بۆچی ئیران دەستتێوەردان لە کار و باری وڵاتاندا دەکات..؟

ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى بنه‌مایه‌كه‌ له‌شۆڕشى ئینقلابى ئیسلامى

بۆچی ئیران دەستتێوەردان لە کار و باری وڵاتاندا دەکات..؟

439 خوێندراوەتەوە

   

لە دوای سەرکەوتنی شۆرش لە ئیران کە لەلایەن مەلاکان و خودی خومەینیەوە ڕابەری دەکرا کە بوە هۆی  ڕوخانی شای ئیران و گۆڕانکاری گەورەی لە ئیراندا دروستکرد، سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیش بەدەرنەبو لەم گۆڕانکاریانە، وە گۆڕانکاریە گەورەکە ئەوکاتە رویدا کە خومەینی ڕایگەیاند "ئێمە شۆڕش ڕەوانەی دەرەوە دەکەین" وە هەتاکو ئێستاش ئەم لێدوانەی خومەینی بناخەی سیاسەتی دەرەوەی ئیرانە وە ستراتیجی سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بیناکراوە. ئەم لێدوانەی خومەینی فکرێکی سیاسی قوڵی لەپشتەوەیە کە بۆتە هۆی پاراستن و بەهێز کردنی ئاسیشی ئیران وە هەروەها ڕەهەندەکانی ئەمنی قەومی ئیرانی لەسەر هەڵچندراوە بەواتایەکی تر هەرکات دەوڵەت ڕاوەستا یاخود پاشەکشەی کرد لە هەناردە کردنی شۆڕش ئەوا تەواوی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەوێتە بەر مەترسی.

 

سیاسەتی دەرەوەی ئێران سیاسەتێکی ڕیالیستانەی(واقعیانە) دژبەرانەیە کە ئەمەش بەهۆی جیۆپۆلۆتیکی ئێرانەوەیە نە خودی ئەو ڕژێمەی کە لە وڵاتدا بەرقەرارە چونکە جیۆپۆڵۆتیکی ئێران واهەڵکەوتوە کە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا زۆر جیاوازی هەیە ، هەوڵدەدین ئەمە بەچەند خاڵێک ڕون بکەینەوە :

( ١) بۆ ئەوەی ئێمە بەرچاو ڕونبین سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەبێت لەم چەمکە تێبگەین کە بەشێکە لە تیۆرەکانی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، واقعیانە بەوماناية دێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەگومانەوە دەڕوانێتە کۆمەلگای نێودەوڵەتی وە بەتایبەت وڵاتانی دراوسێی وە هیچ دڵنیایەک بەدیناکات لە پەیوەندی  نێوان خۆی و ئەواندا وە هەرهەڵوێستێک بنوێندرێ لەلایەن وڵاتانەوە ئیران وەک هەڵوێستێکی دژ بەخۆی لێکدانەوەی بۆدەکات.

 

 

,,

ئیرانیەکان ئەوە باش دەزانن کە تواندرا سەدام حوسێن لە ناو ببرێت بە ڵام کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکور هەر وەک خۆی ماوەتەوە

 

 بۆیە تەواوی هەوڵەکانی خۆی چڕکردۆتەوە بۆ تەواو بڕچەک کردنی خۆی و پەرە پێدانی توانا سەربازیەکانی کەوای لێدەکات هاموکات ئامادەبێت بۆجەنگ و وەڵمادانەوەی هەر ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆسەر بەرژەوەندیەکانی وە هەروەها پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمیەکەشی هەر لەم سۆنگەوە سەرچاوەی گرتووە چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران درکی بەوە کردوە کە سێ وڵاتی دراوسێی خاوەنی چەکی ئەتۆمین ( ئیسرایل، هیندستان،پاکستان) کە وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆی لێکی دەداتەوە بۆیە بە پێویستی دەزانێت بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی هەوڵی بەدەست هێنانی بدات وە هۆکاریێکی تر بونی هێزەکانی ئەمریکایە لە ئەڤغانستان و هێزە دەریایەکانی ئەمریکایە لە دەریای قەزوین و کەنداوی فارسدا وە ئیرانیەکان ئەوە باش دەزانن کە تواندرا سەدام حوسێن لە ناو ببرێت بە ڵام کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکور هەر وەک خۆی ماوەتەوە و تائێستاش بەوردەوامی بە ڕژێمەکەی داوە ,تاکو ئێستاش بژاردەی سەربازی و چەک هێشتا بەشێکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی کە ئەکتەرەکان حسابی لەسەر دەکەن.

 

 

,,

یەکێک لەو ئامڕازانەی کە ئێران بەکاری دێنێت پڕچەک کردنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆیەتی

 (٢) زۆرینەی وڵاتانی دراوسێی ئێران موسوڵمانی سونەن وە جیاوازن لە  ئێران کە شیعەیە وە بەشێکە لە کلتوری ئێرانیەکان وە لە کاتی شۆڕشدا ئەوەیان بەڕونی ڕاگەیاندوە کە شۆڕش ڕەوانەی دەرەوەی سنورەکانی ئێران دەکەن لەسەر بنەمای شیعەگەرای وە هەوڵدەدەن بۆ لەباربردندی ئەو پەیوەستیە سیاسیەی کە لە بەینی وڵاتانی عەرەبی دراوسێی ئێراندا هەیە وە یەکێک لەو ئامڕازانەی کە ئێران بەکاری دێنێت پڕچەک کردنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆیەتی وەک حیزبوللە لە لوبنان، حەماس لە فەڵەستین، حەشدی شەعبی لە عیراق و حوسیەکان لە یەمان..هتد.

ئێستاش تڕادەیەکی باش سەرکەوتوبوە لەم ڕوەوە و توانیویەتی خۆی بسەلمێنێت ئەوەتا رۆژنامەی یدیعوت احرنوتی ئیسرائیلی ڕایگەیاند لە ئەگەری رودانی جەنگی داهاتو لە نێوان حزب اللە و ئیسرائیل ئەوا حزب اللە لە توانای دایە لە رۆژێك دا ٣ بۆ ٤ هەزار موشەكو رۆکێتی جۆراوجۆر ئاراستەی ئیسرائیل بکات ئەگەر رۆژانەش ئەو رێژەیە ئاراستە بکات دەتوانێ بۆ ماوەی مانگێك بەو شێوەیە بەردەوام بێ لەبەر ئەوەی کۆگاکانی حزب اللە زیاتر لە ١٠٠ هەزار موشەکی جۆراوجۆری تیایە.

 

,,

کەپیتاڵیزم سیستەمێکی بێمتمانەیە لای ئێرانیەکان چونکە هەڵسورێنەری ئەم سیستەمە ئەمریکیەکانن کە ئێران بە نەیاری خۆی دەیاندا لە قەڵەم و قەد جێگەی متمانە نەبوون بۆ ئێرانیەکان

(٣) یەکێکی تر لا خاڵە ناکۆکەکان سیستەمی ئابوریە کە ئێران بەهیچ جۆرێک پشت نابەستێت بەوسیستەمە ئابوریەی کە وڵاتانی دراوسێی پشتی پێدەبەستن کە کەپیتاڵیزمە. سیستەمی کەپیتاڵیزم سیستەمێکی بێمتمانەیە لای ئێرانیەکان چونکە هەڵسورێنەری ئەم سیستەمە ئەمریکیەکانن کە ئێران بە نەیاری خۆی دەیاندا لە قەڵەم و قەد جێگەی متمانە نەبوون بۆ ئێرانیەکان وە ئەمەش بەڕونی بەدەرکەوت کاتێک ئەمریکا لە ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی لەگەڵ ئێراندا کشایەوە، یەکێکی تر لە کێشکانیان بریتیە لە کێشەی پێترۆڵ ( نەوت) کە ئێران ناخوازێت بازاڕی نەوتەکەی وڵاتانی ئەوروپا بێت هەرلەبەر ئەمەیە زۆرینەی هەرەزۆری ئەو نەوتەی بەرهەمی دێنێت دەیفرۆشێتە وڵاتانی ئاسیا و دیهەوێت بۆشایەک لە وزەی ڕۆژئاوادا دروست بکات بەڵام هەموکات وڵاتانی دراوسێی ئێران کە بەرهەمهێنەری زەبالاحی نەوتن لە هەوڵدابون بۆ پڕکردنەوەی ئەوبۆشایەی کە ئێران هەوڵی دروست کردنی داوە لە وزەی وڵاتانی ئەوروپا ئەمەش کێشەی نێوانیانی زیاتر قوڵکردۆتەوە.

 

 

,,

ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا لە کێشەدابوە کاتێک کە ساسانیەکان خاوەنی ئیمپڕاتۆرێکی گەورەبون دەسەڵاتیان ڕۆشتبوو بەسەر زۆرێک لە مەنتیقەکەدا

(٤)  لەڕوی مێژویشەوە ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا لە کێشەدابوە کاتێک کە ساسانیەکان خاوەنی ئیمپڕاتۆرێکی گەورەبون دەسەڵاتیان ڕۆشتبوو بەسەر زۆرێک لە مەنتیقەکەدا ئەم ئیمپڕاتۆرە کۆتای پێهات لەسەر دەستی موسوڵمانەکان کە لە نیمچە دورگەی عەرەبیەوە سەریانهەڵدا کە دەکاتە سعودیەی ئێستا کەواتە ئێران باگراوندێکی مێژوی تاڵی هەیە لەگەڵ ناوچەکە بۆیە ناچاری دەکات کە دستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی وڵاتاندا بکات بۆئەوەی دەستەبەری ئاسایشی خۆی بکات.

 

 

(٥) کۆتا خاڵ بریتیە لە نەبونی زلهێزێک کە بتوانێت هەژمونی خۆی بسەپێنێت بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەمەش وای لە ناوچەکە کردوە بەردەوم مەیدانێک بێت بۆ وڵاتان تا لەهەولدابن بۆ سەپاندمنی زۆرترین هەژمونی خۆیان لەناوچەکەدا ئەمەش وای لەناوچەکە کردوە کە نا ئارامبێت، ئێرانیش لەم هەوڵانە بەدەرنیە و نایەوێت ناوچەکە بکەوێتە ژێر هەژمونی نەیارەکانیەوە کە لە رکابەریەکی ئێسک شکێندان وە ئەمەش ئێران بەدەست تێوەردان لە کار و باری وڵاتان ناچار دەکات و وا لە ڕژێمەکەی تاران دەکات کە بەهۆی ئەم جۆرە لە هەیکەلی نێودەوڵەتی بخوازێت کە ببێتە هێزێکی هەرێمی .

       

 لە کۆتایدا ئەوە ماوەتەوە بڵێین کە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی بەڕادەیەکە کە ناچار بەم جۆرە لەسیایەت و دەست تێوەردانی کردوە وە بەهۆی جیۆپۆلۆتیکەکەیشیەوە ناتوانێت هەماهەنگی و لێکنزیکبونەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا دروست بکات وە ئەمەش پەیوەندی نیە بەو جۆرە لە ڕژێمەی کە لە ئێراندا پەیڕەودەکرێت وە هەرڕژێمیک لە ئێراندا پەیڕەوی لێبکرێت ئێران هەرهەمان جۆر لە سیاسەتی دەبێت.