چۆن ژماره‌ى كورد له‌ كه‌ركووك كه‌مكرایه‌وه‌؟

چۆن له‌ سه‌رژمێرى گشتى 1957 دا له‌ كه‌ركووك  فێڵ له‌كورد كرا؟

چۆن ژماره‌ى كورد له‌ كه‌ركووك كه‌مكرایه‌وه‌؟

309 خوێندراوەتەوە

 

 

 

د. جه‌بار قادر - به‌شى دووه‌م    

 

 

تا ساڵی ١٩٥٧ لە عێراق سێ سەرژمێری نا تەواو ئەنجام درابوون، لە هیچ کام لەو سەرژمێرییانە باسی زمانی دایک لە ئارادا نەبوو. ئەی دەبێ ئەم بالۆرەی زمانی دایکە لە کوێوە هاتبێت؟

 

 بەڵگەی مێژوویی متمانە پێکراوم لە بەردەستدا نین، لێ گومانی زۆرم هەیە کە سەرچاوەکەی تورکیا بووبێت، چونکە کۆماری تورکیا لە یەکەمین سەرژمێرییەوە، کە لە ساڵی ١٩٢٧ ئەنجامدرا، زمانی دایکی کرد بە بنەما بۆ پۆلینکردنی دانیشتوان، لە ڕێگەی سیاسەتی تواندنەوەی کوردەوە( ئەسیمیلاسیۆن) ژمارەی ئەوانەی زمانی کوردییان بە زمانی دایکی خۆیان دادەنا ساڵ لە دوای ساڵ کەمتر دەبوون.

  تەنها بۆ نموونە بە پێی ئامارە فەرمییەکانی سەرژمێرییەکانی تورکیا، ژمارەی ئەوانەی زمانی کوردییان لە ساڵی ١٩٢٧ بە زمانی دایکی خۆیان دانابوو ١١٨٤٤٤٦ کەس بوون، لە ساڵی ١٩٣٥ ژمارەکە گەیشتە ١٤٨٠٢٤٦، کە لە هەردوو حەڵەتەکەدا دەیانکردە ١٠٪ هەموو دانیشتوانی تورکیا. سەیرەکە لەوەدایە لە ساڵی ١٩٤٥ ژمارەکەیان دابەزی بۆ ١٣٦٢٨٩٥ کەس، واتا ١١٧٣٥١ کەس کەمتر لە دە ساڵ لەوەو بەر، ئەمە لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا دانیشتوانی تورکیا دوو ملیۆن و نیو زیادیان کردبوو. سەرچاوەی ئەم زانیارییانە سەرژمێرییە ڕەسمییەکانی تورکیایە، کە زیاتر لە چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە تێزی دکتۆراکەم بڵاوم کردوونەتەوە.

،،

نابێت ئەوەمان بەلاوە سەیر بێت کە کاربەدەستانی عیراق ویستبێتیان چاو لە سیاسەتەکانی تورکیای هاوپەیمان بکەن و هەوڵی جێبەجێ کردنی مۆدێلەکەی ئەو بدەن بۆ بێدەنگ کردنی کورد.

 

 

لە پەنجاکان عێراق و تورکیا پەیوەندییەکی توندو تۆڵیان لە گەڵ یەکدا هەبوو. لە چوارچێوەی پەیمانی سێنتۆدا هاوپەیمان و هاوکار بوون، یەکێ لە تەوەرە سەرەکییەکانی هاوکاری و هاوئاهەنگیشیان ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی گەلی کوردستان بوو.

 

 

نابێت ئەوەمان بەلاوە سەیر بێت کە کاربەدەستانی عیراق ویستبێتیان چاو لە سیاسەتەکانی تورکیای هاوپەیمان بکەن و هەوڵی جێبەجێ کردنی مۆدێلەکەی ئەو بدەن بۆ بێدەنگ کردنی کورد. ئەوەش نابێ لە بیر بکەین کە ئەو کاتە لە ترۆپکی دەسەڵاتی سیاسی عیراقدا کاربەدەستانێکی زۆر دانیشتبوون کە کاتی خۆی لە قوتابخانە سەربازی و مەدەنییەکانی دەروازەی باڵادا(بابی عالی) خوێندنیان تەواو کردبوو و زۆر جار لە بەینی خۆیان هەر بە تورکی قسەیان دەکرد.

هەرچەندە بریتانیای هاوپەیمان دەیپاڕاستن، بەڵام دڵیان بۆ ئەستەموڵیش زۆر لێی دەدا. لە کاتێکدا تورکیا لە سەرەوە دۆست و هاوپەیمانی عیراق بوو، بەڵام لە ژێرەوە تۆڕی سیخوڕەکانی بە تایبەت لە کەرکوك زۆر بەهێز بوو، لە پشتی هەندێ گروپی توندڕەوی تورکمانەوە خۆیان حەشار دابوو و بەردەوام لە دژی کورد هانیان دەدان و ڕێنماییان دەکردن.

  هەر بە هانی ئەوان بوو کاتێ لە میانەی سەرژمێرییەکەدا هەندێ کێشە و ئاڵۆزی لە نێوان ماڵنووسە کورد و تورکمانەکاندا دروست بوون.

 

دواتر لە دوای کودەتای ١٤ تەمموز ١٩٥٨ و بۆ تێکدانی بارودۆخی سیاسی کەرکوك و هەموو عیَراق و زەمینە خۆشکردن بۆ دەستێوەردانی دەوڵەتانی سێنتۆ ئاژاوەیەکی گەورەیان لە تەمموزی ١٩٥٩ نایەوە، کە ٣٢ کەس تییدا بوونە قوربانی، ٢٨ یان تورکمان و ٤ کەی دیکەشیان کورد بوون. ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە بوونە هۆی دووبەرەکی و ڕق و کێنەیەکی زۆر لە نێو پێکهاتەکانی شاردا، تا ئەمڕۆش هەموو لایەک باجی دەدەن.

،،

ئەوەی مایەی تێڕامانەو پرسیارە لە فۆرم و خشتەکانی سەرژمێرییەکەدا لە جێگەی ئەوەی بنووسرێت زمانی تورکمانی زمانی تورکی نووسراوە.

 

 

لە تەك ئەوەی پەنابردنە بەر بنەمای زمانی دایک جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە داننان بە مافی پێکهاتەکاندا، بەڵام بە دیوەکەی تردا زۆر جار داتاکانی بۆ مەبەستی سیاسی دیاریکراو بە خراپی بەکار دەهێنرێن و وەك بەڵگەی مێژوویی بۆ ژمارەی ئەم پێکهاتە و ئەوی دیکەیان پیشان دەدرێن. کۆمەڵی وتار و لێکدانەوەی نووسەرانی عەرەب و تورکمانم لەم بارەوە بینیوە، وەڵامی هەندێکیشانم داوەتەوە، کە ئەنجامە نادروستەکانی ئەم سەرژمێرییە سەر زمان و بن زمانیانە بۆ ئەوەی لە دژی داخوازییە ڕەواکانی کورد لە کەرکوك بەکاری بێنن. .

 

ئەوەی مایەی تێڕامانەو پرسیارە لە فۆرم و خشتەکانی سەرژمێرییەکەدا لە جێگەی ئەوەی بنووسرێت زمانی تورکمانی زمانی تورکی نووسراوە. ئەمەش فێڵێکی ڕوونە و پێدەچێت لە ژێر فشاری تورکیادا کرابێت. زمانی تورکمانی و تورکی دوو زمانی جیاوازی سەر بە یەك خێزانی زمانەکانن. لە کاتێکدا زمانی تورکی بە پێتی لاتینی دەنووسرێت و زمانی تورکمانی، ئەم ساڵانەی دوایی لێ دەرچیت، هەر بە پیتی عەرەبی دەنووسرا، تورکمان و تورک بە ئەستەم لە یەک تێدەگەن.

 

 

ئەگەر بەو شیوەیە مامەڵە لە گەڵ زمانەکاندا بکرابایە دەبوایە لە جێگەی زمانەکانی ئازەری، کازاخی، قیرگیزی، تورکمەنی، ئۆزبەکی و تەتاری بنووسرایە زمانی تورکی، لە کاتێکدا ئەو زمانانە هەموو بە زمانی سەربەخۆ و جیاواز لە دونیا ناسراون.

 دیوێکی دیکەی ئەم فێڵە لەوەدایە ئەو کاتە هێشتا کۆمەڵێک خەڵک هەبوون کە لە بنەچەدا خەڵکی تورکیا بوون و دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی لە کەرکوک مانەوە. تەنها وەک نموونە لە ساڵی ١٩٥٧، واتا چل ساڵ دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانی لە کەرکوك، هێشتا لەو شارە بە پێی زانیارییەکانی سەرژمێرییەکە ١٣٥٣ کەس لە ژیاندا مابوون کە لە تورکیا هاتبوونە دونیاوە.

 

 ئەی دەبێ لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا چەندیان کۆچی دوایی کردبێت، ئەی دەبێ ژمارەی نەوەکانیان چەند بن، کە ئێستا خۆیان بە تاقە خاوەنی شار دەزانن؟!!!. کەواتا کەسانێکی زۆر هەبوون لە شار زمانی تورکیان دەزانی. باوەڕ ناکەم ئەمانە ئامادە بوونایە زمانی تورکمانی بە زمانی دایکی خۆیان قەبوڵ بکەن، بۆیە لە خانەی زمانی دایکدا تورکی نووسرا نەك تورکمانی.

 

 

ئەوەی گوایە لە سەد و بیست هەزار کەس، کە لە ساڵی ١٩٥٧دا هەموو دانیشتوانی شاری کەرکوكیان پێکدەهێنا، چل و پێنج هەزاریان زمانی تورکییان بە زمانی دایکی خۆیان داناوەو تەنها چل هەزار کەس کوردییان بە زمانی دایکی خۆیان زانیوە، بۆ من هەمیشە مایەی پرسیار و سەرسوڕمان بوو. ئێستا کە ئەو بەشەی سەرژمێرییەکەم لە بەر دەستدایە، کە تایبەتە بە کەرکوک و لە خشتە و داتاکان ورد دەبمەوە، وێنە گەورەکە دەبینم و وەڵامە دروستەکەم دەست دەکەوێت.

  ئەوەش دەزانم کە خستنە ڕووی ئەم ڕاستییانە هیچ لە کێشە و کارەساتەکانی کەرکوك چارەسەر ناکەن و مەبەستیشم ئەوە نیە لە پێگەی هیچ پێکهاتە و گروپێک کەم بکەمەوە، بەڵام دەزانم تۆمار کردنی ڕاستییەکان بۆ مێژوو وەک خۆیان پێش هەمەر شتێکی دیکە ئەرکێکی زانستییە.

 

،،

سەیرو سەمەرەی زۆر لە سەرژمێری ١٩٥٧دا دەبینرێن، بە تایبەتی لە بواری پۆلینکردنی دانیشتوانی کەرکوکدا لە سەر بنەمای زمانی دایک،

 

 

سەیرو سەمەرەی زۆر لە سەرژمێری ١٩٥٧دا دەبینرێن، بە تایبەتی لە بواری پۆلینکردنی دانیشتوانی کەرکوکدا لە سەر بنەمای زمانی دایک، کە ئەم بەشەی وتارەکە زیاتر بۆ لایەنە تەرخان کراوە. لە شوێنەکانی تریش کە دانیشتوانیان تێکەڵ و فرە ئەتنیک و کولتور بوونە ئەم فرت و فێلانە ئەنجام دراون، بەڵام لە بەر ئەوەی من هەر ئەم بەشەی کەرکوکم لە بەردەستدایە، بۆیە ناتوانم باسی شوێنەکانی دیکە بکەم.

 

 داتا سەیر و سەمەرەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەوانەی ئەم کارەیان کردووە کەمێك نەزان بوونە، بەخت یاوەریانە لەوەی ئەو کارەیان لە دژی کورد کردووە، کوردیش گوێ بە شتەکان نادات و پەند لە مێژوو وەرناگرێت، بۆیە تا ئێستا نەیتوانیوە تیشکیان بخاتە سەر و ڕاستییەکان بۆ هەموو لایەک بە بەڵگە و دەکیومێتەوە ڕوون بکاتەوە.

 

،،

فاکتەرێکی گرنگ کە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە ئەنجامدانی فێڵەکاندا، لە زۆریی ژمارەی ماڵنووسە تورکمانەکاندا بەرجەستە دەبوو.

 

 

فاکتەرێکی گرنگ کە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە ئەنجامدانی فێڵەکاندا، لە زۆریی ژمارەی ماڵنووسە تورکمانەکاندا بەرجەستە دەبوو. ئەو کاتە ئەوان لە هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەب خوێندەواریان زیاتر بوو، بە تایبەتی ئەوانەی دەیانتوانی لە پرۆسەیەکی لەو جۆرەدا بەشداری بکەن. بە هۆی ئەوەشی کە هەموو جومگەکان دەسەڵات لە کەرکوك لە دەستی ئەواندا بوو، زۆرتریان خەڵکی خۆیان خزاندە کارەکەوە. ئەم بارە ڕاستەوخۆ کاری کردە سەر ئەنجامەکان بە تایبەتی لە پرسی زمانی دایکدا.

 

  

یەکێ لەو داتاو زانیارییە سەیرانە کە لەو خشتەیەدا تۆمار کراوە، کە باس لە پۆلیَنکردنی دانیشتوان لە سەر بنەمای زمانی دایک دەکات و لە لاپەڕەی ١٤٢ ئەم بەرگە تایبەتەی بە کەرکوك و سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، ئەوەیە کە دەڵێت لە شاری کەرکوک، کە ئەو کاتە هەموو دانیشتوانی تەنها ١٢٠٤٠٢ کەس بوون، زمانی دایکی ٥١٤٦ کەس نەزانراوە!!!. دەبێ ئەم بوونەوەرانە بە چی زمانێ قسەیان کردبێت وا کەس نەیتوانیوە دیاری بکات؟!!!. تو بڵێی ئەمانە لە جەنگەڵەکانی ئەفریقاوە هاتبێتن بۆ کەرکوك وا کەس لێیان تێنەگەیشتووە؟!!!. چۆن دەکردێت ئەم ژمارە زۆرەی خەڵک نەیانزانیبێت بە چی زمانێک لە ماڵی خۆیاندا قسە دەکەن؟.

  ئەگەر لەم ژمارەیە، کە گومانم نیە زۆرینەیان کورد بوونە، بەشێکیان بخرێنە سەر ژمارەی ئەوانەی زمانی کوردییان بە زمانی دایکی خۆیان داناوە، ئەوا وێنەکە بە تەواوی دگۆڕێت.

 

 ئەوەشی کە جیاوازی نێوان تورکمانی زوبان و کوردی زوبان تەنها ٥٢٥٨ کەسە و ئەوانەشی کە زمانیان نەزانراوە لە ناو شار ٥١٤٦ و لە سەر ئاستی لیوا ٥٢٨٤ کەس مایەی پرسیار و تێڕامانە. بۆ چوار هەزار یا شەش هەزار نەبوون؟. پێموانیە ئەم ژمارانە تەنها بە هەڵکەوت وا لە یەکەوە نزیکن.

 

 

خاڵێکی تری سەیر و سەمەرە لەم سەرژمێرییەدا تایبەتە بە زمانی دایکی مەسیحییەکانی کەرکوک. بە پێی ئامارەکانی سەرژمێرییەکە، ئەو کاتە لە شاری کەرکوك ١٢٦٩١ مەسیحی دەژیان و لە هەموو لیوای کەرکوک ژمارەکەیان ١٣١٥٠ کەس بوو. لەو ژمارە زۆرەی ناو شار تەنها ١٥٠٩ کەسیان سریانی و کلدانی بە زمانی دایک بۆیان تۆمار کراوە، ئەمەش هیچ جێگەی باوەڕ نیە.

 مەسیحییەکان لە باری ئاینی، زمان و کولتورەوە لە دانیشتوانی دیکەی سار جیاوازن، ڕیتوێل و سروتە ئاینییەکانیان بە زمانی خۆیان بەجێ دێنن و کەم کەسیان تێدا هەڵدەکەوێ زمانی خۆیان نەزانێ.

 

 ئەگەر دەڵێن کلدانەکانی قەڵا بە تورکمانی قسەیان دەکرد، ئەوا ژمارەکەیان لە چاو مەسیحییەکانی شارەکە زۆر کەم بوو و باوەڕ ناکرێت تەنانەت ئەوانیش تورکمانییان بە زمانی دایکی خۆیان تۆمار کردبێت.

،،

هەر کەسێ چەند وشەیەکی تورکمانی زانبێت، ئەوا یەکسەر بە تورکمان ناونووسیان کردووە،

 

ئەگەر باسی فێڵەکانی دیکە نەکەین، وەک ئەوەی ناونووسەکان لە گەڵ خەڵکدا بە تورکمانی قسەیان کردووەو هەر کەسێ چەند وشەیەکی تورکمانی زانبێت، ئەوا یەکسەر بە تورکمان ناونووسیان کردووە، یا ئەوەی زۆربەی خەڵک نەخوێنەوار بوونە و ماڵنووسەکان بۆ خۆیان فۆرمەکانیان پڕ کردۆتەوە و ئەگەر بێویژدانیان کردبێت، ئەوا بە ئاسانی بۆیان چووتە سەر، دەڵێم ئەگەر باسی ئەو فێلانە نەکەین و تەنها لەم دوو ژمارەیە بکۆڵینەوە، واتا ژمارەی ئەوانەی گوایە زمانی دایکیان نەزانراوە کە(٥١٤٦) کەس بوونە و ئەو مەسیحییانەی زمانی دایکیان بۆ تۆمار نەکراوە کە دەکەنە(١١١٨٢) کەس بوونە، ئەوا دیمەنێکی زۆر جیاواز لەوەی لە خشتەکان تۆمار کراون دەبینین.

 بە وتەیەکی دیکە (١٦٣٢٨) کەس فێڵیان لێکراوە و زمانی دایکیان بۆ تومار نەکراوە. ئەمانەش دەکەنە نزیکەی شەش یەکی هەموو دانیشتوانی شارەکە. ئەگەر لە ئەنجامی پێلان و ڕێکەوتنێکی ژێر بە ژێر ژمارەی ئەم مەسیحییانە نیوە بە نیوە بە سەر پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی شاری کەرکوکدا دابەش کرابێتن، ئەوا دەبێت لە هەر یەك لەو دوو پێکهاتە ٥٥٩١ کەس کەم بکەینەوە.

  لەو بارەدا ژمارەکان بە پێی زمانی دایک بەم شێوەیەیان لێ دێت کوردی: ٤٠٠٤٧، عەرەبی:٢١٥٢٦ و تورکمانیش دەبێتە: ٣٩٧١٥ کەس، خۆ ئەگەر ڕێژەیەک لەوانەی گوایە زمانیان نەزانراوە کورد بووبێتن، ئەوا ژمارەی کوردانی کەرکوك زۆر لەوەش زیاتر دەبن.

،،

لەو سەردەمانە ژمارەی خوێندەوار زۆر کەم بوون بە تایبەتی لە نێو دانشتوانی گەڕەکە کوردییەکاندا، بۆیە ماڵنووسەکان بە خۆیان فۆرمەکانیان بۆیان پڕ کردۆتەوە

 

 

لەو سەردەمانە ژمارەی خوێندەوار زۆر کەم بوون بە تایبەتی لە نێو دانشتوانی گەڕەکە کوردییەکاندا، بۆیە ماڵنووسەکان بە خۆیان فۆرمەکانیان بۆیان پڕ کردۆتەوە و زۆر زانیاری نادروستیان تۆمار کردووە. بە مەبەست هەوڵی زیادکردنی ژمارەی پێکهاتەی تورکمان و تا ئاستێك عەرەبیشیان لە سەر حیسابی زۆرینەی کورد داوە. من بۆ خۆم لە گەڵ چەند برادەرێکدا قسەم کردووە، کە لەو سەرژمێرییەدا وەک ناونووس بەشدارییان کردووە، زۆر شتیان بۆ گێڕاوەمەتەوە کە ئەوە دەسەلمێنن فێڵی زۆر لە پرسی زمانی دایکدا ئەنجام دراون.

 وردە شتی دیکەش هەبووە، وەك ئەوەی لە یەك ماڵدا باوک و منداڵان لە سەر زمانی دایک بووبێت بە شەڕیان، باوک کورد بووە و ویستوویەتی زمانی کوردی بنووسرێت، بەڵام منداڵان و زۆر جار دایکیشیان پێیان لە سەر ئەوە داگرتووە کە ئەوان تورکمانن.

 

هەندێ لەو شیواندن و فێڵانە هەر لەو ساڵەدا پەردەیان لە سەر هەڵماڵران و هەندێکی دیکەیان لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکە. زۆر جار و لە چەندین دۆست و برادەر گوێم لێ بووە کە ژمارەیەک لە کوردانی کەرکوك چوونەتە دادگا و لە دژی ئەوەی لە سەرژمێری ١٩٥٧دا بە تورکمان ناونووس کراون، داوایان تۆمار کردووە. کاک عەونی داودی لە پەیوەندییەکی تەلیفۆنیدا بۆی گێڕامەوە کاتی خۆی کۆمەڵی زانیاری لە جەمیل سەبری داروگا وەرگرتوە، کە لە کاتی سەرژمێرییەکەدا قومسێری پۆلیس(مفوچ) بووە لە کەرکوك. کاک عەونی لە وتارێکدا ئەو یادگاری و زانیارییانەی بڵاو کردۆتەوە، بەداخەوە وتارەکەمان بۆ نەدۆزرایەوە، بەڵام وتەکانی کاک جەمیل و شایەتی کاک عەونی بۆ من بەڵگە و سەرچاوەی متمانە پێکراون.

 کاک جەمیل سەبری بۆ کاک عەونی گێڕاوەتەوە کە هەر لە ساڵی ١٩٥٧ بەشێک لە فێڵ و شێواندنەکان ئاشکرا بوون، بە تایبەتی ئەوەی هەندێ خەڵک بە تورکمان تۆمار کرابون، لە کاتێکدا ئەوان کورد بوون. کاک جەمیل ئەوەشی گێڕاوەتەوە کە وەزیری نێوخۆی عیراق سەعید قەزاز هاتووەتە کەرکوك و زۆر لەو کردەوانە توڕە بووە و ڕووی دەمی کردووەتە بەرپرسەکان، بەتایبەتی تورکمانەکان و وتوویەتی: ئێمە لە بەغدا خەریکی دروستکردنی "نەتەوەی عیراقیین و ئێوەش لێرە خەریکی بڵاوکردنەوەی جوداکاری و ڕەگەزپەرستین".

 

ئەگەر ئاستی پەیوەندییە بەهێزەکانی تورکیا و عێراق لەو سەردەمەدا لە بەر چاو بگرین و ئاگاداری چالاکی دەزگا هەواڵگری و سیاسییەکانی تورکیا بین لە نێو تورکمانەکانی کەرکوكدا و دروستکردنی گروپی توندڕەو لە باو و باپیرانی بەرپرسانی ئەوڕۆی بەرەی تورکمانی، ئەوا ئاژاوانەی لە کاتی سەرژمێرییەکە و دوای ١٤ تەمموزی ١٩٥٧ ڕوویاندا، ئەوا دەکرێت بڵێین ئەم ئاین و ئۆینانە بە توندی بۆنی دەستێوەردانی تورکیایان لێ دێت.

 

 

زانیاری دیکەی نادروستیش لە سەرژمێرییەکدا هەن، کە هەندێکیان وادیارە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و پەڵەکانی سەرژمێری پێشووی ساڵی ١٩٤٧ بوونە. بۆ نموونە لە ماوەی دە ساڵەدا ١٩٤٧ – ١٩٥٧ دانیشتوانی کەرکوک ١٠٢٨٣٤ کەس زیادیان کردووە، واتا بە ڕێژەی ٣٦٪ کە ئەمەش ڕێژەیەکی نائاساییە. ئەوەی لێرەدا مایەی سەرسوڕمانە جیاوازی ڕێژەی زیادکردنی ژنان و پیاوانە. زیادکردنی پیاوان لەو دە ساڵەدا بە ڕێژەی ٥٣،١٪ بووە، بەڵام ڕێژەی زیادکردنی ژنان تەنها ٢١.٨٪. ئەم ژمارە و ئامارانە جێگەی پرسیاری زۆرن، بەڵام ناچنە چوارچیوەی ئەم وتارەوە. کاری دیکەش کراوە وەک ئەوەی بەشێک لە کچان و ژنان داوایان کردووە تەمەنیان بچوک بکرێتەوە بە بیانوی ئەوەی لە سەرژمێری پێشوودا تەمەنیان بە گەورە نووسراوە.

 

سەرچاوەکان:

 

  1. الجمهوریه‌ العراقیه‌، وزاره‌ الداخلیه‌، مدیریه‌ النفوس العامه‌، المجموعه‌ الإحصائیه‌ لتسجیل عام ١٩٥٧، لوائی کرکوك والسلیمانیه‌، گبعت بمگبعه‌ العانی، بغداد، بلا.ت
  2. المملکه‌ العراقیه‌، وزاره‌ الشۆون الإجتماعیه‌، مدیریه‌ النفوس العامه‌، إحصا‌و السکان لعام ١٩٤٧، الجز‌و الپانی، لوا‌و الموصل – لوا‌و کرکوك – لوا‌و السلیمانیه‌ – لوا‌و أربیل، بغداد ١٩٥٤.
  3. الدکتور نوری گالبانی، منگقه‌ کرکوك ومحاولات تغییر واقعها القومی، د.م، ١٩٩٩.
  4. دکتور جبار قادر، قچایا کردیه‌ معاصره‌، کرکوک – الأنفال – الکرد وترکیا، أربیل ٢٠٠٦.
  5. دکتور جبار قادرمع ێخر، قرارات مجلس قیاده‌ الپوره‌ المنحل الخاصه‌ بالکرد وکوردستان، أربیل ٢٠١٣.
  6. جەبار قادر، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا لە نیوان هەردوو شەڕی جیهانیدا ١٩١٨ -١٩٣٩، مۆسکۆ ١٩٧٧. (تێزی دکتۆرای بڵاونەکراوە - بە زمانی ڕووسی).

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك