بەهێزبوونەوەى کۆسرەت رەسوڵ، لە غیابی هێرۆ ئیبراهیم

گۆرینى سیاسەتى یەکێتى لەدەباشانەوە بۆ ماڵى کۆسرەت رەسوڵ

بەهێزبوونەوەى کۆسرەت رەسوڵ، لە غیابی هێرۆ ئیبراهیم

2451 خوێندراوەتەوە

 نەخۆشکەوتنى ژنە توند وسەرسەختەکەى یەکێتى رەنگە چاکبوونەوەى باڵەکەى کۆسرەت رەسوڵ بەدواى خۆیدا بهێنێت.

 

،،

هەموو بریارە گرنگ و چارەنووسسازەکانى یەکێتى دەگەرانەوە بۆ ماڵى مام جەلال و لەنێو ماڵەکەشدا بۆ ژوورەکەى هێرۆخان، کە وەک مەرجەعێکى سیاسی لێهاتبوو

بڵاوبوونەوەى هەواڵى ناجێگرى تەندروستى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە چەند رۆژى رابردوو، هەواڵى بوژانەوەى باڵەکانى یەکێتى بەدواى خۆیدا هێنا، بەتایبەت باڵەکەى کۆسرەت رەسوڵ کە پێ ناچێت چى دى کەس هەبێت لەبەردەمیدا بتوانێ کارەکانى راگرێت.

 

یەکێتى لەماڵى مام جەلال

هەتاکو تەندروستى خاتوونە توندەکەى یەکێتى لەماڵى مام باش بوو، ئیدى یەکێتیش لەدەستى ئەودا قەتیسکرابوو، کە هۆکارەکەشى دەگەرایەوە بۆ:

یەکەم: لایەنى مەعنەوى و کەسایەتى جەلال تاڵەبانى کە رابەرو کەسى یەکەمى حزبەکە بوو.

دووەم: لایەنى مادى کە وا باس دەکرێت زۆربەى سەروەت و سامانى یەکێتى دیسان لە چنگى ئەم خاتوونەدا بووبێت.

هەربۆیە لەم روەوە، هەموو بریارە گرنگ و چارەنووسسازەکانى یەکێتى دەگەرانەوە بۆ ماڵى مام جەلال و لەنێو ماڵەکەشدا بۆ ژوورەکەى هێرۆخان، کە وەک مەرجەعێکى سیاسی لێهاتبوو یەکێتییەکان دەگەرانەوە بۆى و چاوەروانى دەمى ئەویان دەکرد.

بەڵام تەندروستى ناوبراو، پێ ناچێت ئیدى رێگەى بدات هەمان کاریگەرى و رۆڵى هەبێت لەسەر سیاسات و ئەداى کارى یەکێتى.

،،

کورەکانى جەلال تاڵەبانى، وەک دایکیان مێژووى شاخ و شاریان لەگەڵ کارەکتەرە سیاسییەکانى یەکێتى و پارتى نییە، بۆیە پێ ناچێت سیاسەتى ئەوان لەرووى هێزو کاریگەرییەوە وەک دایکیان بێت.

کورەکانى هێرۆخان

رەنگە ئەو شیکردنەوەیە دروست بێت کە بە دەرکەوتنى بافڵ تاڵەبانى خۆرى دایکى بەرەو ئاوابوون رۆشتبێت. و چى دی ناوبرا نەهێڵێت دایکێکى نەخۆش ئاراستەى حزبەکە دیارى بکات.

هەربۆیە کورەکانى جەلال تاڵەبانى، وەک دایکیان مێژووى شاخ و شاریان لەگەڵ کارەکتەرە سیاسییەکانى یەکێتى و پارتى نییە، بۆیە پێ ناچێت سیاسەتى ئەوان لەرووى هێزو کاریگەرییەوە وەک دایکیان بێت.

واتە رەنگە، بەئاسانى کاریان تێ بکرێت و بەپێچەوانەى دایکیانەوە ئامادەى زۆرێک لە رێکەوتن و پەیوەندییەکان بن لەگەڵ ناوخۆ و دەرەوەى یەکێتى.

 

،،

پێ ناچێت یەکێتییەکان چی دی بۆ سەیرکردنى سیاسەتى یەکێتى چاویان لە دەباشان بێت، بەڵکو ئاراستەکەیان دەگۆڕێت و روو دەکەنە ماڵى کۆسرەت رەسول وەک قیبلەى دووەمى سیاسیان

کۆتا بزمار لە کورسى دەسەڵاتى هێرۆخان

رەنگە بەیاننامەکەى هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دژى کاندید کردنى بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆمارى کۆتا بەکارهێنانى دەسەڵاتى شکستخواردووى ناوبراو بووبێت.

چونکە زۆربەخێراى لەلایەن کورەکانییەوە بەتایبەت خودى بافڵ تاڵەبانى ئەمە رەدکرایەوە و بەهەرجۆرێک بوو بەبێ ویستى دایکیان بەرهەم ساڵ کرایە سەرۆک کۆمار بە پاڵپشتى یەکێتى.

دەتوانین لێرەوە بگەینە وەڵامى ئەو پرسیارەش کە ئایا بەنەخۆشکەوتن و کەنارخستنى خاتوو هێرۆ، باڵەکانى یەکێتى بەتایبەت ناوەندى بریار زیندوو بوونەوە؟

بێگومان، بەڵێ

چونکە کۆسرەت رەسوڵ بەجۆرێک لە جۆرەکانى ئەرزى بۆ تەخت بووە و باشتر دەتوانێ دەسەڵاتەکانى وەک جێگرى سکرتێرى گشتى بەکار بهێنێت.

،،

بافڵ تاڵەبانى، زۆرتر وەک کارەکتەرێکى سەربازى و توند دەرکەوت، رەنگە تواناى موناوەرەو سیاسەت کردنى لەگەڵ بەرامبەرەکان نەفەس درێژانە نەبێت، ئەمەش وا دەکات یاریکردن لەگەڵ ئەم کەسە ئاسان بێت و هەندێ کات لاوازیشى بکات.

 

تەنانەت لە کاندیدکردنى بەرهەم ساڵح تا دەرچوونى دەورێکى باڵاى هەبوو، تا ئەو رادەى هەندێ کات بە کاندیدى کۆسرەت رەسوڵ ناو دەبرا.

لەو مێژوووە بەدواوە ئیدى کەسایەتییەک لەسەر شانوى سیاسی کوردستان نەما بەناوى هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەڵکو ئەوەى هاتە سەر ستەیج و نمایشى دەست پێکرد کورەکانى بوون بەتایبەت کورە گەورەکە.

بافڵ تاڵەبانى، زۆرتر وەک کارەکتەرێکى سەربازى و توند دەرکەوت، رەنگە تواناى موناوەرەو سیاسەت کردنى لەگەڵ بەرامبەرەکان نەفەس درێژانە نەبێت، ئەمەش وا دەکات یاریکردن لەگەڵ ئەم کەسە ئاسان بێت و هەندێ کات لاوازیشى بکات.

بۆیە ئەگەر بافڵ تاڵەبانى حەکیمانە مامەڵە نەکات، رۆژ بەرۆژ کاریگەرى لاوازتر دەبێت و دایکێکى بەهێزى نامێنێت کەلە کۆبوونەوەکانى مەکتەب سیاسی لە پشتییەوە بێت و وەک جێگرەوەى باوکى سەیر بکرێت. بەمەش نە دەتوانێ جێگەى باوکى بگرێتەوە نە دەتوانێ فەراغى دایکى پر بکاتەوە.

 

ئەم دەرەنجامە وایکردووە ئەمرۆ کۆسرەت رەسول وەک کەسى یەکەمى حزب مامەڵ بکات و زۆرێک لەسەردان و پەیوەندییەکانیش لەرێگەى ناوبراوەوە دەکرێن.

بۆیە پێ ناچێت یەکێتییەکان چی دی بۆ سەیرکردنى سیاسەتى یەکێتى چاویان لە دەباشان بێت، بەڵکو ئاراستەکەیان دەگۆڕێت و روو دەکەنە ماڵى کۆسرەت رەسول وەک قیبلەى دووەمى سیاسیان.

 کاندیدەکانى کۆسرەت رەسوڵ سەردەکەون

دواجار دەتوانین ئەوە بڵێین، ئەمرۆ باڵەکەى کۆسرەت رەسول لە بەهێزبوونەوەدایە و ماڵى مام جەلالیش بە لاوازى دەردەکەون، بەڵگەش بۆ ئەم گوتەیە ئەوەیە، سەرەراى ئەوەى بەرهەم ساڵح بە کاندیدى کۆسرەت رەسوڵ ئەژمار دەکرێت بۆ سەرۆک کۆمار، (رێواز فائیق)یش وەک کاندیدى کۆسرەت رەسوڵ لەبەرامبەر کاندیدکەى ماڵى تاڵەبانى کە بێگەر تاڵەبانییە توانیویەتى لە کۆى ٥٤ دەنگى سەرکردایەتى ٢٨ دەنگ بەدەست بهێنێت ئەمەش ئەو راستییە دەردەخات کە ئەم باڵە ئیشى جدى کردووە بۆ خۆ رێکخستنەوە و تۆڵەکردنەوە لە ماڵى مام جەلال.

جگە لەوەش کە کۆسرەت رەسوڵ کار دەکات بۆ ئەوەى کورەکەى (دەرباز) لە کابینەى نوێ پۆستێکى بەر بکەوێت، تاکو لەبەرامبەر ماڵى تاڵەبانى بەهێزتربێت.

 

یەکێتى نیشتمانى کوردستان، لەرابردوو و ئێستاشدا بەسەر چەند باڵێکدا دابەش بووە، کە حزبى جیاشى لێ درووست بووە، و بە نەخۆشکەوتن و کۆچى دوایی جەلال تاڵەبانى ئەم باڵانە زۆرتر دەرکەوتن و بوونە هۆى ئەوەى حزبەکە رووبەرووى کێشەى ناوخۆیی ببێتەوە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان