان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیوێتی کە پسپۆرێکی میسری بواری جوگرافیای مرۆیی بووە بە ناوی دکتۆر " محمەد ڕیاز ئەلشەنەوانی".

 وادیارە پێشەکییەکە لە هەموو بەرگەکانی سەرژمێرییەکەدا بڵاوکراوەتەوە. ئەو بەرگەی تایبەتە بەکەرکوك و سلێمانی کە لە بەردەستی مندایە پێشەکییەکەی تێدایە. لە دوای هەوڵێکی زۆر بۆ پەیداکردنی ئەم بەرگە و دەیان سۆز و پەیمانی بێ ئەنجام، وێنەیەکی ئەم بەرگەم لە هاوڕێ و هاوپیشەیەکی دڵسۆزی کەرکوکییەوە بە دەست گەیشت، سەد جار ماڵی ئاوا بێت.

 

،،

سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ بە یەکەمین سەرژمێری دادەنرێت کە لە ڕێگەی ماڵنووس و دەستەی نانونووسییەوە ئەنجام درا. ئەمانە دەچوونە ماڵان و ڕاستەوخۆ بە پێی پرسیارەکانی نێو فۆرمەکان زانیاری و داتایان لە خێزانەکان وەردەگرت

بەر لەم سەرژمێرییە گشتییە لە ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤ و ١٩٤٧ لە عێراق سێ سەرژمێری تر ئەنجام دران. یەکەمینیان زیاتر لە ساڵێکی خایاند، لە ئوکتۆبەری ١٩٢٧ تا کۆتایی ساڵی ١٩٢٨. لێژنەکانی سەرژمێری لە مزگەوت، قوتابخانە و دامەزراوەکانی حکومەتدا دادەنیشتن و لێژنە مەیدانییەکانیش دەگه‌ڕان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی دانیشتوانەوە. دوای چەند مانگێك حکومەت بۆی دەرکەوت کارەکە زۆر ناسەرکەوتووە، بۆیە ئەنجامەکانی پشت گوێخران و لە بیرکران. لە گەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتوان بە٢،٩٦٨،٠٥٤ کەس خەمڵێنرا. بە پێی ئەو خەمڵاندنە نێرینەکان ١،٥١٢،٠٧٧ کەس و مێینەکان ١،٤٥٥،٩٧٧ کەس بوون. کەس نازانێت ئەم خەمڵاندنە لە سەر چی بنەمایەك بووە، وادیارە سەرچاوەی زانیارییەکان بەرپرسانی حکومەت بوون لەیەکە کارگێڕییەکان.

 

دووەم سەرژمێری لە ساڵی ١٩٣٤ کرا، ئەمەیان بە دوو خول تەواو کرا، جاری یەکەم لە ئەیلول و ئوکتۆبەری ئەو ساڵەو جاری دووەمیش لە ئاب و ئەیلولی ساڵی ١٩٣٥ بوو بۆ ئەوانەی دوا کەوتبوون و لە ساڵی پێشوو خۆیان تۆمار نەکردبوو. لێژنەکان لە شوێنە گشتییەکان دادەنیشتن و موختارەکان سەرۆک خێزانەکانیان بانگ دەکرد بۆ ئەوەی زانیاری پێویست لە بارەی خێزانەکانیانەوە بدەن بەو لێژنانە.

 ئەم سەرژمێرییە هەمووعیَراقی گرتەوە، ئامانجی سەرەکی لە سەرژمێرییەکە خزمەتی سەربازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو. هەروەها سەرژمێرییەکە بووە بنەمایەک بۆ پێدانی ڕەگەزنامەی عیراقی کە بە "دفتر جنسیه‌"دەناسرا و ساڵی ١٩٤٢ ناوەکەی بۆ دەفتەر نفوس گۆڕدرا. ئەم دەفتەرە وەک ناسنامە و بەڵگەنامەی فەرمی لە دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکاندا کاری پێ دەکرا. تا ١٣ ئابی ١٩٥٣ بۆ ئەم مەبەستە هەر کار بە زانیارییەکانی سەرژمێری ١٩٣٤ دەکرا، لەو ڕۆژە بەدواوە ئیتر بۆ پێدانی ڕەگەزنامەی عیراقی کار بە ئامارو داتاکانی سەرژمێری ١٩٤٧ دەکرا.

 

بە وتەیەکی دیکە شەش ساڵی ویست تا ئەنجامەکانی سەرژمێری ١٩٤٧ تەواو کران. لەم سەرژمێرییەدا ئەوەی گرنگ بوو ژمارەی دانیشتوان بوو، بۆیە هەموو مەرجەکانی دیکەی سەرژمێری دروست پشت گوێ خران. بە پێی سەرژمێری ١٩٣٤ ژمارەی دانیشتوانی عیراق ٣،٢١٣.١٧٤ کەس بوون، کە ١،٦٣٦،٠٥٦ یان نێرینە و ١،٥٧٧،١١٧یانیش مێینە بوون.

سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ بە یەکەمین سەرژمێری دادەنرێت کە لە ڕێگەی ماڵنووس و دەستەی نانونووسییەوە ئەنجام درا. ئەمانە دەچوونە ماڵان و ڕاستەوخۆ بە پێی پرسیارەکانی نێو فۆرمەکان زانیاری و داتایان لە خێزانەکان وەردەگرت. ئەم سەرژمێرییەش عیراقییەکانی دەرەوەو هۆزە کۆچەرو نیشتەجێ کراوەکانی نەگرتەوە.

کارەکان لە یەك ڕۆژدا ئەنجام دران کە ڕۆژی ١٩ ئوکتۆبەری ١٩٤٧ بوو. لە ناوچە دووردەست و زڵکاوەکانی باشور مانگێك بەر لەو ڕۆژە دەست کرابوو بە ماڵنووسی، بۆیە لەو ناوەش لە هەمان ڕۆژدا پڕۆسەکە کۆتایی هات.

 

،،

سەرژمێری ١٩٥٧ ئامادەیی باشی بۆ کرا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دانیشتوان قانونی تۆمارکردنی دانیشتوانی ژمارە ٥٩ لە ساڵی ١٩٥٥ دەرچواند، ڕێنماییەکانی سیستەم و شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەکەی دەرکرد.

 لە ئاوایی و لادێکان پرۆسەکە وەک شار و شارۆچکەکان سەرکەوتوو نەبوو. دواتر لە ڕێی سەرژمێری ١٩٥٧ ئەوە دەزانین کە ساڵی ١٩٤٧دا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک تۆمار نەکرابوون. من چەند جارێکی تریش ئاماژەم بە وتەیەکی خوالێخۆشبوو عەلائەدین سەجادی کردووە کە دەیوت "ئەو کاتە ماڵمان لە بەغدا بوو، تا ئیوارە لە ماڵەوە چاوەڕێمان کرد، بەڵام کەس سەری بە ماڵماندا نەکرد" دواتر دەپرسێت "ئەگەر ئەمە حاڵی بەغدای پایتەخت بێت، ئەی دەبێ لە شوێنەکانی تر چۆن بووبێت؟". ژمارەی دانیشتوانی عیراق بە پێی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ بە ٤،٨١٦،١٨٥ کەس خەمڵێنردا، کە ٢،٢٥٧،٣٤٥ کەسیان نێرینە و ٢،٥٥٨،٨٨٠ کەسیشیان مێینە بوون. ئەمە ئەکەمین سەرژمێری بوو کە داتا و زانیارییەکانی بە پێی خشتەی تایبەتی پۆلین کرابوون و ئەنجامەکانی لە سێ بەرگدا ساڵی ١٩٥٤ لە بەغدا بڵاوکرانەوە.

خشتەی تایبەت بۆ دانیشتوانی هەر یەك لە چواردە لیواکەی عیراق دروست کرابوو، بەڵام داتا گشتییەکانی هەموو عیراق لە بەرگێکی سەربەخۆدا بڵاونەکرانەوە. داتاکانی ئەم سەرژمێرییە بۆ پێدانی ڕەگەزنامەی عیراقی لە ساڵی ١٩٥٣ کاریان پێ کرا.

پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی دوور درێژم لە سەر کەرکوك لە سەرژمێری ١٩٤٧ کرد و لە زیاتر لە شوێنێک بڵاوکرایەوە. لەم سەرژمێرییەدا ئاماژە بە دابەشبوون و پۆلینکردنی دانیشتوان نە لە سەر بنەمای ئەتنیکی و نە زمانی دایک نەکراوە، تەنها باس لە ئاینی دانیشتوان کراوە.

 

سەرژمێری ١٩٥٧ ئامادەیی باشی بۆ کرا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دانیشتوان قانونی تۆمارکردنی دانیشتوانی ژمارە ٥٩ لە ساڵی ١٩٥٥ دەرچواند، ڕێنماییەکانی سیستەم و شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەکەی دەرکرد.

بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی پرۆسەکەش زانیاری سەرەتایی کۆکرانەوە. لیستی پرسیار، کارمەندی پێویست بۆ یەکە کارگێڕییەکان و فۆرم و ڕێنمایی بۆ ماڵنووسەکان لە چاپ دران. هەروەها ئامێرەکانی گواستنەوە، کارمەندانی پاراستنی ئاسایش و دادوەری پێویست بۆ کارە مەیدانییەکان دابین کران. هەموو وردەکاری و ڕێنماییەکان لە کتێبێکی گەورەدا لە ژێر ناونیشانی "ڕێنمایی گشتی بۆ سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە ساڵی ١٩٥٧" لە چاپ درا و بڵاوکرایەوە.

 

،،

ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرکەوتنی سەرژمێری ١٩٥٧ کەم نەبوو. شارەزاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی مانگ و نیوێکدا سەردانی هەر چواردە لیواکەی عیراقی کرد و بە ئامادەبوونی موتەسەڕیف، قایمقامی قەزاکانی سەر بە لێواکە و بەرپرسانی باری شارستانی کۆبوونەوە و سیمیناری تایبەتی پێشکەش دەکرد.

 

ئەم جارەیان میتۆدی زانستیی لە بواری سەرژمێری دانیشتواندا پەیڕەو کرا، ئامادەکاری زۆرو هەمە چەشنە کران، داوای یارمەتی لە دامەزراوە تایبەتمەندەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، بە تایبەتی ئەنجومەنی هاوکاری هونەری سەر بەو ڕێکخراوە، کە نوێنەرێکی تایبەتی لە بەغدا جێگیر کردبوو و شارەزایەکی بواری سەرژمێریشی، کە دکتۆر محەمەد ڕیاز ئەلشەنەوانی میسری بوو بۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە دیاری کردبوو.

ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرکەوتنی سەرژمێری ١٩٥٧ کەم نەبوو. شارەزاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی مانگ و نیوێکدا سەردانی هەر چواردە لیواکەی عیراقی کرد و بە ئامادەبوونی موتەسەڕیف، قایمقامی قەزاکانی سەر بە لێواکە و بەرپرسانی باری شارستانی کۆبوونەوە و سیمیناری تایبەتی پێشکەش دەکرد.

 

لەو کۆبوونەوانە ئەلشەنەوانی بە دوور و درێژی باسی گرنگی و پێویستیی سەرژمێریی دانیشتوانی دەکرد، هێڵە گشتییەکان دیاری دەکردو وردەکاری چۆنێتی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی سەرکەوتووی بۆ مادەبووان ڕوون دەکردەوە. خولی ڕاهێنان بۆ لایەنە پەیوەندارەکان کرانەوە بە تایبەتی بۆ بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی نفوسی لە لیواکان کە لە بەغدا بەڕێەوە چوو.

خولەکە لە مارتی ١٩٥٧دا ڕێکخرا، ماوەکەی سێ ڕۆژ بوو و هەر ڕۆژەی لە ماوەی پێنج کاتژمێردا زانیاری و ڕێنمایی پێویست بە بەشدارانی دەدران. کارمەندانی فەرمانگەی گشتیی نفوسیش بەشدارییان لە خولەکدا دەکرد، بەگشتی ٣٥ کەس تێیدا بەشدار بوون. بۆ هەمان مەبەست خولی ڕاهێنان بۆ کارمەندانی نفوس و فەرمانبەرانی خۆجێی لە قەزاو ناحیەکانیش ڕێکخرا، لەم خولانەشدا ٢٩٢ کەس بەشدارییان کرد.

بۆ دڵنیابوون لە دروستی و کارامەیی ئامادەکارییەکان، پرۆسەیەکی ئەزموونیی سەرژمێری لە قەزای میقدادیە لە ١٤ حوزەیرانی ١٩٥٧ ئەنجام درا.

ئەنجامەکانی ئەزموونەکە لە ژمارە(١-٢)ی "گۆڤاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵاتی" لە لاپەڕەکانی ١١٦ – ١٤٠ بڵاوکرانەوە. بە بۆچوونی شارەزاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبوایە ئەزموونەکە پێش ئامادەکردنی فۆرمەکانی سەرژمێری بکرابایە و لە بەر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی پرسیارەکان دابڕێژرانایە، بەڵام تازە درەنگ بوو و نەدەکرا ئەوە کێشەیە چارەسەر بکرێت.

،،

بە پیی ئەو پلان و پرۆگرامەی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٥٧ دانرابوون، دەبوایە پرۆسەکە لە یەك ڕۆژدا لە هەموو عێراق جێبەجێ بکرێت کە ڕۆژی ١٢ ئوکتۆبەری ١٩٥٧ بوو.

بەر لە ڕۆژی سەرژمێرییەکە هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی بەرفراوان لە ڕێگەی ڕادیۆ، تەلەفزیۆن کە چەند ساڵێک لە عیراق پەیدا ببوو بەر لە هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و، ڕۆژنامەکانەوە دەستی پێکرد. لەو هەڵمەتەدا باس لە گرنگیی سەرژمێری بۆ دانیشتوان دەکرا و هانیان دەدرا هاوکاری ماڵنووسەکان بکەن و زانیاری دروستیان پێ بدەن.

لە هەمان کاتدا ڕێنماییەکان بە چاپکراوی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکران و لە ڕێگەی فڕۆکەشەوە فڕێدەدرانە خوارەوە. بڵندگۆش خرابوونە سەر ئۆتۆمبیل و بە شەقامەکاندا دەسووڕانەوە و هانی خەڵکیان دەدا چالاکانە لە پرۆسەکەدا بەشداری بکەن.

باس خواسەکانی گرنگیی سەرژمێری، ڕێنماییەکان و هاندانی هاوڵاتیان بۆ هەماهەنگی لە گەڵ لایەنە پەیوەندارەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لە هەمان گۆڤاردا لە لاپەڕەکانی(١٨٦ - ٢٢٦) بڵاوکرانەوە.

بە پیی ئەو پلان و پرۆگرامەی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٥٧ دانرابوون، دەبوایە پرۆسەکە لە یەك ڕۆژدا لە هەموو عێراق جێبەجێ بکرێت کە ڕۆژی ١٢ ئوکتۆبەری ١٩٥٧ بوو.

فۆرمەکانی تۆمارکردنی خەڵک سێ ڕۆژ بەر لەوە لە ڕێگەی ناونووسەکانەوە بە سەر خێزانەکاندا دابەشکرابوون. هەر ناونووسێک ٤٠ خێزانی بەرکەوتبوو. ئەو سەرۆک خێزانانەی بە خۆیان دەیانتوانی فۆرمەکان پڕ بکەنەوە ئەوا پڕیان دەکردنەوە، ئەوانەشی نەیاندەتوانی یا نەخوێنەوار بوون، ئەوا دەبوایە ماڵنووسەکان بۆیان پڕ بکەنەوە، هەڵبەتە لە سەر بنەمای ئەو زانیاری و داتایانەی لە سەرۆک خێزانەکانیان وەردەگرت. لێرەدا ناونووسەکان بە هەڵە هەندێ زانیارییان تۆمار کرد و لە هەندێ شوێنی وەک کەرکوکیش فێڵی زۆریان کرد کە دواتر باسیان لێوە دەکەم.

 

،،

سەرژمێری ١٩٥٧ هەموو کەسێکی گرتەوە کە ئەو کاتە لە عێراق دەژیا بە بیانییەکانیشەوە، هێزە سەربازییە بیانییەکانی لێدەرچێت کە ئەو کاتە لە عێراقدا جێگیر کرابوون

لە ڕۆژی سەرژمێرییەکەدا واتا لە ١٢ ئوکتۆبەری ١٩٥٧ قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سەرانسەری عیراق لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە تا پێنجی ئێوارە راگەیاندرا. ماڵنووسەکان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرانی تۆماری دانیشتوان توانیان لەو ڕۆژە و لە کاتی دیاریکراودا کارەکانیان تەواو بکەن. لە هەموو عیراق ١٣٢١٣ ناونووس بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد، ئەوانەشی ئەرکی سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی پرۆسەکەیان کەوتبووە ئەستۆ ٧٢٨ کەس بوون. ژمارەی چاودێرانیش ٣٦٨ کەس بوون. پرۆسەکە لە شار و شارۆچکەکان بەم شیوەیە بوو.

بەڵام لە ئاوایی و بیابانەکان شێوازێکی دیکەی وەرگرت. بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لەو شوێنانە لێژنە و دەستەی سێ کەسی تایبەت دیاری کران، کە دەبوایە زانیاری و داتاکان لە ڕەشنووسەکانی تۆماری گشتیدا تۆمار بکەن.

ئەم ڕەشنووسانە سەدان بەرگ بوون و هەر یەکەیان ٢٠٠ فۆرمی تۆمارکردنی دەگرتە خۆی. ئەم لێژنە و دەستانە کارەکانیان لە هەمان ڕۆژی ١٢ ئوکتۆبەر دەست پێکرد و بە ئاواییەکاندا دەگران تا لە ١٥ دیسەمبەری هەمان ساڵدا، واتا دوای دوو مانگ و سێ ڕۆژ کارەکانیان تەواو کرد. ژمارەی ئەم دەستە و لێژنانە ٢٠٢٨ دانە بوو. لە سەرژمیری گشتی ساڵی ١٩٥٧ سێ جۆر فۆرمی تۆمارکردن بەکار هێنران: سپی: بۆ تۆمارکردنی هاووڵاتیان لە شار و شارۆچکەکان؛ کەوە یا شین: بۆ تۆمارکردنی ئەو کەسانەی دواکەتبوون و جۆری سێیەمیش ڕەشنووساکان بوو کە لە جۆری دەفتەری تۆمار بۆ ناونووسکردنی دانیشتوانی لادێ و هۆزەکان بەکار هێنران.

 

سەرژمێری ١٩٥٧ هەموو کەسێکی گرتەوە کە ئەو کاتە لە عێراق دەژیا بە بیانییەکانیشەوە، هێزە سەربازییە بیانییەکانی لێدەرچێت کە ئەو کاتە لە عێراقدا جێگیر کرابوون. هەروەها عیراقییەکانی دەرەوەشی گرتەوە. سەرژمێرییەکە بە پرۆسەکی زۆر سەرکەوتوو لە قەڵەم درا. دوای دوو مانگ لە ڕۆژی ١٨ دیسەمبەری ١٩٥٧ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامە بەراییەکانی سەرژمێرییەکەی ڕاگەیاندا. بە پێی ئەو ئەنجامانە ژمارەی دانیشتوانی عیراق گەیشتە ٦٥٣٨١٠٩ کەس و لەمانە ٣٢٩٤٠٧٣ یان نێرینە بوون و ٣٢٤٤٠٣٦ شیان مێینە.

،،

ئەو فێڵانەی لە سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٥٧دا ئەنجام دراون هەمە جۆرن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان لە یەک خاڵەوە سەرچاوەیان گرتبوو ئەویش پۆلێنکردنی دانیشتوان بوو لە سەر بنەمای زمانی دایک

لە هەمان کاتدا دەستکرا بە کارکردن لە سەر ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکە بۆ ئامادەکردنی خشتەی تایبەت لە سەر بنەمای داتا و زانیارییە کۆکراوەکان لە کاتی پرۆسەکەدا، بۆ ئەوەی ببنە بناغەی پێدانی دەفتەر نفوس بە هاووڵاتیانی عیراقی. بۆ ئەم ئامانجە ٨٠ فەرمانبەری تایبەتی دامەزرێنران کە بە دوو شه‌فتی هەشت کاتژمێری کاریان دەکرد.

بەشێکی گرنگ لە کارەکەیان پیداچوونەوە بوو بە زانیاری و داتاکاندا. ئەم کارە تا هاوینی ١٩٦١ بەردەوام بوو. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت دوو ساڵ کەمتریان لە سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ خایاند. خشتەکان کران بە دوو بەشەوە، بەشی یەکەم بریتی بوو لە بیست خشتەی جیاواز کە بۆ هەموو لیواکان بەهەمان شیواز ئامادە کران. ئەم بەشەیان لە ساڵی ١٩٦١ تەواو بوو. بەشەکەی تر بریتی بوو لە کۆمەڵێ خشتەی گشتی بۆ هەموو عیراق لە ساڵی ١٩٦٢ تەواو کرا و لە بەرگێکی سەربەخۆدا بڵاوکرایەوە.

ژمارەی تۆمارەکان (سجلات) ٦٤٩٥ تۆمار بوون و هەموو نێردران بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی نفوس لە لیواکان و کۆپی ئەو تۆمارانەش لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نفوس لە بەغدا پارێزران. لە ١٥ مایسی ١٩٦١ەوە بە پێی ئەم تۆمارانە دەست کرا بە پێدانی دەفتەر نفوس بە هاووڵاتیانی عیراق. دواتر لە ساڵانی ١٩٦٢ و ١٩٦٣ هەموو ئەنجام و داتا و زانیارییەکانی سەرژمێری ١٩٥٧ لە ١٣ بەرگدا لە بەغدا چاپ کران.

ئەو فێڵانەی لە سەرژمێری گشتیی ساڵی ١٩٥٧دا ئەنجام دراون هەمە جۆرن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان لە یەک خاڵەوە سەرچاوەیان گرتبوو ئەویش پۆلێنکردنی دانیشتوان بوو لە سەر بنەمای زمانی دایک. ئەم بنەمایە لێکەوتەی خراپی لە ناوچە تێکەڵاو و فرە پێکهاتە و کولتورەکاندا لێکەوتەوە. بووە مایەی شەڕی ئامار و بگرە و بەردەی زۆر کە تا ئێستاش خەڵکی ئەو ناوچانە پێوەی دەتلێنەوە.

زمانی دایک بنەمایەکی هیچ کاتێک دروست نەبووە بۆ دەستنیشان کردنی ئینتیمای ئەتنیکی دانیشتوان. بە دێوێکی تریشدا هەوڵێکە خۆ دزینەوە لە ناوهێنان گەڵ و گروپی ئەتنیکی بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیان و لە ئەنجامدا داننەنان بە مافە سیاسی و کولتورییەکانیاندا. دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە هەندێ نموونەی سادە بکەم. ئەمڕۆ سەدان هەزار کورد وەک گەلێ گەلانی دیکە لە وڵاتانی دونیا دەژێن. زمانی ئەو وڵاتانە بوونەتە زمانی دەربڕین و بگرە زمانی دایک بۆ بەشی هەرە زۆروی منداڵ و نەوەکانیان، لە کاتێکدا لە باری ئەتنیکییەوە خۆیان بە کورد دەزانن. لە تورکیا زمانی تورکی بووە بە زمانی دایک، دروستتر زمانی دەربڕین بۆ ملیۆنەها کورد، بەڵام لە باری ئەتنیکییەوە خۆیان بە کورد دادەنێن. لە ئێران، سوریا و عیراقیش زمانی فارسی و عەرەبی بۆ بەشێکی گرنگی کورد هەمان ڕۆڵ و پێگەیان هەیە.

 

،،

تا دەسەڵاتی بەعس بە تەواوی نەچەسپا و پرۆسەی بەعەرەبکردنی ئاشکرا دەستی پێ نەکرد زمانی بازاڕ، بە تایبەتی لەناو جەرگەی شاردا هەر تورکمانی بوو. ئەم بار و دۆخەی زمانی تورکمانی بە بەشیوەیەکی زەق و بەرچاو لە تۆمارەکانی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا ڕەنگیان دایەوە.

 

لە شاری کەرکوك لە بەر کۆمەڵێ هۆکاری مێژوویی، ئابوری و کارگێڕی زمانی تورکمانی، کە زیاتر لە زمانی تورکی عوسمانی و ئازرییەوە نزیکە وەک لە زمانی تورکی نوێوە، ڕۆڵێکی زۆر گەورەتری لە پێگە و پانتایی جوگرافی کەمینەی تورکمان لەو شارەدا دەبینی.

بۆ نموونە لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا ڕۆڵی زمانی فەرمی لە دام و دەزگا و قوتابخانە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەبینی. هەر دەسەڵاتی عوسمانیش بوو هەندێ لە بنەماڵە تورکمانەکانی باڵادەست کردبوو بە سەر بازاڕ و ژیانی ئابوری شاردا.

لکاندنی کەرکوكیش بە عیراقەوە لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی کێشەی ویلایەتی مووسڵدا شتێکی زۆری لەم بارە نەگۆڕی. لە دام و دەزگا و قوتابخانە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا باڵادەستیی تورکمان و زمانی تورکمانی بەبێ دەستکاری مایەوە.

ئەم کارە بە مەبەستی بە کارهێنانی فاکتەری تورکمان لە تەك عەرەبدا، کە ئەو کاتە بە ژمارە زۆر کەم بوون لە کەرکوک، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە بەرامبەر زۆرینەی کوردا کە پلان و داخوازییەکانی جیاواز بوون.

بە گشتی تا دەسەڵاتی بەعس بە تەواوی نەچەسپا و پرۆسەی بەعەرەبکردنی ئاشکرا دەستی پێ نەکرد زمانی بازاڕ، بە تایبەتی لەناو جەرگەی شاردا هەر تورکمانی بوو. ئەم بار و دۆخەی زمانی تورکمانی بە بەشیوەیەکی زەق و بەرچاو لە تۆمارەکانی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا ڕەنگیان دایەوە.

 

 

سەرچاوەکان:

  1. الجمهوریة العراقیة، وزارة الداخلیة، مدیریة النفوس العامة، المجموعة الإحصائیة لتسجیل عام ١٩٥٧، لوائي کرکوك والسلیمانیة، طبعت بمطبعة العاني، بغداد، بلا.ت
    2. المملکة العراقیة، وزارة الشؤون الإجتماعیة، مدیریة النفوس العامة، إحصاء السکان لعام ١٩٤٧، الجزء الثاني، لواء الموصل – لواء کرکوك – لواء السلیمانیة – لواء أربیل، بغداد ١٩٥٤
    3. الدکتۆر نوري طالباني، منطقة کرکوك ومحاولات تغییر واقعها القومي، د.م، ١٩٩٩.
    4. دکتور جبار قادر، قضایا کردیة معاصرة، کرکوک – الأنفال – الکرد وترکیا، أربیل ٢٠٠٦
    5. دکتور جبار قادرمع آخر، قرارات مجلس قیادة الثورة المنحل الخاصة بالکرد وکوردستان، أربیل ٢٠١٣
    6. جەبار قادر، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا لە نیوان هەردوو شەڕی جیهانیدا ١٩١٨ -١٩٣٩، مۆسکۆ ١٩٧٧. (تێزی دکتۆرای بڵاونەکراوە - بە زمانی ڕووسی).

 

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد