کێ لە تەقینەوە سیاسییەکەى ١٨ى مانگ، لەنێو هۆڵى پەرلەمان پێوە دەبێت؟

"یەکێتى بەشدارى کۆبوونەوەکەى پەرلەمان ناکات"

کێ لە تەقینەوە سیاسییەکەى ١٨ى مانگ، لەنێو هۆڵى پەرلەمان پێوە دەبێت؟

1304 خوێندراوەتەوە

 

 

پارتى، رایدەگەیەنێت کۆبوونەکەى ١٨ى مانگ لە سەدا سەد دەکرێت و یەکێتیش دەڵێت: هەر کۆبوونەوەو رێک کەوتنێک بەبێ یەکێتى چەسپاندنى دوو ئیدارەییە.

 

 

هەرچەندە بەرێکەوتنى نێوان هەردوو مەکتەبى سیاسی پارتى و یەکێتى هەفتەى پێشوو بریاردرا کە ١٨ى ئەم مانگە دووەمین کۆبوونەوەى خولى نوێی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و تیایدا دەستەى سەرۆکایەتیش هەڵبژێردرێت، بەڵام پێ ناچێت بەبێ سەرئێشە ئەم کۆبوونەوەیە کۆتایی پێ بێت، بەڵکو تەقینەوەى سیاسی بەدواى خۆیدا دەهێنێت.

 

 

،،

پارتى پێى وایە پێویست بە خاڵبەندى و واژکردن ناکات، کە ئەمەش واى لە یەکێتى کردووە گومانى لا دروست ببێت و پارتى  بە پاشگەز لە رێکەوتنەکەیان بزانێت ، و دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانیش، ئامادە نابێت پۆستى پارێزگار بدات بە یەکێتى.

 

پارتى بۆ دەیەوێت پاشگەز بێتەوە؟

 

یەکێک لەو هۆکارانەى کەوا دەکات رۆژى ١٨ى مانگ رۆژێکى درێژو جەنجاڵ بێت، هۆڵى پەرلەمان لە مایکى کەناڵەکانى راگەیاندن و تورەیی فراکسیۆنە جیاوازەکان جمەى بێت پەیوەندى بە رێک نەکەوتنى پارتى و یەکێتییەوە هەیە.

چونکە، پارتى دواى ئەوەى کۆتا کۆبوونەوەى لەگەڵ یەکێتى کرد لەسەر هەندێ خاڵ بەتایبەت پارێزگارى کەرکوک و وەزارەتى عەدل لە بەغداد لەگەڵ یەکێتى رێک کەوت، یەکێتى بەدەستکەوتێکى باشەوە لەو کۆبونەوە هاتە دەرەوە، بۆیە داواى لە پارتى کرد بە رێکەوتنێکى سیاسی ئەم خاڵانە بچەسپێنن و واژى هەردولاى لەسەر بێت.

 

بەڵام پارتى پێى وایە پێویست بە خاڵبەندى و واژکردن ناکات، کە ئەمەش واى لە یەکێتى کردووە گومانى لا دروست ببێت و پارتى  بە پاشگەز لە رێکەوتنەکەیان بزانێت ، و دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانیش، ئامادە نابێت پۆستى پارێزگار بدات بە یەکێتى.

 

 

 

بۆیە یەکێتى پێ ناچێت ئامادەى کۆبوونەوەکەى ١٨ى مانگى پەرلەمان بێت، و بایکۆتى دەکات، چونکە لە لێدوانى سەرکردەکانیشیاندا ئەوە بەدى دەکرێت کە پۆستى پارێزگارى کەرکووک ناکەن بە قوربانى هیچ پۆستێکى دیکە لە هەرێم و بەغداد.

 

 

یەکلانەکردنەوەى کاندیدەکەى یەکێتى

بەدەر لە درووستبوونى کێشە لەگەڵ پارتى، یەکێتى کێشەیەکى دیکەشى بۆ دێتە پێش کە نەتوانێ ١٨ى مانگ ئامادەى کۆبوونەوەکە ببێت، ئەویش دیسان کێشەى نێو باڵەکانى یەکێتیە کە تاکو ئێستا لەنێوان رێواس فائیق و بێگەرد تاڵەبانى هیچکامیان یەکلا نەکردۆتەوە بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان.

 

بەڵام کێشەکەى یەکێتى لەگەڵ پارتى گەورەترە لەچاو کێشە ناوخۆییەکەى بۆیە ئۆتۆماتیکى لەم کاتەدا دووەمیانى بیرچۆتەوە.

ئەم هۆکارانە وا دەکەن یەکێتى رۆژى ١٨ى مانگ بایکۆتى هۆڵى پەرلەمان بکات و لەلایەک بەناز کردن و لەلایەکى دیکەشەوە بەتورەییەوە هۆڵى پەرلەمان جێ دەهێڵێت و بۆمبەکەى پارتى لەسەریدا دەتەقێتەوە.

 

،،

پارتیش دەیەوێت حەقى ئەوەڵ و ئاخر لە یەکێتى بکاتەوە کە ئەو شەوەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى بیر نەچۆتەوە کە چۆن خەوى لەچاوى پارتى زراند.

 

 

پارتى و گۆران، یەکێتى جێ دەهێڵێن؟

 

لە کۆبوونەوەکەى ئەمرۆى پارتى و گۆران ئەوە بەدى کرا کە وەک خۆیان گووتیان کۆبوونەوەیەکى جیدى و باشیان ئەنجامداوە بۆیە ئەشێ رێکەوتنێک لەنێوانیاندا ئەنجامدرابێت کە لە بەرژەوەندى یەکێتى نییە ئەویش دەنگدانى فراکسیۆنى گۆرانە بە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان.

 

 

 

هەربۆیە رەنگە لە ئێستەوە گۆران بیرى لەوە کردبێتەوە کە بەیان نامەیەک بنووسێت بۆ ئەو رۆژەو لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەوە را بگەیەنێت کە خەڵکى برسین و ناکرێت لەوە زیاتر چاوەروان بکرێت، بۆیە دەستەى سەرۆکایەتى هەڵدەبژێرن تاکو حکومەتى نوێ پێک بهێنرێت، بەمەش ئەو ئامانجەى پارتى دەپێکێت کە چى دى لەسەر یەکێتى نەوەستن.

 

پارتیش دەیەوێت حەقى ئەوەڵ و ئاخر لە یەکێتى بکاتەوە کە ئەو شەوەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى بیر نەچۆتەوە کە چۆن خەوى لەچاوى پارتى زراند.

 

 

 

کۆمەڵ و یەکێتى چى دەکەن؟

 

کۆبوونەوەکەى ئەمرۆى یەکێتى و کۆمەڵ لە شارى سلێمانى پێ دەچێت تەنها بۆ وەرگرتنى راو سەرنجى کۆمەڵ بووبێت لەلایەن یەکێتییەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەکەى ١٨ى مانگ.

 

چونکە کۆبوونەوەکەیان وەک ئەوەى گۆران و پارتى باس لە ئیجابوونى بوونى نەکرا، هەربۆیە بارودۆخى کۆمەڵ رەنگە هى ئەوە نەبێـت دژى پارتى هەنگاو بنێت، و وتەبێژەکەشیان پێشتر ئەوەى راگەیاندبوو کە ئەوانیش بەشدارى کۆبوونەوەکەى ١٨ى مانگ دەکەن.

 

 

هەرچى پەیوەندى بەیەکێتییەوە هەیە، نزیکە هەمان سیناریۆى ساڵى ٢٠١٤ دووبارە بکاتەوە و بە تورەییەوە هۆڵى پەرلەمان جێ بهێڵێت و قبوڵى نەبێت کەس دەنگى پێ بدات بۆ سەرۆکى پەرلەمان.

 

 

بەڵام پارتى رەنگە رێگەکەى خۆشکردبێت و چى دى لەسەر یەکێتى نەوەستێت، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان بۆ ئومێد خۆشناو یاخود هێمن هەورامى یەکلا کردبێتەوە و جێگرى دووەمیش بۆ مونا قەهوەچى دانابێت. بەمەش دەتوانێ بێ سەرۆکى پەرلەمان کۆبوونەوەکان ئەنجام بدات وەک لەماوەى رابردووشدا ئەمە روویداوە.

 

هەربۆیە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و پۆستەکانى دیکەى حکومەتیش بە بەتاڵى بۆ یەکێتى جێدەهێڵێت تاکو هەر رۆژێک لە تورەیی ١٨ى مانگ دامرکایەوە دێت بەسەردەمیانەوە.

 

یەکگرتوو و نەوەى نوێ؟

 

نەوەى نوێ لە ئێستادا تەنها فراکسیۆنەکەى خۆى رەفز ناکات، بۆیە ئەو رۆژە دەنگ بەکەس نادەن، تەنها لە کەناڵەکانى راگەیاندنەوە ئەو پەیامە دەگەیەنن کە یەکێتى و پارتى یارییەکى ناشرین دەکەن.

 

،،

هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى و پۆستەکانى حکومەت یەک پاکێجن و نابێت جیا بکرێنەوە و یەکێتى و پارتى بەهۆکارى دواخستنى ئەم باروودۆخە دەزانن بۆیە دەنگ نادەن پێیان.

 

هەرچى پەیوەندیشى بە یەکگرتووەوە هەیە بەپێى زانیارییەکان فراکسیۆنى یەکگرتووش تا ئێستا لەگەڵ هیچکام لەم لایەنەدا نییە و بەبێ دەنگدان هۆڵى پەرلەمان جێ دەهێڵێت بەڵام رەنگە نیسابى یاسایش بۆ کۆبوونەوەکەى ١٨ى مانگ تەواو بکات.

 

دەنگ نەدانیشیان بە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان دەگەرێننەوە بۆ ئەوەى کە هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى و پۆستەکانى حکومەت یەک پاکێجن و نابێت جیا بکرێنەوە و یەکێتى و پارتى بەهۆکارى دواخستنى ئەم باروودۆخە دەزانن بۆیە دەنگ نادەن پێیان.

 

 

نزیکەى ٥ى مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام دراوە، بریارە ١٨ى ئەم مانگە کە رۆژى دوو شەمەیە دەستەى سەرۆکایەتى هەڵبژێرێت و دواتر کابینەى نوێى حکومەت پێک بهێنرێت. لەکاتێکدا ئەگەر کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکى دیکە لەنێوان یەکێتى و پارتى دوا نەخرێت.

 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان