یەکێتی ئەوروپا لە خەونی دەوڵەتێکی یەکگرتووەوە بەرەو ئیفلیجبوون

هەڵکشانی راستەڕەوە عەوامگەراکان، یەکێتیی ئه‌وروپا له‌ پەلوپۆ ده‌خات

یەکێتی ئەوروپا لە خەونی دەوڵەتێکی یەکگرتووەوە بەرەو ئیفلیجبوون

302 خوێندراوەتەوە

هەفتەی پێشوو فەرەنسا باڵیۆزی وڵاتەکەی بانگکردەوە، وەک ناڕەزایەتی لەبەرامبەر دەستێوەردانی " لوجی دی مایۆ" سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی پێنج ئەستێرە، کەهاوکات وەزیری گەشەپێدانی ئابوری جێگری سەرۆک وەزیرانە، ئەوەش یەکەمجارە فەرەنسا باڵیۆزێکی لەوڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا بانگدەکاتەوە.

پێشتر لە ساڵی ١٩٤٠ کاتێک مۆسۆلۆنی سەرۆکی ئیتالیا جەنگی دژی وڵاتە دراوسێکەی ڕاگەیاند، فەرەنسا باڵیۆزەکەی بانگکردەوە، هەر دوای جەنگ ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ چوار وڵاتیتر یەکێتی ئەوروپایان دامەزراند، بەهیوای ئەوەی رۆژێک ئەوروپای یەکگرتوو دروست ببێ.

کاتێک خەڵکی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە راپرسیدا دەنگیان بە چوونەدەرەوە دا لە یەکێتی ئەوروپا ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦، رۆژی دواتر ئەم شەش وڵاتە دامەزرێنەرە کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخە تازەکە.

،،

" ماتیۆ سەلڤینی" سەرۆکی پارتی لێگا، کە وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆکوەزیرانە، وتی کە ئامادەیە بەپێ بچێ بۆ پاریس بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن،

 

لوجی دیمایۆ کە سەرکردایەتی بزوتنەوەی پێنج ئەستێرە دەکات، پارتەکەی ناسیۆنالیستەو دڕدۆنگە بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا، داواکاری سەرسەختی دیموکراتی راستەوخۆن.

هەفتەی پێشوو لەسەردانێکی نهێنیدا بۆ فەرەنسا، لەگەڵ نوێنەری هێلەک زەردەکاندا کۆبووە بە ئامانجی سازدانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا کە بڕیارە لە مانگی پێنجی ئەمساڵ بەڕێوە بچێ.

ئیمانوێل ماکرۆن ئەوەی بە سنوور بەزاندن و دەستێوەردان لەقەڵەمدا، هەربۆیە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ڕۆما بانگکردەوە بۆ پاریس.

گرژییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەگەرێتەوە بۆ حوزەیرانی پار، کاتێک هاوپەیمانێتییەک لەنێوان هەردوو پارتی لێگا (دژە پێگانە و کۆچبەرو پەنابەر) و بزوتنەوەی پێنج ئەستێرەدا پێکهات و هاتنەسەر دەسەڵات.

 

ناکۆکییەکان لەسەر مەسەلەی پەنابەران، بیرۆکەکانی ماکرۆن بۆ ئەوروپایەکی کراوەو لیبراڵ، خاڵی ناکۆکن لەگەڵ ناسۆنالیست و راستڕەوەکانى لەسەر دەسەڵات لە ئیتالیا.

 " ماتیۆ سەلڤینی" سەرۆکی پارتی لێگا، کە وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆکوەزیرانە، وتی کە ئامادەیە بەپێ بچێ بۆ پاریس بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن، بە سێ مەرج: تەسلیم کردنەوەی ١٥ تیرۆیست بە ئیتالیا، هەروەها فەرەنسا ڕێگری کردووە ٦٠ هەزار پەنابەر لەسەر سنوور، خاڵی سێییەمیش هەرەشە بوو بەوەی کە پۆلیسی ئیتالیا هاوشێوەی فەرەنسا مامەڵە لەگەڵ فەرەنسییەکاندا دەکات کە هاتووچۆی فەرەنسا دەکەن لەشارە سنوورییەکان.

،،

پارتی دیموکراتە سویدییەکان رایانگەیاند کە داوای هاتنەدەرەوەی سوید لە یەکێتیەکە دەگۆڕن بۆ گۆڕین و لەقاڵبدانی ڕێکخراوەکە، چونکە پێیانوایە ئەم داواکارییەکان پشتگیری بەدەستناهێنێت

 

کۆکنەبوون لەسەر بەیانێکی هاوبەش لە پرسی ڤەنزەوێلادا دیسان پێگەی یەکێتی ئەوروپای لاواز هێشتەوە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، لەگەرمەی بەهێزبوونەوەی ڕووسیاو هاتنە مەیدانی چین لەلایەک و ئەمریکا لەولاوە.

هەڵبەت بەپێی دەستووری یەکێتییەکە بۆ هەڵوێست وەرگرتن، دەبێت کۆدەنگی هەبێت، تەنیا یەک وڵات دەتوانێت پرۆسەکان پەکبخات، هاتنە سەرکاری راستڕەوەکان هەر لە پۆڵەندا و هەنگاریاوە تا نەمسا و ئیتالیا، چارەنووسی یەکێتییەکە بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەبات، سەرباری برینی قوڵی برێکزیت.

پارتە ڕاستڕەوە ناسیۆنالیستەکان، کە خوازیاری لەبەریەکهەڵوەشانی ئەم یەکێتییە یان سنوردانان بۆ دەسەڵاتی برۆکسلن و دەیانەوێ دەسەڵات بدەنەوە بە پایتەختی وڵاتان، هەروا گەشەدەکەن لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا.

لەهەنگاوێکی نوێدا، پارتی دیموکراتە سویدییەکان رایانگەیاند کە داوای هاتنەدەرەوەی سوید لە یەکێتیەکە دەگۆڕن بۆ گۆڕین و لەقاڵبدانی ڕێکخراوەکە، چونکە پێیانوایە ئەم داواکارییەکان پشتگیری بەدەستناهێنێت، بەڵام بە سازکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ راستڕەوەکانی تردا، دەتوانن کە لەپەرلەمانی ئەوروپا یاسا گەلێک دەربکەن کە دڵخوازی ئەوانە، یان رێگربن لەو پرۆژە یاسایانەی لیبراڵەکان یان چەپ و سۆسیالیستەکان پێشکەشی دەکەن.

،،

هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایار بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، هەنگاوێکی چارەنووسساز دەبێ لە ئایندەی ئەم رێکخراوە له‌ نەخشەی سیاسی ئەوروپادا.

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم بۆ نموونە لە هەنگاریا و پۆڵەندا سەرئێشەی زۆری بۆ ئەوروپا دروستکردووە، کاتێک دژی خەریکی سنورداکردنی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانین، پروپاگەندەی دەوڵەت بەڕێدەخەن دژ بە کۆچبەر و پەناهەندەکان هەروەها دەستووری یەکێتی ئەوروپا پێشێل دەکەن.

هەربەهۆی ئەوەی بڕیارەکان دەبێ کۆدەنگی لەسەربێ، یەکێتییەکە دەستەوەستانە لە هەڵووێست وەرگرتن لەبەرامبەر پۆڵەندا، چونکە هەنگاریا بە تەنیا دژی ئەو پرۆژە بڕیارەیە بۆ سزدانی پۆڵەندا.

هەرچەندە یەکێتییەکە لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە دروستکردووە تا لێکۆڵینەوە بکات له‌ مەسەلەی لێسەندنەوەی مافی دەنگدان لەپۆڵەندا، بەڵام پێناچێت کاریگەری ئەوتۆی هەبێت. بەهۆی هەڵوێستی هەنگاریاوە.

هەرچەندە ئەم دوو وڵاتە زۆرتر پارە وەردەگرن لە یەکێتییەکە لەوەی بەشە بودجەی دەیدەن، بەڵام ئاوهاش دژ وەستاونەتەوە دژی هەنگاوەکانی رێکخراوەکەو پرنسیپەکانی،بەتایبەت لەبەرامبەر بەرتەسکردنەوەی ئازادی رادەربرین و کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا.

هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایار بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، هەنگاوێکی چارەنووسساز دەبێ لە ئایندەی ئەم رێکخراوە له‌ نەخشەی سیاسی ئەوروپادا.