وته‌بێژی هاوپه‌یمانی: ئێمه‌ نه‌بووینایه‌ ئێوه‌ نه‌ده‌بوون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان

رێبوار كه‌ریم: ئێمه‌ سه‌ر به‌ دكتۆر به‌رهه‌مین

وته‌بێژی هاوپه‌یمانی: ئێمه‌ نه‌بووینایه‌ ئێوه‌ نه‌ده‌بوون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان

479 خوێندراوەتەوە

له‌دوای به‌شداری نه‌كردنی به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی(هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری)له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌هۆی ده‌سله‌كار كێشانه‌وه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می حیزبه‌كه‌یان(به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح) و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیانه‌وه‌، له‌ ئێستا وه‌ك حیزبێكی په‌راوێزخراو له‌ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینرێن، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌شێك له‌ لایه‌نگرانی به‌رهه‌م ساڵح ده‌ڵێن:"هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌شی ئێستا هه‌یه‌ به‌ناوی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی نایاساییه‌".

 

 
بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی هاوپه‌یمانی له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، و پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیان ،دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین،وتووێژی له‌گه‌ڵ عوسمان گوڵپی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی ، و ڕێبوار كه‌ریم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌لیستی سه‌ربه‌خۆ كردووه‌.

عوسمان گوڵپی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی

ڕێبوار كه‌ریم   ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

 

 

 

 

،،

هه‌رێمی كوردستان له‌ مۆته‌كه‌ی په‌راوێزخستنی وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، ڕزگاری بووه‌.

 

 

دۆخی سیاسی ئێستای هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و دۆخێكی چه‌ق به‌ستووی هه‌نگاو ده‌نێت، و كۆبونه‌وه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ به‌رده‌وامه‌، و تائێستا به‌ڕوونی به‌شداری یاخود به‌شداری نه‌كردنی به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌و كابینه‌ نوێیه‌ ڕوون نه‌بۆته‌وه‌،عوسمان گوڵپی وته‌بێژه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی به‌پێچه‌وانه‌وه‌،خوێندنه‌وه‌ بۆ دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، و پێی وایه‌:"له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان له‌ مۆته‌كه‌ی په‌راوێزخستنی وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، ڕزگاری بووه‌ ،پێویسته‌ لایه‌نه‌كان به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سی و حیزبیه‌كان وه‌لابنێن،چونكه‌ له‌ئێستادا دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان دۆخێكی تایبه‌ته‌".

 

 

،،

 هیوا خوازین به‌زوترین كات لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ڕێك بكه‌ون.

 

 

 

تا ئێستا هه‌وڵێكی جدی هاوپه‌یمانی نه‌بینراوه‌، بۆ ئاسای كردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان،به‌پاساوی ئه‌وه‌ی ئه‌م حیزبه‌ خاوه‌نی دوو كورسی په‌رله‌مانی عێراقه‌، پێویسته‌ به‌رپرسانه‌ تر مامه‌ڵه‌ بكات، عوسمان گوڵپی له‌وه‌ڵامی ئه‌م بۆچونه‌دا ڕایده‌گه‌یه‌نێ ئه‌وان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان نه‌كردووه‌، هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌تا نه‌كردووه‌،به‌ڵام هیوا خوازین به‌زوترین كات لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ڕێك بكه‌ون.

 

 

له‌ماوه‌ی ڕابردوودا دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی به‌غداد خۆیان بێ به‌ری كردووه‌ له‌سیاسه‌تی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی و وه‌ك دوو نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆ، له‌په‌رله‌مانی عێراق ناساندووه‌:ڕێبوار كه‌ریم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و لیسته‌ی ئێستا گوڵپی ئه‌ندامه‌ تیایدا ئه‌و لیسته‌ بێت كه‌ ئه‌و خۆی تێیدا كاندید كردووه‌ و بوه‌ته‌ په‌رله‌مانتار، به‌ڵكو ئه‌م لیسته‌ لیستێكی جیاوه‌زه‌و لیسته‌كه‌ی پێشوو هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌.

 

 
"مه‌رجه‌عیه‌تی دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پێشووی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری كه‌له‌ ئێستادا ئه‌و حیزبه‌ نه‌ماوه‌،ته‌نها خودی دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحه‌و هه‌ركاتێك پێویست بكات له‌گه‌ڵ ناو براو كۆده‌بینه‌وه‌". ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وای وت...

به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح  سه‌رۆك كۆماری عێراق

 

 
گوڵپی له‌وه‌ڵامی ئه‌م بێ باكیه‌ی سه‌رۆك لیسته‌كه‌ی ده‌ڵێت:"په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی به‌غداد به‌ده‌نگی ده‌نگده‌رانی هاوپه‌یمانی چونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و كورسیه‌، و ئه‌گه‌ر به‌مافی خۆیان بوایه‌ هیچیان نه‌ده‌بوون به‌په‌رله‌مانتار،چونكه‌ ده‌نگه‌كانیان 15هه‌زاری تێنه‌په‌ڕاندبوو".

 

هه‌ندێك پێیانوایه‌: ڕاگه‌یاندنی حیزبی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی له‌لایه‌ن ئارام قادره‌وه‌ نایاساییه‌، چونكه‌ له‌ و14 هاودیده‌ی كه‌سه‌ره‌تا هاوپه‌یمانی بۆدیموكراسی و دادپه‌روه‌ریان ڕاگه‌یاند ته‌نها سیانیان پشگیریان له‌ حیزبه‌ نۆیه‌كه‌ی ئارام قادر كردووه‌ و ئه‌مه‌ش نایاساییه‌،چونكه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.

 

ئه‌نجومه‌نی سیاسی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی

 

 

 

هاوپه‌یمانی نیشتیمانی خۆی به‌حیزبێكی بێ ئایدۆلێۆژیا ناساندووه‌ و، كاری له‌پێشینه‌ی دانانی كه‌سی شیاوه‌ بۆ شوێنی شیاو، بێ له‌به‌رچاو گرتنی ئینتیمای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی ئابوری و ڕه‌گه‌ز.

 

 
ئه‌م ساڵ دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حیزبه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئێستای عێراق، به‌شێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و حیزبه‌ حیزبێكی نوێیان به‌ناوی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئارام قادر ڕاگه‌یاندوو به‌هه‌مان ناوه‌ڕۆك و بۆچوونی حیزبه‌كه‌ی پێشوویان به‌رده‌وامن له‌خه‌باتی سیاسی.

 

author photo

رۆژنامەنووس