ترساندنی هاوڵاتیان بە پێنەدانەوەی فۆرمی خۆراك، ناوەندەكانی بایۆمەتری قەرەباڵغ دەكات

"بەكارهێنانی فۆرمی خۆراك بۆ ناچاركردنی هاوڵاتیان پرۆسەكە دەكات بە ناچاری، ئەوەش پێچەوانەی بنەماكانی هەڵبژاردنە"

ترساندنی هاوڵاتیان بە پێنەدانەوەی فۆرمی خۆراك، ناوەندەكانی بایۆمەتری قەرەباڵغ دەكات

2131 خوێندراوەتەوە

نوسینگەی پارێزگاری سلێمانی لەبارەی بڕیارەكەی پارێزگارەوە تایبەت بە پرۆسەی بایۆمەتری ڕونكردنەوە دەدات، كۆمسیۆنیش دەڵێت، بەشداریكردن لە بایۆمیتەری ئازادانەیە و ناچاری نیە، بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردنیش ڕەخنەی توند لە بڕیارەكە دەگرێت.

ڕۆژی 5 ی ئەم مانگە بە نوسراوێك كە ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی پسوڵەی رێكخستنی خۆراكی سلێمانی كردوە، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، داوادەكات هاوڵاتیان پابەن دەكات بە ئەنجامدانی پرۆسەی بایۆمەتری لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام بدەن، بەپێچەوانەوە فۆرمی خۆراكی 2018 وەر ناگرن.

،،

نوسینگەی پارێزگاری سلێمانی: ئەم بڕیارەی پارێزگار هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران و بەرێوەچونی پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی خاوێن و نەهێشتنی هیچ بیانویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەتایبەت مەسەلەی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران.

بۆتان كەریم، لە نوسینگەی پارێزگاری سلێمانی، بە دیپلۆماتیك مەگەزینی ڕاگەیاند" ئەم بڕیارەی پارێزگار هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران و بەرێوەچونی پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی خاوێن و نەهێشتنی هیچ بیانویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەتایبەت مەسەلەی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران".

وتیشی"ئەو بڕیارەی پارێزگار بەهیچ شێوەیەك هەوڵێك نیە بۆ نانبڕین، تەنها هەوڵێكە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەشداری پرۆسەی بایۆمەتری بكەن، بەوپێیەی وەرگرتنەوەی كارتەكە بەشداریكردن لە بایۆمەتری ئیجبارییە، بەڵام دوای پرۆسەی بایۆمەتری هاوڵاتیان ئازادن بەشداری هەڵبژاردن دەكەن یاخود نا".

لەئێستادا بەهۆی ئەو بڕیارەی پارێزگاری سلێمانیەوە، ژمارەیەكی بەرچاو لە هاوڵاتیان ڕویان لە ناوەندەكانی تۆماری بایۆمەتری كردوە، بەوەش چاوەڕێ‌ دەكرێت رێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەكەدا بەرزبێتەوە.

لەبارەی بڕیارەكەی پارێزگاری سلێمانیەوە رزگار حەمە محێدین، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت، نابێت خۆراك بكرێتە كارتی فشار بۆ ناچاركردنی هاوڵاتیان بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی بایۆمەتری، چونكە ئەم پڕۆسەیە ئازادانەیە و ناچاری نیە، بەڵام لەراستیدا پێویستە هەموو هاوڵاتیان بەشداری بكەن و كارتی دەنگدانیان هەبێت چونكە ئەوە حزمەت بە پاك و بێ"ەردی پرۆسەی هەڵبژاردن و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەكات.

،،

ئارام جەمال: ئەو شێوازەی پارێزگاری سلێمانی، هەمان شێوازە پێشتر لەسەر دەمی بەعس و دواتریش پارتی و یەكێتی بەكاریان دەهێنا بەوەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان دەبڕن ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن نەكەن.

ئارام جەمال، بەرێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن KIE بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت" بەشداریكردن لە پرۆسەی بایۆمەتری مافە و پرۆسەیەكی ئازادانەیە، بەڵام دەستبردن بۆ قوتی خەڵك و بەكارهێنانی فۆرمی خۆراك بۆ ناچاركردنی هاوڵاتیان بۆ بەشداری لە تۆماری بایۆمەتری پرۆسەكە دەكات بە ناچاری، ئەوەش پێچەوانەی بنەماكانی هەڵبژاردنە كە خودی پرۆسەكە مافە و ئازادانەیە".

،،

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆران: پشتیوانی لە هەر هەنگاوێكی یاسایی دەكەن كە خزمەت بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكات.

ئارام جەمال پێشیوابو، زۆر رێگای تر هەیە تاوەكو هاوڵاتیان هانبدرێن بەشداری پرۆسەی بایۆمەتری بكەن، نەك بەو شێوازەی پارێزگاری سلێمانی، كە هەمان شێوازە پێشتر لەسەر دەمی بەعس و دواتریش پارتی و یەكێتی بەكاریان دەهێنا بەوەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان دەبڕن ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن نەكەن.

هەر لەوبارەیەوە بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆران بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت" پشتیوانی لە هەر هەنگاوێكی یاسایی دەكەن كە خزمەت بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكات، ئەم بڕیارەی پارێزگاری سلێمانیش ئامانج لێی هاندانی خەڵكە بۆ بەشداری لە تۆماری بایۆمەتری و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران كە ئەمەش دواجار دەچێتە خزمەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و كەمكردنەوەی یاریكردن بە دەنگی هاوڵاتیان.

وابڕیارە ڕۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەبچێت.

بەمەبەستی خۆ تۆماركردن و پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆسەی بایۆمەتری دەستپێكردوە.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو