ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى له‌ كوێیه‌و خه‌ریكى چییه‌؟

دواى گرتن یان كوشتنى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى، داعش چی به‌سه‌ر دێت؟

 ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى له‌ كوێیه‌و خه‌ریكى چییه‌؟

685 خوێندراوەتەوە

 ‎ داعش لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٥، توانی دەست بەسەر یەك لەسەر سێی خاكی عێراق و نیوەی خاكی سوریادا بگرێت‌و ژمارەی چەكدارەكانی گەیاندە زیاتر لە سەد هەزار چەكدار كە زیاتر لە سی هەزاریان لە وڵاتانی ئەوروپا وئاسیاو ئەفەریقا  خۆیان گەیاندە ڕیزەكانی داعش‌و لەسەر دەستی ئەبوبەكر بەغدادی، خەلافەتی ئیسلامی لەسەر خاكی سوریاو عێراق ڕاگەیاند.    

،،

ئەو پرسیارەی كە جیهان‌و ناوچەكەی بە خۆیەوە سەر قاڵكردووە ئەوەیە كە چارەنووسی خەلیفەكەی داعش ئەبوبكر بەغدادی چییە

      

 

 

 چەند مانگێك دوای ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی، هاوپەیمانێتیەك بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا پێكهێنرابۆ لە ناوبردنی داعش و خەلافەتەكەی كە لەماوەی سێ ساڵدا توانیان  سەدا %٩٠  خاكی عێراق لە ژێر دەستی داعش ڕزگار بكە ن و، لە ئێستاشداو دوای  زیاتر لە چوار ساڵ  لە ڕاگەیاندنی خەلافەتەكەی داعش تەنها لەسەدا %١ جوگرافیای  خەلافەتەكەی لە ژێر دەستدایە، كە دەكەویتە ناوچە سنورییه‌كانی نێوان عێراق و سوریاو چەند شارۆچكەیەك لە پارێزگای ئیدلبی سوریا كە هێزەكانی سوریای دیموكرات بە پشتیوانی ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنێكیان دەست پێكردووە  بۆ ئازادكردنی ئەو ناوچانەی پارێزگای دێرەزو ڕه‌قە كه‌ لە دەستی داعشدا ماون، لە ئێستاشدا سوپای سوریای دیموكرات ٥٠٠  چەكداری داعش كە زۆرینەیان بیانین لە سنورێكی سێ كیلۆ مەتری شارۆچكەی باهۆزدا گەمارۆ داوە.

 

‎ئەو پرسیارەی كە جیهان‌و ناوچەكەی بە خۆیەوە سەر قاڵكردووە ئەوەیە كە چارەنووسی خەلیفەكەی داعش ئەبوبكر بەغدادی چییە؟ زیندووە یان مردووە؟  ئەگەر زیندوو بێت لە كوێ خۆی حەشار داوە؟  هێشتا لەناو خاكی سوریاو عێراق دایە، یاخود هەڵهاتووە؟

 

 

دەستگیركردنی ئەبوبەكر بەغدادی

‎پێش دووهەفتە هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایانگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا لەنێوان هەردوو شارۆچكەی هیجین و باهۆزدا، توانیویانە ئەبوبه‌كر بەغدادی خەلیفەی داعش دەستگیربكەن، بەڵام دوای چەند كاتژمێریك لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە " كینۆ جبریلی" وتەبێژی هێزەكانی سوریای  دیموكرات ڕایگەیاند،  ئەو كەسەی دەستگیركراوە  ئەبوبه‌كر بە غدادی خەلیفەی داعش نییە، بەڵكو یەكێكە لە هاوكارەكانی ئەبوبه‌كر بەغدادی كە هەمان نازناوی خەلیفەكەی داعشی هەڵگرتووە.

 

‎لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین جارهەواڵی كوژران ودەستگیركردنی ئە بوبه‌كر بەغدادی بڵاوكرابۆوە كە دواترینیان وەزارەتی بەرگری ڕوسیا بوو ڕایگەیاند،  ئەبوبه‌كر بەغدادی لە هێرشێكی ئاسمانیدا لەپارێزگای دێروزوور كوژراوە.

 

،،

چەند سیناریۆیەك  لەسەر چارەنووسی ئەبو به‌كر بە غدادی خراونەتە ڕوو

 

كۆتا دەركەوتنی بەغدادی

‎ڕێكخراوی داعش ڕۆژی ٢٣ ی ئابی ساڵی ڕابردوو  تۆمارێكی دەنگی ئەبوبه‌كر بەغدادیان بڵاوكردەوەو لەتۆمارە دەنگییەكەدا  ئەبوبه‌كر بەغدادی هەواڵی كوژرانی  بە درۆخستەوەو ڕایگەیاند دەوڵەتی ئیسلامی كۆتاینایەو لە فراوانبووندایەو لە ماوەیەكی كەمدا پەل دەهاوێژێت بۆ وڵاتانی سعودیەو یەمەن‌و جەزائیرو میسر، ئه‌و داوای لە لایەنگرانی كردووە بێ ئومێدنەبن‌و باوەڕ بە پڕوپاگەندەكانی وڵاتانی  ڕۆژئاواو ڕووسیا نەكەن‌و بەردەوام ن لە بەرگریكردن لە خەلافەتی ئیسلامی،  لەدوای ئەم تۆمارە دەنگییە ئەبوبه‌كر بەغدادی  ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە هیچ دەركەوتنێكی نەبووە، ئەمەش وایكرد ناوەندەكانی چاودێری گروپە ئیسلامییە توندڕه‌وه‌كان بەپشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكی دەزگای هەواڵگری عێراق و توركیاو سوریاو  ئۆپۆزسیۆنی سوریا، چەند سیناریۆیەك  لەسەر چارەنووسی ئەبو به‌كر بە غدادی بخەنە ڕوو.

 

‎سیناریۆی یەكەم

‎مردنی ئەبو به‌كر بەغدادی  لە نزیك ناوچەی بوكەمالی سوریا، دوای ئەوەی لە ناوخاكی عێراق لەلایەن فڕۆكە جەنگیەكانی ئەمەریكاوە دەكرێتە ئامانج. 

 

‎سیناریۆی دووەم

خۆ دەربازكردنی ئەبوبه‌كر بەغدادی بۆ پارێزگای دیالەی عێراق و دواتریش پەڕینەوەی بۆ ئێران لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان و بۆ ژێر دەسەڵاتی  ڕێكخراوی قاعیدە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا هەواڵی لێك نزیكبوونەوەی داعش و قاعیدە بە نێوەندگیری چەند كەسایەتیەكی ئایینی پاكستانی بڵاوكرایەوە.

 

‎سیناریۆی سێیەم

هەڵهاتنی بەغدادی بەرەو قاڕەی ئەفەریقا، " ئەحمه‌د مسماری" وتەبێژی سوپای لیبیا ڕایگەیاند كە بە غدادی لە ڕێگەی توركیاوە خۆی گەیاندۆتە لیبیاو دواتر خۆی لە ناوچەی سێگۆشەی نێوان بیابانیاكانی چادو مالیوی لیبیا حەشارداوە، بە تایبەت ئەو  ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ڕێكخراوە ئیسلامییە توندڕەوەكانی نزیك لە داعشدان‌و ئەوسنورە ناوچەیەكی بیابانی بەرفراوانە كه‌ كۆنتڕۆڵكردنی ئەستەمە.

 

 

ئاشكرابوونی چارەنووسی بە غدادی

‎ لە دوای ئەوەی چەندین سیناریۆو هەواڵ لەسەر شوێن‌و چارەنوسی بەغدادی بڵاوكرایەوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری عێراق ئەو هەواڵانەی بە درۆ خستەوە لە دوای دەستگیركردنی یەكێك لە نزیكترین یاریدەدەرەكانی ئەبو به‌كربە غدادی بە ناوی خه‌لیل مه‌شهەدانی  كە بەرپرسی ویلایەتی كەركوكی داعش بوو، وە لە لایەن دەزگای هەواڵگری عێراقەوە لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا دەستگیر كرا، لەلێدوانێكیدا بۆ كە ناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی ئەبو عه‌لی بەسری بەرپرسی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە كە خه‌لیل مەشهدانی دانی بەوەدا ناوە كە كۆتا كەس بووە  كەئەبوبه‌كر بەغدادی بینیووە، بە پێی دانپێدانانەكانی  خه‌لیل مەشهدانی ١٠ ڕۆژ پێش لەدەستگیركردنی لە شارۆچكەی دشیشەی پارێزگای دێرەزوری سوریا بەهاوەڵی ئیسماعیل عیسەوی ئەندامی لیژنەی پەروەردەی خەلافەتی داعش، لەگەڵ بەغدادی بۆماوەی چەند كاتژمێرێك كۆبونەتەوە، هەروەها ئاماژەشی بەوە كردووە كە بەغدادی  بەبێ پاسەوان  لەگەڵ كورەكەی‌و زاوەكەی‌و ئەبو زه‌یدی  بەرپرسی دیوانی خەلیفەو كەسیكی نەناسراوی بیانی كە پێدەچێت  موراد حەلیمۆفی  بەرپرسی هێزەكانی داعش و فەرماندەی هێزە تایبەتەكانی تاجیكستان بێت، بە ئوتۆمۆبیلی مەدەنی لە شارۆچكەكانی پارێزگای دێرە زوور شوێن گۆڕكێ دەكەن.

 

،،

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەكاتی هەڵهاتنی بە غدادی لە شارۆ چكەی هیجینەوە بۆ شارۆچكەی دشیشە شەوی ١٠ كانونی دووەم  ڕووبەڕووی هەوڵێكی تیرۆركردن بۆتەوە

 

هەوڵی تیرۆركردنی بەغدادی شكستی هێنا

بەغدادی لە دوو مانگی ڕابردوودا لە ناوچە سنوریەكانی نێوان سوریاو عێراق و بەتایبەت لە نێوان پارێزگاكانی سه‌لاحه‌دین‌و ئەنبارو دێرەزوور هاتووچۆی كردووەو هەوڵی جارێكیتر ڕێكخستنەوەی هێزەكانی داعشی داوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای سوریاو هێزەكانی سوپای سوریای دیموكرات ئەم هەوڵەی ئەبوبه‌كر بەغدادیان شكست پێهێناو بە ناچاری گەڕاوەتەوە بۆ شارۆچكەی هیجینی سوریا، لەوێوە هەوڵی سەركردایەتیكردنی پاشماوەكانی چەكدارانی داعشی كردووە،ل ەشەوی ٣ كانونی دووەمی ئەمساڵدا هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا بە هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ناو شارۆچكەی هیجین لە ئۆپەراسیۆنێكدا هەوڵی دەستگیركردنی ئەبوبه‌كر بەغدادیان داوە، بەڵام لەڕێگەی تونێلێكەوە كە لە ناوماڵەكەدا بووە، هەوڵەكە شكستی هێناوەو بە غدادی هەڵهاتووە بۆ دەوروبەری شارۆچكە ی هیجین.

 بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەكاتی هەڵهاتنی بە غدادی لە شارۆ چكەی هیجینەوە بۆ شارۆچكەی دشیشە شەوی ١٠ كانونی دووەم  ڕووبەڕووی هەوڵێكی تیرۆركردن بۆتەوە لەلایەن سەركردەیەكی باڵای داعشەوە بەناوی ئەبو مه‌عاز جەزائیری لەگەڵ ژمارەیەك لەچەكدارانی بیانی داعش هەڵیان كوتاوە تەسەر شوێنی مانەوەی بەغدادی لە ناوچە بیابانەكانی نێوان شارۆچكەی هیجین و دشیشە، بەڵام لەلایەن پاسەوانەكانی شوێنی مانەوەی بە غدادیەوە  پێكدادان ڕووی داوەو بەهۆیەوە ئەبو مه‌عازی جەزائیری و چەند سەركردەیەكی بیانی داعش كوژراون‌و بەغدادی لە هەوڵی تیرۆر كردنەكەڕزگاری بووەو بەرەو شارۆچكەی دشیشە هەڵهاتووە.

 

 

،،

لەهەموو ئەگەرەكاندا كۆتایهاتنی داعش لە سوریاو عیراق‌و كوشتن یان دەستگیركردنی  بە غدادی بە مانای كۆتای هاتنی داعش نایەو وە هێزو بیری داعش بۆ دەیان ساڵ كاریگەری لەسەر ناوچەكەو جیهان جێدەهێڵێت

شوێنی ئێستای خەلیفەكەی داعش

  لە دوای ڕزگاربوونی ئەبوبەكر بەغدادی لە هەوڵی دەستگیركردن‌و تیرۆركردن لە شارۆچكەك هیجین و هەڵهاتنی بەرەو شارۆچكەی دشیشە،  بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی (جوز)  كە ناوەندیكی ئەمنی  تایبەتمەندە  بە چاودێریكردنی جموجوڵی  گروپە چەكدارە توندڕەوەكان لەسوریا، بە هۆی نزیكبونەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە شارۆچكەی دشیشە، بەغدادی لەو شارۆچكەیەوە هەڵهاتووە بۆ شاخی ئەبو ڕەجمەین  كە  دواین پێگەی چەكدارانی داعشەكەو بە تۆرا بۆرای سوریا ناسراوه‌و دەكەوێتە  باكوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی تەدموورو ڕۆژئاوای دێرەزوورو لەئێستادا نزیكەی ٤٥٠٠  چەكداری داعش  پێگەی خۆیان تیایدا قایم كردووە كە زۆرینەیان سەركردەكانی داعش و چەكدارانی بیانین.  

 

 

 

ئایندەی داعش دوای بەغدادی

‎لەئێستادا داعش و خەلافەتەكەی لەسوریاو عێراق تێكشكاوەو بەرەو لەناوچوون دەچێت، باس لە چەند سیناریۆیەك دەكرێت بۆ ئایندەی داعش لەدوای كوشتنی، یان دەستگیركردنی  ئەبو به‌كر بەغدادی، چونكە لە ناوچوونی بەغدادی‌و كۆتایپێهێنانی داعش لەسوریا بە مانای لەناوبردنی تەواوەتی داعش نایەت، بەهۆی ئەوەی  خاوەنی٩ ڕێكخراوی  هاوپەیمانێتی  لەوڵاتانی لیبیاو ئەفغانستان‌و پاكستان و یەمە ن و میسرو مالی و نێجیریا، كه‌ لە ساڵی ٢٠١٥ وە ویلایەتی خۆی لەم وڵاتانە ڕاگەیاند، هەروەها لەسەر ئاستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاو ئەمەریكاو ئەوروپاو ئەمەریكای لاتین، خاوەنی تۆرێكی بەرفراوانی پەیوەندییەو هەزاران لایەنگرو ئەندامی لەو وڵاتانەدا هەیە، بۆیە ئایندەی داعش پرسێكی گەرمی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی جیهانییەو سێ سیناریۆ بۆ ئایندەی داعش خراوەتە ڕوو.

 

‎یه‌ك: كۆتای هاتنی داعش و سەرهه‌ڵدانەوەی لە بەرگێكى نوێ لە ژێر ناوێكی نوێ داو گرتنەبەری ستراتیژی شەڕی پارتیزانی‌و تەقینەوەو هێرشی خۆكوژی  هاوشێوەی ئەو ستراتیژەی كە ڕێكخراوی قاعیدە لەساڵی٢٠١٦ تاساڵی ٢٠١٠ لە عێراق پەیڕەوی دەكرد. 

‎دوو: هەڵبژاردنی خەلیفەیەكی نوێ لەدوای كوژران یان داستگیركردنی بەغدادی‌و ڕێكخستنەوەو دابەشكردنی عێراق‌و سووریا بەسەر چەند ناوچەیەكی چالاكیداو ئەنجامدانی چالاكی لە چوارچێوەی گروپی بچووكی چەندكەسیدا، گۆڕینی ستراتیژیان لەشەڕی راستەوخۆوە بۆ هێرشی لە ناكاولە ناو شارە گەورەكانداو لەوڵاتانی دەرەوەش هانی ئەنداماكانیان دەدەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی تاكە كەسی كە بە ( ژئاب المنفرده‌)ناسراوەو گواستنەوەی ناوەندی خەلافەتەكەی لە سوریاو عێراقەوە بۆ وڵاتانی ئەفەریقا.

‎سێ: سیناریۆی سێیەم بۆ ئایندەی داعش دوای بەغدادی، بریتییە  لە یەكگرتنی داعش لەگەڵ ڕێكخراوی قاعیدەداو چوونە ژێر چەتری ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی ئێستای ڕێكخراوی قاعیدەو هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتەكەیان، بەتایبەت  دوای ئەوەی باس لەوە ئەكرێت كە چەند سەركردەیەكی باڵاو كاریگەری داعش چوونەتە ڕیزی ڕێكخراوی قاعیدەوەو ئەوەی لە ڕابردوودا  بووە هۆی جیابونەوەی داعش لە قاعیدەو دواتریش ڕێگریكرد لە یەكگرتنی داعش و قاعیدە خودی ئەبوبه‌كربە غدادی بووه‌، بۆیە لە دوای نەمانی بەغدادی بە شیكی زۆر لە ڕێگریەكانی بەردەم یەكگرتنەوەی ئەو دوو ڕیكخراوە نامێنێی، لە لایەكی تریشەوە داعش بە تەواوی لاواز بووەو پێوویستی بەهاوپەیمان‌و پشتیوانیيە.

 

 

‎لەهەموو ئەگەرەكاندا كۆتایهاتنی داعش لە سوریاو عیراق‌و كوشتن یان دەستگیركردنی  بە غدادی بە مانای كۆتای هاتنی داعش نایەو وە هێزو بیری داعش بۆ دەیان ساڵ كاریگەری لەسەر ناوچەكەو جیهان جێدەهێڵێت، بەهۆی ئەوەی داعش بووە بەهێزیكی سەربازی‌و سیاسی بەبیرێكی ئاینی  توندڕەو كە گاریگەری لەسەر ملیۆنان هاوڵاتی لە تەواوی جیهاندا داناوەو سڕینەوەی دەیان ساڵی پێوویستە.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی